گەڕانەوە بۆ سۆشیالیزم؟ نوێکردنەوەی مارکسیزم

د. نیاز نەجمەدین

گەڕانەوە بۆ سۆشیالیزم؟ مارکس و مارکسیزم لە سێ سەدەدا

بەشی چوارەم/ نوێکردنەوەی مارکسیزم (بۆ خوێندنەوەی هەر چوار بەشەکە پێکەوە کرتە لێرە بکە) 

سۆشیالیزم لە رووی تیۆرییەوە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە نایەکسانیی سەروەت و دەسەڵات و ناسەقامگیریی ئابووریی. بۆ ئەم مەبەستە، تەواوی بوارەکان (دەروونناسیی، کۆمەڵناسیی، زانستیی سیاسەت، زانستیی ئابووریی، هتد) بەسەردەکاتەوە و بەشدارە لە گەشەپێدانیان، کاریگەریشە پێیان. ئەگەرچی دەیان و سەدان پسپۆڕ و شۆڕشگێڕ کاری تێدا کردووە، دواجار مارکس هێندە پێوەی ماندوو بوو، هێندەش شتی نوێی خستەسەر، میتۆدەکە لەسەر مارکس تۆمار کراوە و بە مارکسیزم ناسراوە زیاتر لەوەی بە سۆشیالیزم بناسرێت (من مارکسیزم و سۆشیالیزمم لەم وتارانەدا لە شوێنی یەکتر بەکارهێناوە).

بەڵام وەک ریچارد ۆڵف ئاماژەی پێکردووە، مارکسیزم کورتناکرێتەوە بۆ یەک تیۆریی، بەڵکو چەندان تیۆریین. توێژەرێک بیەوێت لەسەر مارکسیزم کار بکات، ناتوانێت دەمودەست رستەیەکی مارکس، یان تیۆرییەک بهێنێت و بڵێت: ئەوەتا، سەیرکەن مارکسیزم چەند خراپە باوەڕی بەوە هەیە بە کوشتن و شۆڕش دنیا بگۆڕن. یان بڵێت مارکس بەرپرسی دروستبوونی یەکێتیی سۆڤێتە و هەمووانیش دەزانن یەکێتیی سۆڤێت چیی بە مرۆڤایەتیی کرد!. یان بێت و بڵێت “مارکس باوەڕی بە حەتمیبوونی ئابووریی(economic determinism) هەیە، واتە هەموو شت بنەماکەی ئابوورییە و ئەوانی تر سەرخانن”. ئەم بۆچونانە دەیخاتە هەڵەوە، لای کەم لەبەرئەوەی تیۆرییەکە وەستاو نییە، بەڵکو داینەمیکییە و قۆناغی نوێی بەخۆوە دیوە.

ئەپدەیتی مارکسیزم لە نێوان سەدەی بیست و بیستویەکدا

لە سەدەی بیستدا، مۆدێلی سۆڤێتیی و مۆدێلی چاینیی بۆ سۆشیالیزم گورزێکی جەرگبڕیان لە تیۆری ئابووریی مارکسییدا. لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، هێرشێکی فرەلایەنی کرایەسەر. دیارترین ئەو هێرشبەرانەش فریدریک هایەک و میڵتن فرێدمان بوون (بڕوانە: نیاز نەجمەدین، کتێبی کێ چارەنوس دیاری دەکات؟). هەڵەی سۆشیالیستەکانی سۆڤێت و چاینا پاساوی خستە دەستی نەیارانی و سەرکەوتووانە دەنگی مارکسیزم/سۆشیالیزمیان سەرکوتکرد. ریچارد ۆڵف زۆر بە دوورودرێژی باسی ئەوە دەکات چۆن لە سەدەی بیستدا لە ئەمریکا تیۆرییە مارکسییەکان خرانەلاوە و میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکان و بڕیاربەدەستان پێکەوە مارکسییبوونیان وەک شەرم و مەترسیی دەناساند. هەمان شتیش لە عێراق  وهەرێمی کوردستان روویاندا. ئەگەر سەردەمێک شیوعییبوون شانازیی بوو، ئەوا لە 30-40 ساڵی رابردوودا هیچ هێزێکی تر هێندەی شیوعییەکان نەخرانە پەراوێزەوە. لەم پەراوێزخستنەشدا، خۆیان رۆڵی گەورەیان بینی. بەدەستێک لە رووی تیۆرییەوە شتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەدەکرد یارمەتیمان بدات لە رابردوو و ئێستا و داهاتوومان تێبگەین. بەدەستەکەی تر هەڵوێستی سیاسیی و شۆڕشگێڕییان سەرنجڕاکێش نەبوو، لەولاشەوە کەوتنی یەکێتیی سۆڤێت توشی شۆکی کردبوون.

سەرباری فشاری هەمەچەشنە لەسەر سۆشیالیستەکان و لاوازییەکانی خۆیان، هێشتا لە سەدەی بیستدا ئابوورییناسانی مارکسیی بەتایبەتیی و ئابوورییناسان و فەیلەسوفان بەگشتیی بەردەوام بوون لە کارکردن و پێداچوونەوەی فرەلایەنی تیۆرییەکە. پۆل سویزی (Paul Sweezy) و پۆڵ باران (Paul Baran) و جۆن رۆیمەر (John E. Roemer) و کۆهین (G.A.Cohen) لە قەڵەمە دیار و بییرە قوڵەکانی ئەم بوارەن کە لە زۆر لەو باسانەی دەربارەی ئابووریی مارکسیی دەکرێنەوە، دێنەوە پێشەوەی گفتوگۆکان. کتێبی مارکسییەک نییە هەڵیبدەیتەوە و باسی ‘ئیستیغلال’ نەکات. رۆیمەر ورد و قوڵ ئەم باسە بەسەر دەکاتەوە. پرۆفیسۆر ریچارد ۆڵفیش بە یەکێک لەو ئابوورییناسە مارکسییانە دانراوە کە بەشداریی هەیە لەوەی دەرە-حەتمیبوونی ئابووریی (Economic overdetermination) بخرێتە شوێنی حەتمیبوونی ئابووریی. سەرباری فراوانیی دونیابینییەکەی، لای من نوسینەکانی زۆر قوڵ نین، نوسەرێکیشە تاقەتی دانانی سەرچاوەی نییە و باش نییە لەوەدا چوار لێکۆڵەری بوارەکەت پێ بناسێنێت.

خۆنوێکردنەوە لە چییدا؟

ئابووریی مارکسیزم، یان سۆشیالیزم، با لەسەر مارکسیش تۆمار کرابێت، خۆ ناکرێت کەس هیچی لێ نەبڕێت و هیچی نەخاتەسەر. ئەگەر وانەبێت، ئەوا ئەم تیۆرییە پەکی دەکەوێت و شتێکی نوێ بەرهەمناهێنێت.

یەکێک لە ئەپدەیتەکانی بەشێك لە مارکسییەکانی کۆتایی سەدەی پێشوو و ئەم سەدەیە، وەک ریچارد ۆڵف دەڵێت، ئەوەیە لە دوای لویس ئاڵتۆسێری فەیلەسوفی مارکسیی فەڕەنسییەوە حەتمییبوونی ئابووریی تەڵاقدا. ئەمەش گۆڕانێکی گەورەی بەسەر میتۆدەکەدا هێناوە و لەوەدا زیاتر پێشوازیی بکرێت، خزمەتی دەکات. لە میتۆدە کۆنەکەدا، تۆ ئابووریت هەیە و کار لە هەموو شت دەکات. لە میتۆدە نوێکەدا تۆ ئابوورییت هەیە وەک یەکەیەکی کارلێکراو و کارتێکەر.

ئەپدەیتێکی تر دوورکەوتنەوەیە لەوەی یەکێتیی سۆڤێت لەسەر سۆشیالیزم ببێت بە ماڵ. لە مۆدێلی یەکێتیی سۆڤێتییدا، قۆناغی یەکەم دەستگرتنە بەسەر دەوڵەتدا، کە پێی دەڵێن سۆشیالیزم. لەم قۆناغەدا، سەرمایەداریی و سۆشیالیزم وەک دوو رووباری تێکەڵنەبوو پێکەوە دەجوڵێن. دەوڵەتە سۆشیالیستییەکە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی شەپۆلی بەهێز و رووباری سەرمایەداریی دەکات بە هەڵم و هەڵیدەمژێت، سەرکەوتووانە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی جیهانیی دەچەسپێت. بەڵام مۆدێلەکەی یەکێتیی سۆڤێت نەیتوانی مەسەلەی چینایەتیی لەناو ببات، بەڵکو تەنها فۆڕمەکەی لە سەرمایەداریی کۆمپانیاکانەوە گواستەوە بۆ سەرمایەداریی دەوڵەت و سۆشیالیزمی لەکەدار کرد.

سۆشیالیزم، لای کەم لای ریچارد ۆڵف و پشتیوانانی، ناکۆکیش نییە لەگەڵ دیموکراسیی. وەک پێشتر وتم، رەخنەکە ئەوەیە دیموکراسیی تامی راستەقینەی خۆی نادات و ئەویش ئیستیغلال دەکرێت. یەکەم کێشە ئەوەیە دیموکراسیی لە هەڵبژاردن و سیاسەت بۆ بوارەکانی تر ناترازێت. بۆ نموونە، لە شوێنی کاردا دەبێت پرس بە کرێکار/کارمەندەکە بکرێت چۆن دامەزراوەکە بەڕێوەببڕیت و کێ بۆ کوێ شیاوە، چۆن داهات و قازانج دابەش بکرێن و بۆ چی بوارێک بێت. بەڵام ئەمە زۆر کەم روویداوە و شتێک نییە تەواوی دامەزراوەکانی گرتبێتەوە. ئەسڵەن تێگەیشتنی باو ئەوەیە “خەڵک کەم عەقڵ و کورتبینن، پرسیان پێ بکەیت شتەکە دەشێوێنن. خەڵک خۆیان شایستەی دیکتاتۆرن”. بەکورتیی، دیکتاتۆریی ئابووریی ناهێڵێت دیموکراسیی سیاسیی کار بکات. دیموکراسیی پاکیجە، لەت لەت ناکرێت. بەبێ دیموکراسیی ئابووریی، دیموکراسیی سیاسیی لەوە تێناپەڕێت فریای بڕیاربەدەستی سیاسیی ئەم حزب و ئەو حزب بکەوێت، یان ئەم سەرمایەدار سەرخات و ئەویتر بخات. بۆیە دەبینیت زۆرێک لە سەرمایەدارەکان پتر دڵخۆشن بە هەڵبژاردنەکان و وەبەرهێنانی سیاسیی لەسەر دەکەن، زۆرێک لە کەمدەرامەت و داهات مامناوەند پشتیان تێکردووە و بایکۆتی دەکەن. ئەم تەوژمە سۆشیالیستییە پلاتفۆرمێکیان دروست کردووە بەناوی دیموکراسیی لە شوێنی کاردا (democracyatwork.info).

سۆشیالیستە کۆنەکان وێنای کۆمۆنیزمیان وەک بەهەشت دەکرد. بەشێک لە سۆشیالیستە نوێکان لەمەشدا هەنگاوێکیان ناوە و روون و رەوان ددان بەوەدا دەنێن کە گرەنتیی کۆمەڵگەیەکی بێ کێشە ناکەن. وەک ۆڵف دەڵێت، دەشێت خەڵكی کارنەکەر و بێبەرهەم لە کۆمۆنیزمیشدا بمێنێتەوە، بەڵام لەوە تێناپەڕێت دەنگێک بێت لە دەنگەکان، لە بری ئەوەی وەک سیستمی سەرمایەداریی پوچترین کەس قورسترین دەنگی هەبێت. گرنگ ئەوەیە، کۆمۆنیزم دەتوانێت گورزێکی گەورەتر لە نایەکسانیی بدات و سەروەت و دەسەڵاتی مرۆڤەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە. گرنگتر، پرس و را و پلانی هاوبەش فێرمان دەکات ژینگەمان خۆشبوێت، خۆشەویستتر لە  گەشەی ئابووریی (زیادبوونی داهات و سەروەتمان).  ئیدی خاوێنیی گەشەی ئابووریی، واتە ئەوەی ژینگە پیسکەر نەبێت، سەنتەری بیرکردنەوە و پلانەکانمان دەبێت و شوێنی مەسڕەفگەریی دەگرێتەوە و رۆحی قوربانیدانیش بەهێزتر دەبێت، لای کەم لەبەرئەوەی دڵەڕاوکێی ئەوەی نابێت خۆشبەختییەکان بۆ ئەو نابن. کەواتە پێشبینیی مەکە کۆمەڵگەی نوێ بەهەشتێکە بۆ خۆی و پێکەنینی منداڵ و گەنج و بەساڵاچووان رۆژەڕێک دەڕوات و نابڕێتەوە. بەپێچەوانەوە، ناتەبایی نوێ سەرهەڵدەدەن، بەڵام دەستکەوتی گەورەشی هەیە.

چیتر بۆ مارکسییەکان پێویستە؟

دەشێت تەوژمی ‘دیموکراسیی لە شوێنی کاردا’ ئەوەی لەبەرچاوگرتبێت کە سیستمەکە ناتوانرێت لە شەو و رۆژێکدا هاڕڕە بکات، بۆیە دەبێت پرۆژەیەکی تر هەبێت لەم نێوەندەدا. بە رای من، سۆشیالیستەکان دەبێت پرۆژەیەکیان هەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: ئەوە چوار سەد ساڵێکە سەرمایەداریی دەستیپێکردووە. ئەگەر روخاندنی سەرمایەداریی سەد ساڵی تری پێچوو، چی بکەین؟ وەزیفەکەمان هەر ئەوە بێت بیڕوخێنین و تا ئەو کاتەش قوڕ بکەین بەسەرماندا لە داخی ئەوەی مەرگی سیستمەکە زۆری پێ دەچێت؟ نەخێر. دەبێت میتۆدەکەیان لەوەدا باشتر ئەپدەیت بکەنەوە بەشێوەیەک بەدەستێک بۆ زەمەنی ژیان لە سەرمایەدارییدا بگونجێت و هێندە خەمبارانە تەماشای سیستمەکە نەکەن. بەدەستەکەی تریش پلانێک بێت بە کەمترین زەرەر لە سەرمایەداریی رزگارمان بێت ئەگەر بڕیارە ئەوان پێشەنگی ئەم وەرچەرخانە بن و ئەگەر وای دابنێین هیچ نەبێت ئەگەرێک هەیە سیستمەکە بگۆڕێت، دەنا زەرەر سەری مایەکەش دەخوات.

تەوژمی ‘دیموکراسیی لە شوێنی کاردا’ داوای ئەوە دەکات پرس و را ببرێتە شوێنی کارەوە. ئایا سۆشیالیستەکان خۆیان پرس و را لە نێوانیاندایە لە کاتێکدا داوا دەکەن سەرمایەداریی پرس و را بباتە شوێنی کارکردنەوە؟ گومانم هەیە. ئەی چۆن پرس و را گەڵاڵە دەکەن و پلانێکی باشی لێ دروست دەکەن، جا ئەمڕۆ لەناو خۆیاندا بێت یان سبەی لە دوای سەرمایەداریی بێت؟ من لەم بارەیەوە شتێکی ئەوتۆم لە مارکسییەکان نەبیستووە و چارەسەرێکی شیاوم لێ نەبینیون. سەیر دەبێت باسی ئەوە بکەن دنیایەکی باشتر دەهێنن، کەچی خۆیان توانای رێکەوتنێکی گونجاویان لە رووبەرێکی بچوکیشدا نەبێت. لەمەدا، مارکسییەکان، یان سۆشیالیستەکان ئەگەر تۆ حەزت لەو دەستەواژەیەیە، پێویستیان بە بەخۆداچوونەوە و خۆدەوڵەمەندکردنە.

چەند پرسیار و گومانێک دەمێنێتەوە ئاراستەی سۆشیالیستەکان بکرێت.

یەکەم، بە کێ دەڵێن کۆمۆنیست؟ بە کەسێک باوەڕی بەوە هەیە لە توانادایە ئەم جیهانە بگۆڕێت بە جیهانێکی یەک پۆل، یەک چین، یەک کڵاس بەشێوەیەک مرۆڤ بەشدار بێت لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنیشدا.

بە رای من، ئەم پێناسەیە دەبێت دەوڵەمەندتر و گشتگیرتر بکرێت دەنا زۆر کەس دەخاتە دەرەوەی خۆی. ئایا ئیماندار بۆی هەیە کۆمۆنسیت بێت؟ لە نوێکردنەوەی میتۆدی سۆشیالیزمدا، بێگومان ئەوانەی مێشک کراوەن دانانیشن ئیشەکە لە پرۆژەی ‘ئیماندا’ کورت بکەنەوە. ئەی سەرمایەدار بۆی نییە شیویعیی (کۆمۆنیست) بێت؟ ئەگەر بۆی نەبێت، ئەوا ئەم میتۆدە لەم بوارەدا جێی پێکەنینە.

بۆ ئەوەی بزانین سەرمایەدار بۆی هەیە کۆمۆنیست بێت یان نا، دەبێت بپرسین ئایا لە سیستمی سەرمایەدارییدا کێ تاوانبارەکەیە: سەرمایەدارەکە یان شێوازی بەرهەمهێنانەکە؟ ئەم کێشەیە لای مارکسییەکان یەکلا نەبووەتەوە هێندەی من ئاگادار بم. تەنانەت مارکس خۆی قسەی ناشیرین بە سەرمایەدارەکان دەڵێت. لە تێگەیشتنە تەقلیدییەکەدا، سەرمایەدار ‘ئیستیغلالکەر’ەکەیە و کارمەندانیش ‘ئیستیغلالکراو’ەکەن و رۆژێک لە رۆژان ئەم ئیستیغلالکراوانە رادەپەڕن و بە یەکجاریی سەرمایەداران بە شوێنی هەقی خۆیان دەگەیەنن، کە دۆزەخە، و مافی خۆیان وەردەگرنەوە. من ئەم تێگەیشتنە بە هەڵە و سەرچاوەی دابەشبوون دەزانم. تێئەگەم رەنگە پتر سەرمایەدار حەز بکات سیستمەکە بمێنێتەوە، بەڵام توشی هەزار و یەک مەترسیشی دەکات، لەوانە مایەپوچبوون، تەنانەت هەندێکجار ئیستیغلالکردن لە لایەن ستافی خۆیەوە (وەک دزی لێکردن یان گەندەڵیی تر). لە راستییدا تەنها کرێکاریش نییە توشی نەخۆشیی ‘کاڵاپەرستیی” دەبێت لە کاتێکدا خۆی کاڵاکان دروست دەکات. لای کەم، سەرمایەدارانیش توشی نەخۆشیی ‘قازانجپەرستیی’ دەبن. کارمەند و سەرمایەدار بۆی هەیە توشی هەردوو نەخۆشییەکە ببن. هەردوو حاڵەتەکەش نەخۆشییەکە سیستمەکە توشی مرۆڤی دەکات. بەکورتیی، سیستمەکە هانی مرۆڤ دەدات چێژ لە ئیستیغلالکردن ببینێت. دابەشکردنی دنیا بەسەر شەیتان و فریشتەدا، گوایە سەرمایەدار شەیتانە و کرێکار فریشتە، سەرمایەدار ئیستیغلالکەرەکەیە و کرێکار ئیستیغلالکراوەکەیە، پتر دابەشکردنێکە بەوە ناسراوە سەر بە میتافیزیکیا و ئایینە و لە واقعەوە سەرچاوەی نەگرتووە. تەنانەت لەناو شارەزایان و عەقڵمەندانی بواری ئایینشدا هەن ئەوە ناسەلمێنن کە ئایین بۆ باوەڕدارانە و کافران دەسوتێنێت. دوژمنانی گۆڕانکاریی بەرەو باشتر لە تەواوی چین و توێژەکاندا هەر هەن. کەواتە دەکرێت تۆ سەرمایەداریش بیت و پێشت خۆش بیت نادادپەروەرییەکانی سیستمی سەرمایەداریی کۆتایی بێت، یان بەرەو باشتر بگۆڕێت، قوربانیی بدەیت و بەشدار بیت لەوەی شتێکی باشتر بۆ هەمووان دەستەبەر بێت. دەشکرێ کرێکار بیت و دژی سۆشیالیزم بیت.

بە رای من، هیچ کێشەیەک نییە بە خۆت دەڵێیت کۆمۆنیست، مارکسییت، چەپرەو، یان شتێکی تر. دۆستایەتیی و خزمایەتیی تیۆریی باشترە لە دوژمنایەتیی، جا لە نێوان مارکسیی و سۆشیالیستەکان خۆیاندابێت یان بەرامبەر بەوانەی وەک ئەوان بییر ناکەنەوە. ئەم دۆستایەتییە لە لایەک وادەکات رێزی لێکۆڵینەوەکانی یەکتر بگرن، لە لایەکی تریشەوە وادەکات تیۆرییەکانیان لە رەهاییبوون بپارێزن. حەقیقەت پارچە پارچەیە و کۆی حەقیقەت لای کەس نییە. حەقیقەت بەش بەشە، یەک بەش نییە. حەقیقەتی رەها تەڵەیەکە و زۆر کەس تێی کەوتووە، وەک ئەوەی بکوژەکەی خوداناس تێیکەوت.

مەسەلەی شۆڕش و توندوتیژیی باسێکی ترە. گریمان کۆکین لەسەر ئەوەی دەمانەوێت سەرمایەداریی بڕوخێت. ئایا تەنها شۆڕش دەتوانێت سەرمایەداریی لەناو ببات؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا ئەمە ترۆپکی توندوتیژیی ئەم میتۆدە نییە؟ ئایا ئەمە لاوازیی ئەم میتۆدە نییە کە ناتوانێت رێگەیەکی تر بدۆزێتەوە و ببینێت؟ بە رای من بەڵی، لاوازیی ئەم میتۆدەیە، یان لای کەم لاوازیی میتۆدێک لە میتۆدەکانی مارکسیزمە. بە درێژایی مێژووش، ئەوە تەنها شۆڕشی توندڕەوانە نەبووە دنیای بەرەو پێشەوە بردووە.

لەمانەش زیاتر، خوێندنەوەی نوێ سەبارەت بە ئیستیغلال و چینایەتیی و تیۆرییەکانی تری مارکسیزم لە شوێن و کاتی جیاوازدا کاری لە پێشینەیە بۆ مارکسییەکان، کە دەکرێت پاڵێک بە ئوتومبیلە چەقیوەکەیانەوە بنێت. لەم پرۆسەیەدا، کێشانی هێڵێک لە نێوان شۆڕش و راپەڕین و تیۆردا بەپێویست دەزانم. مارکسییەکان تیۆرییەکانیان لەوەدا کورت کردووەتەوە کە تەنها بەرچاوی کرێکاران روون بکاتەوە. ‘کورتکردنەوە’ کاریگەریی خراپ لەسەر پێگە و دەسەڵاتی تیۆرییەکە جێدەهێڵێت. کورتکردنەوەی شتێک، یان تێگەیشتنێک بۆ یەک پنتی بچوک واتای کوشتنی تەواوی رەهەندەکانی تری بیرکردنەوە لە رابردوو، ئێستا و داهاتوو.

پاشان ناکرێت هەرچی سۆشیالیست نەبوو، مانای ئەوەی بەرگریی لە سیستمەکە دەکات. ئەنتی-سەرمایەداریی سەنگەرێکی گەورەترە لە سۆشیالیزم. مەرجی دژایەتی سەرمایەداریی ئەوە نییە کە دەبێت باوەڕت بەوە هەبێت کۆمەڵگەی داهاتوو سەد لە سەد کۆمۆنیزمە و بۆ ئەو مەبەستە تێبکۆشیت. لە راستیدا، نە ئەمڕۆ و نە سبەی، روخاندنی سەرمایەداریی ئەگەر رووبدات تاپۆ نییە بۆ سۆشیالیستەکان. خۆبەدوورگرتن لە مێنتاڵتیی تاپۆکردنی ‘وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیی’ کرانەوەیەکی قەشەنگە بە رووی بیری جیاواز، دەرگایەک بۆ هەمئاهەنگیی دەکاتەوە و دەشمانپارێزێت لەوەی وزەی زیاتر لە دوژمنایەتیی یەکتردا خەرج بکەین. ئامانجەکە ‘تاپۆکردن’ نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی ئیستیغلالە. بێگومان لە هەموو سەردەمێکیشدا زانا و بیرمەندی گەورە دەردەکەون کە سەرمایەداریی هێندە ناشیرین نابینن وەک سۆشیالیستەکان باسی دەکەن، بە سیستمێکی گونجاوی دەبینن بۆ مرۆڤایەتیی و کێشەکە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی سیستمەکە کەموکوڕیی نییە بەڵام لەمپەری بۆ دروست دەکرێت و ناهێڵن وەک خۆی ئیش بکات. ئەمەش دۆخێکی زۆر سروشتییە و ناکرێت بخرێنە خانەی دوژمنانی دادپەروەریی و ئازادییەوە.

ماوە بڵێم، ئەوەی لە ناوچوو مارکسیزم نەبوو، بەڵکو تیۆرێک یان دووانی مارکسیی بوو. لە رابردوودا و لە زۆر شوێن و کاتدا، ئیشی مارکسییەکان رێک هاوشێوەی ئیشی ئیسلامییەکان وابووە: سۆشیالیزمیان ناشیرین کرد و ناشیرینییەکانیان وایکرد تەمەنی سەرمایەداریی درێژتر ببێتەوە، دواتر هاتن و دەستە چەورەکەی خۆیان بە سەری نەیارەکانیاندا سڕی. لە کۆتاییدا، ترادسیۆنی مارکسیی لە سەدەی بیستویەکدا گۆڕا و خۆی لە تەپوتۆزی سەدەی بیست تەکاند و خەریکە خۆی نوێ دەکاتەوە و بە تام و رەنگێکی نوێوە دێتەوە ناومان. من خوازیارم رەوتە جیاوازەکانی مارکسیی/سۆشیالیستەکانی هەرێمی کوردستانیش هەرچی زووترە بیرکردنەوەکانیان ئەپدەیت بکەنەوە و لەو چەقبەستنەی تیایدان، بێنەدەرەوە و دەنگێکی زاڵتر و ئاوازێکی خۆشتر بچڕن.

بەشکردن: