سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم؛ له شۆڕشی گوڵه مێخه‌كی لیشبۆنه‌وه بۆ چه‌كوشی دادگای فیدراڵی له به‌غداد
سه‌نگه‌ر رەسول
له‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌سی، له‌وپه‌ڕی باشووری رۆئاوای ئه‌وروپا، ده‌وڵه‌تی پورتوگال به قه‌باره‌ی خاك بچووك و به مێژووی رووداوه‌كانی درووستیكردوون گه‌وره. دوایین چیرۆكی پورتوگالییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وێناكانی كه‌شتی جه‌نگی و كۆڵۆنیاڵیزم كه جیهانی به‌لای خۆیدا راكێشا، گۆرانییه‌كانی رادیۆی رێنسانسی پایته‌ختی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بوو كه له دره‌نگانی شه‌وێكی ئهپرهیڵی 1974 دا، به په‌خشكردنی هه‌ردوو گۆرانی “له‌گه‌ڵ دوای ماڵئاوایی”ی پاوڵۆ دی كارڤالۆ و “گرادوا شاری خه‌مۆكی”ی زێكا ئه‌فۆنسۆ كڵپه‌ی له شۆڕشی گوڵه مێخه‌ك به‌ردا.
شۆڕشی گوڵه مێخه‌ك كه به كوده‌تای سپی ناسراوه، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له ئه‌فسه‌رانی گه‌نجی پورتوگالییه‌كان ئه‌نجامدرا بۆ لابردنی رژێمی دیكتاتۆری ئه‌وسای ووڵاته‌كه‌یان و به‌سه‌ره‌تای شه‌پۆڵی سێیه‌م بلابوونه‌وه‌ی دیموكراسییه‌ت كه له‌ساڵی كوده‌تاكه‌وه 1974 تاوه‌كو كۆتایی 90كانی سه‌ده‌ی رابردوو هه‌ژمار ده‌كرێت.
له چوارچێوه‌ی شه‌پۆڵی سێیه‌می دیموكراسی له‌جیهانیشدا، له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان، هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌پۆڵه‌دا، راپه‌رینی خه‌ڵكه‌كه‌ی حوكمی دیكتاتۆری گۆردرا بۆ حوكمێكی شێوه دیموكراسی و ئه‌وه‌ی كه خاڵی هاوبه‌شی پورتوگالییه‌كان و كورده‌كان ئه‌وه بوو، كه هه‌ردووكیان وێستگه‌ی رادیۆ وه‌كو جاردانی حوكمێكی نوێ بووه یادهورییهكی له‌بیر نه‌كراو، هی لشبۆنهییهكان گۆرانییه‌ك بووه ره‌مز و هی گه‌لانی كوردستانیش بروسكه‌كه‌ی “له‌زمناكۆوه بۆ ئازاد.. حه‌وتی مانگ زه‌ماوه‌ند بكه‌ن”، بووه یادگاری رۆژانی راپه‌رین له بیره‌وه‌ریی خه‌ڵكیدا.
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی شه‌پۆڵی سێیه‌می دیموكراسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، یه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره به‌هێزه‌كانی ئه‌وكاتی شه‌رعییه‌تی دیموكراسی هه‌ڵبژاردن بوو بۆ جیاكردنه‌وه‌ی له سیسته‌مه‌كانی دیكه‌ی تاككرهوی و دیكتاتۆری. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای 2000كان به‌دواوه زۆر شت گۆردرا، له‌وانه: رادیۆ چیتر پێگه‌ی جارانی نه‌ماو ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و سه‌رده‌می زانیاری له‌رێی تۆره‌كانی ئینته‌رنێته‌وه شۆرشێكی گه‌وره‌ی به‌رپاكرد و له‌وه‌ش زه‌قتر ئه‌وه بوو هه‌ڵبژاردنیش به‌ته‌نها به‌س نه‌بوو بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی دیموكراتێك و دیكتاتۆرێك، له‌وساوه ئێستا هه‌مووان، دیموكرات و تاكڕه‌و، سیستمی هه‌ڵبژاردنی خۆیان هه‌یه. بۆیه ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵده‌دات له‌رێی شه‌ن و كه‌وكردنی سیسته‌م و مێژووی هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می ده‌نگدان خوێندنه‌وه بۆ ئاستی دیموكراسییه‌ت له هه‌رێمی كوردستان بكات. هه‌روه‌ها له‌رێی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه بۆشاییه‌كانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێم به به‌راورد به‌سیستمی هه‌ڵبژاردنی عیراق ده‌خاته ژێر پرسیار.
یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن و سیستمی رێژه‌یی
دوا به‌دوای سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینی گه‌لانی كوردستان له 5ی ئازار 1991، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكاتی كورده‌كان كه به به‌ره‌ی كوردستانی ناسرابوو، له‌گفتوگۆدا بوو له‌گه‌ڵ رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسێن له‌عیراق بۆ چۆنییه‌تی ئیداره‌دانی ئه‌و كیانه دروستبووه نوێیه. به‌ڵام هیچ ده‌رئه‌نجامێك له‌و گفتوگۆیانه به‌دی نه‌هاتوو، تاكه رێگه‌ش بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌تی سیاسی و هه‌روه‌ها خۆ جیاكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كورده‌كان له‌حوكمی به‌غدا، ئه‌وا راگه‌یاندنی حوكمی دیموكراسی بوو له‌رێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان-عیراق.
بۆئه‌م مه‌به‌سته، لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى له (١٥) ئه‌ندام له حاكم و پارێزهرو مافپه‌روه‌ران و نوێنه‌رانى لایه‌نه سیاسیه‌كانى ناو به‌ره‌ى كوردستانى پێكهات بۆ دارشتنی یه‌كه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان.
دوای پێكهێنانی لیژنه‌كه، له‌ماوه‌ى نێوان ١٩٩١/١٢/٢٣ تاوه‌كو ١٩٩٢/١/٢٨ ، پڕۆژه یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به‌سه‌ركردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى كوردستانى كرد، و له‌رۆژى ١٩٩٢/٤/٨ له‌لایه‌ن به‌ره‌وه بڕیارى له‌سه‌ردرا، و به‌ناوى یاساى ژماره (١) بۆ ساڵی١٩٩٢ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستان – عیراق په‌سه‌ندكرا. جگه له‌وه‌ش له‌هه‌مان به‌رواردا له 08/04/1992، به‌ره‌ی كوردستانی بریاریدا به ته‌رخانكردنی 5 كورسی كۆتا بۆ ئاشوورییه‌كان(كریستیانه‌كان) به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه، ته‌نها بۆ ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردن.
هاوشان له‌گه‌ڵ ههلبژاردنهكانى په‌رله‌مان، هه‌ڵبژاردنی رابه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان، لهرێگاى ده‌نگدانى گشتى ونهێنى و راسته‌وخۆ، له ١٩٩٢/٥/١٩ به‌به‌شدارى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ر، كهنوێنهرایهتى زیاتر له‌سێ ملیۆن ونیو هاوڵاتیان (به‌پێی مه‌زه‌نده‌ی داتای سه‌رژمێری به‌رده‌ستی ئه‌وكات)، ئه‌نجامدرا. کەبههاوكارى وپشتیوانى چاودێرانى بیانى به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان، و به‌پێى یاساى هه‌لبژاردن هه‌رحزبێك ده‌بوایه 7% ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ بۆ ئه‌وه‌ى كورسیهكى په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات.
هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌لبژاردن، كه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتیاری هه‌لبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان راگه‌یه‌ندرا، كهبهسیستمی نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌یی (التمثیل النسبی) به‌رێوه‌چوو، ته‌نیا (لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان)و لیستی هاوبه‌شی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشان)، هاتنه نێو په‌رله‌مان له كۆی 105 كورسی په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له یه‌كێتی و پارتی 50% ی كورسیه‌كانیان به‌ركه‌وت.
هه‌روه‌ك به‌پێی بریارێكی سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستانیش كه له 8\4\1992 ده‌رچوو (5) كورسی بۆ مه‌سیحیه‌كانی كوردستان ته‌رخان كرا، كه 4 ئه‌ندامیان له لیستی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری و 1 ئه‌ندامیش بۆ لیستی یه‌كگرتووی مه‌سیحیه‌كانی كوردستان ته‌رخان كرا.
له‌كاتێكدا پارتی یموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، وه‌ك دو پارتی سیاسی خاوه‌ن هه‌ژموونی باڵا له شۆرشی كوردی له شاخ و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوای راپه‌رینیش به‌رده‌وامیاندا به‌و هه‌ژموونه باڵاده‌ستییه سیاسییه. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، لیستی پارتی به ( 437889) ده‌نگ به رێژه‌ی 45.5% (وه‌ك لهدۆكیومێنته فه‌رمییه‌كان هاتووه) پله‌ی یه‌كه‌می گرت و لیستی یه‌كێتی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به (423833) ده‌نگ به رێژه‌ی 43.61% پله‌ی دووه‌می گرت. جگه له‌به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیش، ئه‌وا یه‌كێتی و پارتی توانیان سوود له‌سیسته‌می رێژه‌یی و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی یه‌ك بازنه‌یی وه‌رگرن. ئه‌مه‌ش وایكرد حزب و لیسته بچووكه‌كانی به‌شدار له‌و هه‌ڵبژاردنه (بۆ نممونه: شیوعییه‌كان و ئیسلامییه‌كان) كه زیاتر له رێژه‌ی 10% ده‌نگه‌كانیان هێنابوو، نه‌یانتوانی بگه‌نه په‌رله‌مان.
گۆرانكارییه‌كانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ردوو خولی دووه‌م له‌ساڵی 2005 و خولی سێیه‌م له ساڵی 2009 به‌كۆمه‌ڵێك گۆرانكارییه‌وه ده‌ستیپێكرد له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره یه‌كی ساڵی 1992 ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و دوای ئاشته‌وایی نێوان هه‌ردوو پارتی باڵاده‌ست و رووخانی رژێمی سه‌ددام حسێن و بهدهستووریكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو له‌چوارچێوه‌ی په‌سندكردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق ساڵی 2005، كه ئه‌م خاڵانه وایكرد گۆرانكاری گه‌وره له‌ژینگه‌ی سیاسی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند دروست بێت. له‌م به‌شه‌دا هه‌ردوو قۆناغی گۆرانكارییه سه‌ره‌كییه‌كانی سیسته‌می هه‌لبژاردن ده‌خه‌ینه‌روو:
شه‌پۆڵی یه‌كه‌می گۆرانكارییه‌كان
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، یه‌كه‌م گۆرانكاری زه‌ق، ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له 105 ئه‌ندام بۆ 111 ئه‌ندام به‌رزكرایه‌وه (به‌پێی یاسای ژماره 47ی 2004 هه‌مواری سێیه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان). له‌ئه‌نجامدا ته‌نها سێ لیست له‌كۆی 13 لیست كه‌به‌شداریان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كردبوو، توانیان بگه‌نه په‌رله‌مان، ئه‌وانیش لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان كه (104) كورسی و لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان عیراق (6) كورسی و لیستی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و سه‌ربه‌خۆكان (1) یه‌ك كورسیان به‌ده‌ستهێنا. ئه‌وه‌ی جێی تێبینی بوو، به‌لابردنی به‌ربه‌ستی 7% رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی بۆ هاتنه ناو په‌رله‌مان، ئه‌مجاره هه‌ردوو لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌رێژه‌ی 4.86% ده‌نگه‌كان و لیستی زه‌حمه‌تكێشان وسهربهخۆكان پێكه‌وه به رێژه‌ی 1.17% ده‌نگه‌كان بێنه ناو په‌رله‌مان. له‌كاتێكدا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دووه‌می په‌رله‌مان دا، هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ست به یه‌ك لیست به‌ناوی لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان به‌رێژه‌ی 89.55% ده‌نگه‌كان، ئه‌مجاره نوێنه‌ری كه‌مه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی لیسته‌كه كاندید بوون، هه‌ردوو حزب بوونه‌وه خاوه‌نی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی.
له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا، كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بوو، جگه له گۆرین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، دوای نزیكه‌ی چوارده ساڵ له‌دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مان، گرێكوێره‌ی هه‌ڵبژاردن كرایه‌وه و
له‌رۆژی 30 كانوونی دووه‌می ساڵی 2005 خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌وساڵه‌دا ده‌نگ بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق دراو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش هه‌ڵبژێردرا له‌دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام له 2003 دا.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه پێدانه، ئیداره‌دان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان له‌رێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه‌وه ئه‌نجامدرا.
شه‌پۆڵی دووه‌م و كرانه‌وه‌ی ده‌رگا بۆ ئۆپۆزسیۆن
سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان لهشهپۆڵی دووه‌می گۆرانكارییه‌كاندا، چه‌ند هه‌مواركردنێكی ریشه‌یی بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن روویدا و هه‌ر له‌دوایین ته‌مه‌نی چه‌ند مانگێكی كاری په‌رله‌مانی خۆیدا خولی دووه‌می په‌رله‌مان له‌ساڵی 2009دا سێ جار به ژماره یاساكانی (2 و 5 و13)، ئه‌وا سێ جار یاساكه‌ی ههمواركردهوهو چه‌ند گۆرانكارییه‌كی بنچینه‌یی تێدا كرا، له‌وانه: 1)بۆ یه‌كه‌مجار له‌هه‌رێمی كوردستان، ته‌مه‌نی رێێدراوی كاندیدانی هه‌ڵبژاردن، له 30 ساڵه‌وه كه‌مكرایه‌وه بۆ 25 ساڵ، ئه‌مه‌ش بووه هۆی دروستكردنی ده‌رفه‌تێكی باش بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی ووزه گۆرانكاریی و نوێبوونه‌وه‌یان هه‌بوو، به‌تایبه‌تیش كاندیدانی دژه سیسته‌مه‌كه، ئۆپۆزسیۆن. 2)رێژه‌ی هه‌بوونی كۆتای ئافره‌ت له‌ناو لیسته پێشكه‌شكراوه‌كان، له 25% به‌رزكرایه‌وه بۆ 30% و هه‌روه‌ها 3)بۆ یه‌كه‌مجار به‌دیاریكراوی كورسی كۆتای پێكهاتهوكهمهنهتهوهیی و ئاینیه‌كان له 11 كورسیدا جێگیركرا به‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه له 5 كورسی بۆ توركمان و كلدان وسریانهكان و 1 كورسیش بۆ ئه‌رمه‌ن. هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش له رۆژی 25/7/2009 ئه‌ندامدرا.
هه‌ر له‌و خولی سێیه‌می په‌رله‌ماندا، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن سوپرایزی گه‌وره‌ی پێ‌بوو. بۆ یه‌كه‌مجار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دوای تێپه‌ربوونی زیاتر له 17 ساڵ له‌كاری په‌رله‌مانی و دوو هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن (به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و لیستی پارته ئیسلامییه‌كان و لیسته‌كانی دیكه) رێژه‌ی زیاتر له 38% كۆی ده‌نگه‌كان مسۆگه‌ر بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا لیستی هه‌ردوو پارتی باڵاده‌ستی پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی كه ناوی لیستی كوردستانی بوو، رێژه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كانی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ده‌ست بدات و بگاته 57.37% رێژه‌ی ده‌نگه‌كان. له‌كاتێكدا له‌دوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان رێژه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كانی هه‌ردوو پارته‌كه به‌جیاو پێكه‌وه 89% زیاتریش بوو!
له‌هه‌لبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا 24 لیست به‌شداری هه‌لبژاردنیان كرد، بۆ كێبركێ له‌سه‌ر 111 كورسی و تیایدا 11 لیست توانیان رێژه‌ی یاسایی به‌ده‌ست بێنن و بێنه ناو په‌رله‌مان.
پاشه‌كشه‌ی ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن
گۆرانكارییه‌كان له‌سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رده‌وامی پێدراو له‌دواجاریش له‌ساڵی 2013دا به‌ر له‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی چواره‌م په‌رله‌مان، یاسای هه‌ڵبژاردن جارێكی دیكه هه‌مواركرایه‌وه‌و ئه‌مجار سیسته‌مه بووه سیستمی نیمچه‌كراوه، كه تێیدا ده‌نگدان به‌ته‌نها بۆ لیست و حزبه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌نگده‌ری ده‌توانێ كاندیده‌كان له‌چوارچێوه‌ی لیستی دڵخوازی خۆیدا ده‌ستنیشان بكات، ئه‌مه‌ش به‌ره‌و پێشبردنی جۆرێكی دیكه له‌ململانێی حزبی و كه‌لتووری لێكهوتهوه.
ئه‌م گۆرانكارییانه‌ی له‌یاساو سیستمی ده‌نگدان دروستبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌ی كاری په‌رله‌مانی به‌هۆی هه‌بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنییه‌وه كاریگه‌ری دروستكردبوو، ده‌رئه‌نجامه‌كان تا راده‌یه‌ك باڵانسی هێزی نێوان هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی له‌ناو په‌رله‌مان وه‌ك یه‌ك هێشته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی و یه‌كێتی به‌یه‌كه‌وه رووی له‌كه‌می كردوو به‌نزیكه‌یی بووه 50.45% كورسییه‌كانی به‌ده‌ستهێنا كه هه‌ڵبژاردنی پێشوو نزیكه‌ی 58% كورسییه‌كانی هه‌بوو.
هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می كوردستان له سێپته‌مبه‌ری 2018 ئه‌نجامدرا. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان وه‌كو خۆی به‌بێ هه‌مواری نوێ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سرنج بوو له‌و هه‌ڵبژاردنه، 1)بۆ یه‌كه‌مجار كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هه‌رێم سه‌رپه‌رشتی كرد كه به‌یاسای ژماره 4ی ساڵی 2014 پێكهێنرا. 2)دوای سێی هه‌ڵبژاردنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، دووباره لیستی پارتی و یه‌كێتی به‌جیا به‌شداربوون، رێژه‌ی ده‌نگدانیان پێكه‌وه به‌رزبوویه‌وه بۆ 59% رێهی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به 56 كورسی په‌رله‌مانی و له‌به‌رامبه‌ریشدا، رێژه‌ی كورسییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دابه‌زی بۆ كه‌متر له 29% (كاریگه‌ری ئۆپۆزسیۆن زیاتر كه‌مبوویه‌وه به‌وه‌ی چه‌ند لیستێكی سه‌ره‌كی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆران به‌شداری پێكهێنانی كابینه‌ی وه‌زارییان كرد).
خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن و چه‌كوشی دادگای فیدراڵی
له 9ی ئۆكتۆبه‌ری 2022، په‌رله‌مانی كوردستان یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆی به یاسای ژماره 12ی ساڵی 2022 به‌ناوی یاسای به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی په‌سندكرد. ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی نه‌سازانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا و خواست بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هه‌رێم.
دواتر، واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان بووه سه‌نته‌ری گفتوگۆ‌و دانووستانی نێوان لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم به‌گشتی و نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌تایبه‌تی. لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن و فراكسیۆنی پارتیش هه‌وڵیدا له‌رێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه كاركردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانی له‌دانیشتنی ژماره رۆژی 22/05/2023، تێپه‌رێنێت. له‌دانیشتنێكی پر له‌كێشه‌و پێكدادانی سیاسی تا كارگه‌یشته به‌كارهێنانی جۆرێك له‌توندوتیژی له‌لایه‌ن به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه (فراكسیۆنی سه‌وز) بۆ رێگریكردن له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بۆ تێپه‌راندنی كاركردنهوهكه. سه‌رۆكی په‌رله‌مان كوردستان، د.رێوزا فایه‌ق دانیشتنه‌كه‌ی دژ به‌حوكمه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆ وهسفكردو دانیشتنه‌كه‌ی جێهێشت و به‌ڵام ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، د.هێمن هه‌ورامی له‌پشكی پارتی و مونا قه‌هوه‌چی له‌پێكهاته‌ی توركمان به‌رده‌وامییان بهدانیشتنهكهداو رێككاره‌كانی ده‌نگدانیان له‌ناو ژاوه‌ژاوی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران جێبه‌جێكرد.
ئه‌م دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان هێنده‌ی دیكه لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت و په‌رله‌مانی لێك دوور خسته‌وه. دواتر له‌رۆژی 30/05/2023، له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌یه‌ك سكاڵای چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌رێم، دادگای فیدراڵی بریاریدا به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای ژماره 12 درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و كاركردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و جێگرتنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی عیراق بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن. له‌وه‌ش زیاتر، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی 11 كورسی كۆتاكانی به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بۆ چواربازنهی هه‌ڵبژاردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ 100 كورسی.
به‌پێی بریاری دادگای فیدراڵی له‌دوای 06/11/2022 ه‌وه، هه‌ر بریارو یاسایه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچووبێت به‌هه‌ڵوه‌شاوه داده‌نرێت و یاسایی نییه. له 06/11/2022 تاوه‌كو 22/05/2023 كه كۆتا دانیشتنی په‌رله‌مان بوو، له‌و ماوهیهدلا 7 یاسا‌و 11 بریاری په‌رله‌مان په‌سندكرابوون، سه‌رجه‌مییان به‌هه‌ڵوه‌شاوه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن و ده‌بێ خولی داهاتووی په‌رله‌مان جارێكی دیكه كارییان له‌سه‌ر بكاته‌وه.
دادگای فیدراڵی و ناساندنی سیستمی نوێی هه‌ڵبژاردن
دوای چه‌ندین ماراسۆنی سیاسی نێوان هێزه سیاسییه كوردییه‌كان له‌به‌غداو هه‌ولێر، دواجار دادگای فیدراڵی به‌فه‌رمانێك 5 كورسی له‌كۆی 11 كورسی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی كۆتاكانی بۆ پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان گێرایه‌وه، كه دوو كورسی بۆت وركمان و سێ كورسیش بۆ كریستیانه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه‌ی دادگای فیدراڵیش بێت ئه‌وا لیسته‌كان ده‌بێت ئه‌مجاره كێ بركێ له‌سه‌ر 95 كورسی گشتی په‌رله‌مانی بكه‌ن كه له پێنج خولی پێشووی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ی كورسی جگه له 11ی كۆتاكان ئه‌وا 100 كورسی گشتی بوو.
بهوپێییه مافی سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان له‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم وه‌رگیراوه‌ته‌وه و یاسای هه‌ڵبژاردنیش په‌كخراوه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی چوارچێوه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقی و رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عیراق ده‌بێت و به‌مجۆره‌ش سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان گۆرانكارییه‌كی گه‌وره‌و گرنگ به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت ئه‌ویش گۆرینی سیسته‌می یه‌ك بازنه‌یی بۆ فره بازنه‌یی ده‌بێت. له‌وه‌ش زیاتر هه‌ر بازنه‌یه‌ك دابه‌شی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن وه‌ك بازنه‌ی بچووكتر ده‌كرێت.
خاڵه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی سیسته‌می نوێی هه‌ڵبژاردن
له‌دوای زیاتر له سێ ده‌یه له‌دروستبوونی، یه‌كه‌مجاره په‌رله‌مانی كوردستان له‌رێگه‌ی سیسته‌می فره بازنه‌ییه‌وه هه‌ڵبژاردنی بۆ بكرێت. په‌یره‌وكردنی ئه‌و سیسته‌مه چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌رێنی هه‌یه، وه‌ك: 1)پاراستنی مافی یه‌كسانی ناوچه‌كان له‌گه‌یاندنی نوێنه‌ره‌كانیان بۆ په‌رله‌مان و 2)رێگه گرتن له‌زاڵبوونی زۆنێك به‌سه‌ر زۆنێكی دیكه‌دا (له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند جارێك ئه‌و دیارده‌یه هه‌بوو كه لهزۆنێك زیاتر ده‌نگ هه‌بوو لهزۆنێكی دیكه)، و 3)نه‌فه‌وتانی كورسی بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به‌هۆی به‌رزی و نزمی به‌شداری هه‌ڵبژاردن.
سیستمی فره بازنه خاڵی نه‌رێنیشی هه‌یه، وه‌ك: 1)زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ستی عه‌شیره‌تگه‌رایی و 2)لۆكاڵی بوونی كاندیده‌كان و 3)ئه‌گه‌ر ده‌رچوونی كاندیدی به‌هێزو شاره‌زاو پرۆفێشناڵی تێدا كه‌مده‌بێته‌وه به‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی په‌رت و بڵاو ده‌بن.
خاڵێكی دیكه‌ی سیسته‌می نوێی هه‌ڵبژاردنی په‌یوه‌سته به‌رێژه‌ی كۆتای ژنان له‌هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردندا، به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم 30% دیاریكراوه بۆ كاندیدانی ژن، به‌ڵام به‌پێی یاساكه‌ی عیراق ئه‌وا داده‌به‌زێت بۆ 25% هه‌ر لیستێك و به‌مه‌ش رێژه‌ی كۆتای ژنان 5% له‌ده‌ستده‌دات كه ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌پرۆژه‌ی پاراستنی یه‌كسانی جێنده‌ری ناكات.
ژینگه‌ی یاسایی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێم و ناوه‌ند
یه‌كێك له‌خاڵه هه‌ر به‌هێزه‌كانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی عیراق له‌چاو هه‌رێم، هه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی به‌هێزی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه له‌عیراق كه له‌ساڵی 2004 ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی یاسای ئیداریی كاتی(Coalition Provisional Authority -CPA)، یاسای هه‌ڵبژاردنی ژماره 96 په‌سندكرا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردن و ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن له‌عیراق و دواتر له‌ساڵی 2005 دا په‌رله‌مانی عیراق دامه‌زراندنی كۆمسیۆنه‌كه‌ی به‌یاسا په‌سندكرد.
واتا حوكمڕانی نوێی عیراق، ساڵێك دوای ئازادكردن له‌ژێر ده‌ستی رژێمی دكتاتۆری له 2003 بناغه‌ی كۆمسیۆنه‌كه داده‌نرێت و دووساڵ دواتریش كه ده‌بێته خاوه‌ن په‌رله‌مان به‌یاسا دامه‌زراوه‌كه ده‌ست به‌كار ده‌كات. له‌به‌رامبه‌ردا، له‌دوای یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن و دوای تێپه‌ربوونی 12 ساڵ به‌سه‌ر مێژووی رۆژی هه‌ڵبژاردن، له‌سێیه‌م هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ساڵی 2004 دا له‌یاسای ژماره‌ی
47ی په‌رله‌مان، ده‌ڵێت: “بۆ سه‌رپه‌رشتیكردن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌رێم كۆمسیۆنێكی باڵا پێكدێنێت..” و ئه‌م راسپارده یاساییه‌ش نابێته هۆی دامه‌زراندنی كۆمسیۆنه‌كه‌و 10 ساڵی دیكه‌ش ده‌خایه‌نێت تاوه‌كو له‌ساڵی 2014 دا، به یاسای ژماره 4 ی هه‌مان ساڵ دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی په‌سند ده‌كرێت. واتا بۆ دیموكراسییه‌تی هه‌رێمی كوردستان 22 ساڵی پێویست بوو، له‌كاتێكدا هی عیراق یه‌ك ساڵی نێوانیان بوو!
بۆچی هه‌بوونی كۆمسیۆنی باڵا بۆ دیموكراسییه نوێكان گرنگه؟
هه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره بۆ مۆدێلی دیموكراسییه نوێكان. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه: 1)دڵنیاییكردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانه له‌هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد، وه‌ك دوورخستنه‌وه‌ی كاریگه‌ری پارته سیاسییه‌كان و هه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و جگه له‌وه‌ش 2)دوورخستنه‌وه‌ی شهروناكۆكییه له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌تی سیاسییه كه له‌رێی دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆوه حكومه‌تی نوێ هه‌ڵبژێردراوه. هۆكارێكی دیكه 3)پاراستنی بنه‌ما دیموكراسییه‌كانه له‌رێی پاراستنی مافی ده‌نگده‌ران و مافی به‌شداری یه‌كسانی سه‌رجه‌م پێكهاتهورهنگهكان و له‌وه‌ش زیاتر 4)هه‌بوونی كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وا سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی ژێرخانێكی پته‌وی هه‌ڵبژاردنه كه تێیدا توانا مرۆیی و لۆجستیكییهكان به‌ره‌و پێشده‌چن و هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ڵبژاردن توانای ده‌زگاكه به‌هێزتر ده‌بێ و هه‌روه‌ها 5)به‌كارخستنی بنه‌مای لێپرسینهوهوچاودێریكردن له‌رێی چاودێریكردنی جێبه‌جێكردنی یاسا‌و رێنماییه‌كان و هه‌روه‌ها راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌و یاسا شكێنانهی دێنه پێشه‌وه. هۆكاری دیكه‌ش هه‌ن كه گرنگی هه‌بوونی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌كه‌نه بنه‌ماو پێویستی، وه‌ك: 6)هاندانی ده‌نگده‌ردان و بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ هاوولاتیان و 7)سوود وه‌رگرتن لهستانداردو پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پێشخستنی سیسته‌م و پرۆسه‌ی ده‌نگدان و گه‌ران به‌دوای سه‌رچاوه‌ی پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هاوكاریكردن وگه‌شه‌پێدانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن.
ئه‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه به‌روونی گرنگی هه‌بوون و به‌دامه‌زراوه‌ییبوون و بێ لایه‌ن مانه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رده‌خات و له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵانه‌شه‌وه ئه‌و بۆشاییه یاساییه‌ی كه له‌سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم به‌دی ده‌كرێت به‌شی زۆری ده‌گه‌رێته‌وه بۆ دره‌نگ ده‌ست به‌كاربوونی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن به‌به‌راورد به‌عیراق.
گرفتی داتا و زانیاری له‌سیسته‌می هه‌ڵبژاردن
یه‌كێك له‌گرفته ته‌كنیكی و سه‌ره‌كییه‌كانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێم به‌تایبه‌تی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دروسته بۆ ده‌ستخستنی داتا‌و زانیاری دروست له‌سه‌ر لیستی ده‌نگده‌ران به‌تایبه‌ت له‌رووی به‌رزی و نزمی رێژه‌ی به‌شداریكردن و بایكۆتكردن كه ئه‌مه گرنگی خۆی هه‌یه‌و به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ غیابی دامه‌زراوه‌ی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم كه له‌كۆی 5 هه‌ڵبژاردن و له‌ماوه‌ی 32 ساڵ ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌رێم كۆمسیۆنه‌كه یه‌ك هه‌ڵبژاردنی به‌رێوه‌بردووه‌و ته‌مه‌نیشی 22 ساڵ بچوكتره له‌مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
بۆ نمموونه به‌هۆی هه‌بوونی كۆمسیۆنێكی كارا له‌عیراق، به‌سانایی ده‌ستت ده‌گات به‌رێژه‌ی به‌شدارییه‌كانی ده‌نگده‌ران، وه‌ك له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی له‌ساڵی 2005 دا عیراق 76% بوو، له هه‌ڵبژاردنی 2010 دا ئه‌وا داده‌به‌زێت بۆ 62% و له‌هی ساڵی 2014 بۆ 60% و له2018 كه‌وتنێكی گه‌وره له‌به‌شداری ده‌نگده‌ران رووده‌دات به‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگده‌ران داده‌به‌زێت بۆ 44%. ئه‌م جۆره بایكۆته‌ی ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2021 دا دووباره ده‌بێته‌وه‌و پێوانه‌یه‌كی نزمتریش به 41% تۆمار ده‌كات.
هه‌بوونی داتای له‌وجۆره به‌رچاوو روونی گرنگ پێشكه‌ش ده‌كات له‌وه‌ی بۆچی ده‌نگده‌ران بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن؟ بۆیه ئه‌و بۆشاییه له‌سیسته‌می هه‌رێم به‌روونی هه‌ستی پێده‌كرێت و نه‌توانراوه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی شیكاری بۆ بكرێت.
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ هۆكاره‌كانی ئه‌و دابه‌زینی ئاستی ده‌نگده‌ران له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بكه‌ین، ئه‌وا چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی هه‌ن كه بوونه‌ته پاڵنه‌ر بۆ دابه‌زینی رێژه‌ی به‌شدار ده‌نگده‌ران، له‌وانه: 1)سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی یه‌كێك بووه له‌هۆكاره‌كان، وه‌ك ناكۆكی تائیفی و سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆریستانی داعش و 2)گه‌نده‌ڵی و له‌ده‌ستدانی متمانه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه حكومییه‌كانه‌وه، وایكرد خه‌ڵكی گرنگی به‌هه‌ڵبژاردن نه‌ده‌ن و 3)ترس له‌گه‌نده‌ڵی سیسته‌می ده‌نگدان و چۆنیه‌تی ژماردنی ده‌نگدان و چۆنیه‌تی ده‌رچوواندنی كاندیده‌كان. هه‌روه‌ها 4)فاكته‌ری دیكه وه‌ك باری خراپی ئابووری و بێكاری و 5)چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی شێوازی كامپهین و پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنیش كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه.
لێره‌دا ده‌كرێت 3 خاڵی سه‌ره‌كی ببنه خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی بایكۆتی هه‌رێم ئه‌وانیش بریتین له‌نه‌مانی متمانه‌ی سیاسی و گه‌نده‌ڵی و بروانه‌بوون به چۆنیه‌تی ده‌نگدان و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان.
سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌نێوان مۆدێلی هیند و ئه‌وروپا
بهتێروانین له‌بریاره‌كانی داگای فیدراڵی په‌یوه‌ست به‌چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، ده‌بیت بۆ داهاتوو سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی عیراق و هه‌رێم زۆرییان نێوان نه‌بێت و زۆریش لێكجیاواز نه‌بن تاوه‌كو كێشه ده‌ستووری و یاسایی هاوشێوه‌ی ساڵی رابردووی لێنه‌كه‌وێته‌وه. بۆ هه‌بوونی سیسته‌مه‌كی پته‌وی هه‌ڵبژاردن، هه‌ردوو لای ناوهندو هه‌رێم زیاتر پێویستییان به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ووڵاتانی دیكه هه‌یه.
بۆ نموونه له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ورووپییه‌كاندا، ئه‌وا سێ مۆدێلی سه‌ره‌كی هه‌ن كه یه‌كه‌مییان ئهسكهندهناڤییهكانن كه سیستمی رێژه‌یی و سیسته‌می به‌ریتانیا كه سیسته‌مه‌كه لیستی براوه ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه بۆ خۆی ده‌بات و سیسته‌می ئه‌ڵمانیا كه سیسته‌مێكی هه‌مه‌جۆره‌و ده‌نگده‌رانی هه‌م كاندیدێكی هه‌رێمی و هه‌م كاندیدێكی گشتی هه‌ڵده‌بژێرن. هه‌ر سیسته‌مه لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه له‌و سیسته‌مه‌ی عیراق كه په‌یره‌وی لێده‌كات زیاتر لۆكاڵییهو خزمه‌ت به‌گروپی بچووك و په‌ره به باڵاده‌ستی لایه‌نه‌كان ده‌دات له‌ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوداو هه‌روه‌ها روئیا ناوچه‌یی پێش روئیای نیشتیمانی تێدا گه‌شه ده‌كات و زیاتر حكومه‌ت به‌ره‌و ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانی ده‌بات. بۆیه ده‌كرێت سیسته‌مه‌كه به‌هێزتر بكرێت له‌رێگه‌ی تێگه‌یشتن له‌وانیتر كه چۆن چۆنی توانیوویانه سیسته‌می ده‌نگدانه‌كه‌یان تۆكمه‌و به‌هێزو بێ لایه‌نی بهێڵنه‌وه.
بۆیه ده‌كرێت نموونه‌ی هیند، ببێته نممونه‌یه‌كی زیندوو له‌شێوازی ئیداره‌دانی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنیان له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای هیندی هاوشێوه‌ی عیراق به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆزتریش فره ئاین و زمان و نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی جیاوازی تێدا ده‌ژین و له‌هه‌مانكاتیشدا یه‌كێكه لهمۆدیلهكانی دیموكراسی.
یه‌كێك له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هیندی، هه‌بوونی حكومه‌تێكی فیدراڵی به‌هێز، له‌هه‌مانكاتیشدا سه‌ربه‌خۆی پێویستی بۆ هه‌رێمه‌كان له‌زۆر بواردا كه پێویستن ره‌خساندووه به‌پێی سروشت و كه‌لتوورو جیاوازی هه‌ر هه‌رێمێك. بۆیه بۆ ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی له‌باری دیموكراسی و ده‌نگدان، یه‌كه‌م هه‌نگاو عیراق چاوی لێكات، ئه‌وا وه‌ك هیند به‌هێزكردنی سیستمی فیدراڵییهكهیهتی و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر شۆركاتهوه بۆ هه‌رێم و پارێزگاكان.
سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی هیند، (First-Past-The-Post -FPTP)، واتا براوه‌ی ناوچه‌كه ده‌بێته نوێنه‌ری حه‌تمی ناوچه‌كه‌و ئه‌مه‌ش گرنگه بۆ ئیستقرارییهتی حكومرانی و عیراق ده‌توانێت تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌هه‌ردوو مۆدێلی خۆی و هیند په‌یره‌و بكات. هه‌روه‌ها هیند له‌رێی بنه‌ماكانی ده‌ستوورییه‌وه، پارێزگاری له‌مافه‌كانی هاووڵاتیانی ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی دادوه‌ری هه‌یه كه باڵانسی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومرانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن ده‌پارێزێت و ئه‌گه‌ر بێت‌و دادگای فیدراڵی وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستووری ته‌واو رۆڵ بگێرێت و دووربێت له‌ده‌ستوه‌ردانی سیاسی ئه‌وا ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی بوژانه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری و رێگه‌گرتن له‌هه‌ر پێشڵكارییهك دژ به‌بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی سه‌ره‌كی هاووڵاتیانه‌وه بێت.
هه‌بوونی ناوچه‌ی جێناكۆك لههیندو له‌عیراق، ده‌كرێت ببێته بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه‌و لێ ووردبوونه‌وه، كه چۆن چۆنی هیند هه‌وڵیداوه ئیداره‌ی ئه‌و ناكۆكییانه بكات و چ دزگایهكی فه‌رمی ویاسایی دامه‌زراندووه بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌و ئه‌گه‌ر له‌عیراق ئه‌و جۆره دامه‌زراوانه بونیادنه‌نراون، هۆكاره‌كه‌ی چییه. ئیداره‌دانی دادپه‌روه‌رانی ناوچه جێناكۆكه‌كان هۆكارێكه بۆ كارئاسنیكردن و بونیادنانی سیسته‌مێكی یه‌كسانی ده‌نگدان له‌ووڵاتدا.
هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له‌ئه‌زموونی هیند ، له‌چۆنیه‌تی به‌كارخستنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری یاسایی و نه‌هێشتنی رك و كینه له‌نێوان ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگادا. دیراسه‌كردنی هیند، له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه دیموكراسییهتێكی عه‌یار 24 بێت، به‌ڵكو هه‌ڵكه‌وته‌و شێوازی ئالۆزی كۆمه‌ڵگاكه نزیكه لهنممونهی عیراق و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لهپێوانهكردنی ستاندارده‌كانی دیموكراسی ئه‌وا بێگومان له‌پێش عیراقه‌وه‌یه نه‌ك ئه‌وروپییه‌كان.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م شیكاره
له‌رێی ئه‌م شیكاره‌وه، ده‌توانین چه‌ند خاڵێك بخه‌ینه‌روو كه ده‌بنه هۆكاری كاریگه‌ر بۆ پته‌وكردنی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی و له‌عیراق به‌گشتی. 1)له‌رووی یاساییه‌وه، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌یاسایه‌كی نوێ و گشتگیرتری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌یه كه تێیدا هه‌م فره بازنه‌یی بۆ پاراستنی مافی ناوچه‌كان به‌یه‌كسانی و 2)هه‌میش ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه، وه‌ك په‌یره‌وكردنی فره سیسته‌م بۆ ره‌خساندنی هه‌ل بۆ كاندیدانی نیشتیمانی و پرۆفێشناڵ كه نوێنه‌رایه‌تی وێنه گه‌وره‌كه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بكه‌ن نه‌ك جوگرافییه‌كی سنووردار. 3)هه‌بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌هێزی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، پرچه‌كه بهلۆجستیك و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌مییانه‌و ستافی راهێنراو گرنگن و پێویستیشه له‌مرووه‌وه 4) داوا له‌كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بكرێت بۆ راهێنانی زیاتر و ته‌كنیكی نوێ تاوه‌كو ئاست و توانای كۆمسیۆنی هه‌رێم به‌رزكرێته‌وه. 5)كاركردن له‌سه‌ر هه‌بوونی داتا‌و زانیاری دروست بۆ هه‌بوونی روئیا له‌باره‌ی رێژه‌ی به‌شداری و بایكۆت و هۆكاره‌كانی، كه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی گرنگ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌ژینگه سیاسییه‌كه‌و به‌هێزكردنی دیموكراسی. ئه‌م خاڵانه‌ش به‌بێ 6)سه‌روه‌ربوونی ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ناینه دی و ده‌بێت كار بكرێت بۆ به‌هێزكردنی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه. 7)به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، زۆر گۆرین و هه‌مواركردنی یاسا‌و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران دروست ده‌كات و بۆیه هه‌ر گۆرانكارییه‌ك كه ده‌كرێت نابێت دوور مه‌وداو بۆ مه‌رامێكی سیاسی دیاریكراو بێت.