چاوپێکەوتن لەگەڵ نوسەری <<هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان>>

 

چاوپێکەوتنی شەن سابیر 

بێهروز بووچانی ساڵی ١٩٨٣ لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خێزانێکی کورد هاتۆتە دنیاوە و قۆناغەکانی خوێندنی لە ئێران تەواوکردووە، دەرچووی زانکۆی پەروەردەی مامۆستایانە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە جوگرافیای سیاسی

 لە تاران، وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکی بواری مافی مرۆڤ و نوسەر کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی چەند چالاکییەکەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆدەردەچێت، بەوهۆکارە لە ئێران هەڵدێت و بە ڕێگای نایاسایی بەرە و ئوسترالیا بەڕێ دەکەوێت، بەڵام کاتێک دەگاتە ئوسترالیا دووردەخرێتەوە بۆ دوورگەی مانوس و ماوەی ٦ ساڵ لەوێ زیندانی دەکرێت، لەوێ دەست دەکات بە نوسینەوەی سەرگوزەشتەی خۆی و لە ڕێگەی وەتسەپەوە بۆ هاوڕێیەکی ڕەوانە دەکات، ئەویش وەریدەگێڕیتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە دوتوێی کتێبێکدا بڵاودەکرێتەوە بە ناوی (هیچ دۆستێک، جگە؛ لە چیاکان)، ئەم کتێبە دەنگدانەوەیەکی یەکجار گەورەی هەبوو و بووە براوەی چەند خەڵاتێکی بەناوبانگی جیهانی، جگە لەوە لە بواری نوسینی شیعرو پەخشان، هەروەها لە بواری فەرهەنگی و سینەما و لێکۆڵینەوەشدا جێپەنجەی دیارە، و تا ئێستا فیلمی «چۆکا؛ تکایە کاتژمێر چەندە»ی لەگەڵ ئارەش کەمالی بەرهەم هێناوە.

بێهروز بوچانی لە ئێستادا نیشتەجێی شاری کرایسچەرچە لە نیوزلەند و جگە لەوەی لە زانکۆدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی کاری ڕۆژانەی خۆی دەکات، بەردەوامە لە کارو چالاکییەکانی لە بواری ئەدەب و مافی مرۆڤ و لێکۆڵینەوەکانی و وتار لە ڕۆژنامەکانی وەک گاردیەن و ساتردەی پەیپەر و ..هتد بڵاو دەکاتەوە.

 

پێم خۆشە وەکو دەستپێک و یەکەم پرسیار ئاڕاستەتی بکەم ئەوەبێت کە بەڕێزت یەکەم ڕۆمانت بە ئاستێکی باڵا گەیشت، بووە خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانی و ئەدەبی، ئەمە ترست لا دروست ناکات لە نوسینی بەرهەمی داهاتووت تا بە هەمان ئاست بخوێنرێتەوە و بناسرێت؟ هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان کاری داهاتووی تۆی سەختتر نەکردووە؟

 

ئەم پرسیارە نەک بۆ من بۆ هەر نووسەرێک کە خاوەن بەرهەمی نووسینە سەختە، دووەم کتێب هەمیشە بۆ نوسەر سەختترینە، چونکە گەر بێتوو کتێبی یەکەمت خوێنەر و دەنگدانەوەی باشی نەبێت، هەستی شکست لایی نوسەر دەست پێدەکات و ترس بەرهەمی داهاتوویی سەرهەڵدەدات، بە پێچەوانەش گەر یەکەم کتێب خوێنەری هەبێت، ئەم ترسە بە زیادەوە بۆ کتێبی دووەم دروست دەبێت.

کتێبی یەکەمی من (هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان) لە ٢٥ وڵاتی  دونیا و  بەزیاتر لە ٢٠ زمانی جیاواز بڵاوبۆتەوەو خوێنەرێکی یەکجار زۆری هەبوو، من هیچ چاوەڕوانییەکم نییە بەو ڕێژە زۆرە لە بەرهەمەکانی داهاتووم خوێنەرم هەبێت، چونکە ئەم کتێبە تایبەت و ریزپەڕ بوو، واتە ئەو کۆنتێکستەی ئەم کتێبەی تێدا بڵاو بۆوە یا لە مەیدانی سیاسییدا دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد. گەر بە گشتیش لە پرسیارەکە بڕوانم دەبێ بڵێم کە لە نێو ئەدەبیاتدا نووسەر هەرگیز نابێت چاوەڕوانی زۆری هەبێت لە کتێبێک کە دەینوسێت، واتە ئەو ئاستە لە خوێنەر بۆ کتێبی یەکەمم تایبەت و ریزپەڕ بوو، بەو هۆیەوە من لە نوسینی ئەم کتێبە تازەیەمدا زیاتر بە دوای ئەوەدا دەگەڕێم کە بتوانم کاریگەرییەکم لە کۆمەڵگەی ئیلام و کرماشاندا هەبێت، واتە لە نێو کۆمەڵگەی نوسەرەکانی کرماشان و ئیلامدا تەنیا شاعیرمان نەبێت و هەر شیعر بنوسین، بەڵکو بەرەو نوسینی چیرۆک و ڕۆمان و بوارەکانی دیکەش بە زاراوەی کەلهوری هەنگاو بنێین، یاخود گەر من تەنیا ١٠٠ خوێنەری کەلهوری لە کرماشان و ئیلام یا لە شوێنەکانی دیکە هەبێت بە دەستکەوتێکی گەورە دەبینم.

ئەمە هەم گرنگە، هەمیش کارێکی ئاسان نییە، دەکرێت بڵێم لە کۆمەڵگەی ئەدەبیاتیشدا تایبەت لە ئوسترالیا و نیوزلەندیش لەبەر ئەوەی پۆزسیۆنێکم هەیە لە فەزای ئەدەبیدا و خوێنەری خۆمم هەیە، ئەو چاوەڕوانییە زۆرە لە من هەیە، کە بەڕای من هەمیشە ئەو چاوەڕوانییە دەچێتە چوارچێوەی دیلکردنی نوسەر، بەڵام بۆ کارێکی ئەدەبی کە ئەرزشی هەیە نوسەر هەرگیز نابێت بیر لەوە بکاتەوە کە خوێنەری کێیە و لە کوێ و تا چەند بڵاو دەبێتەوە، ئەوەش دەزانم کە سەختیشە پشتگوێ بخرێیت و نەبینرێیت و نەبیسترێیت و نەخوێنرێیتەوە، بەڵام من ئەو باوەڕەم هەیە کە کاتێک کارێک دەکەم بەهەموو توانای خۆم هەوڵ بدەم کارێکی باش بێت، ئیدی پێشوەختە بیرکردنەوە لە ڕێژەی خوێنەر بێ مانایە.

بێهروز ڕۆژنامەنوسێکە لە واقیعدا، بەڵام لە خەیاڵەکانیدا کاتێک دەچێتەوە نیشتیمانی خۆی هونەرمەندێکە لە چەشنی باڵدارێکی زۆر ناسک و هونەرمەندانە ئەدوێت، ئەمە لەبەرچی و چۆن هەڵیدەسەنگێنیت؟

دونیای زیندان فەزایەکە، کە بەردەوام دەیەوێت کۆنترۆڵت بکات، ئەوەی من دەیکەم وەک نوسین لەو کۆنتێکستەدا ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سیستەمەی زیندان، واتە گەر تۆ تەنیا لە نێو واقیعدا بازنەی بیرکردنەوە و نوسینت بسوڕێتەوە واتە تۆ نەتتوانیوە بەسەر زینداندا کۆنتڕۆڵت  هەبێت، بەڵام خەیاڵکردن دەتوانێت ئەو هێزە بدات بە تۆ کە بتوانیت وەک خۆت دەڵێی ببیتە باڵندەیەک و بفڕی، بفڕی بۆ کوردستان بۆ هەرجێیەک دەتەوێت لەدەرەوەی فەزای زیندان ژیانی تێدا بکەیت، ئەم ژیانکردن و ژیانەوەش بەتەواوی لە نێو هونەر و ئەدەبیاتدا دەتوانی بەدەستبهێنیت، لە زۆرجێی کتێبەکەدا زۆر زەحمەتە بتوانی بچیتە دەرەوەیی زیندان بچیتە نێو دەریا، بڕۆی پیاسە بکەی یان لەگەڵ باڵندەکانی سەر ئاسمانی زیندان بفڕیت، پێویستییەکی سەرەکییە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە کە ئامانج لێی ئەوەیە  بتوانیت بەسەر ئەو سیستەمەدا کۆنترۆڵ پەیدا بکەیت، چونکە سیستمەکە وا بونیاد کراوە بەردەوام دەیەوێت تۆ کۆنترۆڵ بکات، بۆیە هێزی خەیاڵکردن لەناو زینداندا دەبێتە پێویستیەکی سەرەکی و کەسی و بەتەنها پەیوەست نیە بەمنەوە.

ئایا لە پرۆژەتدایە بەردەوامی بە نووسین بدەیت؟ ئەگەر بەڵێ، لە کام بواردا؟

من لە مانووس نزیک بە ١٠٠ وتارم نووسیوە، لە نێویاندا ٢٥ وتارم لێ هەڵبژاردووە کە هاوکات شەش نوسەر هەم لە ناوەوەو دەرەوەی ئوسترالیا داوایان لێکراوە پاشینە و بۆچوونیان سەبارەت بەو وتارانە بنوسن،  لەنێو ئەو نوسەرانەشدا کاک مەنسور تەیفوری هەیە کە بەشدار دەبێت، چونکە نووسینەکانم لە کۆنتێکستی کوردیشدا بایەخی هەیە و پەیوەندیدارن بە خەڵک و دۆخی کوردستانەوە، کاک مەنسور تەیفوریش لەولایەنەوە خوێندنەوەی بۆ دەکات و بیروبۆچوونی خۆی دەنووسێت، بڕیارە لە چوارچێوەی کتێبێکدا تا کۆتایی ئەمساڵ بڵاو ببێتەوە، کارێکی دیکەش بەرهەمهێنانی فیلمێکە پەیوەست بە کتێبی “هیچ دۆستێک جگە چیاکان” و لەسەر ژیانی خۆمە، کە لە فیلمەکەدا زمانی کەلهوری و ئینگلیزی و فارسی بەکاردێت، ئەوەی بۆ من جێی بایەخ و سەرنجی زۆرە لەو کارەدا  ئەوەیە زمانی کوردی بە زاراوەی کەلهوری زۆر کەڵکی لێ وەربگیرێت، بتوانین ژێرنوسێکی فیلمەکە بە کوردی دابنێین. هەروەها کۆکراوەی کۆمەڵە چیرۆکێکیشم ئامادەیە هەر بە زاراوەی کەلهوری لە کتێبێکدا بڵاوی دەکەمەوە.

سەبارەت بەوەی کە لە چ بوارێکدا درێژە بە نووسین دەدەم، لە بواری ئەکادیمیدا من هەمیشە چالاکم و زۆر کار دەکەم، وتار بۆ ڕۆژنامە و چاپتەری هەندێک کتێبم لەئەستۆدایە بۆ نووسین، بەڵام وەکوو نوسەر من زۆرتر کاری فیکشن دەکەم و تەنیا لە ڕێڕەوی ئەدەبیاتدا ڕێ دەکەم.

تۆ لە ئایندەدا بواری نوسینت تایبەت کردووە بە ئەدەبیات، کەواتە گرنگە بپرسم ئایا ڕۆڵ و کاریگەری ئەدەبیات بە گشتی چۆن دەبینیت، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەی کوردی؟

پێم باشە ئاماژە بەوە بدەم ماوەی پێشوو لە نیۆرک لە ئیڤێنتێکدا خاتوو  “ئاڤا هوما”ـم بینی و پێکەوە بەشدار بووین، ئاڤا ساڵێک بەر لە ئێستا ڕۆمانێکی بە نێوی “ کچانی دوکەڵ و ئاگر” نووسی، ڕاستە بە زمانی ئینگلیزی بوو بەڵام تێیدا باس لە شوناس و ئازاری ٤٠ ملیۆن مرۆڤی کورد دەکات، ئەم کتێبە دەنگدانەوەیەکی زۆر بەرچاوی هەبوو، چەندین ڕۆژنامەو ماڵپەری جیهانی و ئەمریکی و کەنەدی لێدوانیان لەسەردا و چەندین نوسەر و ڕەخنەگری گەورە لەسەریان نووسی، ئەمە دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ نووسەر و کۆمەڵگەی ئەدەبی کوردی، من پێم وایە کە ڕاستە سینەما و ئەدەبیات لە خودی خۆیاندا گرنگن وەکو هونەر، بەڵام جیاوازتر لەوە بۆ کورد ڕۆڵێکی زیاتر دەبینێ و دەبێت گرنگی پێ بدرێت، چونکە ئێمە لەو ڕێگایەوە دەتوانین بە ڕێگایەکی ئاشتەوایی و باشتر کورد بە دونیا بناسێنین، ناساندنی مێژووی کورد و بەرخۆدانی، ناساندنی کەلتوری کورد، لەکاتێکدا ئێمە لە بواری سیاسییەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە سەربەخۆ بین، بەڵام لانیکەم دەتوانین لە بواری فەرهەنگییەوە ئەو کارە بکەین، من لەم ماوەیەی پێشودا ڕۆشتم بۆ ئۆکراین لەوێ خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لەلایەن کەسانی بە ڕەگەز و نەتەوە جیاوازەوە سازکرابوو بۆ پاڵپشتی لە فەلەستینییەکان! جا گەر بێین ئێمە خۆمان وەک کورد بەراورد بە فەلەستینییەکان هەڵبسەنگێنین، ئەو تراژیدیایەی لە

مێژووی کورد لە مێژووی هاوچەرخی کورددا هەیە زۆر بەرچاوتر و توندوتیژترە لە ئاست نەتەوەکانی دیکە، بەڵام پرسیارەکە لەوێدایە، بۆ لەکاتی نەهامەتییەکدا کەسێک نایەتە سەر شەقام و خۆپیشاندان بۆ کورد بکات؟ ئەمە نیشانی ئەدات کە ئێمەی کورد تا ئێستا لە فەزای دەرەوەی وڵاتماندا نەمانتوانیوە بە پێی پێویست کورد بناسێنین، بۆیە کارکردن لەدەرەوەی وڵات لە ئاست و بوارە جیاوازەکاندا کاریگەری ئەوتۆی هەیە لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد، هەوڵی ئێمەش لە هونەر و ئەدەبیاتدا هەر بۆ ئەمەیە، کە تایبەتتریش لە هونەر ئەدەبیاتە، چونکە هونەرەکانی دیکە سەرجەمیان خۆراک لە ئەدەبیات وەردەگرن و سەرچاوەیەکە بۆیان، ئێستا دەبینین سەمفۆنییەک دروستکراوە لەسەر کتێبی “هیچ دۆستێک جگە؛ چیاکان”، لە هەمان کاتدا خەریکن فیلمێکی سینەمایی لە هەمان کتێب بەرهەم دەهێنرێت، واتە توانیویەتی فەزایەک دروست بکات کە بتوانین کاری جۆراوجۆری دیکەشی لێ بەرهەم بهێنین و یەک کتێب بکرێتە چەند کارێک، جێی باسە دەمەوێت بە ڕوونی بڵێم؛ من زیاتر لە کۆنتێکستی سیاسیدا چاو لە کاری ئەدەبیات دەکەم تا خودی ئەدەبیات بە مانا زاتییەکەی.

شوێن لای تۆ چییە؟ ئایا شوێن لای تۆ بریتییە لە وڵاتی خۆت، بە هەبوونی کلتور و فەرهەنگ و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خۆتەوە، شوناسە نەتەوەییەکانی خۆتەوە؟ ئایا ئەو کەس و دەوڵەت و ڕژێمانەی دەیانەوێت تۆ پاک بکەنەوە لە شوناسی خۆت، وا ناکەن تۆ نیشتیمانی خۆت بە ناشوێن ببینی؟

من جارێک داوام لێکرا وتارێک بنوسم سەبارەت بە شوێن، لەوێدا وا دەستم پێکرد کە من سەرەتا لە شوێنێکی وەکو ئیلام بووم، ب یەکەمجار لە تەمەنی ١٨ ساڵیمدا ٧٠٠ کیلۆمەتر دوورکەوتمەوە، لە شارێکی دیکە نیشتەجێ بووم کە تاران بوو، شارێکی زۆر گەورەتر، نزیکی ١٠ ساڵ لە تاراندا ژیام، دواتر چارەنووس یا هەرشتێکی دیکەی ناوبنێین منی خستە ئەوبەری دونیا، سەر دورگەیەک بە ناوی “مانوس” لە نێو گەورەترین ئۆقیانوسی دونیا، ماوەیی ٦ ساڵیش لەوێ مامەوە، دواتر بەرەو دورگەیەکی دیکە ڕۆیشتم ئەویش “نیوزلەند”ـە، دەمەوێت بڵێم مرۆڤ لەهەرشوێنێک بۆ ماوەیەکی کەم یا زۆر کە نیشتەجێ دەبێت، دواتریش ئەو شوێنە جێبهێڵێت گەر بۆ هەمیشەش بێت، وا هەست دەکەیت بەشێک لە شوناسی خۆت بەشێک لە تایبەتمەندێتی خۆت لەو شوێنە جێدەهێڵیت، من ئێستاش کە چاو لە نەخشەی زەوی دەکەم، کوردستان شوێنێکی یەکجار تایبەتە بۆم، شوێنێکە بۆ یەکەمجار لەوێ چاوم کردۆتەوە، دایکمم تێدا بینیوە، خانەوادەکەم لەوێیە، هەموو شتێک یەکەمجارە لەوێ، هیچ کەسێکیش هەرگیز ناتوانێت ئەو وێنانەی تۆ لەو شوێنەت هەبووە لێت بسێنێت، بەڵام من لە تارانیش ژیاوم، لەوێ پیاسەم کردووە، لەوێ ئەزمونی ئەڤینداریم کردووە، کارم کردووە، هاوڕێیەتیم تێدا دروست کردووە، یاخود دوای جێهێشتنی مانوس من چەندین جار بیری خەڵکی ئیندیجینیسی مانوسم کردووە، بیری زۆر شتی دیکەی.

مەبەستم لەوەیە شوێن بۆ مرۆڤ ئەو شتەیە کە یادەوەری تێدا دروست دەکات، دەبێتە بەشێک لە شوناسی، ئەو ژیانەی خۆت لەو شوێنە وەک بارێک بەسەرشانتەوەیە، بۆ هەر کوێ بچیت هەڵتگرتووە.

شتێکی دیکە بڵێم کە بۆ من زۆر سەخت بوو، ئەوەیە کاتێک لە مانوس بووم، لە کوردستان چەند ڕوداوێکی گەورە و مێژوویی ڕویاندا، وەک ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان، شۆڕش و بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا، هێرشی سەر کەرکوک و لەدەستدانی بەشێک لە خاکمان، ئەمانە شتانێک بوون کە من تەنیا بە هەواڵ و چەند وێنەیەک بەرم دەکەوتن بەڵام تیایاندا دەژیام، پارادۆکسێک بوو بۆ من و لەخۆم دەپرسی من چی دەکەم لەوێ؟!

 کاتێک باس لە شوێن و نیشتیمان دەکەیت، باسی چیاکان دەکەیت، هەمیشە وێنەیەکی دایک دەسازێنیت لەلای خوێنەر، دایک لای تۆ جگە لە مانا ڕەمزییەکەی چ مانایەکی دیکەی هەیە؟ تا چەند ژن بە دایکەوە گرێ دەدەیتەوە؟

دیدی من بۆ دایک زیاتر دیدێکی سیمبولیکییە، واتە کاتێک دەڵێم دایک، مەبەستم لە دایکی خۆم نییە، دایک وەکو سیمبولێک، سیمبولێک بۆ دروستکەر، بۆ تایبەتمەندییەکانی دایکە.

واتە زیاتر لە دایکی خۆم زاتی دایک بوونم بۆ گرنگە، بۆیە هەمیشە کە باس لە دایک دەکەم، بە دیدێکی گشتگیرانە دەڕوانم و دەمەوێت وێنای دایکێک بکەم بتوانێ نوێنەرایەتی هەموو دایکەکانی دونیا بکات، نوێنەرایەتی هەموو شوناس و تایبەتمەندییەکانی دایک بکات.

کاتێکیش لەبارەی دایکەوە دەنوسم هیچ بیرکردنەوەیەکم لە ژن نییە، تەنیا ئەوکاتەی لەبارەی ژن وەکو حەقیقەتی ژن دەنووسم مەبەستم لە ژنە، واتە دایک لە ژندا وێنا ناکەمەوە.

تۆ لە کتێبەکەتدا، لە چەند دۆخێکی جیاوازدا ئاماژە بە ژن دەکەیت، لە پرسی مەرگ و ژیاندا، وێنایەک دروست دەکەیت کە ژنان زیاتر ویستی ژیانیان تێدایە، ژن لە مەترسییەکاندا زیاتر ویستی قوربانیدان و ڕووبەڕووبونەوەی هەیە، ژن لە دیدی بێهروزەوە کێیە؟

دیدی من بۆ ژن دیدێکی جوانناسییانەیە، ژن لە دیدی منەوە (گوڵشیفتەیە)، گوڵشیفتە ژنێکە لە نێو بەلەمێکدا کە چەندەها ژن و پیاوی لەسەرە، پیاوەکان لە چینی سەرەوەن، ژن و منداڵەکانیش لە چینی خوارەوەن و ئاگاییشیان نییە سەبارەت بە ماف و توانایی و هێزی خۆیان، بەڵام دەبینین کاراکتەری گوڵشیفتەمان هەیە کە نەک تەنیا بە مانەوە لە چینی خوارەوە ڕازی نییە، بەڵکو دەبێتە فەرماندە، لە شوێنێکدا کە پڕە لە شەڕ، لە ڕق، لە ستەم، گوڵشیفتە دێت دەبێتە کۆماندەر، هەندێ جار دەبێتە ڕزگارکەر و پەیامبەر و بەرابەری و دادپەروەری دەچەسپێنێت، تا هەندێک نەبنە قوربانی و چاوی برسی و ستەمکاری هەندێکی دیکە.

شتێکی دیکە لە کاراکتەری گوڵشیفتەدا زۆر گرنگە ئەوەیە؛ کاتێک ئەفسەرە ئوسترالییەکان دێن و سەرجەم پەنابەرەکان لەسەر بەلەمەکە کۆدەکەنەوە، گوڵشیفتە لەوێدا کەسێکە بۆنێکی یەکجار ناخۆشی لێ دێت، لە ڕواڵەتدا زۆر ناڕێکوپێکە، جلوبەرگەکانی کۆن و شڕ و دڕاون، واتە گەر بێین و ئەمە بە پێوەرەکانی ئێستا لە دونیادا بۆ جوانی ژن دانراون هەڵبسەنگێنین، گوڵشیفتە ژنێکی زۆر ناحەزە، بەڵام من دێم لەوێدا دەڵێم گوڵشیفتە زۆر جوان بوو، ئەمە دیدی منە بە حەقیقەتی ژن، درکی من لە دونیا کە دەبێت ژن فەرماندە بێت، پەیامبەر بێت.

لەجێیەکی دیکەدا باس لە ژنێک دەکەم و لە وەسفیدا دەڵێم “ئەم ژنە زۆر قەڵەوە”، فێمنیستە ئوسترالییەکان ڕەخنەیان لەمەدا لێگرتبووم، بەڵام جێی باسە بڵێم کە من دیسان لەوێدا دەمەوێ بڵێمەوە من هیچ دیدێکی جنسیەتیم بۆ ژن نییە، دیدی واقیعی من بۆ ژن کاراکتەری گوڵشیفتەیە.

هەروەها لە چەند شوێنێکی دیکەشدا ژن وەکو حاڵەتی مەعشوقێک لە خەیاڵەکانمدا، وەک وەرگێڕێک، دێتە نێو کتێبەکەوە، هەڵبەت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، ئەم کتێبە لە کۆنتێکستێکدا نوسراوە من لە شوێنێک بووم کە چەند ساڵێک ژنم بە چاو نەبینیوە، ئەمەش ئاسایی تێپەڕ نابێت بۆ پیاوێک، ڕەنگە لەو دۆخەدا یەکێک لە پرسیارە گەورە و گرنگەکان، کە لای پیاوێک دروست دەبێت ئەوە بێت؛ ژن چییە؟

تۆ خۆت ژنیت، وێنا بکە شەش ساڵ لە شوێنێک بیت هەموو ئەوکەسانەی لەدەوروبەرتدان یەک ڕەگەز بن، پیاو بن، ئایا بیرکردنەوە لە پیاو و پرسیاری ئەوەی کە پیاو چییە، حەقیقەتی پیاو چییە، بۆت نابێتە پرسێکی گەورە؟!

نۆستالژیای مانوس ڕاتناکێشێت بەدوایی خۆیدا؟ هیچ پەیوەندییەکت ماوە بەو کەسانەی لە مانوس لەگەڵت بوون؟ ئاگاداری بارودۆخی مانوسیت؟

نەخێر، بە گشتی هەستی نۆستالژیام نییە، چونکە نۆستالژیا هەستێکی خۆشم پێ نادات، بۆیە ئەو هەستە لە خۆمدا ناژیێنم و پەروەردە ناکەم، ڕێگا نادەم کاریگەری هەبێت لەسەرم، تەنانەت هەستی نۆستالژیام بۆ کوردستانیش نییە، من دیدیێکی واقیعبینانەم هەیە بۆ ژیان و زۆر جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە، بەڵام لە هەندێ شوێندا کە پێویستم پێیەتی خۆم هەستی نۆستالژیا لە خۆمدا دەخوڵقێنم تا بتوانم بینوسمەوە، گەر نا لە نێو ژیانی ئاسایی و واقیعیمدا نەخێر.

مانوسیش بۆ من کۆتایی هاتووە لە بواری ئەدەبی و هونەرییەوە، بەڵام لە بواری ئەکادیمیک تەواو نەبووە، بەردەوام کاری لەسەردەکەم، چونکە پێم وایە دەبێت هەمیشە بەشێک بێت لە کارەکانم بۆ تەواوی ژیانم، ئێستاش لەگەڵ چەند کەسێک پەیوەندیم هەیە کە لەوێ بوین، بەردەوام ئاگاداری دۆخی ئەوێم، هەرچەندە کەمپی مانوس تەواو بووە، بەڵام نزیکەی ١٠٠ کەس لەو پەنابەرانەی ئەوێ ئێستا لە شاری پۆرتیسمۆسی پایتەختی پاپاجینۆوس کە نزیکەی ٥٠٠-٦٠٠ هەزار دانیشتووی هەیە دەژین، لەوێ ئازادن بەڵام بەداخەوە بارودۆخیان نالەبارە.

 ئایا پەنابەران، بە تایبەت پەنابەران لە ئوسترالیا توانیویانە یاخود ئەتوانن بەو یۆتۆپیایانەی کە هەیانە، شوێنێک بۆخۆیان دروستبکەن، بۆ ئەوەیی بتوانن دەنگ و خواستە ڕەواکانیان بگەیەنن، ببنە مەترسی و فشارێک بۆ ئەو سیستمە چەوسێنەرە، تا ئازادی مرۆڤ پێشێل نەکرێت؟ یا ببنە هۆکارێک بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسەی لە پەنابەران هەیانە؟ کار و پرۆژەیەکی جددی هەیە بۆ ئەمە؟

ئەوە بوارێکە کە زۆر کەس کاری تێدا دەکات، زۆرکەس دەنووسن، هونەر دەکەن، چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن، بەڵام بە بڕوای من ئەوکەسانەی زۆربەی کارەکانیان لەم کۆنتێکستەدا ئەنجام دەدەن، خۆیان سپی پێستەکانن، ئەمانە لەناو کۆنتێکستی (white saver culture )ـدان، واتە کاردەکەن تا هەستی قارەمانبوون دیسان بۆخۆیان بگەڕێننەوە، بۆ نموونە ئەنجلینا جولی یا کەسانێکی سپی پێست کاتێک دەچنە ئەفریقیا، چەند دانە منداڵێکی ئەفریقی دەهێننەوە، ئەم کارانە دەکەن تا هەستێکی باش بۆخۆیان دەستەبەر بکەن، تا بڵێن ئێمە هێشتا ئەو هەست و هێزەمان هەیە لێرە، واتە زۆرینەی کارەکان بۆ پەنابەران لە وڵاتانی ڕۆژائاوادا لەلایەن خودی سپی پێستەکانەوە ئەنجامدەدرێت، دەیانەوێ نیشانی بدەن مرۆڤی سپی پێست مرۆڤی قارەمانە، نیشانی بدەن کە ڕۆژئاوای زەوی وەکو بەهەشتی بەرینە، لەهەرجێیەکی دونیا بیت ئەمان وەکو پەیامبەر دێن و نەجاتتان دەدەن، بەڵام ئەمە هیچ پێشوەچوونێک لە دۆخی پەنابەران و پەراوێزخراوان دروست ناکات، تا کاتێک پەنابەران خۆیان نەبنە خاوەنی سەرەکی ئەو دیسکۆرسە، ئەمەش کارێکی سانا نییە، خۆ ئێمە دەبینین، پەنابەری زۆرمان هەیە کاردەکەن بەڵام دیسان ئەوانیش چونەتەوە نێو کۆنتێکستی white saver culture و خزمەت بەوان دەکەن، واتە ئێمە پێویستمان بە کەسانی ڕادیکاڵە تا خۆیان ببنە خاوەنی دیسکۆرسەکەو تەنیا خۆیانن دەتوانن ئەو تێڕوانینە خراپەی لەسەر پەنابەر دروستکراوە بگۆڕن، من خۆم هەوڵەدەم بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەم، هەرگیز بەشوێن ئەوەوە نیم پەنابەر وەک قوربانییەک نیشان بدەم، بەڵکو دەمەوێ پەنابەر وەکو کەسێک کە ئایدیایی تازەی هەیە، وەک کەسێک کە باکگراوەند و شوناسی خۆی هەیە نیشان بدەم، کارکردن بەو شێوازەی منیش جۆرێک ڕوبەروبوونەوە لەبەرامبەریدا هەیە، چونکە جێی خۆشحاڵی ئەو کەسانەی لە کۆنتێکستی white saver culture کاردەکەن؛ نییە، ئەوان دەیانەوێت ئێمەی پەنابەر کار بکەین بەڵام بە پێی خواستی خۆیان، لە کۆنتێکستی خۆیاندا پاڵپشتی لێ دەکەن و گۆڕەپانی پێ دەدەن، نەک پەنابەرێکی ڕادیکاڵی وەک من، زۆرکەس لە دوورەوە وا چاو لە من دەکەن لە نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا زۆر خوێنشیرینم بەڵام بە پێچەوانەوە، هەرگیز من لە کۆمەڵگەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ خۆشەویست نیم، چونکە من وەک نوێنەری کەسانی پەراوێزخراو کاردەکەم بە بێ ئەوەی بچمە ناو ئەو بازنەیەی ئەوان.

 بینیمان لە ڕابردوودا پەنابەران لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکە چالاکییان دەکرد بە ئاڕاستەی وڵاتانی خۆیان  بۆ نمونە بۆ سەری کانی و کوردستان، بەڵام دەستگیردەکران، دەمەوێ بپرسم پەنابەران چۆن دەتوانن کەشێک بۆخۆیان بخوڵقێنن سەرکوتی ئەو خەیاڵ و مافە نەتەوەییانەیان نەکرێت، کە لە خەیاڵ و باوەڕیاندا هەیە؟

تۆ کاتێک دێیتە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕاستییەک هەیە کە   ئەو سیستمە بە شێوەیەکی وەها سیستماتیک و ڕێکخراوە کاردەکات، هەرگیز تۆ ناتوانی بەشداربی لە دیسکۆرسی سەرەکیدا، تۆ هەمیشە پەراوێزیت، جا ئیدی ئەو دیسکۆرسە هەرشتێک بێت، وەک پێشووتریش باسم کرد، تۆ پەنابەریت و دەتەوێت کار بۆ پەنابەران بکەیت، کەچی دیسان دەبینی هەر سپی پێستەکانن دیسکۆرسەکە بەڕێوەدەبەن و خاوەندارێتی دەکەن، چ بگات بەوەی بێم لەبارەی مێژووی ئوسترالیا کتێبێک بنوسم، بۆیە دەبینی پەنابەران لەوێ کە لەمە تێدەگەن ڕێژەی زۆرینە ئاڕاستەی کارەکانیان هەموو ڕوودەکاتەوە نیشتیمانی خۆیان، تۆ باکگراوەندت هەیە، ئەم باکگراوەندە وەکو کوردێک وەکو سریلانکییەک، فەلەستینییەک…هتد بەشێکە لە شوناسی تۆ، هەرگیز ناتوانی نادیدەی بگری، تۆ هەرگیز ناتوانی بڵێی من ئیدی لەمڕۆوە ئێرانی نیم، کورد نیم، دەمەوێ ببم بە ئوسترالیایی، نا تۆ هەرگیز نابیت بە ئوسترالیایی، هەر بەم هۆکارەیە پەنابەران هەمیشە بیر لە وڵاتی خۆیان دەکەنەوە کە لێوەی هاتوون، لە سۆشیال میدیاکاندا لەبارەی ئێران، کوردستان… دەنووسن و گرنگی پێ دەدەن، بە دەگمەن دەبینی یەکێک بێت، لەسەر ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی بنوسێت، کارێک یا خزمەتێکی پێبکات، تەنانەت بۆچوونێکی بچوکیش بیخاتە ڕوو، ئەگەر چەندەها ساڵیش لەوێ ژیان بکات، ئەمانە ئەوە نیشان ئەدەن کە خەڵک لەوێش هێشتا لە نێو فەزایی خەیاڵی خۆیاندا دەژین، من ڕوو ڕاستانە دەڵێم کە هاوڕای ئەمە نیم و بەهەڵە ئەوە دەبینم، پێم وایە دەبێت باڵانسێک هەبێت لە نێوان ئەو وڵاتەی تۆ لێیەوە هاتویت و ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیت تا بتوانی کاریگەریت هەبێت، باوەڕەکانت گوێیان لێبگیرێت، واتە دەبێت بەشداری لە کایەکانی ئەو کۆمەڵگە تازەیەتدا بکەیت، من ئێستا لە نیوزلەندم، ناکرێت لەماڵی خۆم بژیم و تەنیا لەسەر کۆمەڵگەی خۆم لەپەیوەندیدا بم، کارم هەرگیز نەگات بە نیوزلەند، بەڵکو پێویستە بەپێی توانام بەشداریم لە کۆمەڵگەی نیوزلەندیشدا هەبێت، واتە باڵانسێک لە نێوان ئێران و کوردستان و نیوزلەند ڕابگرم.

ژمارەی پەنابەران زۆرن، بە پێی ئەو ڕێژەیە پەنابەران دەبێت لێرە ئەکتی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەبێت بە ئاراستەی هەم وڵاتی خۆیان و هەم ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن، بەداخەوە پەنابەران ئەکتی سیاسییان هەیە تەنیا بەئاڕاستەی ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتوون، بەڵام من بۆخۆم ئێستا لە نیوزلەند ئەکتم هەیە، ئێمە لێرە کێشەی ڕاسیزممان هەیە، کێشەی حاشیەسازیمان هەیە، کێشەی زۆری دیکەمان هەیە کە نەمانتوانیوە فەزایەک دروستکەین بۆخۆمان و کاریگەریمان هەبێ بەسەریانەوە بۆیە هەرلەجێی خۆمان دەمێنین، من ئێستا زۆرینەی کارەکانم لەسەر ئوسترالیاو نیوزلەندە، پەیوەندیەکانم پتەوترە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەدەبی و سیاسی ئێرە وەک لە کوردستان، چونکە بەم لۆژیکە دەتوانیت لە داهاتوودا فەزایەک دروست بکەیت بۆخۆت کە زۆرترین کاریگەریت لەسەر وڵاتی خۆت هەبێت، واتە گەر من لێرە بتوانم کار لەهەرجومگەیەکدا بکەم و پێگەیەکم هەبێ، بۆ کوردیش باش دەبێت، دەنگی کورد زیاتر دەبیسترێت لەم وڵاتەدا، دەتوانم فەزایەکی گونجاوتر بۆ کوردەکانی ئێرە بخوڵقێنم و لە دەرەوەی ئێرەشدا بەردەنگم زیاتر بێت.

بۆچی “هیچ دۆستێک جگە چیاکان”؟ بێهروز چۆن پێناسەی چیا دەکات و کاریگەری چیاکان چۆن دەبینێت؟ لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە بیری لە چیاکان و دابەشکاری کوردستان و داگیرکاری کردبۆوە بەڵام بەری خۆی نەدا و نەچووە چیاکان، ئاماژە بەوە دەکەیت کە قەڵەم هەڵدەبژێریت لەبری چەک، ئایا بەڕای تۆ لە چیاکان شان بە شانی چەک؛ قەڵەم و فکر و ئایدۆلۆژیا ئیش ناکات؟

چیا پێش هەرشتێک وەک سروشت بە لەبەرچاوگرتنی گرنگە، لە کتێبەکەی مندا لە زۆر جێگەدا باسکردن لە سروشت لەبەرچاوە، کەژ و چیاش بۆ من پێش هەرشت ئیلیمانێکی سروشتییە، سروشت و جوگرافیایی کوردستان ناوچەیەکی چیاوییە و ئێمەی کورد لە چاو هەڵهێنانمان بە دونیا ئاشناین بە چیا، بەجۆرێک کە ئەم چیایانە کاریگەری زۆریان لەسەر کەلتوری ئێمە، موزیکی ئێمە، فەرهەنگی ئێمە و تەنانەت جلوبەرگی ئێمەی کورد هەیە، بەڵام جیاوازتر لە هەموو ئەمانە چیا ڕەهەندێکی سیاسی هەیە بۆ کورد، جێیەکە کاتێک ئێمە ڕووی تێ دەکەین ڕاستەوخۆ دەچینە بەرەی ڕووبەڕووبونەوەی دوژمن و سەرکەوتن بەسەریاندا، ڕەمزی بەرخۆدانە، هاوڕێیەک بووە لە بارودۆخە سەختەکاندا پاڵپشت بووە بۆمان.

دەزانی من لە کتێبەکەدا وا دیارە کە باس لە خۆم دەکەم بەڵام جێی باسە ئەوە بڵێم؛ هەندێ جار لە خۆم نەدواوم، مەبەستم ئەوە بووە نوێنەرایەتی گەنجانی کورد بکەم کە زۆرینەیان لە قۆناغێکی ژیانیاندا دەگەن بە جێیەک لە نێوان چیا و شار یەکێکیان هەڵبژێرن، بیرکردنەوەی ئەوان بەیان بکەم، بەڵام گەر لە باوەڕی خۆم بدوێم، دەڵێم کە بەرخۆدانی مەدەنی و شار بۆ کورد هەرگیز ناتوانێ بمانگەیەنێتە قۆناغی ڕزگاری و سەربەخۆیی، من باوەڕم بە چەک هەیە لەو جێیەدا کە دوژمن دەست درێژ دەکاتە سەر خۆمان و خاکمان، واتە خەباتی کوردی دەبێت لەپاڵ فیکردا چەکیش کار بکات، بە پێچەوانەوەش، جا ئەم دابەشکارییە لە نێوان شار و چیادا و هەڵبژاردنی هەمیشە سەختترین هەڵبژاردنێکە لە بیرکردنەوەی ئێمەدا، بۆیە بڕیاردانیشمان ئاسان نییە لەوبارەیەوە.

 تۆ زۆر جەخت لەوە دەکەیتەوە کە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە ناوچەی ئیلام – کرماشان خەریکی سیاسەتی تواندنەوەی [ئاسمیلاسیۆن]ی گەلی کوردە لە ئاست کلتووری- فەرهەنگی-هونەری و زمان، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئیلام-کرماشان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بەکلتوور و هونەر و فەرهەنگی کوردی، هەتا لە ئاست هونەر و میوزیکدا توانیویەتی گەورەترین کاریگەری لەسەر هونەرمەندانی گەورەی ئێرانیش دابنێت، ئایا دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بەچ میکانیزمێک هەوڵی ئەم ئاسمیلاسیۆنە دەدات؟

بڕوانە، ئەم پرۆسەی ئاسمیلەیشنە لە کرماشان و ئیلامدا مێژووییەکی دێرینی هەیە، واتە شتێک نییە بڵێم ئەم دە بۆ بیست ساڵەی ڕابردوو دەستی پێکردووە، دەکرێ بڵێم ئەم پرۆسەی ئاسمیلەیشنە بەتەواوی هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران، واتە سەردەمی ڕەزا شای ئێران، لەوکاتەوە سیاسەتی ئاسمیلەیشن لە ئێراندا دەستی پێکرد نەک تەنیا لە ئیلام و کرماشان بەڵکو لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەش، بەڵام کێشەکە لە کرماشان و ئیلامدا زیاتر قوڵ بۆوە، چونکە ناوچە کوردییەکانی دیکەی وەک موکریان، چەند بزوتنەوەیەکی سیاسی لە نێویاندا سەری هەڵدا وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەم بزوتنەوانە تەنیا لە موکریاندا مانەوەو نەهاتن خاوەنداری لەو ناوچانەی دیکە بکەن، پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەی ئیلام و کرماشان و دەوروبەریان دروست بکەن و ئەندێشەو بیری مۆدێرنی سیاسی لەنێویاندا بڵاو بکەنەوە، کە ئەم پشتگوێ خستنە هەتا ئێستاش بەردەوامە، چۆن؟ گەر بە وردی لەمە بکۆڵینەوە دەگەڕێتەوە سەر پەیوەندی بە مەزهەبەوە، واتە ناوچەی موکریان و خەڵکی کوردی سوننی، مەزهەبی ترن لە خەڵکی ناوچەی کرماشان و ئیلام، خەڵکی کرماشان و ئیلام هەرگیز خەڵکانێکی مەزهەبی نەبوون وەکو موکریان، ڕوونتر قسە بکەم، ئەوکاتەی کوردێکی کرماشان و ئیلام چاو لە کوردێکی سنە و مەهاباد و بۆکان دەکات، دەڵێت ئەمانە کوردن، بەڵام کاتێک مەهابادییەک یا…هتد چاو لە کوردێکی کرماشان یا ئیلام دەکات، دەڵێ ئەمانە شیعەن!

بۆیە بەداخەوە ئەندێشەی پان ئێرانیستی یا ئێرانشاری بەتایبەت لە کرماشاندا بە قوڵی ڕەگی داکوتاوە، دەبینین ئێمە کەسایەتی گەورەمان تێدا هەڵکەوتووە بەڵام بە ئەندێشەو بیری پان ئێرانیستییەوە خزمەتیان کردووە، وەک ڕەشیدی یاسمی، یاخود کەریمی سنجاوی وەک سیاسەتمەدارێک و …هتد بەهەرحاڵ دەمەوێ بڵێم ئەو مێژووە لە کرماشان و ئیلامدا نزیک دەبێتەوە بە ٩٠ بۆ ١٠٠ ساڵی ڕابردووە، ئەمەش بە ئاسانی ناتوانرێت بسڕدرێتەوەو لابرێت، کار لەو ناوچانەدا گەیشتووە بەوەی کە خێزانەکان ئێستا لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەر لە سەرەتاوە بە فارسی قسە دەکەن، کوردی قسەکردن بۆتە جێگەی شەرم لەلایان، من کاتێک لە سۆشیال میدیا دەنوسم دەبینم ئەوکەسانەی زۆرترین هێرشم لەسەر دەکەن کرماشانی و ئیلامین، زیاتریش ئیلامین، ئەمە ئاستێکی مەترسیدارە، واتە کاری ئێمە زۆر سەختە، لە جێگەیەکین ئیدی خەڵکی خۆمان ئەرکەکانی داگیرکەر بەئەنجام دەگەیەنن و ڕووبەڕوومان دەبنەوە، ئەمانە ئەوە نیشان دەدەن کە لە ناوچەی ئیلام-کرماشان دا بەرخۆدانی کوردی لە ئاستی تاکەکەسیدا کەسانێک هەمیشە هەبوون بەشدار بوون لە خەبات لە نێو ڕیزەکانی بزوتنەوە کوردییەکان، بەڵام بە شێوەی گشتی بوونی نەبووە، بەڵام هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی pkk لە باکوری کوردستان، دەتوانم بڵێم وەک یەکەم بزوتنەوەی سیاسی کوردی کاریگەری گەورەی لەسەر خەڵکی کرماشان و ئیلام داناو ئەندێشەی بەرخۆدانی کوردی هاتە نێوەوە لەو ناوچانە، ئێستا لە دوای چەندەها ساڵ و هەستکردن بەو کاریگەرییەی بزوتنەوەی پەکەکە لەو ناوچانە، حیزبێکی وەک حیزبی دیموکرات زانیویەتی کرماشان و ئیلام پۆتانسیەلی هەیە، وەک ڕەقابەتێک بەرامبەر پەکەکە دەیانەوێت مەیدانێک بخوڵقێنن و کار لەسەر ئەو ناوچانە بکەن، بەهەرحاڵ ئەوەی مەبەستی سەرەکییە دەمەوێت بڵێم پرسی ئاسمیلەیشن پرسێکی واقیعی و مێژوییە و ڕەگێکی قوڵی داکوتیوە، لەوە مەڕوانە ئێستا کەسێکی وەک بێهروز بوچانی لە ئیلامەوە هاتووە و بە کوردی دەدوێ و بیردەکاتەوە و لەسەر ئەم پرسانە ڕادەوەستێ، من و هاوڕێکانم و نمونەکانی وەک ئێمە کەمن، زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوچانە خۆ سکی خۆیان بۆ ئێران دەدڕن، ڕێز لە فەرهەنگ و زمانی خۆیان ناگرن، لایەنگیری فارس و سیستمەکەن، لایەنگیری بیری ئێرانشارین، بەڵام ئەوەی گرنگە کەسانی وەک ئێمەش هەن کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم بزوتنەوەیە لە کرماشان و ئیلامدا هەیە گەورەتر دەبێت، ئێمە تەنیا نین، بەڵام دەمەوێت بڵێم کە کاری زۆری دەوێت.

چارەسەر و ڕزگاربوون لەم ئاسمیلاسیۆنە گشتگیرە چیە؟ ئایا بێهروز چوارچێوەیەکی کۆنکرێت لە چالاکی هەیە کاریگەری کرداری هەبێت بۆ ئەو فکرەی کە دەڵێ دەمەوێ بە خەڵکی ئیلام و کرماشان بڵێم ئێوە کێن و شوناستان چییە؟

من لە پرسی ئاسمیلەیشندا زۆر بە قوڵی لێکۆڵینەوەم کردووە و شارەزاییم هەیە، کۆی ئەو کارانەشی دەیکەم لەو کۆنتێکستەدا گەر چاو لێبکەین کە کەسانێکی ڕەخنەگر هاتن وتیان بێهروز کتێبەکەی لە ئێراندا  بڵاوکردۆتەوە، دروستە بێهروز کتێبەکەی لە ئێراندا بڵاوکردەوە و ڕازیبوو بەو سانسۆرەی لەسەری بکرێت، بەڵام کاتێک کتێبەکەم بڵاوکردەوە ئەوەی من بیرم لێ دەکردەوە ئەوە بوو خەڵکی کرماشان-ئیلام، کاتێک دەیخوێننەوە، بیر لەوە بکەنەوە ئەوانیش دەتوانن هێشتاش کورد بن و سەرکەوتووش بن، کورد بن و کاریگەریشیان هەبێت، پێویست ناکا بۆ ئەوەی کار بکەیت کاریگەریت هەبێت سەرەتا ببیتە فارس، چونکە ئەمە سروشتی سیاسەتی ئاسمیلەیشنە کە مێشکی خەڵک وەها بەرنامە دەکات خۆیان بە کەم ببینن، قسەکردن و پۆشین بە کوردی بە دواکەوتوو بزانن، بۆیە من خۆم تەنانەت هەوڵدەدەم لە ڕواڵەتیشمدا وەها نیشان بدەم و دەناسێنم وابیرنەکەن کورد ناتوانێت پێشکەوتوو بێت، نازانم ئەم قسانەم چۆن وەردەگیرێت، بەڵام ئەمە واقیعیەتی ئێمەیە، ئێمە لەگەڵ خەڵکێکدا ڕووبەڕوین، کە پێیان وایە ئەگەر تۆ کورد بیت گاڵتە پێکراویت، خەڵکێک خۆیان گاڵتە بە خۆیان دەکەن، بە زمان و فەرهەنگ و کوردبوونی خۆیان، شەرم لە هەموو تایبەتمەندی و شوناسێکی خۆیان دەکەن، هەربەم هۆکارەیە من لە نێو کۆمەڵگەی فارسیدا زیاتر لەوەی هەم کوردترم، تا خەڵک بتوانن بیبینن، یا لانیکەم خۆیان پەروەردە بکەن بەوەی دەتوانن کورد بن و مرۆڤی مۆدێرنیش بن، مرۆڤی خاوەن بیروباوەڕی خۆیان بن، دیموکراتیک بن، بۆیە هەموو کارەکانی من بە ئاڕاستەی ئەوێدا لەو کۆنتێکستەدا کۆدەکەمەوە، ئەو کتێبەی ئێستا دەینوسم، ئەو فیلمەی لەکارکردندام لەسەری، هەموو بە زمانی کەلهورین، ئەو زمانەی خەڵکی ئاسمیلەی خۆمان پێیان شەرمهێنەرە و بە سەرچاوەیی دواکەوتویی دەبینن، وا من خەریکم لەپاڵ زمانی ئینگلیزیدا نەک فارسی بەکاریدەهێنم.

پێویستە ئەوەش بڵێم من وەک تاکەکەس کاردەکەم و هەوڵەکانم تاکەکەسییە لە نێو کۆمەڵگەی ئەدەبی کرماشان و ئیلامدا، کەسێکیش نیم خۆم بە فریادڕەس بزانم، ئێمە کەسانی گەورە و بەهێز و بەتوانامان هەیە لە چەشنی سەعید عیبادەتیان، کەسانێکمان هەیە بیست ساڵە بەدوای کۆکردنەوەی وشەی کوردییەوەن و فەرهەنگی کوردی دەنوسنەوە و زۆری دیکە، گەر من لەگەڵ ئەم کەسانە بەراورد بکەیت دەبینی هیچ کارێکم نەکردووە، بەڵام لەو گۆشەیەوە بڕوانین کە من لە دەرەوەی ئێرانم و کاردەکەم، تەنیا دەتوانم لەئاستی تاکە کەسی خۆمدا ئەرکی خۆم بەجێ بگەیەنم، بۆیە ناساندنی پرۆژەی گەورە بۆ من گەلێک سەختە و ئێستا زۆرینەی کارەکانم بە ئینگلیزی و لەنێو کۆمەڵگەی ئوسترالیا-نیوزلەندن، تواناکانم بۆ نێو ئێران و کرماشان و ئیلام سنوردارە و لەو سنوردارییەدا هەوڵی خۆم دەدەم، بەڵام ئاگادارم کە زۆرکەس هەن زۆر بە باشی و خەمخۆرانە کاردەکەن.

 ئاماژەت بە ڕەخنەگرتن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەت لە نێوخۆی ئێراندا کرد، دەمەوێت لەسەر ئەوە بوەستین، چونکە زۆربەی بەتایبەت ئیرانشەهرییەکان بەو بۆنەیە وەک قورمیشکراوی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵوەشاندنی ئێرانی تاوانبارت دەکەن، بۆچی کتێبەکەت لە ئێران بڵاو بووە و چۆن ڕێگەی پێدرا؟

لەنێو فەزای سیاسی ئێراندا، کەسێک بیرکردنەوەیەکی جیاوازی هەبێت و وەک ئەوان نەبێت، ڕاستەوخۆ ئەم تۆمەتانە دەدرێنە پاڵی، بۆیە ئاساییە گەر ئەوە بە منیش گووترابێت و وەڵامێکی وەهام نییە بۆی، بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئەو کتێبە لە ئێراندا چۆن ڕێگەی پێدرا، ئەمە ڕەخنەیەکی جددییە، پێویستە وەڵامم هەبێت بۆی، ئەم کتێبە ڕێگەدرا بڵاو ببێتەوە بە سانسۆرکراوی، وەک زۆر نوسەری دیکە کە لەدەرەوەی ئێرانن و دەنوسن و ڕێگەپێدان لەئێراندا وەردەگرن بۆ بڵاوبوونەوە، واتە ئەوە زۆر سەیرو سەمەرە نییە، بەڵام ئەوەی جێی ئاماژەیە، تا ئێستا لە هیچ جێیەک ئاماژەم پێ نەداوە ئەوەیە کە ڕاستە کتێبەکە بڵاوبۆوە بەڵام ٤٠ ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەم لە ئێراندا ڕاوەستێنرا، واتە ئێستا کتێبەکەی من لە ئێراندا راگیراوە، کەم کەسیش ئاگاداریەتی و خۆشم پێم خۆش نەبوو لە سۆشیال میدیا ئەو فەوزایە دروست بکەم، هیچ وەڵام یا هەڵوێستێکیشم نەبووە بۆی، چونکە دوای بڕیاردانم لە بڵاوکردنەوەی لە ئێراندا پەشیمان بووم و بە کارێکی هەڵەی خۆمم بینی، بەڵام ئیدی کێ هەیە لەم دنیایەدا هەڵە نەکات؟!.

 لە ئێستادا چەمک و بیری سەربەخۆیی زۆر دەکەوێتە بەر گوێ و باسی لێدەکرێت، لەکاتێکدا ئەم بابەتە لە ساڵانی پێشووتردا زۆر بەدەگمەن دەمانبیست، پێم خۆشە بزانم ڕاوبۆچوونی تۆ سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان چییە؟

حەزدەکەم ئەوەبڵێم کە من سەربەخۆیی وەک ئامانجێک دەبینم و هیچ کوردێک نییە حەز بەوە نەکات خۆی چارەنوسی خۆی دیاریبکات، وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەربەخۆ، بەڵام دید و بیرکردنەوەی من لە سیاسەتدا زۆرتر واقیعییە تا ئایدیاڵی، ببینە ئێمە لە باشوری کوردستان ئەزمونی ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆممان کرد، بەڵام بینیمان چی بەسەرهات، بەشێک لە خاکی باشوری کوردستانمان لەدەستدا، زیانی گەورەی گەیاند بە ئەزمونی دەسەڵاتی کوردی لە باشور و بارودۆخی کورد لە هەموو پارچەکانی دیکەش، بۆیە وابیردەکەمەوە دەبێت ئێمە هەندێک واقیعگەراتر بین لەوەی ئێستا هەین، واتە سیاسەت وەک باڵانسی هێز چاو لێبکەین، لەکات و سات و دەرفەتی گونجاودا ئامانجە نەتەوەییەکانمان بەدیبێنین، گەر نا هەرگیز ناتوانم نکۆڵی لەوە بکەم و بیشارمەوە کە بەڵێ باوەڕم بەو ئامانجە هەیە کە کورد مافی چارەی خۆنوسی هەبێت.

بەشکردن: