مەدیحە سۆفی
بوونی سامانی سروشتی بەگشتی، یەکێکە لە ڕەهەندەکانی بوژانەوە و پێشکەوتن و گەشەسەندن، لەوانە نەوت، گاز و خەڵوزی بەرد وەکو سەرچاوەی وزە، جگە لە کان و کانزا و یوڕانیۆم و میتاڵ و کانزا دەگمەنەکان، لەوانەش گرنگتر سامانی ئاوە، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە سامانێکی گشتی دادهنرێت، بەتایبەتی ئاوی ئەو ڕوبارانەی بە دوو وڵات یا زیاتردا تێپەڕدەبن.
سامانی ئاو، گرنگترین سامانی سروشتییە و بە بنەمای ژیان، گەشەسەندن، پێشکەوتن و شارستانییەت دادەنرێت، دێرینترین سەرهەڵدانی شارستانییەتیش لە جیهاندا، لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا لە میزۆپۆتامیا -وڵاتی نێوان دو روبارەکە- (بلاد ما بین النهرین) سەریهەڵدا، کە بە دۆڵی ڕافیدین ناسرابوو.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی وشکی کەشوهەواکەی و کەمیی ڕوبار تێیدا، یەکێکە لەو ناوچانەی لەژێر زەبری کەمیی ئاوی شیریندا دەناڵێنێ، بۆ نمونە لە ئوردن، کوێت، ئیمارات، سعودیە و بەحرین و سهرجهم وڵاتانی کهنداو کێشەی ئاو یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوخۆ. ڕوباری دیجلە و فوراتیش، دوو ڕوباری سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە بەرزایییەکانی ئەنادۆڵەوە لە باکوری کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن و وەکو سەرچاوەیەکی گرنگیی سامانی ئاو بۆ هەردوو وڵاتی سوریا و عێڕاق ئەژمار دەکرێن.
سیاسەتی قۆرخکردنی ئاو و بەکارهێنانی وەکو فاکتەرێکی بەهێز بۆ فشار خستنە سەر وڵاته دراوسێکان، یهکێکه له سیمای سیاسهته ناڕهواکانی تورکیا، که دهمێکه وهکو چهکێك بۆ بهدیهێنانی ئامانجه سیاسی و ئابوورییهکانی خۆی پهیڕهوی دهکات، جگە لەوهی له ئێستادا و به دروستکردنی کۆمەڵێ گروپی تیرۆرستی و جوڵاندنیان بەپێی مەرام و پلانە فاشیستییەکانی خۆی، وەکو ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا پەیڕەوی دەکات، ههمان فشار و گهمهی ناپهسهندی خۆی له ڕێی ئهوانهوه دوباره دهکاتهوه.
تورکیا بە بنیاتنانی پرۆژەی گاپ، کە بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەتاتورك، بە دروستکردنی ٢٢ بەنداو و ١٩ ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات، زیانێکی زۆری، ئابووری و کولتوری و کۆمەڵایەتی لە هەردوو وڵاتی عیڕاق و سوریا بە گشتی، داوە، وێرای تێکدانی سیمای کولتوری و کۆمهڵایهتیی کورد له باکوری کوردستان و ڕاگوێزان و خاپورکردنی زێدی سهدهها ساڵیان، به بیانووی بوژانهوه و گهشهکردن و ڕهخساندنی ههلی کار بۆ دانیشتوانی ناوچهکه، بەتایبەتی دوا بەنداوی بە ناوی بەنداوی ئیلیسوەوە لەسەر ڕوباری دیجلە کە جگە لە تێکدانی کەلوپوری هەزارەها ساڵی ناوچەی حەسەنکیف، بەڕێژەیەکی زۆریش ئاوی ڕوباری دیجلەی لە خوارووی عیڕاقدا کەمکردووەتەوە، هەروەها کاریگهری نهرێنی زۆری، لهسهر چاندن و بهرههمهێنانی کشتوکاڵی و زیادبوونی ڕێژهی سوێری ئاوهکه و تێکدانی ژینگە و کەمکردنەوەی سامانی ماسی، ههیه.
تا ئێستا تورکیا پەیڕەوی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لەمەڕ مامهڵهکردنی ئاوی ئەو دوو ڕوبارەوە نەکردووە، بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی سامانی ئاو سامانێکی تایبەت نییە و گشتییە، بەتایبەتی ئاوی ئەو ڕوبارانەی بە دوو دەوڵەت یا زیاتردا تێپەڕ دەبن، جگە لەوەی تورکیا ڕوباری دیجلە و فورات بە ڕوباری نێودەوڵەتی ئەژمار ناکات، وەکو خاوەن موڵکێك مامەڵەی لەگەڵ ئاوی ئەو ڕوبارانە کردووە، لە هەمان کاتدا له ههلومهرجی تایبهتیدا وەکو فاکتەرێکی سیاسی بەکاریهێناوە و بەکاریدەهێنێت، لە ساڵی ١٩٩٢ دا سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا سولەیمان دیمیریل گوتی:
“ئەو دوو ڕوبارەی لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێن، تا ئاودیوی سنوور دەبن موڵکی خۆمانە، چۆن چاڵەنەوتەکانی ئهو وڵاتانه موڵکی خۆیانن.”
جگە لەو فشارانەی تورکیا بههۆی دروستکردنی ئهو بهنداوانهوه دەیخاتە سەر عیراق و سوریا، دەمێکە تورکیا کەمیی ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەل زانیوە و بوونی ئاوی وەکو یەکێك لە گرنگترین فاکتەرەکانی فراوانکردنی دەستەڵاتی خۆی لەو دەڤەرەدا بەکارهێناوە و بەکاردێنێت. لە میانەی پێشنیارێکی تورکوت ئوزالی سهرۆك وهزیرانی ئهوکاته لە ساڵی ١٩٨٧دا، پرۆژەیەکی بە ناوی ‘پرۆژەی لوولەکانی ئاشتییهوه’ خستەڕوو، بە پێی ئەو پڕۆژەیە تورکیا دەیویست بە بیانووی بێ ئاوی لە وڵاتەکانی کەنداودا، ڕۆژانە بڕی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە ڕوبارەکانی سێحان و جێحان بەرەو وڵاتەکانی کەنداو و سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل هەناردە بکات، پاشان لە کۆبوونەوەی وڵاتە عەرەبییەکاندا و پاش تاوتوێکردنی پڕۆژەکە، سەرانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کە چوونە ژێر باری ئەم پرۆژەیە، قایلبوونە بەو فشارە ئابووری و سیاسییانەی لە داهاتوودا تورکیا ئاراستەیان دەکات، چونکە ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی سیاسیی تورکیی بوو، کە ئاو تێیدا ببوە فاکتەری سەرەکی بۆ فراوانکردنی هەیمەنە و دەستەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە بە کۆدەنگیی وڵاتە عەڕەبییەکان بە نەرێنی وەڵامدرایەوە و پرۆژەکە شکستی هێنا.
لە میانەی تەشەنەکردنی نەخۆشی کۆڕۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنە تەندروستییەکان، دوبارە تورکیا بە گرتنەوەی ئاو لە خهڵکی ڕۆژئاوا، لە ڕێی گروپە تیرۆریستەکانی ژێر سێبهری خۆی، دوبارە سیاسەتە فاشیستییەکەی خۆی سهلماندهوه، ویستگهی عهلوك که ئاو بۆ شاری حهسهکه دابین دهکات و له کاتی هێرشی ناڕهوای تورکیا کهوته ژێر ڕکێفی خۆیهوه و پاش چاكکردنەوە و خستنەگەڕی ئامێرەکانی ویستگەکە، لە ئێستادا وهکو چهك دژ به کورد بهکاردههێنرێت، ئەم گرتنەوەی ئاوە هیچ هۆکارێکی تەکنیکیی نییە، بەڵکو ڕەهەندی سیاسی هەیە و ڕەنگدانەوەی حوکمڕانیی فاشیستی تورکیایە.
ئەگەری شەڕ لەسەر سامانی سروشتی، بەتایبەتی ئاو، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیکات، تەنها شەڕ نییە لەسەر قۆرخکردنی وزە و ئاو لە ڕۆژئاڤای کوردستان، بەڵکو شەڕیشە لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەو ناوچەیەش، ئەوە لە باشوری کوردستان بە پشتیوانی تەبابوون و بوونە خانەخوێ بۆ تورکیا، هیچ پێویستی بە فشارخستنەسەر نییە و بەرژەوەندییەکانی پارێزراون. دەوڵەتی تورکیا وەکو دەستەڵاتێکی فاشیستی، سڵ لە هیچ هەوڵێك ناکاتەوە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی.
ئەنجامەکانی ناوەندی نێونەتەوەیی بۆ توێژینەوەی ئاشتی لە ستۆکهۆڵم (Stockholm International Peace Research Institute (SIPRI) ساڵی ٢٠١٠ دا، ئەو ئەگەرانە دەخەنەڕوو، کە هۆکارەکانی شەڕ لە داهاتوودا زیاتر بریتی دەبێ لە شەڕ لەسەر سامانی سروشتی، بەتایبەتیش وزە و ئاو، و تا ساڵی ٢٠٣٠ پێداویستی جیهان بۆ وزە ٥٠٪ زیاتر دەبێ، بۆیە کێشەکە هەر لە دەستکەوتنی وزە نییە، بەڵکو دابینکردنی دڵنیایی بۆ گوازتنەوەی و دەستەڵات سەربازی بەسەر گەرووی دەریا و ئوقیانوسەکان و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ زیاتر لە هەشت ملیار کەس، کارێکی ئاسان و بێ کێشە نابێ، بەتایبەتی لەم سەردەمەی تای جەمسەرەکان لە گۆڕاندان و جڵەوی دەستەڵات لە ئێستادا هاوسەنگ نییە.