ئێران و هێزەکانی رۆژهەڵات لەکوێی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیادان

بەشکردن:
~ كوردستان تایمز
ئەوەی سەرۆکی هەرێم بارزانی دەکرێت لێی بێئاگا بێت یان لە بیری خۆی بەرێتەوە ئەو راستییەیە کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان – هەر وەك رۆژهەڵات و باکور رۆژئاڤا – وابەستەی پاراستنی ئەو دوو سێگۆشە سنوورییە ستراتیژییەیە کە تورکیا و پەکەکە بۆ پاراستنی ستاتۆی سیاسی نەوەکانی داهاتوویان ئەمڕۆ خوێنی بۆ دەدەن. ئێرانیش دەبێت ئەوە بزانێت نەمانی کورد لە چیاکاندا، بە واتای پڕکردنەوەی دێت بە هێزی سونیی-توندڕەو کە شەڕکردن دژ بە ئێران بە جیهاد دەزانن، کە راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە لەڕوی دارایی، میدیایی و سەربازییەوە پشتیوانیی دەکرێن.
هاتنی ئێران بە سەرکێشی خۆی یان لە دوای بە دەستەوەدانی بەهانە بێت بۆ ناو شەڕی سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) مەترسی لەسەر ئەزموونی سیاسی کورد لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات و تارانیش روبەڕوی کاردانەوەیەکی چەکداریی دەکات کە لە سێ دەیەی رابردودا ئەو وڵاتە بە خۆیەوە نەدیتوە.
رێگرتن لەو ئەگەرە بۆ کورد پاراستنی هێڵەکانی بەرگرییە چونکە شەڕەکە لەسەر ناوچەیەکی زێدە ستراتیژییە لە کاتێکدا تورکیا لە دوو پارچەی دیکەی کوردستانیشدا بە ئاسن و ئاگر گڕی جەنگ دەدات، بۆ ئێرانێش گارەنتی نەبوونی شەڕە لە ناو شارەکانی و لێدان لە سێکتەرە ئابوورییە سنوورییەکانی، بە تایبەتی کە ئێستا لە رەوشێکی ئابووری باشدا نییە و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا لە پەراوێزدایە.
ئێران تا ئێستا زۆر ساردە لەوەی راستەوخۆ شان بداتە پاڵ شانی تورکیا لەو هێرشانەدا دژ بە پەکەکە و هێزە هەوادارەکانی، سەرباری ئەوەی لەم دوایییانەدا لەژێر فشاری لێدوانی سەرانی دەوڵەتی تورکیا چەند جموجۆڵێکی سەربازیی ئەنجامدا لەژێر ناوی مانۆڕ و مەشقکردن لە سنوورە شاخاوییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
هێشتا تاران خۆی لەو جەنگە بە دوور گرتووە و ئەنقەرەش لەمە نیگەرانە، هەرچەندە ریتۆریکی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاستی ئەنقەرە بەرزە دژ بە بزاوتە کوردییەکانی رۆژهەڵات و پەکەکە لە باکور و شەرڤانان لە رۆژئاڤا.
دوور دەبینرێت ئێران بێتە شەرێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ پەکەکە و لایەنە هەوادارەکانی بۆ دەستخستنی ئەنجامی یەکلاکەرەوە، کە تورکیا ٤٠ ساڵە دەستینەکەوتووە، بەڵام دەکرێت بە هەبوونی بەهانەیەك لەپاڵ پێداگریی تورکیا بە وەشاندنی گورزی کاتیی توند بەشدار ببێت، هەرچەندە باش دەزانێت جوڵەی لەو شێوەیە دووچاری هێرشی دژی سەربازیی دەکاتەوە لەناو خاکەکەیدا وەك لە رابردوودا بینراوە.
ئۆپەراسیۆنی ئێران لەم شەڕە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی پەکەکە و هێزە هەوادارەکانی لەپشتەوە گورزیان بەربکەوێت و هێڵەکانی بەرگرییان لەپێشەوە بەرامبەر سوپای تورکیا لەق و لاواز ببن، لە هەندیك ناوچەش جموجۆڵی گەریلاکان کەمببێتەوە.
ئەوانێش لە بەرامبەردا دەتوانن شانەکانیان لە ناو شارەکاندا چالاك بکەن و هێڵەکانی ئابووری و ئاڵوگۆری بازرگانی و گەیاندنی سەرچاوە سروشتییەکانی تارانیش لەسەر سنوورەکان بکەنە ئامانج بۆ وەڵامدانەوە، جگە لە بژاردەی دیکەی سەربازی وەك شەڕی قەندیلی نێوان سوپای پاسداران و پارتی ژیانی ئازاد (پژاك)ی هەواداری پەکەکە لە ٢٠١١.
 
مەترسییەکان
ئەم شەڕەی تورکیا و پەکەکە لەوە دەرچووە پێکدادنی تەنیا دوو لایەنی سەربازیی بێت، ئامانجی ئەنقەرە زۆر ئاشكرا ستراتیژییە، بەرگریکردنی پەکەکەش بە هەمان شێوەیە بۆ مانەوەی پێگەی سەختی چیاکان کە گرنگی هەیە بۆ کۆی ئەزموونی سیاسی کورد لە ناوچەکەدا نەك تەنیا بۆ پەکەکە.
ئەو چیایانە لە دوو سەدەی رابردوودا مۆڵگەی گردبوونەوەی ئەو هێزە کوردییانە بوون کە خواستیان ژیانێکی سیاسیی ئازاد بووە لە دەرەوەی ئەوەی سەپێنراوە بەسەر کورد وەك قەوارەیەکی ئیتنیکیی کە مافە سیاسیی و کەلتوریی و ئینسانییەکانی پێشیلکراون، بۆیە شکانێکی گران لەم جەنگەی ئەمڕۆدا بە مانای نەمانی ئەو چیا سەختانەی سێگۆشەی سنووریی هەر چوار پارچەی کوردستان دێت کە لە مێژودا بەبەردەوامیی لەژێر کۆنترۆڵی گەریلا و پێشمەرگەکانی کورد بوە. بە واتایەکی دیکە چیدی چیاکان تاکە هاوڕێی کورد نامێنن.
شەڕ ئێستا لە دوو سێگۆشەی گرنگ گەرمە، سێگۆشەی خواکورك کە رۆژهەڵات و باکور و باشوری کوردستان پێکەوە گرێدەدات، لەگەڵ سێگۆشەی حەفتانین کە باشور و باکور و رۆژئاڤای کوردستانی پێکەوە بەستۆتەوە.
ئەوە حەفتانین بوو لەگەڵ چیای سپیی کە رێڕەوی گواستنەوەی کتێب و چەك و کادر و شەرڤان بوون بۆ رۆژئاڤا لە ٢٠١١ بۆ بڵێسەدان بەو شۆڕشەی کورد لە سوریا. ئەگەر لە رۆژهەڵات و هەر پارچەیەکی دیکە رەوشێكی هاوشێوە بێتە پێشەوە کە تیایدا کورد پێویستی بە خۆپاراستن هەبێت ئەو جووت سێگۆشەیە، ئەگەر نەکەونە چنگی تورکیاوە، هەمان رۆڵ دەگێڕن.
گرنگغی مێژوویی خواکورك لە ئەدەبیاتی پارتی دیمەکراتیی کوردستانی فەڕمانڕەوای هەرێمی کوردستانیشدا ئاشکرایە، چونکە ئەوە شەڕی خواکورکە ئەو پارتییە وەك شانازی خەباتی چەکداری مەسعود بارزانی سەرۆکی دەیناسێنێت و هەموو ساڵێك یادی دەکاتەوە دژ بە رژێمی پێشووی عێراق.
ئێستا لە هەمان خواکورك شەڕە و داگیرکردنیشی جگە لە دەرئەنجامە ستراریژییەکان لە رووی سیمبولیشەوە وێنەی یادەوەری خەباتی خودی پارتی دەشێوێنێت، چونکە ئەو پارتە یان هەر لایەنێكی دیکە لە خواکورك رۆژێك بەرگری لە خۆی کردبێت چۆن دەتوانێت سەربەرزانە یادی تێکۆشانی خۆی بکاتەوە ئەگەر ئەو هەرێمە لە ژێر زەبری پۆستاڵی داگیرکەری سەربازی تورکدا بێت و خۆیشی هاوکار بێت لەو داگیرکارییە؟
 
بەهانەکان
یەکێك لەو بەهانانەی دەکرێت ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی پەلکێش بکاتە ئەو شەڕەوە جموجۆڵی ناپێویستی هەندێك لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هەرێمی کوردستانن و بنێردرێن بۆ نزیك ئەو ناوچانەی نفوزی پەکەکەن و شەڕیان تێدایە. تەنانەت جموجۆڵی سەربازیی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کە هەواداری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و پەکەکەیە لەو ناوچانە لەم کاتەدا مەترسیدارە.
جموجۆڵی هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵات لەو هەرێمانە لە کاتێکدا واتادارە کە لە بەرەیەکی بەهێزی یەکگرتوودا بن لەگەڵ پەکەکە بە جەماوەرێکی بەرچاو یەك دەست هەنگاوی سیاسی و سەربازی هاوبەش بنێن بۆ پاراستنی ئەو هەرێمە گرنگانە، بەڵام کە ئێستا ئەمە لە ئارادا نییە بەهانەیەکی هەرزانە و دەرئەنجامیشی گران.
تورکیا زۆر بەجۆشەوە لە هەوڵی ئەوەدایە ئێران بێنێتە ئەم جەنگەوە، هەر بۆیە لە پاڵ پەکەکە پژاکیش دەکاتە ئامانج، هێرشەکەی کونەماسی بۆ سەر ئۆتۆمۆبیلێكی ئەندامانی پژاك و خەڵكی سیڤیل لە پارێزگای سلێمانی دەکرێ بەو ئاراستەیە ئەنجامدرابێ.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تورکیا سەرقاڵی پەلکێشکردنی ئێرانە، ئەوەش لە دوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرۆکانی روسیا و تورکیا و ئێران لەسەر سوریا ئاشكرابوو کە بە بەیاننامەیەکی هاوبەش گوتیان “وەستانەوە دژ بە جوداخوازی” ئەولەویەتیانە.
هەندێك لەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی رۆژهەڵاتی کوردستان – پژاك و کۆمەڵەی سازمانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی لێدەرچێت – لە چەندین وێستگەی چەند ساڵی رابردوودا دژ بە پەکەکە پروپاگەندەیان کردووە و لە ئەرشیفی رۆژمێری میدیاکانیاندا ئەمە ئاشكرایە. دوور نییە تورکیا بخوازێت راستەوخۆ و پراکتیکانە ئەمجارە کەڵك لەو جۆرە هەڵوێستانە وەربگرێت. سەرەتاکانی ئەو پڕۆسەیەش دەرکەوتوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان لە رۆژهەڵات و باکور، بەتایبەت کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەندێک ناوچەی سەر سنورەکان لە نزیکی پەکەکەن.
لێکدانەوەی ئەم مەترسییە لە ئێستادا بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە پێشتر پارتی گروپێکی حزبی دیموکراتی بەکارهێنا بۆ جێگیرکردنیان لە هەرێمەکانی گەریلا لە ٢٠١٥ دا، لە ناوچەکانی بەربزنە و خنێرە و کێلەشێن، کە پێکدادانێکی کورتی خوێناوی لێکەوتەوە.
میدیاکانی پارتی ئەو کاتە پەخش و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گروپەکانی رۆژهەڵات دەچنەوە بۆ خەباتی چەکداری و پێشمەرگەکانی ئەوانیان لە تیڤییەکانیانەوە نیشاندەدا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئەو جوڵەیە لەناو رای گشتی پارتی و ئاوارە هەوادارەکانی ئەو گروپانەی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستاندا. هێزەکانی رۆژهەڵات پێویستە ئەوەش لەبەرچاوبگرن کە تورکیا هەرگیز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتیوانیی هیچ بزوتنەوەیەک ناکات دژ بە ئێران، لە رابردوش نەیکردوە. ئێستاش بەرەی سونەی عەڕەبیی بە سەرکردایەتیی سێكوچکەی میسڕ-سعودیە-ئیماڕات دژ بە تورکیان. هەر نزیکبونەوەیەک لە تورکیا ئەگەری سودبینین لەو سێکوچکە سونییە-عەڕەبییەش لەدەستدەدرێت.
ئەم جارە کە شەڕەکە گرانە و تورکیا لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێـمی و جیهانی هەوڵی خۆشکردنی ئاگرەکە دەدات بۆ گرتنی ئەو ناوچە ستراتیژییانە پێویستە ئەو لایەنانەی رۆژهەڵات هۆشیارانەتر رەفتار بکەن، رای گشتی رۆژهەڵاتیش جێگای خۆیەتی بەئاگایییەوە مامەڵە بکات بۆ خۆپاراستن لە فوکردنی میدیاکانی پارتی بە ئەفسانەیەك کە خۆیان باش دەزانن لەسەر زەمین بوونی نییە.
 
هێڵە لاوازەکان
گرنگە لەبەرچاو بێت جوڵەپێکردنی ئەو هێزانەی رۆژهەڵات بەو چەکە سوکانەی هەیانە و بەو هێزە کەمەی ماویانە هیچ لە بابەتی شەڕ ناگۆڕیت لە بەرامبەر دەوڵەتی ئێراندا، تەنیا بەهانە دەداتە دەست تاران ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات بۆ پشتیوانیکردنی تورکیا دژ بە پەکەکە.
ئەو لایەنانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەندامە باڵاکانیان تیرۆر دەکران بە چاوساغی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر لە کەمپەکاندا چەلەنگیی سەربازیشیان بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ دڵڕاگرتنی تاران لە چالاکی خرا.
زۆربەی لایەنە تەمەن درێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆیان وەك پارتی سیاسی دەناسێنن درووسترە وەك گروپ لە هاوکێشەکاندا ئەمڕۆ شرۆڤە بکرێن، لەبەرئەوەی بە ژمارە ئەندامانیان کەمە و هێزی سەربازییان لەو ژمارەی ئەندامەکانیان گچکەترە و بنکەی جەماوەریی بەرچاویشیان نییە.
ئەوەی هەیانە لە ناوەوەی رۆژهەڵات زۆر لە پەیوەستبوونی سیاسییانە و ئایدۆلۆژیی قوڵی رێکخراوەیی ناچێت و زیاتر وەك هاوسۆزیی خۆی دەنوێنێت، کە ریشەی دەگەرێتەوە بۆ تێکۆشانی دیموکرات و کۆمەڵە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان نەك چالاکی سەربازی و جەماوەری سێ دەیەی رابردوو.
زۆربەی ئەو گروپانەی ئێستا هەن سەر بەو دوو کەمپی سیاسیین، لێ دەمێکە لە چەك داماڵدراون و ئەوەش بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە تا کۆکردنەوەیان لەناو کەمپی ئاوارەییدا و دواتر بۆ زیاتر لاوازکردنیان هانی جیابوونەوە ناوخۆیییەکانیان درا لە ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەو لایەنانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەندامە باڵاکانیان تیرۆر دەکران بە چاوساغی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر لە کەمپەکاندا چەلەنگیی سەربازیشیان بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ دڵڕاگرتنی تاران لە چالاکی خرا.
شەڕی ناوخۆییش لەنێوان پارتی و یەکێتی هێندەی تر دابەشیکردن و دوا هەڵمەتی لە چەك داماڵینیشیان لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لەسەردەستی هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد لە دوای داگیرکردنی عێراق. ئەو کاتە هیچ چەکێکی مامناوەندیشیان لەدەستدا نەما، وەك دۆشکە.
ئەو گروپانە بەر لەوەی لە ناوەوە بە ژەهری جیابوونەوەی بێبنەما ریزەکانیان لێکبترازێنرێت، تەنیا ئەوەندە باروتیان لە دەستدا هێڵرایەوە تا بتوانن شەڕی یەکتری پێبکەن، چونکە ئەو چەکەی هەیانە بەشی بەرگریکردن لە خۆشیان ناکات، هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی هەردوو باڵەکەی دیموکرات لە کۆیە ئەوەی دەرخست لە ٢٠١٨.
دەکرێت وا ببینرێت کە ئەو گروپانە قوربانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بڕیاردانی مانەوەیان لە کەمپەکان و هەڵبژاردنی پاڵدانەوە بە لای پارتی و یەکیتیدا خۆیان لیی بەرپرسیارن.
دوو گروپی رۆژهەڵات لە دەرەوەی ئەو هاوکیشەیەدان بەوەی هێزیان هەیە و لە رووی سەربازییەوە چالاکن هەرچەندە لە بەرەی ئایدۆلۆژی دژ بە یەکدان، ئەوانیش پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاك) کە لە ٢٠٠٤ لە چیاکان دامەزراوە و هەواداری پەکەکەیە و لەوێ ماوەتەوە، ئەویترتیان پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە لە ٢٠٠٦ دا لە هەولێر دامەزراوە و بەشێکە لە مەنزومەی سەربازی و سیاسی پارتی و رکابەری پژاكە و هەولێر بە قەڵای خۆی دەزانێت.
بۆچوونیك هەیە کە پاك لە دژی پژاك دامەزراوە و تەنانەت یەك وشە و یەك پیت لە ناوەکانیاندا جیاوازە، ئەو بۆچوونە پشتڕاست نەکراوەتەوە لێ پاکتاوکردنی ئەو گروپانەی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر دەستی دەستەڵاتدارانی ئەو هەرێمە مێژووییەکی زۆر دوور نییە حاشای لێبکرێت.
لە مێژوی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستان، خاڵێکی گەش لەو خەباتە ئەوەیە، کە خۆشیان زۆر شانازیی پێوە دەکەن، هیچ کاتێک نەبونەتە هاوکار یان بیانویەک بۆ داگیرکارانی کوردستانی تا خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی پارچەکانی دیکەی پێ بنکۆڵ بکەن. هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت زۆر بەئاگایییەوە جموجۆڵەکانیان لە شاخ و شاردا ئەنجامبدەن و نەبنە هۆکاری هیچ پێکدادانێک لەگەڵ پەکەکە و پژاک وەک ئەوەی لە ٢٠١٥ رویدا. تورکیا هەوڵێکی جدیی دەدات چ لەڕێی میت و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێرەوە، چ لەڕێی پارتیی دیموکراتیی کوردستانەوە، تا ئامانجەکانی خۆی لە دروستکردنی ناکۆکیی لە چیاکان لەنێوان پەکەکە و هێزەکانی رۆژهەڵاتدا گەشەپێبدا، دەبێ هەموان لەوە زیرەکتر بن.
چاوەڕوان ناکرێت پژاك چالاکی سەربازیی بێسەروبەرە ئەنجامبدات لەم کاتەدا بەتایبەتی بەهۆی هەوادارییەوە لەگەڵ پەکەکە لە رەوشەکە باشتر ئاگادارە، هەرچەندە سەرکردەکانی لەم چەند رۆژانەدا هەڕەشەی هێرشبردنیان بۆ سەر ئێران وەك بژاردە خستۆتە رۆژەڤەوە لە چوارچێوەی ئەویە پێی دەڵێن پاراستنی رەوا ئەگەر ئێران بیانکاتە ئامانج.
ئەوەی زانیاری لەسەر تەڵخە ئەوەیە تا چەند دەکرێت وەك ٢٠١٥ پارتی بۆ گۆڵکردنی سیاسیی خۆی ئەو هێزانەی نزیكی بەکاربێنێت و جوڵەیان پێبکات بەرەو هەرێمەکانی پەکەکە تێیاندا دەجەنگێت؟ لەو ئەگەرەشدا هەر هێزیك بێت وەك دیموکرات پێشمەرگەکانی دەکرێنە قوربانی بۆ پەلکێشکردنی ئێران و رازیکردنی تورکیای هاوپەیمان دژ بە پەکەکە.
جگە لەو رووداوانەی چەند ساڵی رابردوو تێفکرین لەو ئەگەرە لەوەشەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم لەشکرکێشییە پارتی توشی ئیحراجییەکی زۆر کردووە، چونکە هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا هەیە لەکاتێکدا سوپای توركیا جگە لە پەکەکە مەدەنییەکانی هەرێم و ماڵ و موڵکیان وەك یەك دەکاتە ئامانج.
چاوەڕوان ناکرێت پژاك چالاکی سەربازیی بێسەروبەرە ئەنجامبدات لەم کاتەدا بەتایبەتی بەهۆی هەوادارییەوە لەگەڵ پەکەکە لە رەوشەکە باشتر ئاگادارە، هەرچەندە سەرکردەکانی لەم چەند رۆژانەدا هەڕەشەی هێرشبردنیان بۆ سەر ئێران وەك بژاردە خستۆتە رۆژەڤەوە لە چوارچێوەی ئەویە پێی دەڵێن پاراتسنی رەوا ئەگەر ئێران بیانکاتە ئامانج.
جوڵەیەکی لەو جۆرەش دەکرێت دەرفەت بداتە پارتی ئەو گروپانەی رۆژهەڵات بە پەکەکە بچوێنێت و لەو سۆنگەیەوە بوونی پەکەکە لە رای گشتی ناوخۆیی و بیانی رەتبکاتەوە، وەك چۆن نێچیرڤان بارزانی پێشتر رایگەیاند نەك تەنیا لە پەکەکە بەڵكو لە گروپەکانی رۆژهەڵاتیشی قبوڵ ناکەن دژ بە وڵاتانی دراوسێ چالاکی ئەنجام بدەن، بەتایبەت ئێستا کە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی ماندو کردوە. ئەمەش بەراوردێکی پروپاگەندەیی پەکەکە و ئەو گروپانەیە بۆ نیشاندانیان لە یەك ئاستی سیاسی و سەربازی و جەماوەریدا.
ئەوەی سەرۆکی هەرێم بارزانی دەکرێت لێی بێئاگا بێت یان لە بیری خۆی بەرێتەوە ئەو راستییەیە کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان – هەر وەك رۆژهەڵات و باکور رۆژئاڤا – وابەستەی پاراستنی ئەو دوو سێگۆشە سنوورییە ستراتیژییەیە کە تورکیا و پەکەکە بۆ پاراستنی ستاتۆی سیاسی نەوەکانی داهاتوویان ئەمڕۆ خوێنی بۆ دەدەن. ئێرانیش دەبێت ئەوە بزانێت نەمانی کورد لە چیاکاندا، بە واتای پڕکردنەوەی دێت بە هێزی سونیی-توندڕەو کە شەڕکردن دژ بە ئێران بە جیهاد دەزانن، کە راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە لەڕوی دارایی، میدیایی و سەربازییەوە پشتیوانیی دەکرێن.
بەشکردن: