عێراق لە کوێی هاوکێشە کۆن و تازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دایە؟
ئاراس مەسیفی
لە دوای میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەبی (ئیمارات)، شانشینی بەحرەێنیش ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل راگەیاند. لە راستیدا نە ئیمارات، نە بەحرەین لە روی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە هیچ پێگەیەکی گرنگی وایان بۆ ئیسرائیل نییە. لەبەر ئەوەش دەکرێت ئەو هەنگاوەیان تەنها وەکو کارێکی سومبولی و رێگەخۆشکردنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان شانشینی سعودیە و ئیسرائیل بە بەشداری میسر و ئوردن و پشتگیری ئەمریکا و بەشێکی ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لێکبدرێتەوە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی هاتنەکایەوەی هاوکیشەیەکی نوێی جەمسەربەندی سەربازی، سیاسی، ئابوری و ئاینی لە ناوچەکە.
چاوچنۆکیەکانی ئەردۆغان و پەلهاویشتنی ئێران لە ناوچەکە پاڵنەری سەرەکی لێکنزیکبونەوەی ووڵاتانی کەنداوە لە ئیسرائیل، چونکە هەردولایان هاوپەیمانی هێزە شیعەکان بە سەرکردایەتی ئێران لەلایەک و هاوپەیمانی هێزە ئیخوانیە سونیەکان بە سەرکردایەتی تورکیا لەلایەکی ترەوە بە مەترسی هاوبەش بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان دەبینین، بەڵام بە پێچەوانەی هاوپەیمانی شیعی و ئیخوانی، ئەو لێکزیکبونەوەی ووڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ بنەمایەکی ئایدیۆلیژی و ئاینی نییە، بەڵکو زیاتر لە پەرچەکردار دەچێت، وەک لە کردەیەکی ستراتیژی، بەڵام دەکرێت لە داهاتودا ببێتە بنەمایەکی باش بۆ کاری هاوبەشی ستراتیژی لە نێوان ئەم ووڵاتانە بۆ سنوردارکردنی هەژمونی هێزە ئیخوانیە سونیەکان بە سەرکردایەتی تورکیا و پەلهاویشتنی زیاتری هێزە شیعیەکان بە سەرکردایەتی ئیران و راگرتنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.
عێراق لەو وڵاتە دەگمەنانەی ناوچەکەیە، کە تا ئێستا بە فەرمی خۆی لەسەر هیچ بەرەیەک یەکلایی نەکردۆتەوە و لەوەش ناچێت بتوانێت و بیەوێت وا بە ئاسانی بچێتە ناو بەرەیەک لە دژی بەرەیەکی تر
عێراق لەو وڵاتە دەگمەنانەی ناوچەکەیە، کە تا ئێستا بە فەرمی خۆی لەسەر هیچ بەرەیەک یەکلایی نەکردۆتەوە و لەوەش ناچێت بتوانێت و بیەوێت وا بە ئاسانی بچێتە ناو بەرەیەک لە دژی بەرەیەکی تر، چونکە عێراق لە روی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی فرە رەنگ و بەرژوەندی مەزهەبی و نەتەوەیی جیا جیایە، کە خاڵی جیاواز و یەکانگیریان لەگەڵ هەرسێ بەرەکەدا هەیە. ئەمەش دەکرێت وەکو خاڵێکی بەهێزکردن یان بێ هێزکردنی پێگەی عێراق ببینرێت و سودی لێ وەربگیرێت. ئاشکرایە کە ئەمە لە رابردودا وەکو خالێکی بێ هێزکردنی عێراق سودی لێوەرگیراوە. ئێران و تورکیا لە ساڵانی رابوردودا و تا ئێستاش بەبەردەوامی دەستیان خستۆتە ناو کاروباری عێراق و لە رێگەی هێزە پرۆکسیەکانی سەر بەخۆیان هەوڵی بە دەستهێنانی هەژمونی زیاتریان لە سەر بڕیاری سیاسی عێراق داوە و دەدەن، بە تایبەتیش کە زۆربەی هێزە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە هێزە کوردیەکانیشەوە پەیوەندی و بەرژەوەندی ئاشکرایان لەگەڵ ئەو ووڵاتانەدا هەیە و لە پێناو مانەوی خۆیان مەحکومن بە رەچاوکردن و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران و تورکیا لە سەر حیسانی بەرژەوەندی خەڵک و خاکی عێراق.
لەبەرامبەردا ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چ بە شێوەیەکی راستەوخۆ یانیش ناراستەوخۆ لە رێگەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ دەرهێنانی عێراق لە چەنگی پاوانخوازیەکانی ئێران و پاراستنی سەروەری خاک و خەڵکی عێراق لە دەستدرێژیەکانی تورکیا، کە لەو هەنگاوەشیان لەگەڵ سیاسەتی مەرجەعی باڵای شیعی ئایەتوڵا سیستانی یەکانگیرن، ئەمەش بۆتە خالێکی بەهێزی عێراق، کە سەرەڕای بونی هێزە پرۆکسیەکانی ئێران و تورکیا توانیویەتی تا ئاستێکی باش هاوسەنگی خۆی لەناو هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست رابگرێت، بەڵام لەگەڵ توندبونی کێبرکێکانی نێوان هەرسێ بەرەی ئێرانی و تورکی و سعودی چیتر بۆ عێراق ئاسان نابێت، بتوانێت تا سەر هاوسەنگی لە نێوان هەرسێ بەرەکە رابگرێت، بە تایبەتىش گەرهاتو ئەو هاوپەیمانیەی نێوان وڵاتانی کەنداو بە سەرکردایەتی سعودیە، بە بەشداری میسر و ئوردن لەگەڵ وڵاتی ئێسرائیل سەر بگڕێت، ئەگەری لێکنزیکبونەوەی بەرەی ئێران و تورکیا زیاتر دەبێت، کە لە رێگەی بزواندنی هەستی ئاینیی و نەتەوەیی و بە سودوەرگرتن لە کێشەی فەڵەستین دژایەتی هاوبەشی بەرەی کەنداو-میسر-ئوردن- ئێسرائیل بکەن و لە رێگەی لێکنزیککردنەوەی هێزە پرۆکسیەکانی خۆیان لە عێراق، ئەو ووڵاتە بکەنە بەشێکی مڵملانێکانیان و ئاشتی و ئارامی گەڵانی عێراق زیاتر بخەنە بەر مەترسی شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیری. ئەوەش وادەکات، کە ووڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا و ووڵاتە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەویەکگرتوەکان زیاتر دەست بە عێراقێکی یەکگرتو و هاوسەنگەوە بگرن و بون و چاڵاکیەکانیان لە رێگەی پشتیوانی و پشتگیری هێزەکانی دەرەوەی هەژمونی ئێرانی و تورکیا زیاتر و چڕتڕ بکەنەوە و هەمو هێز و لایەنەکانی سەر بە تورکیا و ئێران لە پرۆسەی سیاسی گۆشەگیر بکەن.
دەوڵەتی عێراق هەموو مەرجە بنەڕەتیەکانی تێدایە بۆ ئەوەی مۆدیلێکی شارستانی و مەدەنی لە ناوچەکدا دروست بکات، کە تیایدا کۆی ئاین و مەزهەب و نەتەوەکانی ناوچەکە لە پاڵ و لەگەڵ یەکتردا داهاتویەکی پرشنگدار بۆ نەوەکان دروست بکەن
لێرەدا دەرفەتێکی زیڕێن بۆ گەڵانی عێراق دێتە پێشەوە، کە سود لە هاوکێشە تازەکانی ناوچەکە وەربگرن و فرەرەنگی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی خۆیان بکەنە خاڵێکی بەهێز بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتو و هاوسەنگ لە ناوچەکدا، چونکە عێراق نەک تەنها لە رویی مێژویەوە لانکەی شارستانیەت و ئاین و کەلتورەکانی ناوچەکەیە، بەڵکو لە روی پێکاهەتەی دانیشتوانیشەوە رۆژهەڵاتێکی بچوکە بۆ خۆی، لەروی جیۆ-ستراتیژیەوە لە ناوەراستی ووڵاتانی هەرسێ جەمسەرەکەدایە، کە ئێران و سعودیە و تورکیان.
دەوڵەتی عێراق هەموو مەرجە بنەڕەتیەکانی تێدایە بۆ ئەوەی مۆدیلێکی شارستانی و مەدەنی لە ناوچەکدا دروست بکات، کە تیایدا کۆی ئاین و مەزهەب و نەتەوەکانی ناوچەکە لە پاڵ و لەگەڵ یەکتردا داهاتویەکی پرشنگدار بۆ نەوەکان دروست بکەن. ئەگەر عێراق و عێراقیەکان لەمەدا سەرکەوتو بون، ئەمە دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە فۆرمی کۆنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئاینی لە ناوچەکەدا، کە جگە لە سەرگەردانی و شەڕ و ئاشوب هیچی تریان بۆ گەڵانی خۆیان و ناوچەکە بەرهەم نەهێناوە.
ئەگەر هێزە عێراقیەکانیش وەکو رابوردوو و ئێستا پاشکۆیی و دارەدەستی جەمسەر بەندیە کۆن و نوێکان بکەن، ئەوا عێراق دەبێتە گۆڕەپانێکی تری خوێناوی یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیەکان، هاوشێوەی یەمەن و سوریا. ئەمە چەندە بۆ هێزە شیعەکان و سوننەکان راستە، دو ئەوەندەش بۆ هێزە کوردیەکان دروستە. راستە پارتی و یەکێتی تا ئێستا بایەکە لە کۆى هاتبێت، رویان بۆ ئەوێ وەرگێڕاوە، بەلام ئەم جارە دۆخەکە هەستیار ترە، گۆڕانکاریەکان خێراتر و گشتگیر ترن. لەبەر ئەوەش چونە ناو ئەجیندای ئەمریکا و هەڵکردن لەگەڵ بای عێراقیبون لەوانەیە بە بەشێکی کەمتر لە ئێستادا مانەوەیان مسۆگەر بکات، بەڵام مانەوە لە ناو ئەجیندای تورکیا و ئێران و گرەوکردن لەسەر تێکچونی تەواوەتی دۆخی عێراق لەوانەیە ئەمجارە بیانخاتە بەر رەحمەتی ڕەشەبای توڕەیی ئەمریکا و دڵڕەقی تورکیا و ئێران.