دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئابوری؛ چی کارەساتێک ماوە دەوڵەت بەسەرمان نەهێنێت؟
د. نیاز نەجمەدین
دەوڵەت لە هەموو شوێنێکی ژیانماندایە. شتێک نییە دەستی بۆ ببەیت و دەوڵەتت لێ راست نەبێتەوە. دەوڵەت هەموو شتێکە و نیو هێندەی ئەو کارەساتانەی بەسەری هێناوین، ژیانی باش و خۆش نەکردووین.
دەوڵەتێکی پارچە پارچە و شەق و شڕ لە پەنجاکانی سەدەی بیستەوە تا ئەمڕۆ کانگای کۆدەتا و ململانێ زیاتر نەبووە، خۆی سەرئێشە بووە لە بری ئەوەی كێشە چارەسەر بکات. یەک ملیۆن کەس (کە دەیکردە لە 20%ی هێزی کار) دەوڵەت لە کۆتایی هەشتاکاندا کردنی بە سەرباز و دواتر سەقەت و سقوتیکردن و ناردینەوە بۆ ماڵەوە. ئەویش بوو نزیکەی 250 هەزار کەسی کردبوو بە سیخوڕ بەسەرمانەوە.
ئیشە سەقەتەکانی حکومەتی تازەش، خەڵکی کردووە بە ژێر قەرزی یەکی نزیکەی 3-4 هەزار دۆلارەوە، دواتر هەڵئاوسان دروست دەکات تا لەسەر حسابی خەڵک قەرزەکانی بداتەوە.
نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لە عێراقدا لە ژێر تەمەنی پێنج ساڵانەوەن و نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس لە ریزی بەساڵاچوانن. ژمارەی منداڵ و بەساڵاچوانیش لە هەرێمی کوردستاندا هێجگار زۆرن. یەکەمیان بەرەو خوێندن و دواتریش بازاڕی کار هەنگاو دەنێن و دوومیان جەنگ و جینۆساید و گەمارۆی ئابووریی ماندووی کردوون و دەیانەوێت دوا وێستگەی ژیانیان کەمێک ئاسودە بژین، کەچی حکومەت سەرقاڵی بیرە نەوتەکان و ململانێ مەزهەبیی و حزبییەکانێتی.
دەوڵەت نەبوایە، چۆن 10-12 ملیۆن عێراقیی دەکەوتنە ناو چاڵی رەشی هەژارییەوە؟ بۆچی جارێک نەمانبینی باڵادەستێکی دەوڵەت لەسەر هەژارێک دەربکرێت؟ بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت چی تر دەکەن جگە لەوەی دەبن بە دەمڕاستیان تا لەسەر گیرفانی بەتاڵی هەژاران گیرفانی خۆیان پڕ بکەن؟
دەوڵەت نەبوایە، چۆن 10-12 ملیۆن عێراقیی دەکەوتنە ناو چاڵی رەشی هەژارییەوە؟ بۆچی جارێک نەمانبینی باڵادەستێکی دەوڵەت لەسەر هەژارێک دەربکرێت؟ بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت چی تر دەکەن جگە لەوەی دەبن بە دەمڕاستیان تا لەسەر گیرفانی بەتاڵی هەژاران گیرفانی خۆیان پڕ بکەن؟
کێی تر جگە لە دەوڵەت نزیکەی لە 14٪ی دانیشتوانی عێراقی توشی شەکرە و لە 30٪ توشی فشاری خوێن(زەخت) کرد؟ کوا کورتەباڵایی و مەرگی دایکان لە کاتی منداڵبووندا بوون بە مەراقی دەستڕۆشتووانی دەوڵەت؟ ئەو هەموو خاوەن بڕوانامە ناڕۆشنبیر و کەم توانایە کێ خستنییە بازاڕەوە جگە لە دەوڵەت؟
تۆ بە تەمایت لە هەژاریی و بێکاریی رزگارت ببێت، تواناکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەتدا باشتر ببێت، سەرچاوەکانت باشتر بخرێنەگەڕ و سامان کەڵەکەتر ببێت، ئاستی بەکاربردنت بەرزتر بکەیتەوە بەوەی دەوڵەت لە کون و قوژبنی ماڵەکانیشتدا ئامادەیی هەبێت؟ نەیخۆیت تاڵە.
هەموو ئەوانەی سەرەوە بۆچون و رەخنەکانی لیبڕالیستێکە کە بۆی بکرێت ناهێڵێت دەوڵەت هیچیتر بکات جگە لە پاسەوانی خاوەندارێتیی تایبەتیی و کێبڕکێ (ئازادکردنی بازاڕ) و نایەوێت ببێت بە رێنماییکاری تاک. بەڵام ئەم بیرکردنەوانەی لیبڕاڵیستەکان و نیۆلیبڕاڵیستەکان (نیۆکلاسیکەکان) لە کوێوە هاتن و چی بە ئاڵتەرناتیڤ دەزانن؟
ساڵی 1776 کاتێک ئادەم سمیث بیروبۆچونەکانی تاکخوازیی لە کتێبی “سامانی نەتەوەکان”دا کرد بە تیۆرییەکی مەحکەم، دەرەبەگەکان هەزار و یەک فێڵیان بۆ رووتاندنەوەی جوتیاران بەکاردەهێنا و هیچیان بۆ نەهێشتبوونەوە جگە لەوەی گوزەرانی خۆیان وەک بەشی ئیلاهیی سەیر بکەن. یەکەم ئیش سمیث کردی ئەوە بوو تێگەیشتن لە کۆمەڵگە و نەهامەتییەکانی بگێڕێتەوە بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لەوە دەربازیان بکات ببەسترێنەوە بە پلانێکی پێشوەخت بڕیارلەسەردراو. دووەم هەنگاوی ئەوە بوو رەخنەی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆی بکات، پاشان چآرەسەر بخاتەڕوو.
بۆ سمیث، کێشەکە ئەوە بوو تاک دروست نەبووبوو، ددانپێدانراو نەبوو، بەڵکو دەیان و سەدان بەربەستی خرابووە بەردەم. ئەوەی هەبوو مەزهەبپەرستیی و کڕنوشبردن بوو بۆ خاوەن موڵکەکان. سمیث دەیویست تاک لەم زۆنگاوە دەربهێنێت. ئەو وایدەبینیی مرۆڤ خۆی روبەڕووی حەز و ئارەزوو و پێداویستییەکی لە بن نەهاتوو بووەتەوە و لەولاشەوە سەرچاوەکانی دەگمەنن و توانا(کاپاستی)ی بەرهەمهێنانی سنوردارە. بەپێی هەبوونی سەرچاوەکانی، تواناکانی دەخاتەگەڕ تا زۆرترین حەز و ئارەزووی تێر بکات. حەز و ئارەزووەکانی، سەرچاوەکانی، لەگەڵ تواناکانی کەفیلی ئەوەن بە عەقڵانیی بڕیار بدات و بژاردەکانی بکات: بخوێنێت یان ئیش بکات؟ ئیش بۆ حزبێک یان کۆمپانیایەک بکات؟ شوو بکات یان کچی ماڵ بێت؟ پارەکانی بۆ جێهێشتنی وڵاتە ناسەقامگیرەکەی تەرخان بکات یان شوقەیەک بکڕێت و لێی دانیشێت و خۆی و بەختی، یان گاڵ دەهێنێت یان پەموو؟ بە کورتیی مرۆڤ بایی ئەوەندە عەقڵی هەیە بزانێت کام زەمیلەیە لە کاڵا و خزمەتگوزاریی بۆی گرنگترن لە زەمیلەیەکی تر و دەیگەیەنن بە زۆرترین ئاستی تێربوون و چێژبینین.
لە بری ئەوەی تواناکانی مرۆڤ لە ململانێی حزبیی و بۆ خزمەتی ئەم دەستە و ئەو دەستەی بەرپرس دژی ئەویتریان بخەینەگەڕ، بەشێوەیەک تەرخان دەبن چارەسەری کێشەکانی خۆی و کۆمەڵگەکە بکات. ئەم ئاستە مانای ئەوەی خەڵکێکی زۆرتر لە کرێچێتیی رزگاریان دەبێت، توانای ئەوەیان دەبێت جلی مارکە بکڕن، یان رێ بگرن لەوەی مشک و جرج و سیسرک بە تەوالێت و ژووری نوستن و مەتبەخیاندا هاتوچۆ بکەن
مرۆڤ ئیدراکی بەوەش هەیە کە ناتوانێت بە خێرایی بەرەو سەرووتر شەقاو هەڵنێت و زەمیلەیەکی گرانتر بکڕێت. ئەشزانێت ئەگەر دوو شمەکی کڕیی، لە بەرامبەریدا دەبێت واز لە یەک دوو شمەکی تر بهێنێت، چونکە بەئاگایە لەوەی لایەنی خستنەڕوو (کار، زەوی، سەرمایە، هتد) لە ئاستێکدا نین دەرفەت بدەن بە کەیفی خۆی بکڕێت و بفرۆشێت. ئەوە راستە بە سروشت حەزدەکات بە پەیژەی داهاتدا پلە بە پلە سەرکەوێت تا بگاتە ئاستێکی تێربوونی بەرزتر، بەڵام بەربەستی هەیە. تۆ ئازادی بکە و بیپارێزە، ئەو خزمەتی خۆی و نیشتمانەکەی دەکات، هەڵەکانیشی بەسەریدا تێناپەڕن و باجەکەی دەدات، بۆ نموونە کاتێک بیەوێت زۆرتر لە تواناکانی خۆی خەرج بکات و خۆی بخاتە ژێر قەرزی زەبەلاحەوە. گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا فێردەبێت بە تێچوویەکی کەمتر زەمیلەیەکی دەوڵەمەندتر بەرهەمبهێنێت و بکڕێت، ئاستی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی بگەیەنێت بە ترۆپک.
بەرزترین ئاستی بەکاربردن و بەرهەمهێنان واتای ئەوە نییە تەواوی کۆمەڵگەکان، بۆ نموونە هەرێمی کوردستان و عێراق، دەتوانن ژیانێکی ئەمریکییانە بژین. نەخێر، تەنها ئەوەیە بەپێی بڕی سەرچاوەکانی بەردەستمان، لەگەڵ تواناکانی خۆمان و ئارەزووەکانمان، دەگەین بە بەرزترین پلەی بەرهەمهێنان و بەکاربردن لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا، ئەمەش واتای ئەوەی سەرچاوەکانمان بە باشترین شێوە خستووەتەگەڕ. سەرچاوەکانمان وەک چی؟ وەک مرۆڤ. لە بری ئەوەی تواناکانی مرۆڤ لە ململانێی حزبیی و بۆ خزمەتی ئەم دەستە و ئەو دەستەی بەرپرس دژی ئەویتریان بخەینەگەڕ، بەشێوەیەک تەرخان دەبن چارەسەری کێشەکانی خۆی و کۆمەڵگەکە بکات. ئەم ئاستە مانای ئەوەی خەڵکێکی زۆرتر لە کرێچێتیی رزگاریان دەبێت، توانای ئەوەیان دەبێت جلی مارکە بکڕن، یان رێ بگرن لەوەی مشک و جرج و سیسرک بە تەوالێت و ژووری نوستن و مەتبەخیاندا هاتوچۆ بکەن، بگرە پشیلە و سەگ و باڵندەکانیان کەمتر بێ ناز دەبن، دڵیشیان لە مشتیاندا نابێت کاتێک بە ئوتومبێل تا شارێکی تر سەفەر دەکەن. چیتر؟ کەس لە کەس زیاتر یان کەمتر سەیر ناکرێت بەو هۆیەوە سەر بە هۆز و عەشیرەتێک/حزبێکی بەهێزترە لەویتر. ئەو چەترەی حزب و حکومەت بۆ سەرمایەگوزارەکانی خۆیان هەڵیانداوە، دەشکێت و سێبەرەکە لە پڕوپوچ و بێ مەعریفەتەکان تێکدەچێت، عەشیرەتەکانیش منداڵەکانیان لەسەر عەشق و سێکس سەرنابڕن. کاتێک ئەمانە روویاندا، قۆناغ بە قۆناغ دەتوانین بگەینەوە بە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان. خۆشبەختانە، پرۆسەی گەیشتنەوە وەک جاری جاران خاو نییە و کاتی زۆر ناوێت. لەم سەردەمەدا دەکرێت هەنگاوەکانمان گەورەتر و خێراتر بن و زووتر پێیان بگەینەوە.
بەم واتایە، بازاڕێک کە پڕە لە شیعری سارد و سڕ، لە رۆمانی بێ تەکنیک و بێ ناوەرۆک، لە موزیکێک کە نە کەس دەخاتە سەما و نە کەس ئارام دەکاتەوە، لە شانۆ و فیلمێک کە ئەکتەرەکانی بێ رۆحن و میکانیکییانە نمایش دەکەن، لە میوەفرۆش و کوتاڵفرۆشی قۆڵبڕ، لە بەدبەختیی بەشێوەیەک هەستدەکەیت بچیتە سەر سیروان وشک دەکات، هۆیەکی تری نییە جگە لەوەی کۆمەڵگە و دەوڵەتەکەی ئازادییان بە تاکەکانی ڕەوا نەبینیەوە، دەرفەتیان پێ نەبەخشیون شوێن بەرژەوەنیی و ئارەزووەکانیان بکەون و ئەو دەگمەنییەی تیایدا دەژین تێپەڕێنن، باسی ئەوەش ناکەم پاڵپشت نین بەڵکو مەترسیین بەسەرتەوە. تۆ بڵێیت چی حکومەت لە ناکاودا باج لەسەر بەرهەمەکانت دادەنێت و ناهێڵێت پلانی خۆت جێبەجێ بکەیت؟ چی خەتایەکی تۆی تێدایە کە ناهێڵن بە مەبەستی کارکردن و خۆژیاندن لە شارۆچکەکەتەوە رووبکەیتە شار؟
ئازادکردنی بازاڕ (واتە ئازادکردنی خواست و خستنەڕوو، کڕیار و فرۆشیار) و پاراستنی موڵکایەتیی تایبەتیی بۆ خۆی لە بەرژەوەندیی گشتیی، دەسەڵات دابەش دەکاتەوە. ریچارد ۆڵف لە کتێبی (Contending economic Theories) زۆر بەباشیی ئەوە روون دەکاتەوە کە مەبەستی نیۆکلاسیکەکان لەمە ئەوەیە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، مرۆڤ پتر لە هەر شتێک لە کۆنتڕۆڵکردن و هەیمەنەی بەسەر نرخ و کرێی کاردا، دەسەڵات وەردەگرێت. ئازادکردنی بازاڕ و پاراستنی موڵکایەتیی تایبەتیی لێدانە لەم دەسەڵاتە. لە بازاڕدا، هێندە فرۆشیار پەیدا دەبن هیچ یەکێکیان نەتوانێت بە تەنها نرخ دابنێت و بیسەپێنێت، نەشتوانێت کرێی کرێکار دەستنیشان بکات، یان نرخی بەرز و کرێی کاری کەم دابنێت. بەو هۆیەوە خاوەندارێتیی تایبەتیی پارێزراوە، کەس بۆی نییە موڵکی کەسێکی دیکە داگیر بکات، بە زۆرەملێ خۆی بکات بە خاوەنی، یان بە شەق پشکێکی لێ وەرگرێت. نەبوونی ئەمانەش وادەکات سەروەت بە کەیفی فرۆشیارەکان نەچێتە دەستیان، بەکاربەرانیش لە بەرزترین ئاستی تێربووندا دەبن مەگەر کەسێک بە ویستی خۆی حەزبکات زیاتر خەریکی شاخەوانیی و سەیران و گەڕان بێت (واتە کاتی حەوانەوە) وەک لە کارکردن. کێبڕکێ خۆی وادەکات بە تێپەڕبوونی کات نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانمان دابەزێت و کوالتیان باش ببێت.
جگە لە سەرمایەداریی، کام سیستمی تر هێندە رێزی حەز و ئارەزووەکانمان دەگرێت و چارەسەری دەگمەنیی سەرچاوەکانمان دەکات؟ لای لیبڕاڵیست و نیۆلیبڕاڵیستەکان، سەرمایەداریی سەمفۆنیایەکی هەستبزوێنە کە دەشێت جاروبار نەشازێکی تێکەوێت، کەسێک یان چەند کەسێک لە ریتمی میلۆدییە نوسراوەکە لابدەن و ناهاڕمۆنییەتێک (ناهاوسەنگییەک) دروست بکەن، بەڵام تەنها گرفتێکی کاتیی دەبێت و زۆر بە زوویی لە هەڵەکانیانەوە فێردەبن و خۆیان رێک دەخەنەوە دەنا لە بازاڕ دەردەکرێن. ئیدی پێویست بەوە ناکات هاوهو لە سیستمی نۆتە و نوسینەوەی میلۆدییەکان بکرێت و داوای دەستوەردان و چاکسازیی و گۆڕینی بکرێت.
ئەزموون و تیۆریی سەلماندی کە ناکرێت چی موڵکی گشتیی هەیە بکرێت بە موڵکی تایبەتیی و ملکەچی یاسای خواست و خستنەڕوو بکرێت. هەموو شت بۆ فرۆشتن نییە، بەتایبەت کە لە پشتی بیرۆکەی بازاڕی ئازادەوە، تاڵانکردن خۆی شاردووەتەوە.
چی لەمە باشترە؟
کە ئاوا سەیری دەکەیت، بە خۆت دەڵێیت “هیچ!”. ئەسڵی بیرۆکەکە زۆر جوانە. لەو سەردەمەدا دەسەڵاتی دوو توێژی مشەخۆری وەک قەشە و دەرەبەگ بە چی لاواز دەکرا ئەگەر دەسەڵاتی زیاتر بە تاک نەدرایە؟ بۆ ئێمەی کورد، تیۆریی لیبڕاڵیزم یارمەتیمان دەدات لە مێژووی خۆمان و ئێستامان تێبگەین، بزانین دەوڵەت لە کوێدا بەربەستی گەشەسەندن بووە، تەنانەت دەستنیشانی بکەین تا چەند ئەدەب و هونەر لە ژێر کاریگەرییدا بوون.
کێشەکە ئەو کاتە دروست دەبێت لە داخی فیۆداڵیزم و مەزهەبپەرستیی، یان لەتاو سیستمێکی گشتگیری دیکتاتۆریی کە خۆی بە سۆشیالیزم یان ئیسلامیی ناساندووە، تۆ بێیت و باوەش بۆ لیبڕاڵیزم بکەیتەوە و لەناویدا بتوێیتەوە لە کاتێکدا دەنگی ناڕەزایی و رەخنە لە سەرتاسەری جیهاندا بە روویدا بەرزکراوەتەوە.
رەخنەگرتنی قوڵ لە لیبڕالیزم و نیۆلیبڕالیزم، بەتایبەت لە گۆشەی کینزەوە، جێدەهێڵم بۆ کاتێکی تر. لێرەدا بە سادەیی چەند سەرنجێک دەخەمەڕوو.
یەکەم، ئەزموون و تیۆریی سەلماندی کە ناکرێت چی موڵکی گشتیی هەیە بکرێت بە موڵکی تایبەتیی و ملکەچی یاسای خواست و خستنەڕوو بکرێت. هەموو شت بۆ فرۆشتن نییە، بەتایبەت کە لە پشتی بیرۆکەی بازاڕی ئازادەوە، تاڵانکردن خۆی شاردووەتەوە. ئەزموونی قەیرانی ئابووریی ساڵانی 1929-1933 و دوو دەیەی پێشوو سەلماندیان کە ئابووریی لە خۆیەوە و بێ دەستوەردان و رۆڵی دەوڵەت هاوسەنگ نابێتەوە. کینزیش لە رووی تیۆرییەوە سەلماندی شیکاریی کلاسیک و نیۆکلاسیک رەچاوی کاریگەریی ماکرۆی لەسەر تاک و بازاڕ نەکردووە.
دووەم، بازاڕی ئازاد دەشێت داهات و دەرفەت نادادپەروەرانە دابەش بکاتەوە، ئەم دەکات بە ئاسماندا و ئەو بە ژێر زەوییدا، بەتایبەت کە لەبەردەم هیچ کڕیار یان فرۆشیارێکدا زانیاریی پێویست بەردەست نییە. پلان و بڕیاریش بەبێ زانیاریی شکست دەهێنێت. نەبوونی زانیاریی پێویست وادەکات روبەری ئیستیغلال لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا فراوان بێت. سێیەم، سیستمی سەرمایەداریی تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو لەوەدا تاک لە ئینتیما بچوکەکانی وەک مەزهەب و عەشیرەت و ناوچە رزگار بکات، بەڵام ئینتیمایەکی تری بۆ دروست کرد کە بریتییە لە ئینتیما بۆ چینێک. لێرەشەوە دەوڵەمەندیی بوو بە خەونی زۆرینە و ملیۆنان مرۆڤ فریویان خوارد، بەردەوامیشن لەسەر ئەوەی تاو ناتاوێک مایەپوچ ببن و بڕوخێن، ملیۆنان مرۆڤیش لە پێناوی دەوڵەمەندبووندا ئەوەی نەشێت بە مرۆڤایەتییان کرد بە پیسبوونی ژینگەشەوە. ئەگەر نەکەوتیتە بەرەی سەرمایەدار و باڵادەستەوە، بەناچاریی دەبێت دژی ئەم چینە بیت و شۆڕش لە دژیان بکەیت. لێرەشەوە هەتاوی ئارامیی و سەقامگیریی دیسانەوە ئاوا دەبێت.