روانگەی چینی بۆ نەزمی نوێی جیهانی

سییڤان سەعید

ساڵی ٢٠١٧ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، وەزیری دەرەوەی روسیا سێرجی لاڤرۆڤ گوتی: ئیدی سەردەمی یەک قوتبی بەسەرچووە. چیدی ناتۆ لە بن باڵی ئەمریکادا ناتوانێت مانۆرەکانی خۆی پێکبهێنێ و هەر دەوڵەتێکی خواست بێزاری بکات. بە زمانێکی دیکە، واتە کاتی ئەوەیە کە نەزمی جیهانی دیسانەوە پێناسە بکرێتەوە. پشتیوانی چین بۆ روسیا و فراوانکردن و بەهێزکردنی بەرەی وڵاتانی (بریکس)؛ ئەمریکا و رۆژئاوای دونیای خستە بەردەم گژانێ (تحدى)یەکی نوێوە. ئەوە راستە کە رۆژئاوای دونیا باش دەزانێ کە سەردەمی تاکجەمسەری بەسەر چووە؛ بەڵام نە دەتوانێ ئەو راستییە قبوڵ بکات و نە دەشتوانێ خۆی بۆ ئامادە بکات. ئەم چەند ساڵەی دەیەی دووەمی سەدەی ٢١  تا رادەیەک لە زەمانی دوای جەنگی جیهانی دووەم دەچێ. مەبەستم ئەو وەرچەرخانی هێزەیە کە ئەمریکای کردە سەروەر و بڕیاربەدەستی دونیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە ١٩٤٥ەوە.

بەڵام وەرچەرخانی ئەمجارە لەوەدا جیاوازە کە هێزێک دەبێتە سەروەری دونیا کە ناخوازێ ببێتە یەکەم و تەنها هێزی باڵادەست لە دونیادا. سەرچاوەی ئەم جۆرە نزیکبوونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی کولتوور و مامەڵەی چینییەکان لەگەڵ کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکانی دونیا. راستە چین هێزی بێشوماری سەربازی و تەکنۆلۆجیای شەڕی بەهێزی زۆرە، بەڵام ئەوەی هێزی مەزن دەداتە چین و دەیکا بە «برای گەورە» لە گرووپی بریکس و هەموو ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان بە خواستی خۆیان لە نێوان چین و ئەمریکادا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چین هەڵدەبژێرن؛ بریتیە لە هێزە نەرمەکەی چین. هێزی نەرم چییە؟ ئەگەر هێزی نەرم بریتیبێ لە هێزی گفتوگۆ و بڕواپێهێنانی بەرامبەر لەجیاتی بەکارهێنانی توندوتیژی؛ ئەوە چین هەنگاوێک لەوە زیاتریش دەڕوا لە بەرامبەر راکێشانی وڵاتان بە لای پرۆژەکەی خۆیدا.

راستە چین هێزی بێشوماری سەربازی و تەکنۆلۆجیای شەڕی بەهێزی زۆرە، بەڵام ئەوەی هێزی مەزن دەداتە چین و دەیکا بە «برای گەورە» لە گرووپی بریکس و هەموو ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان بە خواستی خۆیان لە نێوان چین و ئەمریکادا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چین هەڵدەبژێرن؛ بریتیە لە هێزە نەرمەکەی چین.

عیمران خانی سەرۆکی پێشووی پاکستان لە ٢٠٢٠ گوتی؛ ئەگەر ناچارمان بکەن لە نێوان چین و ئەمریکادا یەکیان هەڵبژێرین، بێگومان چین هەڵدەبژێرین. هەر ئەوەش بوو یە هۆی لادانی لە دەستەڵات و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیشی. ئەو وتەیەی عیمران خان بۆ سعودیە و میسر و زۆربەی وڵاتانی ناسەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی دونیاش راستە. ئێستا گرووپی بریکس تەنها پێنج وڵاتی چین، روسیا، بەرازیل، هیندستان و ئەفریقای باشور نین. گروپەکە ساڵانە مەزنتر دەبن و پەیوەندییە سیاسی، ئابوریی و تەنانەت سەربازییەکانیشیان پتەوتر دەکەن. لەپاڵ بریکس، چین هەروەها سەرکردایەتیی رێکخراوی هاریکاریی شانگهاییش دەکا، کە دیارە هەر رۆژ ئەو رێکخراوە لە فراوانبون دایە.

لەوە ترسناکتر بۆ رۆژئاوا؛ لەقبوون، یان لانیکەم لاوازبوونی، بنکە ئابوورییەکەیەتی کە دیارە ئابووری هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە لە بەخشینی هێز بە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. دراوی چینی (یوان) وا خەریکە جێگەی دراوە قورسەکەی ئەمریکا (دۆلار) لەق دەکات. نەک تەنها (یوان) تەنانەت (ڕوپێ)ی هیندی خەریکە دەبێتە بنکەی مامەڵە ئابورییەکانی نێوان هیند و  چەندین وڵاتی دونیا. با لەوەش گەڕێین کە هیندستان ئێستا گەورەترین وڵاتی دونیایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام وا چەند ساڵێکە جێگەی بە فەرەنسا و بەریتانیای مەزن لەقکردووەو لەدوای ئەڵمانیا و چین و ئەمریکا، بۆتە چوارەمین مەزنە ئابوریی جیهان. ئەگەرچی هیندستان لەرووی خۆشگوزارانیی زۆرینەی زۆری هاوڵاتییەکانی خۆیەوە لە رەوشێکی باشدا نییە، تارادەیەک لە رەوشی سی ساڵ لەمەوبەری چین دەچێ؛ بەڵام ئەوە راستیەکە و دەتوانرێت ببینرێت کە هیندستان لەسەرڕێگە راستەکەیەو موعجیزەی گەشەی هیند لە موعجیزەکەی چین کەمتر نابێ. بە دڵنیایی نابێ ئەوە لەبیر بکرێ کە هەریەک لە چین و هیندستانیش لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا سەدان کێشەی جیاواز هەن. ئەوە بابەتێکی دیکەیە کە لەحەوسەڵەی ئەم نووسینەدا نییە.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا سیحری ئەو گەشە ئابوریی و مەزنبوونە سیاسییە لەکوێوە سەریهەڵداوە؟

روانگەی چینی و لەوێشەوە روانگەی هاوکارەکانی یاخود هاوپەیمانەکانی چین بۆ نەزمی نوێی جیهانی چۆنە؟ دەتوانم بەکورتی دوو خاڵ بخەمەروو. یەکەم چین خۆی بە زلهێز نازانێ… بانگەشەی سەروەری بەسەر دونیاوە ناکات. کاتێ چینیەکان و دوای ئەوانیش رووس و هیندەکان دەڵێن سەردەمی تاکجەمسەری بەسەرچووە، مەبەستیان لادانی ئەمریکا و جێگەگرتنەوەی خۆیان نییە بۆ باڵادەستیی بەسەر وڵاتان و گەلانی دونیاوە. مەبەستیان پایماڵکردن و بێکاریگەرکردنی رۆژئاوا و دەستکەوتە کولتووریی و ئابوریی و تەکنەلۆجییەکانیان نییە. ئەوە رۆژئاوایە کە ناتوانێ قبوڵی بکات کە جگە لە سیستمی بانکی و سویفتی ئەمریکی دەکرێ روسەکان و چینییەکانیش سویفتی خۆیان بەکاربێنن. ئەوە رۆژئاوایە کە لە تەنگەی تایوان دەیەوێ تەنگ بە چین و لە دەریای رەش تەنگ بە روسیا هڵبچنێ. دووەم؛ ئەگەرچی لە ناوخۆی چیندا جۆرێکی جیاواز لە بەرێوەبردن هەیە  کە جێگەی رەخنەی رۆژئاواییەکان و دیمۆکراتخوازەکانی دونیایە؛ بەڵام رەفتاری چین لەگەڵ هەموو دەوڵەتە فەرمییەکانی دونیا رەفتارێکی زۆر رێزمەندانەیە. چین هەرگیز بڕوای بە دەستتێوەردانی ناوخۆی هیچ وڵاتێکی فەرمی نییە. با لەوە بگەڕێین کە ئەوە چەند باشە یان خراپە بۆ رەوشی گەلێکی بێ دەوڵەتی وەک کورد لە تورکیا و ئێران بۆ نموونە، بەڵام ئەو جۆرە لە مامەڵەی یەکسان و رێزداری بۆ سەروەری (ئەگەر سەروەرییەکی لاواز و فەرمیش بێ) وڵاتان بۆتە مایەی راکێشانی هەستی دەوڵەتان و گەلان بۆ گۆڕینی روانگەی خۆیان بەرامبەر بە چین و کولتوورە بەهێزەکەی  و ئابوورییە زەبەلاحەکەی.

هێزی نەرمی چین کارێکی کردووە کە وڵاتان نەک ترس بەڵکو خواستیان هەبێ بۆ مامەڵەی ئابووری و سیاسی لەتەک چیندا. نەک ئایدیۆلۆجیای سیاسی، چین کولتوور و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی بە بنەمادەگرێ بۆ گەشەپێدانی  پەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیا.

هێزی نەرمی چین کارێکی کردووە کە وڵاتان نەک ترس بەڵکو خواستیان هەبێ بۆ مامەڵەی ئابووری و سیاسی لەتەک چیندا. نەک ئایدیۆلۆجیای سیاسی، چین کولتوور و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی بە بنەمادەگرێ بۆ گەشەپێدانی  پەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیا. بۆ نموونە لە هیچ جێیەکی دونیادا چین بانگەشە بۆ ماویزم و سەرۆک ماو ناکات. بەڵام لە زۆربەی زانکۆکانی دونیا و لە خانەکانی بیردا ( ثینک تانک) چین سەرمایەگوزاری لەسەر  باسی فەلسەفەی ئاشتیخوازانەی چین دەکا. نەک سەنتەری سەرۆک ماو، سەنتەری  کۆنفیوشز (کۆنگ فوتزە) لە دونیادا دادەمەزرێنێت.

بەکورتی و بەکوردی، دەتوانم بێژم کە روانگەی چینی بۆ نەزمی نوێی جیهانی روانگەیەکی سەلامەتتر و ئاشتیخوازانەترە لە روانگەی رۆژئاوایی. لەسەر بنەمای هاوکاریی نەک تەسلیمبوونی کولتورە جیاوازەکان بە یەک کولتور و یەک ئایدیۆلۆژیا. بە مانایەکی دیکە، روانگەی چینی بۆ مامەڵەی نەتەوە و دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتر روانگەیەکی دیموکراتیکترە لە روانگەی رۆژئاوایی. ئەم قسەیە زۆر نا مەئلوفە بە مێشک و تێڕوانینی ئێمە بۆ چین و بۆ رۆژئاوایش. بەڵام هەر خودی بەسەرچوونی تاکجەمسەری و هەوڵی خۆڕێکخستنەوەی دونیا لە یەکێکی فرەجەمسەردا و دەرکەوتنی چەندین هێزی وەک رووس، هیند، بەرازیل و بە دڵنیایی مانەوەی بەهێزی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپایش، نیشانەی دەسپێکی سەردەمێکی جیاوازترە لە سەردەمی تاکجەمسەری کە لانیکەم لە دوای جەنگی ساردەوە لە ئارادا بوو. بە پێچەوانەی هەندێک نوسەر و بیریاری رەشبین کە بروایان بە هەڵگیرسدانی جەنگی ماڵوێرانکەر هەیە؛ دەتوانم بێژم کە سەردەمی فرەجەمسەری ئاشتیخوازانەتر و سەقامگیرتر دەبێ لەوەی کە لە سی ساڵانی رابردوودا بینراوە. دڵنیام رۆژئاوا و ئەمریکا بە ئاسانی رازینابن بەو وەرچەرخانە. بەڵام حیکمەتی چینی و هاوکاریی وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ چین، لە رادەی خەتەریی و گژانێیەکانی وەرچەرخانەکە Transformation کەمدەکەنەوە.  دەتوانم یەک رستە بکەم بە بەڵگەی ئەو ئارگەمێنتەم. چین لە هەموو وڵاتانی دونیا ئامادەترە بۆ گۆڕانکارییە جیاوازەکانی دەیەی سێیەمی سەدەی ٢١، تەنانەت گۆڕانی کەش و هەوا و پاراستنی ژینگەی دونیاش. وەکو کورمانج دەبێژن: بڵا ئەم ل بەندا بن و بنێرن کا چ دبە.

 

 

بەشکردن: