كه‌لتووری په‌رله‌مانی له‌نێوان هه‌ژموونی سیاسی و متمانه‌ی ده‌نگده‌رانی هەرێمدا
سه‌نگه‌ر رەسوڵ
ئه‌گه‌ر تۆماری شریتیه ڤیدیۆییه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه دواوه، ته‌ماشای دیمه‌نه‌كانی به‌شداری هاووڵاتیان له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین، ئه‌وا هه‌ست ده‌كه‌ی ئه‌و جۆش و خرۆشییه‌ی له سیمای ئه‌وكاتی ده‌نگده‌ران و لایه‌نگران به‌دی ده‌كرێن هیچی كه‌متر نییه له‌و هه‌ستانه‌ی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا كه له كاتی رووخانی دیواری به‌رلین له‌نۆڤێمبه‌ری 89 و یاخود له‌سیمای خۆشحاڵی كرێكار‌و جووتیاران له سانت پتراسبۆرگ له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی شۆرشی 1917 ی رووسیا به‌دیده‌كرا.
ئومێد و خۆشحاڵی ئه‌وكاتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ دوو خاڵی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕایه‌وه: یه‌كه‌مییان: په‌یوه‌ستبوو به رزگاربوون له‌ده‌ست رژێمی دیكتاتۆری و ژیانكردن له‌گه‌ڵ حوكمی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، دووه‌میشیان: تامكردنی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن و یه‌كه‌م پراكتیزی ئازادانه‌ی دیموكراسی. به‌ڵام به‌داخه‌وه، دوای زیاتر له سێ ده‌یه له‌تێپه‌ڕبوونی ئه‌و مێژووه، هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان نه‌یانتوانی ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌و هه‌مووه ئومێد‌و گه‌شبینییه خه‌ڵكی بۆ بونیادنانی متمانه له‌ده‌نگدان و مه‌رجه‌عییه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان دروست بكه‌ن. بۆیه له‌م شیكارییه هه‌وڵده‌ده‌ین له‌رێی چاویلكه‌ی مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ر پێنج خولی په‌رله‌مانی خوێندنه‌وه بۆ متمانه‌ی ده‌نگدارو شه‌رعییه‌تی په‌رله‌مانی بكه‌ین.
مێژووی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن
گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌م مێژووه گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له‌مێژووی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن و دروستبوونی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی له‌هه‌رێمی كوردستان. چونكه به‌بێ گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌م مێژووه، ئه‌سته‌مه خوێندنه‌وه‌ی دروست بۆ سروشتی شێوه‌ی حوكمڕانی و سیاسی و كه‌لتووری هرێم بكرێت. بۆیه ده‌بێت هه‌ندێك رووداو كه بنه‌مای دروستبوونی كیانی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان-ن، ئه‌وا پێویستییه بۆیان بگه‌ڕێینه‌وه.
به‌ره‌ی كوردستانی و دوو حزبی باڵا ده‌ست
له‌سه‌ره‌تای ئایاری 1988، له‌به‌شی باشووری كوردستان كه له‌وكاته‌دا زیاتر به‌كوردستانی عیراق ناوزه‌ند ده‌كرا، به‌ره‌ی كوردستانی له 8 حزب پێكهێنرا. ئه‌مه‌ش له‌ده‌رئه‌نجامی جینۆسایدی كورده‌كان له پرۆسه‌ی ئه‌نفال كه به حه‌وت قۆناغ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه ئه‌نجامدرابوو، به‌ره‌كه هاته ئاراوه.
دوای راپه‌رین، هه‌ردوو حزبی یه‌كێتی وپارتی وه‌ك دامه‌رزێنه‌ری به‌ره‌ی كوردستانی و دوو حزبی خاوه‌ن هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌رده‌می شاخ و دوای ڕاپه‌رینیش، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بناغه‌ی یاساكانی هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان دروستكرد. مێژووی دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مانگی ئابی 1946 ده‌گه‌رێته‌وه، به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و پارتی هه‌م به‌شێوه‌ی خه‌باتی سیاسی و هه‌میش به‌شێوه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له‌گۆره‌پانی سیاسی عیراق بوونی هه‌بووه‌و هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی كوردی باشووری كردووه له‌شۆرشی 1963 ی ئه‌یلول و له ده‌رچواندنی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970 بۆ په‌سه‌ندكردنی حوكمی زاتی، كه له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وكاتی عیراق كرا. دوای ساڵی 1974، به‌یاننامه‌ی به‌ناوبانگی 11ی ئازار‌و رێككه‌وتنه‌كانی شكست دێنێت و ده‌بێته هۆی دووباره به‌رپابوونه‌وه‌ی شۆرش به‌سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆكی پارتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و له‌دواییدا له ساڵی 1975 كه نسكۆی گه‌وره رووده‌دات و شۆرش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. له‌هه‌مان ساڵدا ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده له‌وانه مام جه‌لال تاڵه‌بانی و نوشێروان مسته‌فا رێكخستنێكی نوێی سیاسی به‌ناوی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دروست ده‌كه‌ن و ده‌ست به‌خه‌باتی چه‌كداری ده‌كرێته‌وه نه‌یانهێشت ئه‌و بۆشایی به‌هۆی كۆتاییهاتنی شۆرش به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا دروستبوو زۆر درێژه بكێشێت. ئه‌وه‌بوو له‌ساڵانی 1983-1984 ، رژێمی به‌عسی حاكمی ئه‌وكاتی عیراق ناچاربوو ده‌ست به‌گفتووگۆ و دانووستاندن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات له‌سه‌ر پرسی كورد. هه‌رچه‌ند قۆناغی باش له‌رێككه‌وتنه‌كان چوویه پێشه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ش بێ ئه‌نجام بوو هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
بناغه‌ی یه‌كه‌م قه‌واره‌ی ده‌ستووری
به‌هاری ساڵی 1991، رووداوگه‌لێكی خێرا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌گشتی و له عیراق به‌تایبه‌تی ده‌گریًته‌وه و له‌ناوه‌راستی ژانیوه‌ری هه‌مان ساڵی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ركردایه‌تی وولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هێرشه‌كانیان ده‌ست پێكرد بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی عیراق له‌ووڵاتی كوێت. ئه‌م رووداوه بووه هۆی خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ دروستبوونی كیانێك بۆ كورده‌كان كه له‌چوارچێوه‌ی عیراق ده‌ژیان و خه‌باتی چه‌كدارییان بۆ ده‌یان ساڵ ده‌ستپێكردبوو. ئه‌وه بوو دواتر له 5ی ئازار، راپه‌رینی سه‌رتاسه‌ری بۆ وه‌ده‌رنانی داموده‌زگانی رژێمی سه‌ددام حسێن له‌ناوچه كوردییه‌كان كرا.
دوابه‌دوای راپه‌رینی كورده‌كان له‌ساڵی 1991، حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وكاتی عیراق، دوای تێك‌شكان و پاشه‌كشه‌ی سوپاكه‌ی له‌ووڵاتی كوێت، هه‌وڵیدا سه‌ركووتی راپه‌رینی كورده‌كان بكات، له‌ئه‌نجامدا كۆڕه‌وی ناسراو به‌ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستان-ی لێكه‌ته‌وه كه بۆ راكردن بوو له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ دووباره ژیان له‌ژێر حوكمی رژێمی سه‌ددام حسێن. ئه‌م كۆڕه‌وه بووه هۆی ده‌رچوونی بریاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر پێشنیازی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا. بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌م هاووڵاتی كورده‌كانی پاراست و هه‌میش گره‌نتی دروستبوونی كیانێك له‌چوارچێوه‌ی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو له‌باكووری عیراق-ی پێدان. كه هه‌بوونی كیانێكی پارێزراو گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره هه‌ڵبژاردنێك و بوونی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی.
هاوتا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ربوونی كیانێك و گره‌نتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستن، به‌ره‌ی كوردستان-ی كه له‌زۆربه‌ی لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی پارته سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می شاخ كه له‌حه‌وت حزب پێكهاتبوو(سه‌ره‌تای دروستبوونی له‌هه‌شت حزب پێكهاتبوو)، وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌و كیانه تازه دروستبووه له‌گفتوگۆ دابوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وكاتی عیراق، بۆ ده‌ستنیشانكردنی جۆری په‌یوه‌ندییه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان و شێوازه‌كانی به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كیانه نوێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
دانووستان و گفتوگۆكانی نێوان به‌ره‌ى كوردستانى وحكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق وه‌ك پێویست پێشنه‌كه‌وت و شكستی هێنا. له‌به‌رئه‌و هۆكاره حكومه‌تی ناوه‌ندی په‌رچه‌كرداری نواند‌و له ١٩٩١/١٠/٢٦، ده‌ستى كرد به‌كێشانه‌وه‌ى داموده‌زگا ئیداریه‌كان له‌ناوچه‌كانى كوردستان. ئه‌مه‌ش بووه هۆی دروستبوونی بۆشاییه‌كى یاسایى و ئیداریى. له‌به‌رامبه‌ردا به‌ره‌ى كوردستانى، وه‌كو ده‌سه‌ڵاتى دیفاكتۆى ناوچه‌كه، بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ته‌نگه‌ژه سیاسى و ئیدارى و یاساییه‌ی كه حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌كوردستان دروستى كرد، بیری له‌دامه‌زراندنى سیستمێكى په‌رله‌مانى له‌ڕێى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى سه‌ربه‌خۆى ئازاد‌و دیموكراتی كرده‌وه. .
بۆئه‌م مه‌به‌سته، لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى له (١٥) ئه‌ندام له حاكم و پارێزه‌رو مافپه‌روه‌ران و نوێنه‌رانى لایه‌نه سیاسیه‌كانى ناو به‌ره‌ى كوردستانى پێكهات بۆ دارشتنی یه‌كه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان.
دوای پێكهێنانی لیژنه‌كه، له‌ماوه‌ى نێوان ١٩٩١/١٢/٢٣ تاوه‌كو ١٩٩٢/١/٢٨ ، پڕۆژه یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به‌سه‌ركردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى كوردستانى كرد، و له‌رۆژى ١٩٩٢/٤/٨ له‌لایه‌ن به‌ره‌وه بڕیارى له‌سه‌ردرا، و به‌ناوى یاساى ژماره (١) بۆ ساڵی١٩٩٢ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستان – عیراق په‌سه‌ندكرا. جگه له‌وه‌ش له‌هه‌مان به‌رواردا له 08/04/1992، به‌ره‌ی كوردستانی بریاریدا به ته‌رخانكردنی 5 كورسی كۆتا بۆ ئاشوورییه‌كان(كریستیانه‌كان) به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه، ته‌نها بۆ ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردن..
هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌لبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان، هه‌ڵبژاردنی رابه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان، له‌رێگاى ده‌نگدانى گشتى ونهێنى و راسته‌وخۆ، له ١٩٩٢/٥/١٩ به‌به‌شدارى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ر، كه‌نوێنه‌رایه‌تى زیاتر له‌سێ ملیۆن ونیو هاوڵاتیان (به‌پێی مه‌زه‌نده‌ی داتای سه‌رژمێری به‌رده‌ستی ئه‌وكات)، ئه‌نجامدرا. کەبه‌هاوكارى وپشتیوانى چاودێرانى بیانى به‌ڕێوه‌چوو.
یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مان و دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ
دوای له‌دایكبوونی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی مایسی 1992، هه‌رچه‌نده تێبینی یاسایی و ته‌كنیكی له‌ڕووی چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تییه‌وه له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه بوونی هه‌بوو، به‌تایبه‌ت له‌نێوان هه‌ردوو حزبی سیاسی كاریگه‌ری ئه‌وكات یه‌كێتی و پارتی، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.
هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رككه‌وته‌ی سیاسی له‌پێكهێنان و به‌رێوه‌بردنی هه‌رێم، سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌پێی رێككه‌وتننامه‌یه‌كی سیاسی، به‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كه‌وت و سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش به جه‌وهه‌ر نامیق له پارتی دیموكراتی سپێردرا.
ئومێدێك هه‌بوو كه‌لتووری كاری په‌رله‌مانی جێگیربێت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ئاشته‌واییه له‌ده‌رئه‌نجامی به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه له‌نێوان حزب ولایه‌ن سیاسییه‌كان دروستبوو به‌رده‌وامی هه‌بێت.
په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان و په‌یره‌وی ناوخۆ، سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌یه، ئه‌وانیش: 1)یاسادانان و 2)په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی و 3)چاودێری حكومه‌ت. له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی یه‌كه‌م و دووه‌می دا تا ڕاده‌یه‌ك به‌به‌راوردی بارودۆخی سیاسی و تازه‌یی ئه‌زموونی په‌رله‌مانی باشبوو. ئه‌وه بوو هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساڵی كاركردنیدا، په‌رله‌مانی كوردستان كه له‌سه‌ره‌تادا به “ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان” ناوزه‌ند ده‌كرا، 16 یاسا و 49 بڕیاری ده‌رچوواند. له ساڵی دواتردا (1993)، په‌رله‌مان به‌هه‌مان ئه‌دائی كاركردنه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت و زیاتر چاڵاك ده‌بێت و ژماره‌ی ده‌رچوواندنی یاساكان به‌رز ده‌كاته‌وه بۆ 21 یاسا‌و 50 بڕیار.
به‌ڵام له‌ساڵی سێیه‌می كاركردنی په‌رله‌ماندا، له 1994، هه‌ست به‌كه‌مبوونه‌وه‌ی زه‌قی چاڵاكی په‌رله‌مانی ده‌كرێت به‌وه‌ی ژماره‌ی یاسا ده‌رچووه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه بۆ 4 یاسا‌و 39 بریار. ئه‌م پاشه‌كشه‌یه له‌كاری په‌رله‌مانی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ده‌رئه‌نجامی فراوانبوونی ناكۆییه سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ستی به‌ره‌ی كوردستانی یه‌كێتی و پارتی.
به‌داخه‌وه ل 2ی ئایاری 1994، به‌هۆی رووداوێك له‌قه‌ڵادزه له‌نێوان چه‌كدارانی پارتی و یه‌كێتی له‌شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزه، شه‌ڕی ناوخۆی كورده‌كان له‌نێوان هه‌ردوو حزبی ناوبراو ده‌ست پێده‌كات و كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر كاری په‌رله‌مانی ده‌بێت. ته‌نانه‌ت له‌ساڵی 1995، كه ساڵی دواتری شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات، ژماره‌ی یاسا‌و برایاره ده‌رچووه‌كان كه‌مبوویه‌وه بۆ یه‌ك دانه.
دواخستنی هه‌ڵبژاردن
به‌پێی یاساى ژماره (١) ی ساڵی١٩٩٢ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستان – عیراق، ده‌بووایه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له 04/06/1995 كرابا. به‌هۆی لێككه‌وته‌كانی شه‌ڕی ناوخۆوه هه‌ڵبژاردن نه‌توانرا له‌كاتی خۆی ئه‌نجامبدرێت و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌یتوانی له‌ناو بینایه‌ی په‌رله‌مانیش كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامبدات.
بۆیه له ڕێككه‌وتی 27/05/1995 له‌گوندی داره‌به‌ن له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه و بریاری ژماره (1)ی ساڵی 1995 په‌سند ده‌كه‌ن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ.
دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌ی دیاریكراویش، هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌كه هه‌روه‌ك خۆی مایه‌وه‌و په‌رله‌مانیش نزیكبوویه‌وه له‌شه‌له‌ل بوونی ته‌واوه‌تی و ئه‌وه‌بوو رۆژێك به‌ر له‌ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی دواخستنی هه‌ڵبژاردن به‌پێی بریاری ژماره (1)ی ساڵی 1995 ، په‌رله‌مانی كوردستان جارێكی دیكه بۆ دووه‌مجار له‌ده‌ره‌وه‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی له‌ناو هه‌ولێر، ئه‌و له‌ناوچه‌ی نێوان شاوێس-مه‌لا ئۆمه‌ر دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌رۆژی 03/06/1996 كۆبۆیه‌وه‌و ئه‌مجاره بڕیاری ژماره (1)ی ساڵی 1996 تێیدا په‌سندكرا به‌ناوی دووه‌م درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و ئه‌مجاره بۆ ماوه‌ی 3 مانگ درێژ كردنه‌وه‌كه ئه‌نجامدراو تێیدا هاتبوو ئه‌و ماوه‌یه قابیلی درێژكردنه‌وه نییه!
په‌كخستنی په‌رله‌مان و قۆناغی گواستنه‌وه
له 31ی ئابی 1996 دا، هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هاوكاری رژێمی سه‌ددام هێزه‌كانی یه‌كێتی له‌هه‌ولێر ده‌رده‌كه‌ن. هه‌ر چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌و رووداوانه، پارتی دیموكراتی له‌رێی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه سه‌ر به‌حزبه‌كه‌یان بوو، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی له 03/09/1996 به‌ئامابوونی به‌شێك له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی یه‌كێتی (ده‌گوترێت ئاماده‌بوونی ئه‌و ئه‌ندامانه به‌هه‌ڕه‌شه‌و زه‌بری هێزبووه)، له‌شه‌قڵاوه رێكده‌خات بۆ ده‌ركردنی بریاری بڕیاری ژماره (3)ی ساڵی 1996 ، بۆ سێباره درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و ئه‌مجاره دواخستنه‌كه بۆ دوو ساڵی دیكه بوو بۆ به‌رواری 04/06/1998 .
له‌پێشهاتێكی چاوه‌رواننه‌كراودا، له‌نیسانی 1998، په‌رله‌مانی كوردستان بریاری ژماره 8ی ساڵی 1998 ده‌رده‌كات و هه‌ڵگرتنی هه‌ر به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی یاسایی و ئیداریی كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه له‌ماوه‌ی نێوان 16/12/1994 تاوه‌كو 31ی ئابی 1996، به‌پێی بریاره‌كه حكومه‌تی نوێ به‌رپرسیار نییه له‌هه‌ر بریارێك له‌وكاته ده‌رچووبێت و مانای لێستاندنه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تیشه له‌كابینه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه.
چیتر یه‌كێتی نیشاتیمانی كوردستان په‌رله‌مانی كوردستان به دامه‌زراوه‌یه‌كی كارا دانانێت و ره‌تی ده‌كاته‌وه هه‌ماهه‌نگ بێت یان پێوه‌ی پابه‌ند بێت و ئه‌م ماوه‌یه‌ش په‌رله‌مان تاك لایه‌نه له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه به‌رێوه‌برا تاوه‌كو رێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن له‌ساڵی 1998 له‌لایه‌ن جلال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكانی هه‌ردوو حزب به‌نێوه‌ند گیری (مادلین ئۆڵبرایت)وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئیمزا كرا به‌مه‌به‌ستی ئاشتی نێوان یه‌كێتی و پارتی. دواتر به‌یاسای ژماره 16 ی ساڵی 2002 رێككه‌وتننامه‌كه به‌یاسا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ته‌سدیقكرا.
هه‌رچه‌نده رێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن ئیمزا كرابوو، به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان هه‌روه‌ك خۆی مایه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌سنووری سلێمانی مام جه‌لال تاڵه‌بانی به‌مه‌رسومێك وه‌ك رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كورد هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیشی ده‌بێت و وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌ولێر دروست ده‌بێت.
دواتر هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن، دانووستان و گفتوگۆكانی یه‌كێتی و پارتی به‌رده‌وام ده‌بن بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان.
دانووستان و گفتوگۆكانی ئاشتی نێوان هه‌ردوو حزب سه‌ر ده‌گرێت و له 04/10/2002 یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتارانی هه‌ردوولا له‌هه‌ولێر یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی گرێده‌داو هه‌فتیه‌كیش دواتر كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می په‌رله‌مان له‌سلێمانی ده‌به‌سترێت.
به‌پێی ئه‌و داتا‌و زانیارییانه ده‌توانرێ بوترێت یه‌كه‌م په‌كخستنی په‌رله‌مان له 03/09/1996 ه‌وه ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو 04/10/2002، كه ماوه‌ی چوار ساڵ ده‌كات. هه‌رچه‌نده په‌رله‌مان له‌وماوه‌یه‌دا له‌ژێر هه‌ژموونی پارتی دیموكراتی به‌رده‌وام بوو له‌كاركردن و له ساڵی 1999 به‌هۆكارێكی نادیار جه‌وهه‌ر نامیق سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه له‌هه‌مان حزب بوو، ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌و له‌جێگه‌ی ناوبراو ئه‌وا د.رۆژ نوری شاوه‌یس ده‌ست به‌كار ده‌بێت. هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی سێپتێمبه‌ری 1996 تاوه‌كو ئۆكتۆبه‌ری 2002 دانیشتنی یه‌كگرتنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، زیاتر له 96 یاسا و 176 بڕیار له‌په‌رله‌مان له‌هه‌ولێر ده‌رچووه‌و سه‌رجه‌میشیان تاوه‌كو ئێستا له‌رووی یاساییه‌وه هه‌ڵنه‌وه‌شاونه‌ته‌وه یاخود ره‌ت نه‌كراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستان له 31ی ئابی 1996ه‌وه تاوه‌كو 06/11/2002 هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی یاسایی له‌گه‌ڵ كابینه‌ی وزاری زۆنی سه‌وزدا نه‌كرد تا بریاری ژماره 24 ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به‌مامه‌ڵه‌كردنی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئیداره‌ی زه‌ردو سه‌وز تا یه‌كگرتنه‌وه‌یان ده‌رچوو.
له به‌رواری 15/10/2002 ، په‌رله‌مانی كوردستان بریاری ژماره 21 ی ساڵی 2002 په‌سند ده‌كات و تێیدا هاتووه: خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی له 04/10/2002 تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ناوی خولی گواستنه‌وه ده‌بێت و له‌برگه‌یه‌كی دیكه بریاره‌كه‌شدا هاتووه: سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شێوه‌ی خولاوه ده‌بێت و سێ مانگی یه‌كه‌م بۆ د.رۆژ نوری شاوه‌یس له‌پشكی پارتی و بۆ ماوه‌ی دوومانگ بۆ د.كه‌مال فوئاد له‌پشكی یه‌كێتی ده‌بێت و ئه‌و ئاڵوگۆره‌ش به‌وشێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.
به‌ده‌ستووریكردنی په‌رله‌مانی كوردستان
له‌به‌هاری ساڵی 2003، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ركردایه‌تی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رژێمی سه‌ددام حسێن له‌عیراق ده‌روخێنن و سیستم و بارودۆخێكی نوێ له‌سایه‌ی ئازادبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له‌ده‌ستی دیكتاتۆر دێته پێشه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته فاكته‌رێكی دیكه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری پارتی و یه‌كێتی له‌یه‌كتری به‌تایبه‌ت له‌جێكردنه‌وه‌و دارشتنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌و ده‌وڵه‌ته تازه‌یه‌ی دێته كایه‌وه. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، په‌رله‌مانی كوردستان به‌هۆی پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی جۆرێك له‌ئاماده‌كاری كردبوو بۆ هه‌ر گۆرانكارییه‌ك كه رووبدات به‌تایبه‌ت له‌په‌سه‌ندكردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی گرنگ له‌وانه: بریاری ژماره 26ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به‌بونیادنانی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم و بریاری ژماره 27ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به‌بونیادنانی پرۆژه‌ی ده‌ستووری كۆماری عیراقی فیدراڵ.
له‌ساڵی 2005 دا، دوو بریاری گرنگ و چاره‌نووساز له‌باره‌ی عیراقی دوای سه‌ددامه‌وه ده‌درێت، یه‌كه‌مییان تایبه‌ت به ده‌نگدان و په‌سندكردنی ده‌ستوورێكی نوێ كه ده‌وڵه‌تی عیراق تایبه‌تمه‌ندی فیدراڵی وه‌رده‌گرێت، دووه‌میشییان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان. سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌هه‌مانكاتدا له رۆژی 30 ژانیوه‌ری 2005 كرا‌و عه‌دنان ره‌شاد موفتی له‌پشكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ست به‌كارده‌بێت.
دوای نزیكه‌ی 14 ساڵ له‌مێژووی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی، خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا. په‌رله‌مانی نوێ له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه گرنگی خۆی هه‌بووبه‌تایبه‌ت له‌هێشتنه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاشته‌وایی نێوان هه‌ردوو حزبی یه‌كێتی وپارتی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی زۆنی زه‌ردو سه‌وز، هه‌میش له‌سه‌رده‌مێكی جیاواز و پێشكه‌وتوو تر به‌به‌راورد به‌خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مان، ئه‌ویش به‌ده‌ستووری بوونی داموده‌زگاكانی هه‌رێم بوو له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری نوێی عیراقدا. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌وخوله‌دا به‌ده‌نگدانی په‌رله‌مان سه‌رۆكی هه‌رێم دیاریكراو یه‌كه‌م یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ده‌رچوێندرا، كه به‌پێی یاساكه بۆ خولی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك ده‌برایه‌وه ناو ده‌نگدانی گشتی و له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرا. دواتر ئه‌م یاسایه بووه یه‌كێك له‌گرفته سیاسییه‌كانی نێوان پێكهاته‌و لایه‌نه‌كانی هه‌رێم.
به‌پێی ده‌ستووری نوێ، هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بووه هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقی فیدراڵ. كه مادده‌ی 117 ده‌ستووره‌كه به‌راشكاوی دانی ناوه به ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ته‌نانه‌ت له‌مادده‌ی 120 ماف ده‌دات به‌هه‌رێم ده‌ستوورێك كه پێچه‌وانه نه‌بێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ده‌ستووری عیراق بۆی خۆی په‌سند بكات. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دی له‌رووی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت دا به‌هێز ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌مه یه‌كه‌م ده‌سكه‌وتی ده‌ستووری كورده به‌درێژایی مێژووی خه‌باتی كورده‌كان له‌هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌رۆڵ په‌رله‌مانیش له‌ماوه‌ی خولی یه‌كه‌می كاركردنیدا، ده‌ستووری عیراق به‌پێی مادده‌ی 141 هه‌مان ده‌ستووریش، ئه‌وا شه‌رعییه‌تی یاسایی داوه به‌هه‌ر یاسا‌و بریارێك كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌رچوێندراوه، ئه‌مه‌ش هۆكارێك بوو بۆ زیاتر به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی.
خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردن و به‌هێزبوونی كه‌لتووری په‌رله‌مانی
كاری په‌رله‌مانی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته قۆناغێكی دیكه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی دوو هۆكاری سه‌ره‌كی: بۆ یه‌كه‌مجاره له‌مێژووی په‌رله‌مانی خۆیدا، ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز بوونی هه‌بێت و هۆكاری دواتریش: دابه‌شبوونی شه‌رعییه‌تی ده‌نگدانه له‌نێوان په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسادانان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی باڵای جێبه‌جێكردن.
وه‌ك له‌وێبسایتی فه‌رمی په‌رله‌مانی كوردستان دا هاتووه:
به‌رله 4/6/2009 كه‌رۆژی كۆتایی هاتنی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بوو عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له دووكاتی جیاوازدا له 5/1/2009و هه‌روه‌ها 26/3/2009 ی داوای ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، تیایدا پێشنیاری رۆژی 19/5/2009 ی كردبوو بۆ هه‌لبژاردنه‌وه‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌لبژاردنی ئه‌و رۆژه‌شی بۆ ئه‌وه‌ی گه‌راندبۆوه كه یه‌كه‌م هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی له كوردستان له 19/5/1991 ئه‌نجامدراوه..
دوای تاووتوێكردنی ئه‌و پێشنیاره‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ل كۆمسیۆنی بالای هه‌لبژاردن له‌عیراقدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌نامه‌یبه‌دا كه مێژووی 11/4/2009 ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كردووه تیایدا ئه‌وه روونكراوه‌ته‌وه كه له‌به‌ر ته‌رخان نه‌كردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ كۆمسیۆنی بالا له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدرال و نه‌بوونی پلانی دارایی روون و توانای ته‌كنیكی پێویست كۆمسیۆن ناتوانێت له‌رۆژی 19/5/2009 هه‌لبژاردن ئه‌نجام بدات.”
دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی بالای هه‌لبژاردن له‌عیراق رۆژی 2/5 /2009 سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان ئاگادار كرده‌وه كه له20/7/2009 به‌دواوه ئاماده‌ن هه‌لبژاردن به‌رێوه‌ببه‌ن ئه‌وه‌بوو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌رۆژی 5/5/2009 له‌دانیشتنی ئاسایی ژماره 9ی خولی دووه‌می ساڵی چواره‌می له خولی دوومی هه‌لبژاردن ئاماده‌بوو له وتارێكداله‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی 25/7/2009 ی دیاری كرد وه‌ك رۆژی هه‌لبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌رێمی كوردستان و داواشی كرد هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجام بدرێت.
یه‌كه‌مجاره دوای دروستبوونی، هه‌ڵبژاردنی خولی نوێی په‌رله‌مانی له‌كاتی خۆیدا بكرێت به‌بێ هیچ دواخستنێك. ئه‌مه‌ش به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌قامیریی و ئاشته‌واییه هه‌بوو له‌نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان و هه‌روه‌ها سه‌قاگیری پێگه‌ی كورد له‌به‌غدا.
خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی به‌كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی نوێوه ده‌ستی پێكرد، له‌وانه: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه، بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی خۆیدا پێكهاته‌كانی هه‌رێم (كریستیانه‌كان و توركمان و ئه‌رمه‌ن)، 11 كورسی په‌رله‌مانیان له‌كۆی 111 كورسی په‌رله‌مان بۆ ته‌رخانكرابوو، ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسای ژماره 2ی ساڵی 2009، له‌مادده‌ی هه‌شته‌می ئه‌و یاسایه‌دا كه تایبه‌ته به‌هه‌مواری چواره‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وا پێكهاته‌ی كریستیانه‌كان 5 كورسی و توركمانه‌كان 5 كورسی و ئه‌رمه‌نیش 1 كورسی بۆ ته‌رخان كرا.
له‌رووی ماف و پێكه‌وه ژیانه‌وه، ئه‌م هه‌مواره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌م ده‌سكه‌وتێكی مێژوویی بوو هه‌میش به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی و رێزگرتن و دادگه‌رییه‌ك بوو بۆ مافی پێكهاته‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و پرسه به‌هۆی ململانێ و بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێم نه‌توانرا وه‌كو پێویست پراكتیزه‌ی ئه‌و مافه بكرێت. ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وانه: ململانێ و هه‌ژموونی حزبه سیاسییه باڵا ده‌سته‌كان و نه‌بوونی میكانیزمێك بۆ چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی كاندیدانی ئه‌و پێكهاتانه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانه‌وه، كه به‌پێی یاسای به‌ركار، ده‌نگدانی تایبه‌ت و تۆماری تایبه‌ت به‌پێكهاته‌كان نه‌بوو، هه‌روه‌ك هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت ده‌نگ به‌كاندیدی پێكهاته‌كان بدات و ئه‌مه‌ش وایكرد قورس بێت كاندیدی پێكهاته‌كان دوور له‌ده‌ستوه‌ردانی سیاسی بگه‌نه په‌رله‌مان.
هه‌روه‌ها جیاوازییه‌كی دیكه له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان، به‌ده‌ستهێنانی 25 كورسی په‌رله‌مانی له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێی ئۆپۆزسیۆنی به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆران بوو. كه ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌لتووری په‌رله‌مانی له‌كوردستان قۆناغێكی دیكه له‌ته‌مه‌ن و شێوازی كاره‌وه بچێته پێشه‌وه. له‌گه‌ڵ لیستی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی كه له زیاتر له 15 ئه‌ندام پێكهاتبوون، كه ده‌یكرده 41 په‌رله‌مانتار له‌كۆی 111 كورسی په‌رله‌مانی هه‌م هێزێك بوو بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت بۆ به‌رزركردنه‌وه‌ی ئاستی كار‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی و هه‌میش ووزه‌یه‌ك بوو بۆ په‌رله‌مان كه ئه‌ركی چاودێری خۆی به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه باشتر به‌رجه‌سته بكات.
هه‌ر له‌م خوله‌شدا بوو، بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی كاری خۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان بۆ روونكردنه‌وه‌و لێپرسینه‌وه له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر داخوازی ئه‌وكاتی خۆپێشانده‌ران، به‌پێی بریاری ژماره 1ی رۆژی 23/02/2011 ی په‌رله‌مان، یه‌كه‌مین لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه ئه‌وكات (د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح) بوو له‌پشكی یه‌كێتی و به‌هاوپه‌یمانی پارت یكه كابینه‌كه‌ی پێكهێنابوو.
دوای ته‌واو بوونی رێككاره یاساییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌كه‌ش، بریاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌حكومه‌ت خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به ده‌نگی 67 په‌رله‌مانتار به‌رامبه‌ر 28 ده‌نگ ئه‌وا لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌كه ره‌تكرایه‌وه.
هه‌روه‌ك ئه‌وه روونكرایه‌وه كه به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان و په‌یره‌وی ناوخۆ، سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌یه، ئه‌وانیش: 1)یاسادانان و 2)په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی و 3)چاودێری حكومه‌ت. له خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی خۆیدا، توانی به‌باشی له‌سه‌ر هه‌ر سێ ئاست كارا بێت و ده‌توانین بڵێین سه‌رده‌می زێرینی كار و كه‌لتووری په‌رله‌مانییه له‌هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌خوله‌كانی پێش خۆی و هه‌میش دوو خولی دوای خۆشی.
جێی ئاماژه بۆ كردنه، به‌پێی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان یه‌كێتی و پارتی، سه‌رۆكایه‌تی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان به‌شێوه‌ی خول بوو، دوو ساڵی یه‌كه‌می له‌پشكی پارتی، د.كه‌مال كه‌ركوكی بووه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دواتریش د.ئه‌رسه‌لان بایز له‌پشكی یه‌كێتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی وه‌رگرته‌وه.
یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌كخستنی دووه‌می په‌رله‌مان
به‌ر له‌ته‌واوبوونی كاری خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وا كێشه‌یه‌كی سیاسی و یاسایی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كانی ئۆپۆزسۆین له‌باره‌ی یاسای ژماره 1ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هاته ئاراوه. حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وه دابوون یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار بكرێته‌وه‌و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌جیاتی هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، ئه‌وا له‌په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌و به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی كه‌مبكرێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات ئه‌و پێشنیازه بۆ هه‌مواركردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌وشێوازه ره‌تكرده‌وه.
دواتر له 30ی حوزه‌یرانی ساڵی 2013، دوای گفتوگۆ‌و مشتومڕێكی زۆری سیاسی، په‌رله‌مانی كوردستان دوو بریاری به‌هه‌ردوو ژماره‌ی 18 و 19 ده‌ركرد هه‌م بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك و هه‌میش بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.
ئه‌وه‌بوو هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستانن له 21/09/2013 به‌رێوه‌چوو، كه به‌شێوازێكی نوێی سیسته‌می ده‌نگدان به‌شێوه‌ی سیستمی نیمچه كراوه به‌رێوه‌چوو.
نه‌خشه‌ی سیاسی په‌رله‌مانی كوردستان له‌چاو خولی پێشوویدا گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینی، به‌وه‌ی یه‌كێك له‌فراكسیۆنه گه‌وره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو هاته ناو هاوكێشه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه.
له‌هه‌ماناتیشدا چه‌كداره‌كانی تیرۆریستی داعش له‌پێشره‌ویدابوون له‌ناوچه‌كانی سوریا و عیراق بووبوونه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدارو جددی له‌سه‌ر بوونی هه‌رێم و عیراق. دوا به‌دوای ئه‌و روودانه‌وه‌ش، هه‌رێمی كوردستان تووشی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری هات و بۆ یه‌كه‌مجاربوو له‌دوای ئازادكردنی عیراق له‌سه‌دام، حكومه‌تی عیراق به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببرێت و ئه‌مه‌ش وایكرد په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌رسێ ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی (یاسادانان و بودجه دانان و چاودێری حكومه‌ت)، دوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی له‌ده‌ستبدات. به‌وه‌ی نه‌یتوانی وه‌ك خولی پێشوو كار له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵانه بكات و یاسای بودجه ده‌ربكات به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه كه‌به‌رۆكی هه‌رێمی گرتبوو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن و حاڵه‌تی هه‌بوونی جه‌نگ به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی داعش ئه‌ركی چاودێری حكومه‌تیش لاواز تر بوو. بۆیه كێشه‌كانی خولی چواره‌می په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بووبن ئه‌وا هیچی كه‌مترنه‌بووه له‌و كێشانه‌ی كه به‌رۆكی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی گرته‌وه به‌هۆی شه‌ری ناوخۆوه.
سه‌ره‌رای ئه‌و كێشانه‌ی له‌رووی جه‌نگ و ئابوورییه‌وه بوونی هه‌بوو، له‌ناوخۆشدا لایه‌نه سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كان هاوڕانه‌بوون له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌و پرسه ناوخۆییه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌پرسی ده‌ستوور و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.
په‌رله‌مانی كوردستان بووه سه‌نته‌ری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و چیتر كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌باره‌گاكانی خۆیان بۆ گه‌یشتن به‌بریاری بنبه‌ست به‌س نه‌بوو ده‌بووایه بگه‌رێنه‌وه ناو هۆڵی په‌رله‌مان و لای فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه.
بۆ تێگه‌یشتن له‌شێوازی كاری ئه‌وكاتی په‌رله‌مانیش، پێویسته ئه‌وه ئاماژه‌ی پێبكرێت كه بۆ یه‌كه‌مجاربوو له‌مێژووی كاری په‌رله‌مانی كوردستان، له سێ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، دوو ئه‌ندامییان (سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان) له‌ده‌ره‌وی یه‌كێتی و پارتی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرن و د. یوسف محمد سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌پشكی گۆران و فه‌خره‌ددین قادر له‌پشكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ك سكرتێری په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاربوو. هاوكات جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش بۆ د.جه‌عفه‌ر ئیمینكی له‌پشكی پارتی یه‌كلابوویه‌وه. به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، دوو له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌توانن بانگهێشتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بكه بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی په‌رله‌مان و به‌رێوه‌بردنی، ئه‌مه‌ش ببوه چه‌كێك به‌ده‌ست هه‌ردوو لایه‌نی گۆران و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ دروستكردنی فشاری په‌رله‌مانی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.
به‌پێی بریاری ژماره 19 ی ساڵی 2013، ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له به‌رواری 19/08/2015 كۆتایی پێده‌هات و ده‌بووایه هه‌ڵبژاردن بۆی ئه‌نجامبدرایه. لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام و ته‌نانه‌ت یه‌كێتی نیشتیمانیش وه‌ك هاوپه‌یمانێكی پێشووی پارتی هاوڕابوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی گۆران و لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ هه‌مواری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ربنه‌مای گێرانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ناو په‌رله‌مان و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ده‌سه‌لاته‌كانی.
له‌ده‌رئه‌نجامدا، له 23ی حوزه‌یرانی 2015 ، په‌رله‌مانی كوردستان، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ چوار پرۆژه یاسا بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره 1ی 2005ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدا، كه دوو پرۆژه له‌لایه‌ن فراكسۆنی یه‌كێتی و پرۆژه‌یه‌ك هی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌وه‌ی دیكه‌شییان فراكسیۆنی ئیسلامییه‌كان بوون.
له به‌رواری 19/08/2015 ، په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵیدا دانیشتتنی خۆی بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره 1ی 2005ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامبدات. به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی نیسابی یاسایی ئه‌ندامان (ده‌بێت 56 په‌رله‌مانتار ئاماده‌بن)، ئه‌وا نه‌یتوانی دانیشتنه‌كه ئه‌نجامبدات.
جارێكی دیكه كۆبوونه‌وه‌و دانووستانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌و كۆتا جاریش له 08/10/2015 كۆده‌بنه‌وه‌و به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نابێت. ئه‌م نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتنه ده‌بێته هۆكارێك تاوه‌كو هێزه‌كانی زۆنی زه‌رد له‌خاڵی پشكنینی ناسراو به‌پردێ له‌رۆژی 12/10/2015 رێگه له‌گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی په‌رله‌مان د. یوسف محمد سادق بگرن و ئه‌و رێككه‌وته‌ش به‌په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێـت.
په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵ به‌رده‌وام بوو. تاوه‌كو له 15/09/2017 ، چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له 25/09/2015 ، ئه‌وا په‌رله‌مانی كوردستان جارێكی دیكه كاراكرایه‌وه به‌ڵام به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ی د. یوسف محمد سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌پشكی گۆران و فه‌خره‌ددین قادر له‌پشكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ك سكرتێری په‌رله‌مان بۆ پۆسته‌كانیان. له‌به‌رامبه‌ردا، ف د.جه‌عفه‌ر ئیمینكی له‌پشكی پارتی به‌رده‌وامبوو له‌پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و بێگه‌رد دڵشاد تالًه‌بانی له‌جێگه‌ی فه‌خره‌ددین قادر وه‌ك سكرتێری په‌رله‌مان ده‌ستنیشانكرا. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌به‌تاڵی مایه‌وه. ئه‌كه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ یاسا ده‌رچووه‌كانی كاتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌سێپتێمبه‌ری 2017 بۆ ته‌مموزی 2018، ئه‌وا 15 یاسا له‌و ماوه‌یه‌دا له‌په‌رله‌مان په‌سندكراوه به‌ئێمزای جێگری سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان و ناو و ئیمزای سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌به‌تاڵی هێڵدراوه‌ته‌وه‌و ناوی د.یوسف محمد وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر دۆكیومێنتی یاساكان هه‌ر بوونی ماوه.
دوای كارابوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م، یاسای ژماره‌ی 1ی ساڵی 2017 ده‌رده‌چێت بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی چواره‌می په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی دوو خولی گرێدان (په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵێكدا دوو خولی گرێدانی دانیشتنه‌كانی هه‌یه به‌ناوی خولی به‌هار كه له 01/03 ده‌ست پێده‌كات بۆ 01/07 و خولی پایزه له 01/09 ده‌ست پێده‌كات بۆ 31/12). هه‌روه‌ها به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆمه‌وه له‌هه‌مانساڵدا، په‌رله‌مانی كوردستان یاساى ژماره (2)ى ساڵى 2017 ى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، په‌سندكردو به‌پێی یاسا نوێكه ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه گواسترایه‌وه بۆ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کودرستان. به‌پێی حوكمه‌كانی یاساكه‌ش، سه‌رۆك وه‌زیران بە مەرسوومی ژمارە 1 ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاری کرد وەک وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و له‌وا واده‌یه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌كه كرا.
خولی پێنجه‌م و ته‌قینه‌وه به بۆمبی داگای فیدراڵی
خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به‌دوو خه‌سڵه‌تی جیا له‌خوله‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێكرد؛ له‌یه‌كه‌م دانیشتنی خۆیدا له 18 ی شوباتی 2019 ، بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی كاری په‌رله‌مانی هه‌رێم، ژنێك پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌بریاری ژماره (1)ی 2019 وه‌رگرت، ئه‌ویش د.ڤالا فه‌رید بوو، له‌پشكی پارتی و هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌مجاریش بوو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دوو ئه‌ندامی ژن بن و پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان له‌پێكهاته‌ی توركمان به‌ر مونا نه‌بی كه‌وت. دووه‌میشیان: خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان به په‌یره‌وێكی ناوخۆی نوێی په‌رله‌مانییه‌وه ده‌ستی به‌كاركرد كه سه‌رتاپای په‌یره‌وه‌كه جیابوو له‌چاو خوله‌كانی پێشوو.
له‌رووی كاری په‌رله‌مانییه‌وه، هه‌م بوونی سه‌رۆكی ژن و هه‌میش په‌یره‌وێكی نوێی په‌رله‌مانی ئه‌زموونێكی نوێ بوو. به‌تایبه‌ت له‌رووی ته‌كنیكی كاری په‌رله‌مانییه‌وه په‌یره‌وی نوێی په‌رله‌مانی ده‌ستنیشانی شێوه و ئاراسته‌ی كاری په‌رله‌مانتارانی سنووردارتر كرد به‌به‌راورد به‌په‌یره‌وه كۆنه‌كه. هه‌رچه‌نده رای جیاواز ئه‌وه بوو، كه ئه‌م په‌یره‌وه تازه‌یه كاتی زیاتر بۆ گفتوگۆ‌و ده‌ركردنی بریارو یاساكان ده‌گه‌رێنێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجیشه، د.ڤالا فه‌رید به‌هۆی دره‌نگ ده‌ستنیشان كردنی كاندیدی یه‌كێتی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه‌ی به‌ركه‌وت. دواتر به‌بریاری ژماره (10)ی حوزه‌یرانی 2019، د.رێواز فایه‌ق له‌پشكی یه‌كێتی جێگه‌ی د.ڤالا فه‌ریدی گرته‌وه‌و وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاربوو.
خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی، به‌به‌راورد به‌خوله‌كانی دیكه تا راده‌یه‌ك تووشی كێشه بوویه‌وه له‌راپه‌راندنی ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مانی (یاسادانان و بودجه‌دانان و چاودێریكردنی حكومه‌ت )، هه‌ره‌وه‌ها دابه‌شبوونی زۆرینه‌و كه‌مینه زاڵ بوو. ئه‌میش بۆ چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌گه‌رێته‌وه؛ له‌وانه: ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان وده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌ژێر هه‌ژموونی پارتی (خاوه‌نی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی هه‌رێم) بوو، به‌هۆی هه‌بوونی 45 كورسی په‌رله‌مانی و هاوپه‌یمانییه‌كی رانه‌گه‌ینراو له‌گه‌ڵ 11 كورسی كۆتا‌و ئه‌مه جگه له‌لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی گۆڕان به هه‌بوونی 12 كورسی په‌رله‌مانی.
له‌به‌رامبه‌ردا، یه‌كێتی نیشتیمانی به 21 كورسی (پێكهێنه‌ری كابینه‌ی حكومه‌تیش بوو)، نه‌وه‌ی نوێ به 8 كورسی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی به 12 كورسی په‌رله‌مانی، نه‌یانده‌توانی ببنه فشار به‌هۆی زۆرینه‌ی كورسی بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر و هه‌روه‌ها سنوورداری 21 كورسی په‌رله‌مانی یه‌كێتی به‌هۆی به‌شدارییان له‌حكومه‌ت.
هه‌روه‌ها به‌درێژایی ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مان نه‌یتوانی پراكتیزه یه‌كێكی دیكه له سێ ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی بكات ئه‌ویش په‌سندكردنی بوجه‌ی گشتی ساڵانه به‌هۆی نه‌بوونی پرۆژه‌ی بوودجه‌و قه‌یرانی به‌رده‌وامی ئابووری هه‌رێمه له ساڵی 2014ه‌وه.
دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی خوله‌كه، دیسان نه‌توانرا هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت و بۆیه له 9ی ئۆكتۆبه‌ری 2022، په‌رله‌مانی كوردستان یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆی به یاسای ژماره 12ی ساڵی 2022 به‌ناوی یاسای به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی په‌سندكرد.
دواتر، واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان بووه سه‌نته‌ری گفتوگۆ‌و دانووستانی نێوان لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم به‌گشتی و نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌تایبه‌تی. لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن و فراكسیۆنی پارتیش هه‌وڵیدا له‌رێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه كاركردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانی له‌دانیشتنی ژماره رۆژی 22/05/2023، تێپه‌رێنێت. له‌دانیشتنێكی پر له‌كێشه‌و پێكدادانی سیاسی تا كارگه‌یشته به‌كارهێنانی جۆرێك له‌توندوتیژی له‌لایه‌ن به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه (فراكسیۆنی سه‌وز) بۆ رێگریكردن له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بۆ تێپه‌راندنی كاركردنه‌وه‌كه. سه‌رۆكی په‌رله‌مان كوردستان، د.رێوزا فایه‌ق دانیشتنه‌كه‌ی دژ به‌حوكمه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆ وه‌سفكردو دانیشتنه‌كه‌ی جێهێشت و به‌ڵام ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، د.هێمن هه‌ورامی له‌پشكی پارتی و مونا قه‌هوه‌چی له‌پێكهاته‌ی توركمان به‌رده‌وامییان به‌دانیشتنه‌كه‌داو رێككاره‌كانی ده‌نگدانیان له‌ناو ژاوه‌ژاوی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران جێبه‌جێكرد.
ئه‌م دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان هێنده‌ی دیكه لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت و په‌رله‌مانی لێك دوور خسته‌وه. دواتر له‌رۆژی 30/05/2023، له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌یه‌ك سكاڵای چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌رێم، بریاریدا به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای ژماره 12 درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و كاركردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و جێگرتنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی عیراق بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن. له‌وه‌ش زیاتر، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی 11 كورسی كۆتاكانی به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بۆ چواربازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ 100 كورسی.
به‌پێی بریاری دادگای فیدراڵی له‌دوای 06/11/2022 ه‌وه، هه‌ر بریارو یاسایه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچووبێت به‌هه‌ڵوه‌شاوه داده‌نرێت و یاسایی نییه. له 06/11/2022 تاوه‌كو 22/05/2023 كه كۆتا دانیشتنی په‌رله‌مان بوو، له‌و ماوه‌یه‌دلا 7 یاسا‌و 11 بریاری په‌رله‌مان په‌سندكرابوون، سه‌رجه‌مییان به‌هه‌ڵوه‌شاوه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن و ده‌بێ خولی داهاتووی په‌رله‌مان جارێكی دیكه كارییان له‌سه‌ر بكاته‌وه.
ئێستا كه له سه‌ره‌تای مانگی ئایاری 2024 داین، هێشتا كاتی هه‌ڵبژاردنی خولی نوێی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌و لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامن له‌گفتوگۆو دانووستان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی.
ده‌رئه‌نجامه‌كان
- له‌ئایاری 1992ه‌وه، بۆ یه‌كه‌مجاره هه‌رێمی كوردستان له‌بۆشایی یاسایی نه‌بوونی په‌رله‌مان دایه. هه‌رچه‌نده له ساڵانی 1996 بۆ 2002 و هه‌روه‌ها 2015 بۆ 2017 په‌كخستنی په‌رله‌مان روویدا، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مجاره جیاوازه‌و له‌ژێر ناوی دادگای فیدراڵی و حوكمه یاساییه‌كانی ده‌ستووری عیراق په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
- یاسای ژماره 1ی ساڵی 1992 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، پێویستی به‌هه‌موارێكی گشتگیر‌و هه‌مه‌لایه‌نه بۆ به‌هێزكردنی كه‌لتووری په‌رله‌مانی.
- دیاریكردنی كورسی پێكهاته‌كان گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا پێویستی به‌رێكخستنه‌وه‌ی چۆنییه‌تی هه‌ڵبژاردنی پێكهاته‌كان و هه‌بوونی تۆماری ده‌نگدانی تایبه‌ت و دوور خستنه‌وه‌یان له‌هه‌ژموونی سیاسی حزبه باڵاده‌سته‌كان و پاراستنی مافه‌كانیان پێویستییه.
- نه‌بوونی پرۆژه یاسای بودجه، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه‌مده‌كاته‌وه‌و بۆیه پێویسته هه‌وڵبدرێت ساڵانه بودجه‌ی گشتی هه‌رێم بێته په‌رله‌مان و یه‌كێك له‌ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مان كه بودجه دانانه جێبه‌جێ بكرێت.
- په‌رله‌مانی كوردستان خاوه‌ن دوو خولی گرێدانی دانیشتنه‌كانه‌و پێویسته یاسایه‌ك ده‌رچێت له‌كاتی هه‌ردوو خولی گرێدانه‌كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرێ و تا ببێته نه‌ریتێك و ئه‌ركی چاودێری حكومه‌تی په‌رله‌مان له‌ورێگه‌یه‌وه به‌هێز بكرێت.
- هه‌روه‌ها چیدیكه په‌رله‌مان نه‌توانێت ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكاته‌وه ته‌نهاو ته‌نها له‌حاڵه‌تی جه‌نگ نه‌بێت. ئه‌مه‌ش بۆ گێرانه‌وه‌ی متمانه بۆ ده‌نگده‌ران.
- په‌رله‌مانی كوردستان پێویستی به‌هه‌مواری په‌یره‌وی ناوخۆی هه‌یه بۆ ده‌ستكراوه‌یی زیاتری په‌رله‌مانتاران.
- هه‌بوونی ده‌ستوورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا پێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هێزتر ده‌كات و هه‌روه‌ها ده‌بێته زامنی پاراستنی باڵانسی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری.
سه‌رچاوه‌كان
یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان -عیراق
yasay-zhmara-1-y-saly-1992.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره (2)ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد
yasay-zhmara-2-y-saly-1992.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره (4)ی ساڵی 1994 یه‌كه‌مین هه‌مواری یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان -عیراق
yasay-zhmara-4-y-saly-1994.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره (14) ی ساڵی 1994 ده‌رباره‌ی پێكهێنانی لیژنه له‌باره‌ی هێرشكردنه سه‌ر ورێزنه‌گرتنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌لابه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه
بریاری-ژمارە-14-ی-سالی-1994.pdf
بریاری ژماره (18) ی ساڵی 1994 ده‌رباره‌ی پێكهێنانی لیژنه له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌رووداوه‌كانی شه‌ری ناوخۆ
بریاری-ژمارە-18-ی-سالی-1994.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره (19) ی ساڵی 1994 ده‌رباره‌ی پێكهێنانی لیژنه له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌رووداوه‌كانی شه‌ری ناوخۆ
بریاری-ژمارە-19-ی-سالی-1994.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1995 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
yasay-zhmara-1-y-saly-1995.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره (1) ی ساڵی 1996 بریاری درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
بریاری ژماره (2) ی ساڵی 1996 بریاری درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1996 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
yasay-zhmara-1-y-saly-1996.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره (2) ی ساڵی 1996 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
yasay-zhmara-2y-saly-1996.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره (8)ی ساڵی 1997 یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
یاسای ژماره (10)ی ساڵی 1997 یاسای وه‌ستاندنی یاسای ژماره 2ی ساڵی 1992 تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد
یاسای ژماره (2) ی ساڵی 1998 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
یاسای ژماره (5)ی ساڵی 1998 هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان -عیراق
ياساى-ژماره-5-ى-سالى-1998-ياساى-يه-كه-م-هه-مواركردنى-ياساى-ژماره-1-ى-سالى-1992.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره (8)ی ساڵی 1998، تایبه‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تی یاسایی كابینه‌ی وزاری له‌نێوان ساڵانی 1994 تاوكو 1996
بریاری-ژمارە-8ی-ساڵی-1998.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره (9) ی ساڵی 1998 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
بریاری ژماره 37ی ساڵی 1999 ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
بریاری-ژمارە-37ی-سالی-1999.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره 38ی ساڵی 1999 ده‌ست به‌كاربوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
بریاری-ژمارە-38ی-سالی-1999.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره 19ی ساڵی 2001 یاسای بودجه‌ی گشتی هه‌رێم
یاسای-ژماره-19-ی-ساڵی-2001-یاسای-بودجه-ی-ساڵی-2002-ی-هه-رێمی-كوردستانی-عێراق.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره 21 ی ساڵی 2002 تایبه‌ت خولی گواستنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
بریاری-ژمارە-21-ی-سالی-2002.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره 24 ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به‌مامه‌ڵه‌كردنی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئیداره‌ی زه‌ردو سه‌وز
بریاری-ژمارە-24-ی-سالی-2002.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره 26 ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به بونیادنانی ده‌ستووری هه‌رێم
بریاری-ژمارە-26-ی-سالی-2002.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره 27 ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به بونیادنانی پرۆژه‌ی ده‌ستووری فیدراڵی بۆ عیراق
بریاری-ژمارە-27-ی-سالی-2002.pdf (parliament.krd)
بریاری ژماره 28 ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به پێكهێنانی لیژنه بۆ ئاماده‌كاری خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان
بریاری-ژمارە-28-ی-سالی-2002.pdf (parliament.krd)
یاسای ژماره (16)ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به‌رێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن
Microsoft Word – pkyj16-2002.docx (parliament.krd)
یاسای ژماره (47)ی ساڵی 2004 هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان -عیراق
Microsoft Word – pkyj47-2004.docx (parliament.krd)
یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2009 هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره (1) ی ساڵی 2005 یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
Microsoft Word – pkyj1-2009 (parliament.krd)
یاسای ژماره (2)ی ساڵی 2009 هه‌مواركردنه‌وه‌ی چواره‌می یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
Microsoft Word – pkyh4yhalbjardnj2-2009 (parliament.krd)
یاسای ژماره (15)ی ساڵی 2013 هه‌مواركردنه‌وه‌ی حه‌وته‌می یاسای ژماره (1) ی ساڵی 1992 یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
بةناوي خواي بةخشندةو ميهرةبان (parliament.krd)
یاسای ژماره (18) ی ساڵی 2013 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
بةناوي خواي بةخشندةو ميهرةبان (parliament.krd)
یاسای ژماره (19) ی ساڵی 2013 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم
بةناوي خواي بةخشندةو ميهرةبان (parliament.krd)
یاسای ژماره (1) ی ساڵی 2017 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
بةناوي خواي بةخشندةو ميهرةبان (parliament.krd)
یاسای ژماره (2) ی ساڵی 2017 یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم
بةناوي خواي بةخشندةو ميهرةبان (parliament.krd)
یاسای ژماره (10) ی ساڵی 2018 یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
یاسای ژماره (1) ی ساڵی 2019 یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
pkyj1-2019pdf5150.pdf
یاسای ژماره (12) ی ساڵی 2022 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردن
یاسای-ژماره-12-ی-ساڵی-2022.pdf (parliament.krd)
یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماده‌كردنی حاكم عه‌ونی به‌زاز
پەرلەمانی کوردستان | یاسای هەڵبژاردن (parliament.krd)
دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن