بۆچی خراپە ئابورییەکەت لەسەر نەوت بونیات بنێیت؟

سورێن جەمال محەمەد

هەرکات بابەتی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی دەبێتە بابەتی گەرمی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی ئابوری، گفتوگۆیەکی نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ و رۆژنامەنوسی بەنێوبانگی کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکیی پیتەر گرینبێرگم دێتەوە یاد. لە دیکۆمێتارییەکی کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکییدا، پیتەر پرسیار لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات کە زۆربەی وڵاتانی درواسێی ئیسرائیل خاوەنی نەوت و سەرچاوەی سروشتیی دەوڵەمەندن، بەڵام وڵاتەکەی ناتانیاهۆ نەوتی نییە، لێیدەپرسێت: “تۆ چۆن لە مە دەڕوانیت؟” ناتانیاهۆ، بە زەردەخەنەیەکەوە و زۆر بەسادەیییەوە دەلێت: “لە راستیدا، ئێمە زۆر بەبەخت بوین کە یەکێکین لەو وڵاتە کەمانەی رۆژ ‌هەڵاتی ناوەڕاست کە نەوت مان نییە.” پیتەر، پێیدەبڕێت، و دەڵێت: “بەبەخت؟” ناتانیاهۆ، بە پێکەنیەوە دەڵێت: “بەڵی.” پیتەر:  “بۆچی؟” ناتانیاهۆ: “لەبەرئەوەی دەبێت ئێمە مێشکمان بەکار بێنین.” ئەم وتەیەی ناتانیاهۆ، ئاماژەیەکی ڕونە بەوەی، نەبونی نەوت وای لە ئیسرائیلییەکان کرد، مێشکیان بەکاربێنن و ئەو ئابورییەی ئێستا بێننە کایەوە، کە بە دانیشتوانێکی شەش ملێون کەسیەوە، قەبارەی داهاتی ساڵانەی بەقەد سێ ولاتی عەڕەبی  وەک، لوبنان، سوریا، و ئوردن ببێت.  

پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵات، ئابورییەکی شلۆق دروستدەکات، کە هەرکات نرخی نەوت دابەزی، ولات توشی قەیرانێکی قوڵی دارایی ببێت، و زۆربەی  کایەکانی دیکەی کۆمەڵگا توشی زیانی گەورە دەکات. لێرەدا، نەوت ئەوەندەی خۆشی و خۆشگوزارنی هێنابێت، زیاتر بووە بە “نەفرەت” بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەتی بۆ  وڵاتانی رۆژ هەڵاتی ناوەراست. رەنگە زۆربەمان ئاشنا بین چۆن نەوت “نەفرەت”ە بۆ زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت.

  مایکل رۆز، نوسەری  کتێبی ”The Oil Curse: How Petroleum Wealth Shapes the Development of Nations”  “نەفرەتی  نەوت: چۆن داهاتی نەوت گەشەکردنی وڵاتان دیاریدەکات”،  باس لە چوار خاسیەتی جیاوازی داهاتی نەوت دەکات کە وای لێدەکات کاریگەریی و لێکەوتەکانی لە داهاتەکانی دیکە جیاواز بیت. نوسەر دەیەوێت لە رێگەی ئەم چوار خاسیەتەی داهاتی نەوتەوە، ڕونیبکاتەوە چۆن داهاتی نەوت بوو بە نەفرەت بۆ زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی. ئەمانیش:   

 یەکەم:  گەورەیی قەبارەی داهاتی نەوت وای کردووە کە حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت زیاتر خەرجییەکانیان زیادبکەن. بە تێکڕاش قەبارەی حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت %٥٠ گەورەترن لە  قەبارەی ئەو وڵاتانەی کە نەوتیان نییە. بۆ نموەنە، خەرجییە گشتییەکانی حکومەتی ئازەرباینجان لە ماوەی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٩  بۆ زیاتر لە %٦٠٠ بەرزبویەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، داهاتی نەوت وای کردووە، قەبارەی کەرتی گشتیی زۆر گەورە بێت. حکومەتی هەرێم کە دانیشتوانەکەی نزیکەی شەش ملێون کەسە، زیاتر لە یەک ملیۆن و چوار سەد هەزار موچەخۆری هەیە. لە کاتێکدا، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کە دانیشتوانەکەی دوو قات و سێ قات لە هەرێم زیاترە، قەبارەی حکومەتەکانیان زۆر لەوەی هەرێم بچوکترە. حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، لە رێگەی داهاتی نەوتەوە زۆرترین کەس دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی زیاتر دەستەڵاتی خۆیان قایم و پارێزراوتر بکەن. دیارە، لە هەرێمی کوردستانیش، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووی پێش قەیرانی دارایی، بە هەزاران کەسیان دامەزراندووە، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ خکومەت دروستکردوە، وای کردوە لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت نەتوانێت موچەیان دابینبکات.

دووەم:  سەرچاوەی داهاتی نەوت رۆلی گەورەی هەیە لەوەی حکومەتەکان بە ئاقارێکی نادیموکراسیدا بڕۆن. ئەو وڵاتانەی کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن کەمتر بەرەو دیموکراسی دەڕۆن، لەبەرئەوەی حکومەت داهاتەکانی لە رێگەی نەوتەوە بەدەستدەخات نەک لە رێگەی باجەوە. بۆ نمونە، ئەگەر حکومەت داهاتەکانی لە رێگەی باجەوە بەدەستبخات، ئەوە زیاتر بەرپرسیار دەبێت لە چۆنێتیی سەرفکردنی ئەم داهاتانە. هاووڵاتییانیش زیاتر دەتوانن لێپرسینەوە لە حکومەتەکانیان بکەن. بەڵام کاتیک حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، چی دیکە خۆی بە بەرپرسیار نابینێتەوە لە بەرامبەر فشار و ناڕەزایەتییەکان.

سێیەم: ناجێگیریی نرخی نەوت. بەرزبونەوە و دابەزینی نرخی نەوت داهاتی حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت زیاتر توشی ناجێگیری دەکات. هەر جارێک کە نرخی نەوت دۆلارێک دادەبەزێت، ئەوە داهاتی حکومەت بە رێژەیەکی گەورە دادەبەزێت. بۆ نمونە، لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان نزیکەی بە تێکڕا، ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەگەر نرخی نەوت یەک دۆلاریش دابەزێت لە رۆژێکدا، ئەوە لەو رۆژەدا، هەرێم ٤٥٠ هەزار دۆلار زیان بە داهاەتەکەی دەکەوێت، جا ئەگەر دۆخی ئێستا لەبەرچاوبگرین کە نرخی نەوت لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردودا زیاتر لە %٤٠ی بەهاکەی خۆی لەدەستداوە، ئەوە داهاتی هەرێم زۆر زیاتر لە نیوە دابەزیوە. لە چاو مانگی پێشودا کە نرخی نەوت نزیکەی ٥٠ دۆلار بوو، ئێستا هەرێم نەوت بە کەمتر لە ٢٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک دەفرۆشێت، ئەمەش وای کردوە، داهاتی هەرێم، زۆر زیاتر لە نیوە داببەزێت، هەرێم نەتوانێت ئاوا بەئاسانی موچە دابینبکات بۆ موچەخۆرانی. ئەم ناجێگیرییە نەوت بەردەوام کێشەیەکی گەورەیی بۆ بودجەی حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دروستکردووە توشی کورتهێنانی گەورەی کردون. بۆ نمونە، حکومەتی ئێراق، زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار کورتهێنانی دەبێت ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە لەم ساڵدا بەردەوام بێت.  

چوارەم: شاراوەیی داهاتی نەوت یان ناشەفافی لە داهاتی نەوتدا. حکومەتەکان زۆربەی کات لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەنهێنیی رێکدەکەون بۆ شاردنەوەی مامەڵەکانیان، هەروەها هەندێک کات کۆمپانیا لۆکاڵییەکانی خۆیان بەکاردێنن بۆ شاردنەوەی داهات و خەرجییەکانیان. هەرچەندە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کە ماوەی نزیکەی ٢٦٠ رۆژێکە دەستبەکاربوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کاردەکەن بۆ بە شەفاکردنی داهاتی نەوت، هیچ گومانێک لەسەر ئەو بابەتە نایەڵنەوە. بەڵام تا ئێستاش زۆرترین پرسیار لەسەر داهاتی نەوت هەیە، و زۆربەی وەزیرەکانی کابینەی ئێستا ئاگاداری ئەوە نین داهاتی نەوت چەندە و چۆن سەرفدەکرێت. بۆنمونە، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەو ئاگاداری داهاتی نەوت نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خۆی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازە. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە تەنها چەند کەسێکی کەم ئاگاداری داهاتی نەوتی هەرێمن.    

 نەوت ئابوریی بەهێز دروستناکات، بەڵکو ئابورییەکی شلۆق بەرهەمدێنێت، گەر هەرکات نرخی نەوت دابەزی، ئەوە وڵات توشی قەیرانێکی گەورەی ئابوریی و دارایی دەبێت، دەبێت ببێتە تێگەیشتنی حکومەتی هەرێم، و کار بۆ ئەوە بکات، بەزویی خۆی لە ئابوریی نەوت دەربازبکات، و روبکاتە هەمەچەشنکردنی سەچاوەکانی داهات لە پێناو دروستکردنی داهاتی جێگیر و بپەوکردن و دروستکردنی ئابورییەکی بەهێز. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر ئاوا خەمساردانە بەردەوامبێت لە پشتبەست بە داهاتی نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بودجەکەی، ئەوا بەدڵنیایییەوە نەک پاشەکەوتی موچە دێتەوە، بەڵکو دەکەوینە قەیرانێکی زۆر قوڵتر لەوەی ئێستا هەیە، بەرەو پوکانەوەی زیاتریش دەچێت لە رووی سیاسیی و دەستورییەوە لە عێراقدا. 

بەشکردن: