ئایا سیاسەت پیسە؟
کەمال چۆمانی
باشتر نییە بپرسین ئایا سیاسەت پیسە یا سیاسەتکاران پیسن؟
ئەوانەی دژ بە سیاسەتن، تەنها دیوە تاریکە ماکیاڤیلییانییەکەی سیاسەت دەبینن. مرۆڤ کاتێک بەقوڵی توشی دڵشکانێکی گەورە دەبێ لە سیاسەت، هەوڵدەدات کۆی سیاسەت بە نەفرەت بکا. ناشیرینکردنی سیاسەت، دیدێکی خۆپارێزییانەی سۆفیگەرییانەیە کە ناکۆکە لەگەڵ رۆحە شۆڕشگێڕییەکەی دین و خودی سیاسەت. گوتەیەک دەخەنە پاڵ سەعیدی نورسی کە گوایە گوتویەتی: “أعوذ باللە من الشیطان والسياسة” چونکە سیاسەت پیسە، بەڵام لە راستیدا ئەو کاتەی کە سیاسەت زۆر پیسە، مرۆڤ دەبێ سیاسی بێ و سیاسەت بکات. سیاسیبون یەکێک لە بنەڕەتەکانی جیاکردنەوەی مرۆڤە لە گیانلەبەرەکانی تر. مرۆڤی داهێنەر سیاسەت دەکات تا دونیا جوانتر بکا. خۆ ئەگەر خۆت دوربگری لە سیاسەت، ئەوا یان لەلایەن گەمژەکانەوە حوکمت دەکرێ یا لەلایەن کەسانی گەندەڵەوە. ئەفلاتۆن دەڵێ لەلایەن ئەوانە بەڕێوەدەبرێیت کە کەسانی ئاستنزمن. کاتێک سیاسەت پیسە، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە، تەنانەت دینیشە، کە سیاسەت بکەیت و سیاسیی بیت تا کۆمەڵگا لەلایەن تاکڕەو و گەمژەکانەوە بەڕێوەنەبرێت.
لە گوتارە بەناووبانگەکەی ماکس ڤێبەر “سیاسەت وەک پیشە”، ڤێبەر جیاوازیی لەنێوان دو جۆری سیاسەتمەدار دەکات. یەکەمیان ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بۆ سیاسەت دەژین، و دوەمیشیان ئەوانەی لەسەر سیاسەت دەژین. ئەوەی لە کوردستان هەیە، لەسەر-سیاسەت-ژینە نەک بۆ-سیاسەت-ژین.
پێناسەکردنی سیاسەت قوڕسە. بەڵام من سیاسەت بەو جۆرە پێناسەدەکەم؛ سیاسەت پێکەوەهەڵکردنی بەرژەوەندیی گشتیی و بەرژەوەندیی تایبەتییە پێکەوە. زۆربەی جار بەرژەوەندیی کەسیی و بەرژوەندیی گشتیی لە ململانێدان. سیاسەت دۆزینەوەی روبەرێکە کە بەرژەوەندیی گشتیی و بەرژەوەندیی تایبەتیی پێکەوە هەڵدەکەن. بە دیدێکی مارکسییانە، یا تەنانەت بە دیدێکی دینییانە، سیاسەت کاتێک دەکەوێتە خزمەتی گشت و تاک کە هەر گەشەیەکی تایبەتی راستەوخۆ دەبێتە هۆی گەشەی گشتییش، هەروەها بەپێچەوانەشەوە. ئەو دیدە مارکسیی و دینییە، دیدێکە لای ئێمە وەک یۆتۆپیایەک تەماشادەکرێ کە تەنانەت هەرە “دیندار”ەکانیش بڕوایان پێی نییە.
جیاوازییەکی گەورەی قوڵ لەنێوان ئەوانەدا هەیە کە سیاسەت وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی باڵا و بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و ئاکاریی وەردەگرن لەگەڵ ئەوانەی سیاسەت بۆ ناووبانگ، پارە، دەستەڵات و تێرکردنی حەزەکانیان دەبینن. سیاسەت ئەگەر بو بە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ناو وناوبانگ، پارە، دەستەڵات و تێرکردنی حەزە نزمەکان، ئەوا کۆمەڵگا ژەهراوی و پڕ ململانێ بۆ ملشکاندنی یەکتر دەبێ. خۆ ئەگەر سیاسەت بو بە ئامرازی چاکەی گشتی و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، کۆمەڵگا دەتوانێت بەسەر کێشە و قەیرانەکانیدا زاڵ ببێ. مرۆڤ بە سروشت دەیەوێ بمێنێتەوە و لە ئاشتیدا بژی، هەربۆیەشە دۆخە سەرەتایییەکەی ژیانی جێهێشت و بەکۆمەڵ پێکەوەژیانیان دروستکرد. ئەو پێکەوەژیانە کۆمەڵایەتییە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە لە پێناوی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیان، چاکەی گشتی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری و لێبوردەیی.
بەشی زۆری ئەوانەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردیدا دەردەکەون، بە ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، شکستخواردوترین و ناتێگەییشتوترین کەسانی ناو کۆمەڵگای ئێمەن لە سیاسەت و حوکمڕانیدا. ئەوەش هەر دیاردەیەکی کوردستانیی نییە، دیاردەیەکە زۆر وڵات و نەتەوەی تریش بە دەستیەوە دەناڵێنن. ئەوان سیاسەتێکی خێڵگەرایییانە بەڕێوەدەبەن، خێڵگەڕایییەک کە بەها کۆمیوناڵە جوانەکانی خێڵگەرایییان فڕێداوە و بە بەها سەرمایەدارییەکانی نیۆلیبرالیزم جێیان کردۆتەوە. ئەوان نە دەتوانن کۆن تێبپەڕێنن، نە دەشتوانن نوێ بەرهەمبێنن. لەو چوارچێوەیەدا تێکەڵەیەکیان بەرهەمهێناوە کە وای کردوە زۆرێک پێیان وا بێ ئەوە خودی سیاسەتە پیسە نەک سیاسەتکاران سیاسەتیان پیس کردبێ. واتا، تێکەڵەیەک لە دیوە هەرە ناشیرینەکەی خێڵگەڕایی و دیوە هەرە دڕندانەکەی سەرمایەداری. لەم دوانە، ئەوە دروستبوە کە پێیدەگوترێ حوکمڕانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ەوە بۆ ئێستا.
کاتێک پرسیار لە کۆنفۆشیوس کرا دەربارەی رەهەندە هەرە گرنگترینەکانی حکومەت، کۆنفۆشیوس گوتی: “پێویستە خواردنی پێویست بۆ خەڵک، سوپایەکی کارامە، و پشتیوانیی خەڵک بۆ حوکمڕان هەبن.”
ئینجا پرسیاری لێ کرا کام لەم سێ بنەڕەتەی حکومەت دەکرێ وەلابنرێن و هێشتاش حکومەتێکی مانادارمان هەبێ. کۆنفۆشیوس گوتی: “دەکرێ سوپامان نەبێ، ئینجا دەکرێ خواردنیشمان نەبێ، هێشتا دەکرێ حکومەتمان هەبێ.”
ئینجا ئەمەی زیاد کرد: “بەڵام بێ پشتیوانیی خەڵک بۆ حکومەت و فەرمانڕەواکان، ناکرێ شتێک هەبێ پێی بگوترێت حکومەت.”
ئێمە حوکمڕانییەکمان نییە پشتیوانی خەڵکی هەبێ، سوپایەکمان نییە نیشتیمانی بێ، ئابورییەکمان نییە ئامانجی بەرزکردنەوەی هەژاران و چەسپاندنی عەدالەت بێ. ئەوە گوناهی سیاسەت نییە، ئەوە گوناهی سیاسەتکارانە.
ئەو حکومەت و فەرمانڕەوایانەی پشتیوانیی خەڵکیان نییە، یان بە تیرۆر و ترس حوکمڕانیی دەکەن، یا دەبنە جاش و دەسکەلای هێزی گەورەتری هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ گارەنتیکردنی مانەوە، بەڵام مێژو پێمان دەڵێت میکانیزمەکانی دەستەڵاتی تاکڕەو دواجار ماڵوێرانیی بۆ خۆیان و بۆ گەلەکەیانە.
“دیموکراسی پێویستی بە کەسانی دیموکراتە.”
ئەمە قسەی سەرۆکی ئەوکاتی پارتی سۆشیەڵ دیموکراتی ئەڵمانیا فریدریچ ئیبەرتە، یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەڵمانیا لە ١٩١٩ تا ١٩٢٥.
دیموکراسی باشترین سیستەمی ناو سیستەمەکانە لەگەڵ هەمو کەموکوڕییەکانی. دیموکراسی دروستنابێ ئەگەر کەسانێک دیموکرات نەبن و بڕوایان بە دیموکراسی نەبێ. ئێمە لەدوای ١٩٩١ بەدوای گروپێک کەوتین کە پێمانوابو شۆڕشگێڕن. ئەوان بە ناوی شۆڕشگێڕییەوە خۆیان سەپاند بەسەر کۆمەڵگاکەماندا. ئەوەی ئەمڕۆش هەیە، لە راستیدا لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆیە نەک لێکەوتەکانی راپەڕینی گەل دژ بە ستەمکاریی ملهوڕی و سیاسەتە جینۆسایدکارەکانی رژێمی بەعس. ئەوانەی خۆیان سەپاند بەسەر حوکمڕانیدا، نە دیموکرات بون و نە دادپەروەر، بۆیە ئەمڕۆ دۆخێک دروستبوە لەگەڵ هەژاریدا، دڵتەنگی و بێئارامی و خەمۆکییەکی گەورەشی توشی گەلەکەمان کردوە. دەمەوێ بڵێم ئەوەی هەیە گوناهی سیاسەتکارانە نەک خودی سیاسەت. دەکرا هەمان ئەو سیاسەتە پیسەی هەمانە، پاک بوایە ئەگەر سیاسەتکارەکان پاک، دیموکراتیک، دادپەروەر و زانا بونایە.
فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن رۆلز پێیوایە عەدالەت یەکەم فەزیلەتی دەزگا کۆمەڵایەتییەکانە، هەروەک چۆن حەقیقەت هی سیستەمەکانی فیکرە. هەر ثیۆرییەک چەندە سەرنجڕاکێش و ئابورییانە بێ، پێویستە رەتبکرێتەوە یا پێداچونەوەی بۆ بکرێ ئەگەر ناڕاست بێ، هەر بەو جۆرەش قانونەکان و دامەزراوەکان هەرچەندە بەباشیش رێکخرابن و کاریگەر بن پێویستە لەناوببرێن یان چاکسازییان تێدا بکرێ ئەگەر دادپەروەر نەبن.
هەمو پێغەمبەرەکان لەپێناو عەدالەتدا هاتون، زۆر لە فەیلەسوفەکان بۆ عەدالەت بیریان کردۆتەوە، ئەو سەرکردانەی لە مێژودا بە بەها و ناوی بەرزەوە دەمێننەوە ئەوانەن کە دادگەر بونە.
دادپەروەری رۆحی کۆمەڵگایەکی ئارام و زیندوە. لە کۆمەڵگای نادادپەروەردا مرۆڤی گرگن و ژەهراوی دەبنە پێشڕەوی کۆمەڵگا چونکە لەو کۆمەڵگایانەدا سیاسەتکاران لەسەر سیاسەت دەژین نەک بۆ سیاسەت بژین.