بۆچی عێراق و هەرێمی کوردستان شکست دەهێنن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا

محەمەد ئەلوائیلی*

دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەبێت وەک زانستێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم بیرۆکەیە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لەلایەن میشێل باربەرەوە ناوبانگی پێ درا، کە پەروەردەخوازێکی بەریتانییە و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تۆنی بلێر بوو. باربەر پەرەی بە چەمکی “زانستی دابینکردن” دا، کە ئەوە دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتوو بین لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بۆ خەڵکی، پێویستە پڕۆسەکە وەک ئەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە زاناکان لە کێشەیەکی زانستیدا دەیکەن: بە لێڕوانین، پێوانەکردن، تاقیکاری، شیکاری و، ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان. لەو کاتەوە، زۆر وڵاتی دیکە شێوازێکی هاوشێوەیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیان گرتۆتە بەر و تا ڕادەیەک سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. نموونەیەکی بەناوبانگ پاکستانە، کە لە ماوەی دوو ساڵدا توانی جیاوازییەکی بەرچاو لە سێکتەری پەروەردە پڕکێشەکەیدا دروست بکات. لە بەراورددا عێراق، کە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی بۆ هەر کەسێک دوو تا سێ هێندە لە پاکستان زیاترە و، نموونەیەکی چاولێکراو بوو لە ڕووی پەروەردەوە لە ناوچەکەدا، لەمڕۆدا لە بواری پەروەردەدا لە قەیرانێکی گەورەدایە، ئەوە با باسی داڕوخانێکی گشتی لە هەموو جۆرەکانی خزمەتگوزاریدا نەکەین. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە عێراقدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ڕێگەیەکی هاکەزایی و بێسەروبەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە زۆریی گەندەڵی بارودۆخەکەی لەوەش خراپتر کردووە.

پاکستان چۆن ئەنجامی دا؟

کاتێک حکومەتی پاکستان دەستی بە بەرنامەیەک بۆ چاکسازی لە پەروەردەدا کرد، کەرتی پەروەردەیان بەدەست یەکێک لە سەختترین قەیرانەکانەوە لە جیهاندا دەیناڵاندا. لە نزیکەی ١٨٠ ملیۆن دانیشتوان، ملیۆنان منداڵ لە دەرەوەی قوتابخانە بوون. دەیان هەزار قوتابخانە بە “قوتابخانەی بندیوار” دادەنران بە واتای ئەوەی کە تۆماریان هەبوو بەڵام لە واقیعدا بوونیان نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٣، کاتێک چاکسازیی پەروەردە پیادە کرا، ڕێژەی ئامادەبوون لە ٪٨٣وە بۆ ٪٩٠ هەڵکشا، کە دەکاتە گەڕانەوەی نزیکە ١،٥ ملیۆن خوێندکار بۆ خوێندنگە. ئامادەبوونی مامۆستایانیش لە ٪٨٠وە بۆ ٪٩٢ هەڵکشا کە کە دەکاتە زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستا کە ئامادەی هۆڵەکانی خوێندن بوون، هەروەها واتای ئەوە بوو کە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار خوێندکار مامۆستایان هەبوو تا ڕۆژانە وانەیان پێ بڵێنەوە. هەروەها نزیکە ٨١ هەزار مامۆستاش دامەزرێنران. دامودەزگاکانی قوتابخانە کە کارەبا، ئاوی خواردنەوە، تەوالێت و دیواری جیاکەرەوەی کارایان هەبوو لە ٪٦٨ـەوە بۆ ٪٩٠ هەڵکشان. زۆر ژمارەی دیکە هەن کە دەکرێت لێرەدا زیاد بکرێن، بەڵام خاڵەکە ئەوەیە کە ئەوەی پاکاستان لە ماوەیەکی کەم‌تازۆر کورتدا بەدەستی هێنا شتێکی مەزن بوو. هەر کەسێک کە سەروکاری لەگەڵ چاکسازیدا هەبێت دەتوانێت گەواهی ئەوە بدات کە بەرەوپێشچوونێکی کەمیش چەندە قورسە و لەمەوە بەرەوپێشچوونەکەی پاکساتان لە پەروەردەدا چەند بەبایەخ بوو.

پاڵنەری سەرەکی هەوڵی چاکسازییەکە ئەو بیرۆکەیە بوو کە قەیرانی پەروەردە لە پاکستان پێویستی بەوە بوو وەک کێشەیەکی ئاڵۆزی زانستی و بە ئامرازی ئاوەزمەندانە بۆ چارەسەرکردنی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. باربەر باوەڕی خۆی بە چەند شتێک، لە نێو چەندان شتی دیکەدا، دەخاتە ڕوو، لەوانە بەرزخوازی بەڵام هەمیشە دانانی ئامانجی ڕوون، ئامادەکاری باش بەڵام بەدووربوون لە بێخەوشخوازی، سەرەتا بەرەوپێشچوون پاشان گەڕانەوە بۆ باشترکردن، دانانی خووی باشی کارکردن، دروستکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیکردنی ڕاستگۆیانە و ڕوون، ئامادەبوون لەسەر ئەرزی واقیع بۆ زانینی ئەوەی کە بەڕاستی چی دەگوزەرێت، هەروەها کۆکردنەوەی زۆرترین پاڵپشتی کە ڕێی تێ دەچێت بۆ زیادکردنی ئەگەرەکانی سەرکەوتن.

بۆچی عێراق و هەرێمی کوردستان شکست دەهێنن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا؟

ڕوونە کە بە ئەگەری زۆرەوە ئێمە ناتوانین ئەوە ببینین کە هەمان ئەو ڕێبازەی لە پاکستان و وڵاتانی دیکەدا بەکار هاتووە نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە بەشەکەی دیکەی عێراقدا پیادە بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاستییەی کە ئێمە وەک کێشەیەکی زانستی ڕووبەڕووی کێشەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان نابینەوە زۆر لێکەوتەی هەیە، کە دیارترینیان ئەمانەن.

ڕێبازێکی ڕووکەشانە بۆ بەرەوپێشچوون. هەرچەندە ئەم وڵاتە لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەندە، لە نێویاندا سەرچاوە مرۆییە درەوشاوە و بەرزخوازەکەی، هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی خزمەتگوزارییەکان بە ڕووکەشانە ماوەتەوە. هەرکاتێک باران دەبارێت ئێمە لافاو لە شەقامەکانی هەولێردا دەبینین. هەموو هاوینێک، پچڕانی چەندکاتژمێریی کارەبامان لە بەغداد هەیە کاتێک پلەی گەرما نزیکە لە ٥٠ پلەی سیلیلیزییەوە. باڵەخانە درەوشاوەکان، ئۆتۆمبێلە کەشخەکان و، بازاڕە گەورەکان شتانی باشن، بەڵام دەبێت ئەو شتانە لەپێشتر دابنرێن کە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ژیانی خەڵکی، وەک پێویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، غاز، ئینتەرنێت، سیستمی ئاوەڕۆی شیاو، شەقامی شۆستەکراو و، قوتابخانە پڕکەلوپەلەکان. تیشکخستنە سەر ڕووکارەکان دەفەتێکی لەدەستچووە بۆ ئەنجامدانی بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە لە بوارە قووڵترەکانی پەرەپێداندا کە دەکرێت کاریگەریی درێژخایەنیان لەسەر نەوەکانی داهاتوو هەبێت. سەرباری ئەوەش، هەڵهاتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ئاڵۆزەکان دەیانکاتە قەیرانی درێژخایەن، هەر وەک ئەوەی نوونەکانی سەرەوە پیشانیان دا. لەپێناو دابینکردنی خزمەتگوزاری باشتردا، بڕیاربەدەستان دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە چارەسەرە کورتخایەن و کورتبینەکان و کار لەسەر چارەسەرە درێژخایەنە زانست-بنەماکان بکەن سەرباری ئەو ڕاستییەی کە ئەوانە دەستکەوتی کەمتری سیاسییان هەیە، چوونکە بەرەوپێشچوون بەو ڕێبازەی دواتر بەگشتی خاوە.

ڕێبازێکی بێسەروبەر بۆ دەستنیشانکردن [ی بەرپرسان]. باوەڕێکی ئەفسانەیی لە نێو خەڵکیدا هەیە کە نهێنیی ئاستی بەڕێوەچوونی حکومەتێکی سەرکەوتوو لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بریتییە لە ‘حکومەتێکی تەکنۆکرات’. حکومەتی تەکنۆکرات پێک دێت لەو وەزیر و بەرپرسە باڵایانەی کە پسپۆڕ و کەسانی ئەکادیمین لە بواری وەزارەت و ڕێکخراوەکانیاندا، لەبری ئەوەی بە پیشە سیاسی بن. ئەمە دەبێتە سادەکردنەوەی کێشەی دەستنیشانکردن [ی بەرپرسان] کە بەزۆری سەر دەکێشێت بۆ کێشمەکێشم و بنبەستی سیاسی لە دوای هەموو هەڵبژاردنێک. لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەکە زۆر ئاڵۆزترە و ئەوەی کە وای دابنێین چارەسەری کێشەکانمان لە دەستی پسپۆڕە ناسیاسییەکاندایە ناواقیعییە. یەکێک لە کێشەکان [ی ئەو شێوازە] ئەوەیە کە بریتییە لە هەوڵێکی ڕووکەشانە بۆ ‘بەناسیاسیکردنی حکومەت’ کە لە دوورمەودادا شکست دەهێنێت، لەبری چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی کێشەکە لە ڕیشەوە. سەرباری ئەوەش، پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ئەوەی پیشان داوە کە کەسانی تەکنۆکرات بەگشتی لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و بێتوانا و بێپەنا دەمێننەوە کاتێک هەوڵ دەدەن گۆڕانکارییەک بکەن کە بەرژەوەندییەکانی پارتە کۆنتڕۆڵکارەکان بخاتە مەترسییەوە. لەبەر ئەمەیە کە ڕێبازی کابینە تەکنۆکراتەکان بەگشتی لە حکومەتە نەریتییەکاندا لەو وڵاتانەدا بەکار دێن کە دامەزراوەی بەهێزی دیموکراسییان هەیە بەڵام بەدەست بنبەستێکی سیاسیی کاتییەوە دەناڵێنن. سەرباری ئەمەش، ئەگەر ئێمە لە وڵاتانی دیکەی وەک سوید بڕوانین کە خزمەتگوزریی نایابیان هەیە، دەبینین کە مەرج نییە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتەکان پسپۆڕ بن لە بواری وەزارەتەکانیاندا. بۆ نموونە ئێمە وای بۆ دەچین کە بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ وەزارەتی وزە، بازرگانی و پیشەسازی کەسێک پێویستی بە پسپۆڕیی تەکنیکی باڵا هەبێت. کەچی بڕوانامەی وەزیرەی ئەو وەزارەتە ئاشتی و ململانێیە. زۆربەی وەزیرەکانی سوید بڕوانامەی دکتۆرایان نییە، کە وا دیارە بۆتە نەریتێک لە عێراق و کوردستاندا بۆ بەدەستهێنانی پۆستێک لە حکومەتدا. لە ڕاستیدا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید ستێڤان لوڤیەن بە پیشە لەحیمچییە و تەنها یەک ساڵ و نیو لە زانکۆ خوێندوویەتی. ئەمە بۆ بەکەمدانانی بەهای خوێندن نییە، بەڵام، خوێندنی کەسیی هەڵگری پۆستەکە وا دەرناکەوێت کە پێوەرێک بێت بۆ سەرکەوتن. زۆر فاکتەری دیکە هەن وەک هەبوونی چوارچێوەیەکی دروستی بیرکردنەوە کە زیاتر ئاوەزمەندانە و کردەیی بێت، بەڵام هەبوونی تواناش بۆ تێپەڕین بەو ڕێگا سیاسییە پێچاوپێچەدا کە وابەستەیە بە کاری حکومییەوە.

نائامادەیی تیشکخستنەسەر بونیادنانی سیستمە کاراکان. بڕیاربەدەستانی ئێمە تەنها لە دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاودا شکاستیان نەهێناوە، بەڵکو لە دروستکردنی شوێنە شیاوەکەشدا شکستیان هێناوە. ئەو وڵاتانەی خزمەتگوزاریی نایابیان هەیە دامەزراوە و سیستمی وایان دروست کردووە کە بە تەواوەتی ناکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو کەسەی لەو کاتەدا بەڕێوەی دەبات. بەڵکو، ئەم دامەزراوە و سیستمانە دەبنە هۆی هاندان، دروستکردن و داواکردنی سەرکردە باشەکان. چەندین تیمیان لە پسپۆڕان هەیە کە ڕاوێژ بەو سەرکردانە دەدەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەستیی سیاسی، کە ئەویش بایی ئەوە خاکەڕایە گوێ لە پسپۆڕی ئەو کەسانە بگرێت و متمانەیان پێ بکات. سەرکردە تازەکان بەئەنقەست کاری ئەوانی پێش خۆیان هەڵناوەشێننەوە تەنها بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەوان بەرپرسن، بەڵکو لەسەر سەرکەوتنەکانی ئەوان بونیان دەنێن و هەڵەکانی پێشتر ڕاست دەکەنەوە. گەر بە پیشە سیاسی بن یان تەکنۆکرات بن، کارەکان وا ڕێک دەخرێت کە سەرکردە تازەکان ئاستی کارکردنیان باش بێت و لێپرسراو بن بۆ شکستەکان.

پێوەری ژمارە یەک لە بڕیاردان بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە گشتییەکانماندا، جا گەر کەسەکان بە ڕواڵەت ‘تەکنۆکرات’ یان ‘سیاسیی پیشەگەر’ بن بەگشتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەو پارتە سیاسیانەیە کە دایان دەنێن. لەکاتێکدا ئەمە شتێکی نامۆ نییە لە دیموکراسییەکانی دیکەدا، ئەوەی کە سەرکردەکانی ئێمە دەستبەجێ پاش بەدەستهێنانی پۆستێک ئەنجامی دەدەن بریتییە لە ئامادەکاریی بۆ ڕێگای مانەوە لە دەسەڵاتدا بۆ خولی داهاتوو. هەر پسپۆڕێک ‘نەخێر’یان بە ڕوودا بڵێت پلەی نزم دەکرێتەوە یان دەگوازرێتەوە، یان گوێڕایەڵێک دەخرێتە شوێنی بۆ بەهێزکردنی پاڵپشتیی ناوخۆ یان بۆ هێشتنەوەی پاڵپشتیی دەرەکیی پارتە سیاسییەکانیان. بڕیارەکان تەنها لەسەر بنەمای لێکدانەوە سیاسییەکان، دەرفەتەکان بۆ دەستخستنی پارەی بەرتیل، یان بەهۆی پاڵنەری خۆبەشتزانیەوە دەدرێن. هیچ هەوڵێک لە ئارادا نییە بۆ بونیادنانی سیستمێکی پێکهاتوو لە پسپۆڕانی ناسیاسی کە ڕاوێژ و قووڵبینی دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بڕیارانەی لەسەر بنەمای زانین و زانیاری دەدرێن. سیستمێک کە وا دەکات تەنانەت کاتێک سیاسییەکی کەمتر لێوەشاوە لە پۆستەکەدا دادەنرێت بەرەوپشچوون ڕوولەهەڵکشان بێت نەوەک بوەستێت.

دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان شتێکە پێویستی بەوەیە بە وردی لێی بکۆڵدرێتەوە بۆ تێگەیشن لە ڕیشەکانی کێشەی ئەوەی کە بۆچی ئێمە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە شیاوەکاندا شکست دەهێنین. چارەسەرکردنی کێشەی خزمەتگوزارییەکان ڕێی تێ ناچێت ئەگەر ئێمە ڕێگەیەکی سیستماتیکی بەکار نەهێنین بۆ ڕێکخستنی هەوڵەکانمان. پێویستە ئێمە ئەو بیرۆکەیە لە کۆمەڵگەکەماندا بچێنین کە حکومڕانی و بەڕێوەبەری بەهرەیەک نییە بەخشرابێت بە دەستەبژێرێکی دیاریکراو کە لە چارەیان نووسراوە حوکمی ئێمە بکەن. دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها کردەکانی دیکەی بەڕێوەبردنی حکومەتەکان، بەگەڕخستنی بازرگانییەکان، هەروەها سەرکردایەتیکردنی ڕێکخراوە قازانجنەویستەکان شتانێکن دەتوانین فێریان ببین و دەبێت بەربڵاو بن بۆ هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگەکانمان بەرەو داهاتوویەکی باشتر.

*محەمەد ئەلوائیلی نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە بوارەکانی پەرەپێدان، چاکسازی و قۆناغی وەرچەرخان دەنووسێت، ئەم بابەتەی تایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسیوە.

 

بەشکردن: