بێرتراند ڕەسڵ: ستایشی بەتاڵی

بەشکردن:

نوسینی بێرتراند ڕەسڵ

وەرگێڕانی لایق حەمە

 

– بەشی ١ لە ٥

وەک زۆربەی خەڵکانی جیلی خۆم، منیش بەوە گەورە کرام کە ئەڵێ: “شەیتان شتێک ئەدۆزێتەوە بۆ دەستی بەتاڵ” -یان بە کوردی “شەڕ لە بەتاڵی باشترە”(١)-. وەک منداڵێکی خاوەن بەهای بەرز، بە هەموو شتێکم بڕوائەکرد کە پێم ئەگوترا، ویژدانێکم هەبوو کە وای لێکردووم بەردەوام بم لە خۆهیلاککردنی تەواو تا ئەم دەقەیە. بەڵام هەرچەندە ویژدانم کۆنترۆڵی کردەوەکانمی کردوە، ڕاکانم بە شۆڕشێکدا تێپەڕیون. وا ئەزانم کەوا ئیشێکی زیاد لە سنور لە دنیادا ئەکرێ، زیانێکی زۆریش کراوە بەهۆی ئەو بڕوایەوە کەوا ئیش پیرۆزە، هەروەها ئەوەی کە پێویستە لە وڵاتە پیشەسازییە مۆدێرنەکاندا بانگەشەی بۆ بکرێ تەواو جیاوازە لەوەی هەمیشە بانگەشەی بۆ کراوە. هەموو کەسێک چیرۆکی ئەو ڕێبوارەی بیستوە لە ناپۆلی کە دوازدە سواڵکەری بینیوە ڕاکشاون لەبەر خۆر (هەڵبەت پێش هاتنی ڕۆژانی مۆسۆلۆنی) و پێی وتوون کامتان تەمبەڵتر بێ لیرەیەکی ئەدەمێ. یازدەیان هەڵئەسنەوە کە داوای پارەکە بکەن، بۆیە ئەویش ئەیدا بە دوازدەهەمینیان. ئەم ڕێبوارە بەڕاستی لەسەر ڕێگا ڕاستەکە بوە. بەڵام لە وڵاتانێکدا کەوا خۆرەتاوی خۆشی دەریای ناوەڕاستیان نییە بەڕاستی بەتاڵی یەکجار قورسە، و پروپاگەندەی گشتیی یەکجار گەورەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانی بیهێنیتە ناو خەڵکی. بەهیوام کە دوای خوێندنەوەی ئەم پەڕانە، سەرۆکانی دەزگای YMCA (خانەی گەنجانی بێلانە) دەست بکەن بەوەی کەوا وا بکەن لە کوڕانی گەنج کە هیچ نەکەن. ئەگەر ئەمە سەر بگرێ ئیتر وا نازانم ژیانم بەخۆڕایی سەرف کردوە.

پێش ئەوەی کەوا پشتیوانی لە تەمبەڵیی بکەم، پێویستە لەسەرم تەمبەڵییەک هەیە، کە قەبوڵم نییە، فڕێبدەمە دەرەوە. هەرکات کەسێک، کە خۆی ئەوەندەی هەبێ لەسەری بژی پێشنیاری ئەوە بکات کە بەردەوام بێ لەسەر ئیشێکی ڕۆژانە، بۆ نمونە مامۆستایەتی یان چاپکردن، پێی ئەگوترێ کەوا هەڵسوکەوتەکەی بۆتە هۆی ئەوەی نانی خەڵکی تر ببڕێت، لەبەر ئەوە ئەوە هەڵسەوکەوتێکی دڕندانەیە. ئەگەر ئەم بۆچوونە گونجاو بێ، ئەوا باشتر وایە هەموومان دابنیشین و هیچ نەکەین بۆ ئەوەی دەمی هەموومان پڕ ببێ لە خواردن. خەڵک کاتێک قسەی لەم جۆرە ئەکات بیری ئەوەیان نییە کە کاتێک کابرایەک هەیبێت بەگشتی سەرفی ئەکات، بە سەرفکردنیشی بۆخۆی ئەبێتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی تر ببنە خاوەن ئیش. تا ئەو کاتەی کەسێک داهاتەکەی سەرف بکات، هەمان ئەوەندەی کە لە دەمی خەڵکی خواردن دەرئەهێنێ بەوەی کە پەیدای ئەکات، دوبارە ئەیخاتەوە دەمی خەڵک بە سەرفکردنەوەی. لەم ڕوانگەیەوە کەسی خراپ بریتییە لەو کەسەی کەوا پارەکەی کۆئەکاتەوە. ئەگەر هاتوو پارەکەی تەنها خستە ناو تورەکەیەکەوە، وەک ئەو جووتیارەی گوایە فەڕەنسی بوە. ئاشکرایە کەوا ئەم کەسە ئیش دابینناکات بۆ کەسی تر. ئەگەر داهاتەکەشی سەرمایەگوزاری پێکرد، شتەکە زۆر ڕوون نییە و دۆخی جیاواز دێتە پێشەوە.

شتێک لە شتە هەرە باوەکان کە بە پاشەکەوت بکرێ ئەوەیە کەوا بدرێ بە قەرز بە حکومەت. لەڕویەکەوە ئەو ڕاستییەی کەوا زۆربەی هەرە زۆری خەرجی گشتی زۆربەی دەوڵەتە شارستانییەکان بریتییە لە پارەدان بە شەڕی ڕابردوو یان خۆئامادەکردن بۆ شەڕی داهاتوو، هەرکەسێک پارەکەی بە قەرز بدات بە حکومەت وەک پیاوە خراپەکانی ناو چیرۆکەکەی شکسپیرە کە پیاوکوژ بەکرێ ئەگرێت. ئەنجامی ڕووتی عادەتە ئابوورییەکانی کەسێک بریتییە لە زیادکردنی هێزی چەکداری دەوڵەت کە ئەم قەرزی پێداوە. ئاشکرایە کەوا باشتر ئەبوو ئەگەر پارەکەی هەتا بە قومار و خواردنەوە سەرف کردایە لەبری ئەوە.

بەڵام، پێم ئەگوترێ، دۆخەکە تەواو جیاوازە کاتێک پارەی خەوتوو بخرێتە سەرمایەگوزاریکردن لە بازاڕکردنی پیشەسازیدا. کاتێ بازاڕکردنێکی لەو جۆرە سەرکەوتوو ئەبێت و شتێکی بەسوود بەرهەم ئەهێنێ، ئەکرێ دانی پێدا بنرێت. هەرچەندە ئەم ڕۆژانە زۆرێک لەو بازاڕ دروستکردنانە سەرکەوتوو نابێت. ئەوەش مانای ئەوەیە کەوا هیلاکی و ماندووبوونێکی زۆری مرۆڤ، کە ئەکرا بۆ شتێک کە مایەی لەزەتبردنێک بوایە بەکاربهاتایە، بۆ ئەوە خرایە ئیشەوە کە کۆمەڵێ مەکینە بەرهەمبهێنرێ، دوای ئەوەی مەکینەکانیش بەرهەمهێنران، ئەوانیش بەبەتاڵی ئەمێننەوە و هیچ سوودێکیان نییە. ئەو کەسەی داهاتی خۆی بۆ ئەوە بخاتە گەڕ کە خۆی ئیفلاس بکات مانای ئەوەیە هەم خۆی هەم خەڵکانی تریشی بریندار کردوە. ئەگەر داهاتەکەی بۆ نمونە بۆ ڕێکخستنی ئاهەنگ بۆ هاوڕێکانی بەکاربهێنایە، ئەوان (هیوادارین تەبیعی) لەزەتیان لێ ئەبینی، و بەو شێوەیەش هەموو ئەوانەی کە پارەکەی لەلا سەرفکردبوون، بۆ نمونە قەسابەکە، نانەواچییەکە و فرۆشیارە نایاسایییەکەش. بەڵام ئەگەر (با بڵێین) ئەو بۆ دانانی هێڵی ئاسنین لە شوێنێکدا سەرف بکات کە لەوێدا ئەوە پێویست نییە، ئەو هیلاکییەکی زۆری ناردوە بۆ جێگایەک کە هیچ کەسێک لەزەتی لەو هیلاکییە وەرنەگرتوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ئەو فەقیر ئەکەوێت بەهۆی ئەوەی کە سەرمایەگوزارییەکەی سەرکەوتوو نەبوە بە کەسێکی بێبەخت دائەنرێ کە جێگای بەزەییە، لە کاتێکدا کەسێک کە دەستبڵاوە و بۆ خۆشی خەڵکانی تر پارەکەی سەرف بکات، قێزەونە و خەڵک بە کەسێکی بێئەقڵ و بێنرخی دائەنێن.

ئەمانە هەمووی شتانی سەرەتایین. ئەمەوێ بڵێم، بەجددی، کەوا زیانێکی زۆر ئەکرێ لە دنیای مۆدێرندا بەهۆی ئەو باوەڕەوە کە پێی وایە ئیشکردن بەڕاستی پیرۆزە، هەروەها ئەوەی کە ڕێگای خۆشبەختی و گەشەکردن لەوەدایە کە ئیشکردن بەشێوازێکی ڕێکخراو کەمکرێتەوە.

پێش هەموو شتێ ئیش چییە؟ ئیش دوو جۆرە: یەکەمیان، گۆڕینی جێگای تەنێک لەسەر یان نزیک ڕووی زەوەی بەگوێرەی تەنێکی تر: دوەمیشیان، بە خەڵکی تر بڵێی ئەوە بکەن. ئەوەی یەکەمیان ناخۆشیشە و پارەی کەمیش وەرەگریت، ئەوەی دوەمیان خۆشیشە و پارەکەشی زۆرە. ئەوەی دوەمیان توانای هەیە بۆ بێسنور فراوان بکرێ: چونکە تەنها ئەو خەڵکانە نین کە فەرمان دەرئەکەن، بەڵکوو خەڵکانێک هەن کە بە ئەوان ئەڵێن چ فەرمانێک دەربکەن. لە کاتێکدا دوو جۆر ئامۆژگاری دژی یەک لە هەمان کاتدا لەلایەن دوو ڕێکخراوی پیاوانەوە بدرێ، بەوە ئەڵێن ڕامیاری/سیاسەت. ئەو ئەزموونەی پێویستە بۆ ئەم جۆرە ئیشە بریتی نییە لە زانینی ئەو بوارەی کە تیایدا ئامۆژگارییەکەی تێدا ئەبەخشرێ، بەڵکوو زانینی هونەری بڕواهێنانی خەڵک بە نوسین و قسەکردن، واتە ڕێکلام کردن.

بەپانتایی ئەوروپا، هەرچەندە لە ئەمریکا وانییە (٢)، پۆلێنی سێیەمی خەڵک هەن، کە لە پۆلێنەکانی تری کرێکاران زیاتر ڕێزیان ئەگیرێت. پیاوانێک هەن کەوا، بە خاوەندارێتیکردنی زەوی، توانای ئەوەیان هەیە وا لە خەڵکانی تر بکەن کە پارەی بەرەکەتی ڕێگەپێدرانی هەبوون و ئیشکردنیان بدەن. ئەم خاوەن زەوییانە بەتاڵن، هەروەها بەم نوسینەم واش دەرئەکەوێ کە ستایشیان بکەم. بەداخەوە، ئەو بەتاڵییەی ئەوان  ئەنجامی پیشەسازیکردنی خەڵکانی ترە وای کردوە ئەمان وابن، بەڵێ ویستی ئەوان بۆ بەتاڵییەکی ئیسراحەت سەرچاوەی ئینجیلی پیرۆزی ئیشکردنە. ئاخر شتێک ئەوان خوازیاری بن ئەوەیە کە خەڵکانی تر شوێن ئەمان بکەون و هەمان شت بکەن.

تێبینی وەرگێران:

١- وابزانم دەستەواژەیەکی تریشمان لە کوردییدا هەیە.

٢. ئێستا تەبیعی ئەمریکاش وایە، دیارە سەردەمی ڕەسڵ جیاواز بوە.

بەشکردن: