سەلماندنی جینۆساید لە تاوانەکانی تورکیا دژ بە هاووڵاتییانی سڤیلی کوردستان

د.ئاوارە حسێن

پێشەکییەکی کورت

لەم وتارە شیکارییەدا دەمانەوێت هەڵسەنگاندنێکی یاسایی بکەین بۆ تاوانە بەردەوامەکانی حکومەتی تورکیا دژ بە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان، لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاریی تورکیا، یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و بڕیاری دادگا نێودەوڵەتیی و نیشتیمانییەکانەوە، هەروەها دەمانەوێت ئەوە بسەلمێنین کە ئەوەی تورکیا دژ بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی داوە و ئەنجامی دەدات نەک گەشتووەتە ئاستی تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵکو لوتکەی تاوانەکان کە جینۆسایدە ئەنجامیداوە.

کورتەیەک لە تاوانەکانی تورکیا

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی CPT سەبارەت بە قوربانیانی سڤیلی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی تورکیا تەنها لە ماوەی شەش ساڵی (٢٠١٥-٢٠٢١)دا، لە هەرێمی وشکانیی هەرێمی کوردستان، هەستاوە بە کوشتنی (٩٨) هاووڵاتیی سڤیل، کوشتن و بریندارکردنی (٥٥) جوتیار و شوانکار لە کاتی کشتوکاڵکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان، هەروەها نزیکەی (٥٠٠) گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵبوونی تەواوەتیدان بەهۆکاری تاوانە بەردەوامەکانی تورکیاوە بۆ سەریان. ئەمە سەرەڕای سوتاندنی چەندین دۆنم زەوی کشتوکاڵیی، تاوانەکانی تورکیا تا ئەم ساتەش لەڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر کەسانی سڤیل بە پاساوی تر بەردەوامە.

جینۆساید چییە

بەگوێرەی ماددەی (٢)ی پەیماننامەی سزادان و قەدەغەکردنی جینۆسایدی ساڵی (١٩٤٨) کە تورکیا ئەندامییەتی، ماددەی (٦)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی و ماددەی (٧٦)ی یاسای سزادانی تورکیا، بە کورتکراوەیی جینۆساید بریتییە لە (ئەنجامدانی هەریەک لە کردارەکانی کوشتن،  ئازاردانی جەستەیی و هزریی، دانانی ئەندامانی گروپێک لە ژیانێکی ناهەمواردا، ڕێگریکردن لە زاوزێ و ڕاگواستنی بەزۆری منداڵان بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینیی).

گروپە پارێزراوەکانی جینۆساید لە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و یاسای تورکیاشدا تەنها بریتین لە چوار گروپی ”نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی”.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئایا کورد سەر بە کام گروپی پارێزراوی جینۆسایدە؟ لە ڕوانگەی یاساییەوە دەتوانین بڵێین کوردەکان سەر بە گروپی ڕەگەزیی-نەتەوەیین. گروپی ڕەگەزیی بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا بەوە ناسێندراوە و پێناسەکراوە و جیادەکرێتەوە، کە ”ئەندامانی گروپەکە هاوبەشن لە زمان یان کەلتوردا”. هەروەها هۆبەی پێش دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی گروپی ڕەگەزیی بەوە ناساندووە، کە ”ئەندامانی گروپەکە ئەوانەن، کە خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیان و دابی هۆزایەتی و گرێدراوی کەلتورین بە خاکەکەیانەوە”. دادگای باڵای تاوانکاری عێڕاقیش لە کەیسی ئەنفالدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ”بەدڵنیاییەوە کوردەکان لە مێژوودا و، هێشتاش بە گروپێکی ڕەگەزیی-نەتەوەیی ناسراون و کراون بە ئامانج لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعس و سەددام حسەینەوە بەهۆکاری ڕەگەز و نەتەوەیان و مەبەستێکی سڕینەوەی گشتی یان بەشەکی کوردە سڤیلەکان هەبووە بەهۆکاری ڕەگەزیی و لەبەر ڕەگەزیان کراون بە ئامانج.  هەروەها دادگای شاری لاهای هۆڵندا لە کەیسی فرانس ڤان ئانرات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ”دادگا بۆی دەرکەوتووە، کە بەشێوەیەکی یاسایی و قایلەکەر دەسەلمێنرێت، کە گروپی دانیشتووانی کورد (لە ناوچە گوندنشینەکان و لە هەڵەبجە) پێویستی و تایبەتمەندییەکانی گروپی ڕەگەزیی تێدایە، کە لە پەیماننامەی جینۆسایددا پێناسە کراوە”.

کەواتە گروپی ڕەگەزیی ئەو گروپەن، کە بە زمان یان کەلتوری جیاوازی تایبەت بە خۆیان دەناسرێنەوە. کوردیش یەکێکە لە گروپە ڕەگەزییەکان کە گروپێکی پارێزراوی جینۆسایدە. کوردەکان لە ڕوانگەی زمان و کەلتور و گرێدراویی ڕەسەنایەتییانەوە جیاوازن لە تورک، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کورد وەک گروپی قوربانی و بڕیار بەدەستانی تورک وەک گروپی ئەنجامدەری تاوان جیاوازن لە ڕوانگەی ڕەگەزییەوە.

پاش ئەوەی لەوە دڵنیابوینەوە کە کورد گروپێکی ڕەگەزییە، دەبێت لەوەش دڵنیابینەوە کە بۆ ئەوەی تاوانێک وەک جینۆساید دابنرێت پێویستە سێ مەرجی تێدابێت، ئەوانیش:

(ا) قوربانییەکان پێویستە سەر بە یەکێک لە گروپەکانی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی، یان ئاینیی بن،

(ب) تاوانەکە بەیەکێک لەو پێنج شێوازە ئەنجامدرابێت کە بە کورتی لە پێناسەکەدا ئاماژەمان پێداوە.

(ج) پێویستە ئەنجامدەری تاوانەکە مەبەستی بوبێت هەموو یان بەشێکی ئەندامانی گروپەکە لە ناوبەرێت، با لە ئەنجامی تاوانەکەیەوە تەنها کەسێکیش کوژرابێت یان تاوانەکەی بوبێتە هۆی نائارامییەکی هزریی لە ناو ئەندامانی گروپەکەدا.

تاوانەکانی حکومەتی تورکیا بووەتە هۆی کوشتنی ئەو ژمارە سڤیلە ئاماژەبۆکراوە.

لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەت کە ئایا کوشتنی  ئەو ژمارەیە دەگاتە ئاستی تاوانی جینۆساید؟ لە وەڵامدا دەڵێین بەڵی، گەر هاتوو مەرجەکانی دروست بوونی تاوانەکە وەک جینۆساید بوونی هەبوو، کە لەم تاوانانەی تورکیا دژ بە کورد بوونی هەیە. ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: کرداری کوشتن، کە تاوانەکە بووەتە هۆی کوشتنی کەسانی سڤیل،

دووەم: قوربانییەکان کە کوردن گروپێکی ڕەگەزیین، ئەو گروپەش یەکێکە لە گروپە پارێزراوەکانی جینۆساید،

سێیەم: ئەنجامدەری تاوانەکە مەبەستی بووبێت هەموو یان بەشێکی ئەندامانی ئەو گروپە لەناوبەرێت، لەم تاوانەی تورکیا دژ بە کورد هەمان مەبەستی هەبووە و هەیە، گەر تاوانەکانی تاوانێکی بێ مەبەست بوون، ئەوا بۆچی تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ ئەنجامدەراندا ئەنجام نەداوە؟ بۆ تا ئێستا هیچ جۆرە داوای بەخشینێکی لە قوربانیان نەکردووە و قەرەبووی نەکردوونەتەوە؟ بگرە هەمیشە پاساویشی هێناوەتەوە بۆ تاوانەکانی و ڕەواویی پێداوە.

دەبێت ئەوەش بخەینەڕوو نەک بە کوشتنی ئەو ژمارەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە، تەنانەت گەر لە ئەنجامی تاوانەکانی تورکیا یەک کەسیش کوژرابێت یان بکوژرێت ئەوا دەگاتە ئاستی تاوانی جینۆساید، چونکە نیاز و مەبەستی لەناوبردنی بەشێک لە کورد هەبووە، دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا لە بڕیارێکیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە بۆ دروستبوونی پایەی جینۆساید پێویستە کردارەکە ئەنجامدرابێت لەدژی تاکەکەسێک یان ژمارەیەک، چونکە ئەو تاکەکەسە یان تاکانە ئەندامی گروپێکی دیاریکراو بوون و بەتایبەتی لەبەر ئەوەی سەر بەو گروپەبوون. لە ئەنجامی ئەوەوە، قوربانییەکە هەڵبژێردراوە نەک لەبەر ناسنامەی تاکەکەسی خودی خۆی، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەندامێتی بووە لە گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی، یان ئاینی.

هەروەها لە پایەی تاوانەکانی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیشدا هەمان بۆچونی وەرگرتووە و هاتووە، کە تۆمەتبار یەک کەس یان چەند کەسێک بکوژێت ئەوا بە جینۆساید دادەنرێت، گەر ئەو یەک کەسە یان چەند کەسە سەر بە گروپێکی دیاریکراوی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی بن و تۆمەتبار نیازی ئەوەی هەبوبێت، کە هەموو یان بەشێکی ئەو گروپە لەناوبەرێت. هەروەها دادگای باڵای هەرێمی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا لە بڕیارێکیدا لەدژی داعشێک کە تاوانەکەی کوشتنی کچێکی ئێزدییە بە تاوانی جینۆساید دەناسێنت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لە جینۆسایددا هێندەی نیازی لەناوبردن گرنگە هێندە ژمارەی قوربانییەکان گرنگ نییە، هەر بۆیە ئەوانەی کە لە لەلایەن تورکیاوە بە ئامانجکراون لەبەر کورد بوونیان بووە وەک گروپێکی ڕەگەزیی، نەک هیچ پاساوێکی تر.

تاوانەکانی تورکیا نەک بووەتە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل بەڵکو بووەتەهۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ، ترس و نائارامیی هزریی لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا کە نازانن چی ڕۆژێک بە ئامانج دەکرێن، ئەشکەنجەدانی هزرییش بە دروستکردنی نا ئارامی، ترس و دڵەڕاوکێ بە کرداری دووەمی جینۆساید دادەنرێت. جێهێشتنی گوندەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەهۆی بەردەوامی تاوانەکانی تورکیاوە و بیرکردنی گوندنشین، جوتیار و شوانکارەکان بۆ زێدی خۆیان وێڕای ئازاردانی هزرییە دەچێتە چوارچێووەی جینۆسایدەوە. ئەمە سەرەڕەای ئەوەی کە کرداری سێیەمی جینۆسایدیش دەگرێتەوە کە گوندنشینەکان ناتوانن کشوکاڵ و ئاژەڵداریی لە زێدی ڕەسەنی خۆیان بکەن و ژیانێکی شایستەی نەریتی کە لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا لەگەڵی هۆگر بوبون و بۆ خۆیان دروستیان کردووە لە دەستیان داوە، ئەمەش وادەکات کە گروپەکە بچنە ژیانێکی سەختەوە و جینۆسایدێک بێت دژیان.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاونکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای پێشوو لە کەیسێکیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە، ژنانی موسوڵمانی بۆسنە پاش ئەوەی، کە هاوسەرەکانیان، باوکیان و کوڕەکانیان لێسەندرایەوە زۆر هەستیان بە لاوازی و ترس دەکرد، تاوانەکە بووەتەهۆی ئازاردانێکی هزریی سەختی ڕزگاربوان. ژنانی سێربرینیکا هێشتا خەوی ناخۆش و سامناک دەبینن، هەست بە ترس دەکەن، غەمبارن و دۆخی دەرونیان زۆر قورسە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت، کە بینینی خەوی ناخۆش و سامناک، هەستکردن بە ترس و غەمباربوون بەهۆکاری ئەو تاوانانەوە کە لەدژی ئەو گروپە ئەنجامدراوە بەسە بۆ ئەوەی وەک ئازاردانێکی هزری بناسرێت و بە جینۆساید دابنرێت.

بەشکردن: