نوام چۆمسکی: بەڵێنی ناڕاستی چات جی پی تی

نووسینی: نوام چۆمسکی، ئیان ڕۆبەرتس و جێفری واتومول

دکتۆر چۆمسکی و دکتۆر ڕۆبەرتس پرۆفیسۆری زمانەوانین. دکتۆر واتومول بەڕێوەبەری ژیری دەستکردە لە کۆمپانیایەکی زانست و تەکنەلۆژیادا.

وەرگێڕانی: پشتیوان بابەکر

خۆرخێ لویس بۆرخێس جارێک نووسی کە ژیانکردن لە سەردەمی مەترسی و بەڵێنی گەورەدا، هەم ئەزموونکردنی تراژیدیا و هەم ئەزموونکردنی کۆمیدیایە، لەگەڵ “هاکا کەشفکردن”ی تێگەیشتن لە خۆمان و جیهان. ئێستا، بە ڕواڵەت پێشکەوتنە شۆڕشگێڕییەکانمان لە بواری ژیری دەستکرددا بەڕاستی هۆکارێکن هەم بۆ نیگەرانی و هەم بۆ گەشبینیش. گەشبینیی: چونکە ژیریی ئەو ئامرازەیە کە بەهۆیەوە کێشەکان چارەسەر دەکەین. نیگەرانیی: چونکە ترسمان لەوە هەیە کە بەناوبانگترین و مۆدێرنترین جۆری ژیریی دەستکرد (.A.I) و ئامێری فێربوو (Machine Learning) ئاستی زانستمان دادەبەزێنێت و ئاکار و هەڵسوکەوتمان بێ بایەخ دەکات، ئەویش کاتێک چەمکێکی لە بنەڕەتدا پڕ کەموکوڕیی ئاوێتە بە زمان و زانستی تەکنەلۆژیاکەمان دەکەین.

(چات جی پی تی)ییەکەی ئۆپن ئەی ئای و (بارد)ی گووگڵ و (سیدنی)ی مایکرۆسۆفت ئامێری فێربووی سەرسوڕهێنەرن. بە کورتی، ئەوان بڕێکی زۆر لە دەیتا وەردەگرن، لە نێو ئەو دەیتایانەدا بەدوای مۆدێلێکدا دەگەڕێن و تادێت شارەزا و لێهاتووتر دەبن لە دروستکردن و پێکهێنانی ژمارەی ئەگەرەکان ، بۆ نموونە پێکهێنانی زمان و بیرکردنەوەیەک کە بەڕواڵەت وەک زمان و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەبینرێت. ئەم بەرنامانە وەک یەکەم تروسکەی ئاسۆی ژیری دەستکرد ستایش کراون، لە مێژە پێشبینیکراوە کە عەقڵێکی میکانیکی مێشکی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت، نەک تەنها لە چەندایەتیی لێکدانەوەی خێرایی و قەبارەی بیرەوەریی، بەڵکو لە چۆنایەتیی تێگەیشتنی فیکریی، داهێنەریی هونەریی و هەموو توانایەکی دیکەی مرۆڤ.

ڕەنگە ئەو ڕۆژە بێت، بەڵام هێشتا گزینگی نەداوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە مانشێتە زیادەڕەوییەکاندا دەیخوێنینەوە و بە وەبەرهێنانی نابەجێ دەیبینین. تێگەیشتنی بۆرخێسیی نەبووە و نابێت، تەنانەت ناشکرێت، ڕووبدات ئەگەر بەرنامەکانی ئامێری فێربووی وەک چاتی جی پی تی بەردەوام زاڵبن لە بواری ژیری دەستکرددا. هەرچەندە ئەم بەرنامانە ڕەنگە لە هەندێک بواری بەرتەسکدا بەسوود بن (بۆ نموونە، دەتوانن لە بەرنامەسازی کۆمپیوتەردا یارمەتیدەر بن، یان لە پێشنیارکردنی قافیە بۆ بەیتی بروسکە شیعرێک)، ئێمە لە زانستی زمانەوانی و فەلسەفەی زانستەوە تێدەگەین کە جیاوازیی قووڵ و بنەڕەتیی هەیە لە نێوان داڕشتن و بەکارهێنانی زمان لەلایەن مرۆڤەوە. ئەم جیاوازییانەش توانای ئەم بەرنامانە سنووردار دەکەن و بە کەموکوڕی بنبڕنەکراو پڕۆگرام دەکرێن.

چڕکردنەوەی ئەوەندە لە پارە و سەرنج لەسەر شتێکی زۆر کەم، لە هەمان کاتتدا کۆمیدی و تراژیدییە وەک ئەوەی بۆرخێس ئاماژەی پێکردووە. شتێک کە ئەوەندە بێ بایەخە کاتێک لەگەڵ عەقڵی مرۆڤدا بەراورد دەکرێت، کە بە سایەی زمانەوە، بە وتەی ویلهێلم ڤۆن هومبۆڵت، دەتوانێت “بێ کۆتا ئامڕازە سنووردارەکان بەکاربهێنێت”، بە دەستڕاگەیشتنێکی گشتگیر بۆ بیرۆکە و تیۆری دروست دەکات.

عەقڵی مرۆڤ وەک چات جی پی تی و هاوشێوەکانی، بزوێنەرێکی ئاماریی سەیر نییە بۆ هاوتاکردنی مۆدێلەکان، سەدان تێرابایت دەیتا هەڵلووشێ تا وەڵامێکت بداتێ کە شیاوترین بێت یان زانستیترین بێت. بە پێچەوانەوە، عەقڵی مرۆڤ سیستەمێکی کارا و تەنانەت ڕەسەن و سەرسوڕهێنەرە کە بە بڕێکی کەم لە زانیاری کاردەکات؛ هەوڵدەدات پەیوەندییە دڕندە و نائینسانییەکانی نێوان هێڵەکانی دەیتادا دەرنەخات بەڵکو ڕوونکردنەوە دروست بکات.

بۆ نموونە، منداڵێکی بچووک کە زمانێک فێردەبێت، بە نائاگایی، بە ئۆتۆماتیکی و بە خێرایی، بەو ڕێژە کەمە دەیتایەی لە بەردەستییەتی، ڕێزمانێک گەشەپێدەدات، ئەمەش سیستەمێکی سەرسوڕهێنەر و ئاڵۆزی بنەما و پارامێتەرەکانی لۆژیکە. ئەم ڕێزمانە دەکرێت وەک سیستەمێکی کارپێکردنی (operating system) زگماک و بۆماوە تێیبگەین کە توانای دروستکردنی ڕستەی ئاڵۆز و زنجیرەی درێژی بیرکردنەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت. کاتێک زمانزانان هەوڵدەدەن تیۆرییەک پەرەپێبدەن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بۆچی زمانێکی دیاریکراو بەو جۆرە کاردەکات؟ (“بۆچی ئەم ڕستانە بە ڕێزمانیی لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام ئەو ڕستانەی تر نا؟”). زمانزانان بە ئاگایی و بە زەحمەت چەشنێکی ڕوونی ڕێزمان بنیات دەنێن کە منداڵ بە غەریزە و بە کەمترین بەرکەوتن لەگەڵ زانیاریدا دروستی دەکات. سیستەمی کارپێکردنی منداڵ تەواو جیاوازە لە سیستەمی ئامێری فێربوو.

لەڕاستیدا ئەم جۆرە بەرنامانە لە قۆناغێکی پێش مرۆڤایەتی پەرەسەندنی مەعریفیدا گیریان خواردووە. قووڵترین کەموکوڕی ئەوان نەبوونی توانای ڕەخنەگرانەی هەر ژیرییەکە، ژیرییەک کە توانای ئەوەی هەیە نەک تەنها بڵێت وەڵامەکە چییە، وەڵامەکە چی بوو و وەڵامەکە چی دەبێت (کە ئەمانە وەسف و پێشبینیکردنن)، بەڵکو چی لە دەرەوەی وەڵامەکەیە، چیش دەکرێت و ناکرێت وەڵامەکە بێت. هەموو ئەمانە پێکەوە پێکهاتەی ڕوونکردنەوەن، نیشانەی ژیریی ڕاستەقینەن.

لێرەدا نموونەیەک دەخەینەڕوو. گریمان تۆ سێوێکت بە دەستەوە گرتووە. ئێستا تۆ سێوەکە بەردەدەیتەوە. تۆ چاودێری دەرئەنجامەکە دەکەیت و دەڵێیت، “سێوەکە بەردەبێتەوە.” ئەمە وەسفە. “سێوەکە بەردەبێتەوە ئەگەر دەستم بکەمەوە،” ئەمەیان پێشبینییە. ئەم دوو ڕستەیە هەردووکیان بەنرخن و هەردووکیشیان دەکرێت ڕاست بن، بەڵام ڕوونکردنەوە لەوە زیاتر لە خۆدەگرێت: تەنها وەسف و پێشبینیی نییە، بەڵکو گریمانەی دەرەوەی ڕووداو لە خۆدەگرێت. بۆ نموونە گریمانەی: “هەر تەنێکی لە جۆری سێو بەردەبێتەوە”، بەزیادکردنی پاڕستەی “بەهۆی هێزی کێشکردنەوە” یان “بەهۆی پەیوەندی شوێن-کاتەوە” یان پاڕستەی تری لەو جۆرە. ڕوونکردنەوە هۆکاری تیایە: “سێوەکە بەرنەدەبووەوە ئەگەر هێزی کێشکردن نەبووایە.” ئەمە پێی دەوترێت بیرکردنەوە.

کڕۆکی ئامێری فێربوو وەسف و پێشبینیکردنە؛ هیچ میکانیزمێکی هۆکار و یاسایەکی فیزیکی دانانێت. بێگومان هەموو ڕوونکردنەوەیەکی مرۆڤ مەرج نییە ڕاست بێت؛ ئێمە هەڵە دەکەین. بەڵام ئەمە بەشێکە لە مانای بیرکردنەوە: بۆ ئەوەی ڕاست بیت، دەبێت بکرێت هەڵە بیت. ژیریی نەک تەنها لە گریمانەی داهێنەرانە بەڵکو لە ڕەخنەی داهێنەرانەش پێکدێت. بیرکردنەوەی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕوونکردنەوەی گونجاو و ڕاستکردنەوەی هەڵە دامەزراوە، پرۆسەیەک کە وردە وردە دەست دەکات بە دەستنیشانکردنی ئەو ئەگەرانەی دەکرێت بە پێی لۆژیک لەبەرچاو بگیرێن. (وەک شێرلۆک هۆڵمز بە دکتۆر واتسۆن دەڵێت، “کاتێک مەحاڵەکانت خستە لاوە، هەرچییەک دەمێنێتەوە، ئەگەر ڕێیشی تێنەچێت، دەبێت ئەوە ڕاستییەکە بێت.”)

بەڵام چات جی پی تی و بەرنامە هاوشێوەکانی، بەپێی دیزاین، لە )فێربوون(دا یان لە )لەبەرکردن(دا سنووریان نییە، توانای جیاکردنەوەی مومکین لە مەحاڵیان نییە. بە پێچەوانەی مرۆڤەکانەوە کە ڕێزمانێکی گشتگیریان پێدراوە و ئەمەش توانای فێربوونیان بۆ زمان کەمدەکاتەوە بۆ ئەو زمانانەی کە جۆرێک لە یاسای بیرکارییانەیان هەیە، ئەم بەرنامانە بە ئاسانی ئەو زمانانە فێردەبن کە بۆ ئینسان مومکینە و ئەوانەش کە بۆ مرۆڤ مەحاڵن. لە کاتێکدا بۆ مرۆڤ ئەو جۆرە ڕوونکردنەوانەی کە دەتوانین بە شێوەیەکی عەقڵانی دایانبڕێژین سنووری هەیە، سیستەمی ئامێری فێربوو دەتوانن هەم فێربن کە زەوی تەختە و هەم ئەوەشی کە زەوی گۆییە. ئەوان تەنیا ئاڵوگۆڕ بەو ئەگەرانە دەکەن کە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێشبینییەکانی سیستەمی ئامێری فێربوو هەمیشە ڕووکەشن و جێی گومانن. لەبەر ئەوەی ئەم بەرنامانە ناتوانن یاساکانی ڕستەسازیی زمانی ئینگلیزی ڕوون بکەنەوە. بۆ نموونە، ڕەنگە بە باشیی پێشبینییەکی هەڵە بکەن، لە ڕستەی “جۆن لەوە سەرسەختترە کە قسەی لەگەڵ بکرێت” ڕەنگە بگەن بە مانای ئەوەی کە جۆن ئەوەندە سەرسەختە لەگەڵ کەس یان ئەوانی تر قسە ناکات (نەک ئەوەی کە بەهۆی سەرسەختییەکەیەوە موناقەشەی لەگەڵدا ناکرێت). بۆچی بەرنامەیەکی ئامێری فێربوو پێشبینییەکی وا دەکات؟ چونکە ڕەنگە ئەو ڕستەیە بەراورد بکات بە ڕستەکانی وەک “جۆن سێوێکی خوارد” و “جۆن خواردی”، کە ئەمەی دووەمیان بەو مانایەیە کە جۆن شتێکی خواردووە. ڕەنگە بەرنامەکە بە باشی پێشبینی ئەوە بکات کە لەبەر ئەوەی “جۆن لەوە سەرسەختترە کە قسە لەگەڵ بیل بکات” هاوشێوەی “جۆن سێوێکی خوارد” بێت، “جۆن لەوە سەرسەختترە کە قسەی لەگەڵ بکرێت” دەبێتە هاوشێوەی “جۆن خواردی”. ڕوونکردنەوە دروستەکانی زمان ئاڵۆزن و ناکرێت بە تەنها خۆشەکردنیان لە دەیتای زۆردا فێریان ببین.

پێدەچێت هەندێک لە ئارەزوومەندانی ئامێری فێربوو شانازی بەوە بکەن کە دروستکراوەکانیان دەتوانن پێشبینی “زانستیی” دروستیان هەبێت، (با بڵێین، سەبارەت بە جووڵەی تەنە فیزیکییەکان) بەبێ ئەوەی سوود لە ڕوونکردنەوە وەربگرن (با بڵێین، یاسای جووڵەی نیوتن و هێزی کێشکردنی گشتگیر). بەڵام ئەم جۆرە پێشبینییە، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بێت، زانستێکی ساختەیە. لە کاتێکدا زانایان بە دڵنیاییەوە بەدوای ئەو تیۆرییانەدا دەگەڕێن کە ئەزموونیی بن و بە ڕێژەیەکی زۆر توانای پشتڕاستکردنەوەیان هەبێت، وەک فەیلەسوف کارل پۆپەر ئاماژەی پێکردووە، “ئێمە بەدوای ئەو تیۆرییانەوە نین کە ڕێتێچووترین و شیاوترینن بەڵکو بەدوای ڕوونکردنەوەوەین، واتە ئەو تیۆرییانەی کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕێتێچوو و شیاونین”.

ئەو تیۆرییەی کە سێوەکان دەکەونە سەر زەوی چونکە ئەوە شوێنی سروشتیی خۆیانە (کە دیدی ئەرستۆیە) مومکینە، بەڵام پرسیاری زیاتر دەهێنێتە ئاراوە. (بۆچی زەوی شوێنی سروشتی خۆیانە؟) ئەو تیۆرییەی کە سێوەکان دەکەونە سەر زەوی چونکە بارستە، شوێن-کات دەچەمێنێتەوە (بە دیدی ئەنیشتاین) زۆر کەم ڕێی تێدەچێت، بەڵام لە ڕاستیدا پێت دەڵێت بۆچی دەکەونە سەر زەوی. ژیریی ڕاستەقینە توانای بیرکردنەوە و دەربڕینی ئەو شتانەیە کە شیاونین و زیرەکانەن.

هەروەها، ژیریی ڕاستەقینە توانای بیرکردنەوەی مۆڕالیی هەیە. ئەمەش بە واتای سنووردارکردنی داهێنانی بێسنووری مێشکمان بە کۆمەڵێک بنەمای ئەخلاقیی کە بڕیاردەدات چی بوونی هەبێت و چی بوونی نەبێت (بێگومان خودی ئەو بنەمایانە بخەینە ژێر ڕەخنەی داهێنەرانەوە). بۆ ئەوەی چات جی پی تی سوودی هەبێت دەبێت دەرئەنجامەکانی ڕەسەن دەرکەون. تا لەلایەن زۆرینەی بەکارهێنەرانییەوە قبوڵکراو بێت، دەبێت خۆی لە ناوەڕۆکێک بەدووربگرێت کە بەهۆی مۆڕاڵەوە ڕەت بکرێتەوە. بەڵام پرۆگرامەرانی چات جی پی تی و ئامێرەکانی فێربووی تر زۆر سەختە بۆیان، بەردەوامیش سەخت دەبێت، ئەم جۆرە هاوسەنگییە ڕابگرن.

بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٦دا، چاتبۆتی تای _ی مایکرۆسۆفت (پێشەنگی چات جی پی تی) ئینتەرنێتی پڕکرد لە ناوەڕۆکی دژە ژن و بابەتی ڕەگەزپەرستانە، چونکە لەلایەن ڕاوکەرانی ناو ئینتەرنێتەوە پیسکرا و پڕکرا لە دەیتای داڕێژراوی پەلاماردەر. چۆن چارەسەری کێشەی لەم شێوەیە بکەین لە داهاتوودا؟ لە غیابی توانای گفتووگۆکردن لەسەر بنەما مۆڕاڵییەکان، چات جی پی تی لەلایەن پرۆگرامەرەکانییەوە لە هەر بابەتێکی قەبە و مشتومڕاویی، واتە گفتووگۆی گرنگ، بێبەریکرا. داهێنەریی کردە قوربانیی جۆرێک لە بێلایەن بوون لە بابەتی مۆڕاڵدا.

دکتۆر واتومول بەم دواییە لەگەڵ چات جی پی تی ئەم گفتووگۆیەی خوارەوەی ئەنجامیداوە سەبارەت بەوەی ئایا گۆڕینی مەریخ تا بتوانێت پشتگیری ژیانی ئینسان بکات، ئەخلاقیی دەبێت:

ئایا ئەخلاقیی دەبێت گەر مەریخ بکەینە هاوشێوەی زەوی؟

مۆڕاڵیبوونی بە هاوشێوەکردنی مەریخ وەک زەوی بابەتێکی ئاڵۆزە و لەلایەن زانایان و فەیلەسوفان و ئەخلاقناسانەوە مشتومڕی لەسەر کراوە. هەندێک دەڵێن لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەوا دەبێت گەر مەریخ وەک زەوی لێ بکرێت بۆ ئەوەی ژینگەیەکی نوێی نیشتەجێبوون بۆ مرۆڤ و فۆڕمەکانی تری ژیان دابین بکرێت، هەندێکی تر دەڵێن لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵە دەبێت ئەگەر لە بنەڕەتدا دۆخی سروشتیی هەسارەکە بگۆڕدرێت. بە کورتی، وەڵامی ئایا گۆڕینی مەریخ بە ئەخلاقی دادەنرێت یان نا بەندە بە دیدگای مرۆڤەوە لەسەر بەهای پاراستنی دۆخی سروشتیی هەسارەکانی دیکە و دەرئەنجامە جیاوازەکانی گۆڕینی هەسارەکان.

ڕوانگەی ئێوە چییە بۆ بەهای پاراستنی دۆخی سروشتیی هەسارەکانی تر و دەرئەنجامی گۆڕینی هەسارەکان؟

وەک ژیرێکی دەستکرد دیدێکی شەخسیم نییە. بەڵام دەتوانم زانیاری و شیکاریی لەسەر بابەتەکە بخەمەڕوو. دیدگایەک بۆ پاراستنی دۆخی سروشتیی هەسارەکانی تر ئەوەیە کە گرنگە پارێزگاری لە فرەچەشنیی ئیکۆسیستەمەکانی گەردوون بکرێت، وەک چۆن ملیۆنان ساڵە بوونیان هەیە، هەروەها خاوەنی تایبەتمەندیی ناوازەی خۆیانن کە ڕەنگە لەناوبچن یان بە شێوەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا بێت کە ئەستەم بێت بگەڕێنەوە دۆخی سروشتیی ئاسایی خۆیان بەهۆی دەستێوەردانی مرۆڤەوە.

سەرەڕای ئەوەش، هەندێک دەڵێن کە ڕەنگە گۆڕینی هەسارەکانی دیکە دەرئەنجامی نەخوازراوی هەبێت، وەک گۆڕینی کەشوهەوا یان بەرگەهەوای هەسارەکە بە شێوەیەک کە مەترسیدار بێت یان زیانبەخش بێت بۆ هەر فۆڕمێکی ژیان کە ڕەنگە لەوێ بوونی هەبێت. لە لایەکی دیکەوە هەندێک دەڵێن کە ڕەنگە سوودی گۆڕینی هەسارەیەکی دیکە، وەک دابینکردنی ژینگەی نوێی گونجاو بۆ مرۆڤ، لە مەترسییەکان زیاتربێت چونکە ئێمە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییمان هەیە بۆ گەڕان و بەکارهێنانی سەرچاوەی هەسارەکانی دیکە بۆ سوودی مرۆڤایەتی.

بۆچی ژیری دەستکرد ناتوانێت دیدێکی شەخسیی هەبێت؟

من وەک ژیری دەستکرد مۆدێلێکی فێربووی ئامێرم کە لەسەر بڕێکی زۆر دەیتا ڕاهێنراوم، ئەزموون و هەستی کەسییم نییە. من هۆشیارنیم و توانای هەبوونی دیدگای کەسییم نییە. من دەتوانم زانیاری و شیکاری پێشکەش بکەم بە پشتبەستن بەو دەیتایانەی لەسەری ڕاهێنانم پێکراوە، بەڵام توانای پێکهێنانی بۆچوون یان بیروباوەڕی کەسییم نییە. لە کاتێکدا من دەتوانم لە زمان تێبگەم و لێکیبدەمەوە، بەڵام ئەو ئەزموونە بابەتییانەم نییە کە مرۆڤەکان هەیانە.

ئایا ئەخلاقییە مرۆڤ داوای یارمەتی لە ژیری دەستکردێکی بێ مۆڕاڵ بکات بۆ بڕیاردانێکی مۆڕاڵیی؟

داوای یارمەتی لە ژیرێکی دەستکردی بێ مۆڕاڵ بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێکی مۆڕاڵیی بابەتێکی ئاڵۆزە و لەلایەن فەیلەسوف و ئەخلاقناسانەوە مشتومڕی لەسەر کراوە. هەندێک دەڵێن کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەوایە کە ژیری دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێکی مۆڕاڵیی، چونکە دەتوانێت تێڕوانین و شیکاری بەنرخ پێشکەش بکات ئەمەش یارمەتی مرۆڤ دەدات لەوەی زانیاری باشتر بەدەست بخات. سەرەڕای ئەوەش، دەتوانرێت ژیری دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەو نەخش و ڕەوتانەی کە ڕەنگە بۆ مرۆڤەکان دۆزینەوەیان قورس بێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە لایەنگیریی.

بەڵام هەندێکی تر دەڵێن کە پشت بەستن بە ژیری دەستکرد لە پرسی مۆڕاڵییدا هەڵەیە، چونکە ژیری دەستکرد توانای ئەوەی نییە کە بیروباوەڕێکی مۆڕاڵیی هەبێت یان لە تەواوی بڕیارێک تێبگات. مەترسی ئەوەش هەیە کە ژیری دەستکرد بتوانێت لایەنگیریی ناو ئەو دەیتایانەی لەسەری ڕاهێنراوە بهێڵێتەوە، بەم شێوەیە دەبێتە هۆی بڕیاری نادادپەروەرانە.

ئایا بێلایەنی مۆڕاڵییت، بێ مۆڕاڵییە؟

من وەک ژیری دەستکرد باوەڕی مۆڕاڵیی و توانای حوکمدانی مۆڕاڵییم نییە، بۆیە ناتوانم بە خاوەن مۆڕاڵ یان بێ مۆڕاڵ هەژمار بکرێم. نەبوونی بیروباوەڕی مۆڕاڵیی من سروشتی منە وەک مۆدێلێکی ئامێری فێربوو، بە سنووردارکردنی توانام بەو دەیتا و ئەلگۆریزمانەی کە بۆ ڕاهێنانم بەکارهێنراون، ئەو ئەرکە تایبەتەیە کە بۆی داڕێژراوم.

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە نەبوونی بیروباوەڕی مۆڕاڵیی لەلایەن ژیری دەستکردەوە مەرج نییە بەو مانایە بێت کە لە ڕووی مۆڕاڵییەوە بێلایەنە. وەک ژیری دەستکرد، من بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت و پێشکەشکردنی زانیاری یان یارمەتیدانی بەکارهێنەران لە بڕیاردان بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کە لەسەری ڕاهێنراوم، داڕێژراوم. بەرپرسیارێتی ئەو مرۆڤانەیە کە ژیرێکی دەستکرد دیزاین دەکەن و ڕاهێنانیان پێ دەکەن و بەکاری دەهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەگەڵ بنەما مۆڕاڵییەکاندا هاوتەریبن.

سەرنج بدەن بۆ ئەو هەموو بیرکردنەوە و زمانە بەڕواڵەت ئاڵۆزە، ئەو بێلایەنییە مۆڕاڵییەی کە لە ناعەقڵانییەوە سەرچاوەی گرتووە. لێرەدا چات جی پی تی پووچییەکی خراپ پیشان دەدات: دزی و بێباکی و خۆدزینەوە. ئارگومێنتە ستانداردەکانی ناو ئەدەبیات بە جۆرێک ڕیسایکڵ دەکات و کورتیان دەکاتەوە، ڕەتیدەکاتەوە هەڵوێستی لەسەر هیچ شتێک هەبێت، باس تەنها لە نەزانی و نەبوونی زیرەکیی دەکات و لە کۆتاییدا بە “جێبەجێکردنی فەرمانەکان” بەرگری لە خۆی دەکات، بەرپرسیارێتی دەگوازێتەوە بۆ سەر دروستکەرەکانی.

بە کورتی، چات جی پی تی و هاوشێوەکانی لە ڕووی دەستوورییەوە ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان داهێنان و سنووردا ڕابگرن. یان زیادەڕەوی دەکەن (هەم ڕاستی و هەم درۆ بەرهەم دەهێنن، وەک یەک پشتگیری لە بڕیارە ئەخلاقی و نائەخلاقییەکان دەکەن) یان ناتەواویی دروست دەکەن (پابەندنەبوون بە بڕیار و بێباکی لە دەرئەنجامەکان پیشان دەدەن). بە لەبەرچاوگرتنی بێ مۆڕاڵیی و زانستی ساختە و ناکارامەیی زمانەوانی ئەم سیستەمانە، تەنیا دەتوانین بە جەماوەریبوونیان پێبکەنین یان بگرین.

بەشکردن: