کۆمەڵگە لە کوێ پەروەردە دەبێت؟

بەشکردن:

عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب

چییە وا دەکات کێشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە کوردستان، بەلای کەمی هێندەی لە سۆشیال میدیادا سەر دەکات، هەمووانی گرتبێتەوە؟ کاردانەوەکانی ڕاپۆرتێکی میدیایی یان هەواڵێک، نووسینێک یان ڕایەکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی لە سۆشیال میدیادا، بە تایبەتی لە کاتی قەیراندا، بۆچوون و ڕوانگەی تەواو دژبەیەک دێننە گۆڕێ بە جۆرێک کە نیشانەکانی لێکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەخلاقیش زەق دەبنەوە و دەبنە مەترسی بۆ هەر هیوایەکی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و سیاسی. بەڵام، گەر کەمێ ورد ببینەوە، دەبینین کە لە چەلەحانێ سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکاندا بەرەکان لە ڕووکەشدا زۆر دژن بەڵام لەسەر هەمان بنەما ڕا و بۆچوونەکانیان پێشکەش دەکەن. چۆن لەم لێکچوونە بگەین و چ مانایەکی لێ هەڵێنجێنین؟

لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمەڵگەی کوردستان فەرهەنگێکی دیاریکراوی هەیە کە جیاکاری ناکات لەنێوان ئەوەی باوەڕی بە زانست هەیە یان ئەوەی باوەڕی بە قەدەر هەیە. بە گشتی، مامەڵە و ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای باوەڕ و ئایدیۆلۆجی و خوێندنی ڕەسمی و بڕوانامە دانەمەزراون. یانی، جیاوازییە فیکری و ئایدۆلۆجییەکان، جیاوازی لە پسپۆڕیی زانستی و کۆمەڵایەتی، لە بنەمادا نەبوونەتە هۆی جیاوازیی مامەڵە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان. لە گردبوونەوە و کۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، لەسەر شەقام و لە بازاڕ و مامەڵەی ئابووریدا، لە خوێندن و مامۆستایەتی و بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتیدا، لە لێخوڕینی تڕومبێل و مامەڵەکانی ڕۆژانەدا نازانرێت کێ خاوەنی کام بۆچوونی زانستی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجی و ئاینییە. جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکان بۆچی نەبوونەتە هۆی جیاوازی لە کردار و ئاکاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی؟ ئایا جیاوازی لە بیرکردنەوەدا هەر بە ڕاستی دەبێتە هۆی جیاوازی لە کرداردا؟

ڕاستییەکەی، فەرهەنگی کۆمەڵگە لە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی بازنەی کۆمەڵاتیدا دێتە گۆڕێ و گەشە دەکات. بازنەی کۆمەڵایەتی بە مانای سنوور و مەوداکانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ کەس و دەوروبەریدا. کاسپی و کاری مرۆڤ یەکێکە لەو بازنانە، خێزان و ژیانی ماڵەوە بازنەیەکی دیکەیە. دامودەستگە و فەرمانگە ڕەسمییەکان، بازاڕ و دوکان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتن، مزگەوت و کڵێسا و پەرستگای دیکە، ناوەندەکانی خوێندن، چایخانە و یانە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانیش بازنەی کۆمەڵایەتیی دیکەن. هەندێ بازنەی کۆمەڵایەتی لەوانی دیکە فراوانتر و هەژمووندارترن، بەمەش دەرفەتی کاریگەربوونیان لەسەر پێکهاتەی فەرهەنگ و کردار و ئاکاری مرۆڤەکان زیاتر دەبێت. ناوەندەکانی خوێندن بازنەیەکی کۆمەڵایەتیی فراوانترن لە خێزان، لە پەرستگا و لە بازاڕیش. فەرمانگە ڕەسمییەکان و شوێنەکانی کار و کاسپی بازنەیەکی فراوانترن لە خێزان و لە پەرستگاکان. بازنە کۆمەڵایەتییەکان کار و ئاکار و خووی دیاریکراو دەکەنە باو و دەیانکەنە بەشێکی چەسپاوی فەرهەنگی کۆمەڵگە. ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی لە کاری کشتوکاڵدا دێنە گۆڕێ لەوانەی لە دامودەستگا مۆدێرنەکاندا دێنە گۆڕێ جیاوازن. لە ناوەند و پۆلەکانی خوێندندا، لە سەردانی فەرمانگە و دامودەستگا ڕەسمییەکاندا، لە مامەڵەی بازرگانی و بازاڕ و کڕین و فرۆشتندا جۆری مامەڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی هەر بازنەیەک بەشێکی گرنگی فەرهەنگی کۆمەڵگە دادەتاشن. ئەم بازنانە لە زۆر جێگە و کاتدا یەکتر دەبڕن و فەزا و پڕۆسەی تێکئاڵاو پێکدەهێنن. ئەم بازنانە تاک و جڤاکەکان بە شێوە و لە ئاستی جۆراوجۆردا پەروەردە دەکەن. مرۆڤیش ڕەنگدانەوەی کۆی بازنە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەتی و هەمیشە لە نەخشاندنی ئەم بازنانەشدا بەشدارە.

واقیعی بازنە کۆمەڵایەتییەکان هەژموونێکی بەهێزتریان بەسەر کار و ئاکاری کۆمەڵگەوە، بەسەر پەروەردەیانەوە هەیە لەوەی کە پەیی پێ دەبەین. تۆ بڕوانە، لە لێخوڕینی تڕۆمبێل و ئەتەکێت و یاسای سەر شەقامدا هێندە واقیعی جادە و کۆڵان و فەرهەنگی لێخوڕینی شوفێرەکان هەژموونیان هەیە، هێندە یاسا نووسراوەکانی هاتوچۆ وا نین. شۆفێر هێندە لەگەڵ ئەزموونی ڕۆژانەی خۆی و شۆفێری دیکەدا مامەڵە دەکات و هانای بۆ دەبات، هێندە هانا بۆ یاسا و ڕێنمایی و تەنانەت ژیریی گشتیش نابات. شەقامێکی سەرەکی سێ لەینی بۆ کراوە، مانای وایە سێ تڕۆمبێل دەتوانن لە تەنیشت یەکەوە بە ئاسانی بڕۆن. کەچی لێخوڕینی ناتەواوی شۆفێرێک وا دەکات ڕێی تڕۆمبێلەکەی خۆیشی بە تەواوی نەبێتەوە. بەپێی ژیریی گشتی بێت، هەرکەس دەزانێت کە کێشەیەک هەیە، بەڵام واقیعی سەر شەقام شتێکی دیکەی فێری شۆفێرەکە کردووە، ئەویش ئەوەیە کە زۆرترین دەرفەت بدۆزێتەوە تا بگاتە شوێنی مەبەست. گەر وا نەکات، ئەوا شوفێرەکانی دیکە گشت دەرفەتەکانی لێ دەبەن، چونکە ئەوانیش هەمان مەبەستیان هەیە و، ئەزموونیان لەگەڵ لێخوڕیندا هەمان شتە. 

لێخوڕینی تڕۆمبێل بەپێی فەرهەنگی سەرجادەیە نەک بەپێی یاسا و ڕێنمایییەکانی هاتوچۆ. تەنانەت، لێخوڕین بەپێی یاسا و ڕێنمایییەکان دەکرێت شۆفێر تووشی ڕوودای هاتووچۆش بکات، تووشی دەمەقاڵە و شەڕی دەستەویەخەی لەگەڵ شۆفێری دیکە و پیادەکاندا بکات. لەوانەیە شۆفێر لە سەرەتای ئەزموونی شوفێریدا هەندێ یان هەموو یاسا نووسراوەکانی پەیڕەو کردبێت، بەڵام شۆفێری کەمئەزموون لە بەرانبەر شۆفێرانی پڕئەزموون و واقیعی شەقامە قەرەباڵغ و کەسبەکەسەکان و فەرهەنگی لێخوڕین خۆی بە دەستەوە دەدات. ئەزموونی سەر شەقام دەبێتە بەشێکی دانەبڕاوی بنەمای فەرهەنگی شۆفێری، لە کاتێکدا یاسا نووسراوەکان هیچ پێگەیەکی وایان لە پێکهێنان و پتەوکردنی فەرهەنگی شوفێریدا نییە. ئەگەر لێی ورد ببینەوە، یاساکانی هاتوچۆ لە هەموو شارەکانی کوردستاندا هەمان شتن، بەڵام فەرهەنگی شۆفێری بە گشتی لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە جودایە. شۆفێرێکی خەڵکی سلێمانی لەوانەیە پێی وا بێت هەولێر هیچ شۆفێرێکی باشی تێدا نییە. لەوانەیە ڕای شۆفێرانی هەولێر لەسەر شۆفێرانی سلێمانیش هەر وا بێت. کەچی بڕیاری ڕەسمی ئەوەیە لە هەردوو شاردا هەمان یاسای لێخوڕین و هاتوچۆ پەیڕەو بکرێت. ئەزموونی سەر شەقام و لێخوڕینی هەر شارێک لێرەدا دەبێتە بازنەیەکی کۆمەڵایەتی کە پەروەردەی شۆفێران دەکات، لە کاتێکدا زۆربەی تاقیکردنەوە و ڕاهێنان و ڕێنمایییە ڕەسمییەکانی هاتوچۆ لە بازنەی خەیاڵپڵاویدا دەمێننەوە. 

لە نموونەی دیکەدا، ڕاوەستان لە سەرەی نانەواخانە یان مووچەوەرگرتندا یان کۆبوونەوە لە هەر شوێنێکی دیکەی وادا بازنەی کۆمەڵایەتین و فەرهەنگی خۆیان فێری کۆمەڵگە دەکەن. ئەگەر کەسێک لە دوورەوە تەماشای گردبوونەوەیەک بکات، نازانێت داخۆ کەسەکان لە کام بەرەی کۆمەڵگەن، خاوەنی کام ئایدیۆلۆجی و سیاسەت و خەڵکی کام شار و لە کام کەرتی کۆمەڵگەن. گردبوونەوەی بڕوادارانی ئەم یان ئەو ئاین و سیاسەت و ئایدیۆلۆجی یەک شتە. زۆرجار دەگوترێت میللەتی کورد نیوەی ژیانی لە سەرەدا بەسەر دەبات، کەچی تا ئێستاش فێر نەبووە بە ڕێکوپێکی سەرە بگرێت. ڕاستییەکەی، فەرهەنگی سەرەگرتن و کۆبوونەوە لە کۆمەڵگەدا ئەوەیە کە ڕێکوپێک نەبێت و بەپێی لۆجیک و ڕێنمایییە ئاینی و زانستی و کۆمەڵایەتییە ڕەسمییەکان نەبێت، بەڵکە ئەزموون و پەروەردەی واقیعی کۆمەڵایەتیی خەڵک، نەک فیکر و ئایدیۆلۆجی و ئاین، سەپێنەری فەرهەنگی دیاریکراو بن. ناسینی چۆنێتیی پێکهاتن و تۆکمەبوونی فەرهەنگ لە بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا بوارێکی گرنگی توێژینەوەی کۆمەڵناسییە، کە پێویستە لە باسوخواسەکانی چاکسازیی پەروەردەیی و سیاسەتی پەروەردەییدا جێی خۆی بگرێت.

بەشکردن: