بێرتراند ڕەسڵ: ستایشی بەتاڵی
بۆ خوێندنەوە و هەڵگرتنی بابەتەکە بە پیدیئێف کلیکیە ئەمە بکە: بێرتراند ڕەسڵPDF
نوسینی بێرتراند ڕەسڵ
وەرگێڕانی د لائق حەمە تایبەت بە کوردستان تایمز
وەک زۆربەی خەڵکانی جیلی خۆم، منیش بەوە گەورە کرام کە ئەڵێ: “شەیتان شتێک ئەدۆزێتەوە بۆ دەستی بەتاڵ” -یان بە کوردی “شەڕ لە بەتاڵی باشترە”(١)-. وەک منداڵێکی خاوەن بەهای بەرز، بە هەموو شتێکم بڕوائەکرد کە پێم ئەگوترا، ویژدانێکم هەبوو کە وای لێکردووم بەردەوام بم لە خۆهیلاککردنی تەواو تا ئەم دەقەیە. بەڵام هەرچەندە ویژدانم کۆنترۆڵی کردەوەکانمی کردوە، ڕاکانم بە شۆڕشێکدا تێپەڕیون. وا ئەزانم کەوا ئیشێکی زیاد لە سنور لە دنیادا ئەکرێ، زیانێکی زۆریش کراوە بەهۆی ئەو بڕوایەوە کەوا ئیش پیرۆزە، هەروەها ئەوەی کە پێویستە لە وڵاتە پیشەسازییە مۆدێرنەکاندا بانگەشەی بۆ بکرێ تەواو جیاوازە لەوەی هەمیشە بانگەشەی بۆ کراوە. هەموو کەسێک چیرۆکی ئەو ڕێبوارەی بیستوە لە ناپۆلی کە دوازدە سواڵکەری بینیوە ڕاکشاون لەبەر خۆر (هەڵبەت پێش هاتنی ڕۆژانی مۆسۆلۆنی) و پێی وتوون کامتان تەمبەڵتر بێ لیرەیەکی ئەدەمێ. یازدەیان هەڵئەسنەوە کە داوای پارەکە بکەن، بۆیە ئەویش ئەیدا بە دوازدەهەمینیان. ئەم ڕێبوارە بەڕاستی لەسەر ڕێگا ڕاستەکە بوە. بەڵام لە وڵاتانێکدا کەوا خۆرەتاوی خۆشی دەریای ناوەڕاستیان نییە بەڕاستی بەتاڵی یەکجار قورسە، و پروپاگەندەی گشتیی یەکجار گەورەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانی بیهێنیتە ناو خەڵکی. بەهیوام کە دوای خوێندنەوەی ئەم پەڕانە، سەرۆکانی دەزگای YMCA (خانەی گەنجانی بێلانە) دەست بکەن بەوەی کەوا وا بکەن لە کوڕانی گەنج کە هیچ نەکەن. ئەگەر ئەمە سەر بگرێ ئیتر وا نازانم ژیانم بەخۆڕایی سەرف کردوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە جووڵاندنی ماددە بەدەوری خۆیدا، لە کاتێکدا بڕێکی دیاریکراوی بۆ بوونی ئێمە پێویستە، بەڵام بە جەختەوە یەکێک نییە لە ئامانجەکانی ژیانی مرۆڤ.
پێش ئەوەی کەوا پشتیوانی لە تەمبەڵیی بکەم، پێویستە لەسەرم تەمبەڵییەک هەیە، کە قەبوڵم نییە، فڕێبدەمە دەرەوە. هەرکات کەسێک، کە خۆی ئەوەندەی هەبێ لەسەری بژی پێشنیاری ئەوە بکات کە بەردەوام بێ لەسەر ئیشێکی ڕۆژانە، بۆ نمونە مامۆستایەتی یان چاپکردن، پێی ئەگوترێ کەوا هەڵسوکەوتەکەی بۆتە هۆی ئەوەی نانی خەڵکی تر ببڕێت، لەبەر ئەوە ئەوە هەڵسەوکەوتێکی دڕندانەیە. ئەگەر ئەم بۆچوونە گونجاو بێ، ئەوا باشتر وایە هەموومان دابنیشین و هیچ نەکەین بۆ ئەوەی دەمی هەموومان پڕ ببێ لە خواردن. خەڵک کاتێک قسەی لەم جۆرە ئەکات بیری ئەوەیان نییە کە کاتێک کابرایەک هەیبێت بەگشتی سەرفی ئەکات، بە سەرفکردنیشی بۆخۆی ئەبێتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی تر ببنە خاوەن ئیش. تا ئەو کاتەی کەسێک داهاتەکەی سەرف بکات، هەمان ئەوەندەی کە لە دەمی خەڵکی خواردن دەرئەهێنێ بەوەی کە پەیدای ئەکات، دوبارە ئەیخاتەوە دەمی خەڵک بە سەرفکردنەوەی. لەم ڕوانگەیەوە کەسی خراپ بریتییە لەو کەسەی کەوا پارەکەی کۆئەکاتەوە. ئەگەر هاتوو پارەکەی تەنها خستە ناو تورەکەیەکەوە، وەک ئەو جووتیارەی گوایە فەڕەنسی بوە. ئاشکرایە کەوا ئەم کەسە ئیش دابینناکات بۆ کەسی تر. ئەگەر داهاتەکەشی سەرمایەگوزاری پێکرد، شتەکە زۆر ڕوون نییە و دۆخی جیاواز دێتە پێشەوە.
شتێک لە شتە هەرە باوەکان کە بە پاشەکەوت بکرێ ئەوەیە کەوا بدرێ بە قەرز بە حکومەت. لەڕویەکەوە ئەو ڕاستییەی کەوا زۆربەی هەرە زۆری خەرجی گشتی زۆربەی دەوڵەتە شارستانییەکان بریتییە لە پارەدان بە شەڕی ڕابردوو یان خۆئامادەکردن بۆ شەڕی داهاتوو، هەرکەسێک پارەکەی بە قەرز بدات بە حکومەت وەک پیاوە خراپەکانی ناو چیرۆکەکەی شکسپیرە کە پیاوکوژ بەکرێ ئەگرێت. ئەنجامی ڕووتی عادەتە ئابوورییەکانی کەسێک بریتییە لە زیادکردنی هێزی چەکداری دەوڵەت کە ئەم قەرزی پێداوە. ئاشکرایە کەوا باشتر ئەبوو ئەگەر پارەکەی هەتا بە قومار و خواردنەوە سەرف کردایە لەبری ئەوە.
بەڵام، پێم ئەگوترێ، دۆخەکە تەواو جیاوازە کاتێک پارەی خەوتوو بخرێتە سەرمایەگوزاریکردن لە بازاڕکردنی پیشەسازیدا. کاتێ بازاڕکردنێکی لەو جۆرە سەرکەوتوو ئەبێت و شتێکی بەسوود بەرهەم ئەهێنێ، ئەکرێ دانی پێدا بنرێت. هەرچەندە ئەم ڕۆژانە زۆرێک لەو بازاڕ دروستکردنانە سەرکەوتوو نابێت. ئەوەش مانای ئەوەیە کەوا هیلاکی و ماندووبوونێکی زۆری مرۆڤ، کە ئەکرا بۆ شتێک کە مایەی لەزەتبردنێک بوایە بەکاربهاتایە، بۆ ئەوە خرایە ئیشەوە کە کۆمەڵێ مەکینە بەرهەمبهێنرێ، دوای ئەوەی مەکینەکانیش بەرهەمهێنران، ئەوانیش بەبەتاڵی ئەمێننەوە و هیچ سوودێکیان نییە. ئەو کەسەی داهاتی خۆی بۆ ئەوە بخاتە گەڕ کە خۆی ئیفلاس بکات مانای ئەوەیە هەم خۆی هەم خەڵکانی تریشی بریندار کردوە. ئەگەر داهاتەکەی بۆ نمونە بۆ ڕێکخستنی ئاهەنگ بۆ هاوڕێکانی بەکاربهێنایە، ئەوان (هیوادارین تەبیعی) لەزەتیان لێ ئەبینی، و بەو شێوەیەش هەموو ئەوانەی کە پارەکەی لەلا سەرفکردبوون، بۆ نمونە قەسابەکە، نانەواچییەکە و فرۆشیارە نایاسایییەکەش. بەڵام ئەگەر (با بڵێین) ئەو بۆ دانانی هێڵی ئاسنین لە شوێنێکدا سەرف بکات کە لەوێدا ئەوە پێویست نییە، ئەو هیلاکییەکی زۆری ناردوە بۆ جێگایەک کە هیچ کەسێک لەزەتی لەو هیلاکییە وەرنەگرتوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ئەو فەقیر ئەکەوێت بەهۆی ئەوەی کە سەرمایەگوزارییەکەی سەرکەوتوو نەبوە بە کەسێکی بێبەخت دائەنرێ کە جێگای بەزەییە، لە کاتێکدا کەسێک کە دەستبڵاوە و بۆ خۆشی خەڵکانی تر پارەکەی سەرف بکات، قێزەونە و خەڵک بە کەسێکی بێئەقڵ و بێنرخی دائەنێن.
تەکنیکی مۆدێرن وای کردوە بتوانرێ ڕابواردن، هەڵبەت بەسنورەوە، تەنها بریتی نەبێ لە مافی پۆلێکی کەمی خەڵک، بەڵکو ببێتە مافێک کە بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە. ڕەوشتی ئیشکردن بریتییە لە ڕەوشتی کۆیلە، دونیای مۆدێرنیش هیچ پێویستی بە کۆیلە نییە.
ئەمانە هەمووی شتانی سەرەتایین. ئەمەوێ بڵێم، بەجددی، کەوا زیانێکی زۆر ئەکرێ لە دنیای مۆدێرندا بەهۆی ئەو باوەڕەوە کە پێی وایە ئیشکردن بەڕاستی پیرۆزە، هەروەها ئەوەی کە ڕێگای خۆشبەختی و گەشەکردن لەوەدایە کە ئیشکردن بەشێوازێکی ڕێکخراو کەمکرێتەوە.
پێش هەموو شتێ ئیش چییە؟ ئیش دوو جۆرە: یەکەمیان، گۆڕینی جێگای تەنێک لەسەر یان نزیک ڕووی زەوەی بەگوێرەی تەنێکی تر: دوەمیشیان، بە خەڵکی تر بڵێی ئەوە بکەن. ئەوەی یەکەمیان ناخۆشیشە و پارەی کەمیش وەرەگریت، ئەوەی دوەمیان خۆشیشە و پارەکەشی زۆرە. ئەوەی دوەمیان توانای هەیە بۆ بێسنور فراوان بکرێ: چونکە تەنها ئەو خەڵکانە نین کە فەرمان دەرئەکەن، بەڵکوو خەڵکانێک هەن کە بە ئەوان ئەڵێن چ فەرمانێک دەربکەن. لە کاتێکدا دوو جۆر ئامۆژگاری دژی یەک لە هەمان کاتدا لەلایەن دوو ڕێکخراوی پیاوانەوە بدرێ، بەوە ئەڵێن ڕامیاری/سیاسەت. ئەو ئەزموونەی پێویستە بۆ ئەم جۆرە ئیشە بریتی نییە لە زانینی ئەو بوارەی کە تیایدا ئامۆژگارییەکەی تێدا ئەبەخشرێ، بەڵکوو زانینی هونەری بڕواهێنانی خەڵک بە نوسین و قسەکردن، واتە ڕێکلام کردن.
بەپانتایی ئەوروپا، هەرچەندە لە ئەمریکا وانییە (٢)، پۆلێنی سێیەمی خەڵک هەن، کە لە پۆلێنەکانی تری کرێکاران زیاتر ڕێزیان ئەگیرێت. پیاوانێک هەن کەوا، بە خاوەندارێتیکردنی زەوی، توانای ئەوەیان هەیە وا لە خەڵکانی تر بکەن کە پارەی بەرەکەتی ڕێگەپێدرانی هەبوون و ئیشکردنیان بدەن. ئەم خاوەن زەوییانە بەتاڵن، هەروەها بەم نوسینەم واش دەرئەکەوێ کە ستایشیان بکەم. بەداخەوە، ئەو بەتاڵییەی ئەوان ئەنجامی پیشەسازیکردنی خەڵکانی ترە وای کردوە ئەمان وابن، بەڵێ ویستی ئەوان بۆ بەتاڵییەکی ئیسراحەت سەرچاوەی ئینجیلی پیرۆزی ئیشکردنە. ئاخر شتێک ئەوان خوازیاری بن ئەوەیە کە خەڵکانی تر شوێن ئەمان بکەون و هەمان شت بکەن.
لە سەرەتای شارستانییەتەوە هەتا شۆڕشی پیشەسازی، پیاوێک دەیتوانی، وەک یاسایەک، بە خۆهیلاککردنێکی زۆر کەمێ زیاتر لەوەی پێویستە بۆ ژیانی خۆیی و خێزانەکەی دابینیبکات، هەرچەندە خێزانەکەشی لانی کەم وەک ئەم هیلاک دەبوو، و مناڵەکانیش هەر ئەوەندەی تەمەنیان بگەشتایەتە تەمەنی ئیشکردن ئەوانیش هیلاکی خۆیان دەخستە سەر ئەوەی ئەم. ئەو کەمە زیادەی کەوا دەمایەوە لە پێداویستییە ڕووتەکانی خۆیان بەجێنەئەهێڵرا بۆ ئەو کەسانەی بەرهەمیان هێنابوو، بەڵکوو دەدرا بە جەنگاوەران و پیاوانی دینی. لە کاتی قاتوقڕیدا هیچ زیادەیەک نەبوو، بۆیە جەنگاوەران و پیاوانی دینیی هێشتا هەر وەک کاتەکانی تر داهاتیان هەبوو، ئەوەش ئەنجامەکەی ئەوە بوو کەوا کرێکارێکی زۆر لە برساندا دەمرد. سیستەمەکە بەردەوام بوو لە ڕووسیا هەتا ساڵی ١٩١٧، و هێشتا لە ڕۆژهەڵات هەر بەردەوامە، لە ئینگلتەرا، سەرباری شۆڕشی پیشەسازی، بەتەواوی هێزیەوە مابووە بەدرێژایی جەنگەکانی ناپلیۆن، هەتا سەد ساڵ پێش ئێستا، کاتێک پۆلێکی تازەی خاوەن کارگەکان توانیان دەستەڵات بگرنە دەست. لە ئەمریکا، سیستەمەکە بەهۆی شۆڕشەوە کۆتایی هات، جگە لە باشووری نەبێ، کە تێیدا بەردەوام بوو هەتا سەردەمی جەنگی ناوخۆ. سیستەمێک کە ئەوەندە درێژەی خایاندبێ و ئا بەم زوانە کۆتایی هاتبێ سروشتییە کەوا ئاسەواری لەسەر فیکر و بۆچوونی پیاوان جێهێشتبێت. زۆربەی ئەوە پشتگوێ دەخەین کە ویستی ئیشکردن سەرچاوەکەی ئا ئەم سیستەمەیە، و وەک خەڵکێکی پێش پیشەسازی نەگونجێنراوە بۆ دونیای مۆدێرن. تەکنیکی مۆدێرن وای کردوە بتوانرێ ڕابواردن، هەڵبەت بەسنورەوە، تەنها بریتی نەبێ لە مافی پۆلێکی کەمی خەڵک، بەڵکوو ببێتە مافێک کە بڵاوببێتەوە بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا. ڕەوشتی ئیشکردن بریتییە لە ڕەوشتی کۆیلە، دونیای مۆدێرنیش هیچ پێویستی بە کۆیلە نیە.
بەڵام بەبێ بڕێکی بەرچاو لە ڕابواردنیش مرۆڤ دائەبڕێت لە زۆر لە باشترین شتەکانی ژیان
ڕوونە کەوا، لە کۆمەڵگا سەرەتایییەکاندا، لەناو جووتیاراندا، گەر وازیان لێ بهێنرێ، ئەو بەشە زیادەیەی بەرهەمیان دەهێنا نەیاندەدا بە پیاوانی دین و جەنگاوەران، بەڵکو یان کەمتریان بەرهەمدەهێنا تا بکاتە ئەوەی پێویستییانە، یان زیاتریان سەرفدەکرد تا بیخۆن. یەکەمجار هێزێک ناچاریکردن زیاتریش بەرهەمبهێنن و بەرهەمەکەشیان نەبینن. هەنگاو بە هەنگاو ئیتر، وایان لێکرا کە زۆرێکیان بخرێتە مێشکیان کە ڕەوشتێک قەبوڵ بکەن بەپێی ئەوە کرا بە ئەرکی ئەوان کە ئیشی زۆر بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئیشەکەی ئەوان ببێتە مایەی ئەوەی کەسانێکی تر بەتاڵ بن. بە دروستکردنی ئەم ڕەوشتەش بڕی زۆرلێکردنەکە کەمتر کرایەوە، و بەوەش خەرجیی دەوڵەت کەمتر کرایەوە. تا ئەمڕۆ لەسەدا ٩٩ی خەڵکانی ئیشکەری بەریتانی بەجددی ئەحەپەسێن ئەگەر بێتوو پێشنیار بکرێ کەوا شا هەق نییە داهاتی لە داهاتی کەسێکی ئیشکەر زیاتر بێت. هێنانە بوونی مەسەلەی ئەرک/واجب، لەڕووی مێژوویییەوە، بوە بە ئامرازێک کە بەکارهێنراوە لەلایەن ئەوانەی دەستەڵاتیان بەدەستە بۆ ئەوەی وا لە خەڵکانی تر بکەن کە بۆ سوودی خاوەنەکانیان ئیش بکەن نەک بۆ سوودی خۆیان. تەبیعی دەستەڵات بەدەستەکان ئەم ڕاستییە دەشارنەوە لە خۆیان بەوەی کە باوەڕ بکەن کە گوایە مەسڵەحەتی ئەمان کتومت هەمان مەسڵەحەتی گەورەی مرۆڤایەتییە. هەندێ جاریش ئەمە ڕاستە، خاوەن کۆیلە ئەسینایییەکان بۆ نمونە، بەشێک لە کاتی ڕابواردنی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان کردبوو کە شتێک زیاد بکەن بۆ شارستانییەت کە مەحاڵ دەبوو لەناو سیستەمێکی تەنها ئابووریدا ئەوە بکرایە. ڕابواردن شتێکی بنچینەیییە بۆ شارستانییەت، و لە سەردەمە کۆنەکاندا تەنها ڕێگایەک بۆ ڕابواردنی کۆمەڵێکی کەم تەنها بەوە دەستەبەر دەبوو کە کەسانێکی زۆرتر خۆیان زیاتر هیلاک بکەن. بەڵام هیلاکییەکەیان بەنرخ بوو، نەک لەبەرئەوەی ئیشکردن چاکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕابواردن چاکە. بە تەکنیکە مۆدێرنەکان دەکرێ ڕابواردن دابەشکرێ دادوەرانە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە شارستانییەت بگەیەنرێ.
ڕێگا مۆدێرنەکان ئەوەیان دەستەبەرکردوە کەوا بڕی هیلاکی یەکجار کەمتر بکرێتەوە کە پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ هەموو کەسێک. ئەمە لە کاتی جەنگدا بەتەواوی دەرکەوت. لەو کاتەدا هەموو پیاوان لە هێزە چەکدارەکاندا، و هەموو پیاوان و ژنانیش کە خەریکی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بوون، هەموو پیاوان و ژنانی سەرقاڵ بە سیخوڕی، پروپاگەندەی جەنگ، یان ئۆفیسەکانی دەوڵەت کە پەیوەندیدار بوون بە جەنگەوەە، هەموو دەرهێنرابوون لە ئیشوکارێک کە بەرهەمهێنەر بووبێت. کەچی سەرباری ئەمەش، ئاستی گوزرەانی خەڵکانی ئیشکەر لە بەرەی هاوپەیمانانی جەنگ بەرزتر بوو لە پێش و پاش شەڕەکەش. گرنگی ئەم ڕاستییە بە دارایی/فاینانس شاردرایەوە: قەرزکردن وای کرد کەوا داهاتوو خواردن بدات بە ئێستا. بەڵام ئەوە بە دڵنیایییەوە، شتێکی مەحاڵە، پیاوێک ناتوانێ نانێک بخوات کە هێشتا درروستنەبوە. جەنگەکە زۆر بەجوانی ئەمەی نیشاندا، بە زانستی ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، ئەکرێ دانیشتوانی مۆدێرن بەردەوام بن لە ژیانێکی ڕەفاهیەتدا بە بڕێکی کەم لە توانای ئیشکردنی دونیای مۆدێرن. ئەگەر، لە کۆتایی جەنگەکەدا، دامەزراوەی زانستی کە دروستکرابوو بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕزگار بکات لە شەڕکردن و ئیشکردن بۆ دروستکردنی تەقەمەنی، بهێڵرایتەوە و ڕۆژانی ئیشکردن کەم بکرایانەتەوە بۆ چوار ڕۆژ هەموو شتێک باش دەبوو. کەچی لەجیاتی ئەوە هەمان پشێوی پێشوو زیندوو کرایەوە و ئەوانەی کە کارەکانیان داخوازی لەسەر بوو وایان لێکرا کەوا سەعاتانێکی زۆر ئیش بکەن، و ئەویتریشی بەبرسێتی هێڵرانەوە چونکە بێئیش بوون. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئیش کراوە بە واجب، لەبەرئەوەی کەوا پیاو نابێ داهاتەکەی خۆی بەپێی بەرهەمەکەی وەرگرێ، بەڵکوو بەپێی ئەو بەهایەی دیاریکراوە و نمونەکراوە لەلایەن پیشەکەیەوە.
ئەمە ڕەوشتی دەوڵەتی کۆیلایەتییە، لە هەلومەرجێکیشدا جێبەجێدەکرێ کە بەهیچ شێوەیەک پێشتر بەم شێوەیە دروستنەبوە. هیچ جێگای سەرسامی نییە کە ئەنجامەکەی کارەساتە. با نمونەیەک وەرگرین بۆ نیشاندان. وای دانێ کەوا لە کاتێکی تایبەتدا، ژمارەیەکی تایبەت لە خەڵک خەریکی دروستکردنی دەرزین. ئەوەندە دەرزی دروستدەکەن کە دنیا پێویستی بە دەرزییە، وای دانێ ئیشەکەی ئەوان ڕۆژانە هەشت کاتژمێرە. کەسێک داهێنانێک دەکات کە وا دەکات ژمارەی دەرزی دروستکردنەکە دوو ئەوەندە ببێت لە هەمان کاتدا: خۆی دەرزیش ئەوەندە زۆرە کە مەحاڵە دەرزی زیاتر پارە بکات هەتا ئەگەر نرخەکەشی لەوەی هەیە کەمتریش بکرێتەوە. لە دونیایەکی ماقوڵدا، خەڵکانێک کە خەریکی دەرزی دروستکردن بن کاتی ئیشکردن کەمدەکەنەوە لە هەشتەوە بۆ چوار، و هەموو ژیانیشیان بەردەوام دەبێ وەک پێشتر. بەڵام لە دونیای ڕاستەقینەدا ئەمە وا دادەنرێ کە ورەی ڕووخاندوین. پیاوان هێشتا دەبێ هەشت کاتژمێر ئیش بکەن، دەرزییەکی زۆریش هەیە، هەندێ لە خاوەن کارەکان ئیفلاس دەکەن و نیوەی ئەوانەش کە پێشتر دەرزیان دروستدەکرد فڕێدەدرێنە دەرەوە و بێئیش دەبن. لە ئەنجامیشدا، بڕی ڕابواردنەکە نەگۆڕاوە هەمان ئەوەی پێشوە، بەڵام نیوەی پیاوان بەتەواوی بەتاڵن و نیوەکەی تریشی زیاد لە پێویست ئیشدەکەن. ئا بەم شێوەیە، ئەوەیان جێگیرکردوە کە ئەو ڕابواردنەی ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین دەبێتە هۆکاری نەهامەتی بە چواردەورماندا لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی گەردوونی خۆشبەختی. دەکرێ هیچ شتێک لەمە ناماقوڵانەتر بهێنرێتە بەرچاو؟
ئەو بیرۆکەیەی کەوا فەقیر ئەبێ کاتی ڕابواردنی هەبێ هەمیشە مایەی شۆک بوە بۆ دەوڵەمەندەکان. لە ئینگلتەرا، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، ١٥ کاتژمێر ئیش ئاسایی بوو بۆ ڕۆژێک ئیشی پیاوێک، مناڵانیش هەندێ جار هێندە ئیشیان ئەکرد و باوبوو کە ١٢ سەعات ئیش بکەن. کاتێک کەسانێکی خۆتێهەڵقورتێنەر پێشنیاریان کرد کە کاتەکە زۆرە، پێیان ئەوترا ئیشکردن ڕێگرە لە خواردنەوەی گەورە و بزێوی مناڵ. کاتێک کە من منداڵ بووم، ماوەیەکی کەم بوو لەدوای ئەوەی پیاوانی ئیشکەری ناوشار مافی دەنگدانیان وەرگرتبوو، هەندێ ڕۆژانی پشوو بە یاسا دیاری کرابوون، بەپێچەوانەی ویستی زۆرێک لە چینەکانی سەرەوەە. بیرمە کە گوێم لێبوو ژنە ئەریستۆکراتێک وتی: “فەقیر چی ئەوێ لە ڕۆژی پشوو؟ ئەوان ئەبێ ئیشکەن”. خەڵکانی تر ئەمڕۆ ئاوا بەو ڕاشکاویە قسەناکەن، بەڵام بیرکردنەوەکە هەرماوە، وە سەرچاوەی زۆرێک لە سەرلێشوانە ئابووریەکانمانە.
با بۆ ساتێک ڕەوشتی ئیشکردن بە ڕاشکاوانە لەبەرچاو بگرین، بێ خورافات. هەموو مرۆڤێک، کە پێداویستی هەیە، سەرفیش ئەکات بەدرێژایی ژیانی، کە بەرهەمی هیلاکی و مانووبوونی مرۆڤە. با ڕێگە بەخۆما بدەین کە وای دانێین تەواوی کرێکاری شتێکی نەشیاوە، دادوەرانە نیە کەوا مرۆڤێک زیاتر لەوەی کە بەرهەمی بهێنێ سەرف بکات. ئاساییە کە بتوانێ خزمەتگوزاری دابین بکات نەک تەنها کاڵا، وەک پزیشکێک، بۆ نمونە، بەڵام ناچارە شتێک بکات لە بەرامبەر کرێ خانوو و خواردندا. تا ئەم ڕادەیە، ناچارین تا ئێرە بابەتی بە ئەرک بوونی ئیشکردن ڕازی بین بەڵام تەنها تا ئەم ڕادەیە.
وردنابمەوە لەسەر ئەو ڕاستیەی کە لە زۆربەی کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا لە دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت زۆرکەس لە بڕە هەرە کەمەکەی ئیشکردنیش خۆیان دزیوەتەوە، مەبەستم ئەوانەیە کە پارەیان بۆ ماوەتەوە و ئەوانەش کە هاوسەرگیری ئەکەن لەبەر پارە. باوەڕم وا نیە کە ئەو ڕاستیەی ئەمان ڕێگەیان پێدراوە بەتاڵ بن ئەوەندەی ئەو ڕاستیە خراپ بێت کەوا چاوەڕێ ئەکرێ کرێکاران لەڕادەبەدەر ئیش بکەن و برسی ببن.
ئەگەر کرێکاران ڕۆژانە چوار کاتژمێر ئیش بکەن، هەموو پێداویستیەک دابین ئەکرێ و کەسیش بێکار نابێت — بەوەی وای دانێین بڕێکی کەم لە ڕێکخستنی ئاقڵانە بخرێتە کار. ئەم بیرۆکەیە کەسانی دەوڵەمەند شۆک ئەکات، لەبەر ئەوەی تەواو باوەڕیان وایە کە فەقیر نازانن چۆن ئەو هەموو ڕابواردنە بەکار بهێنن. لە ئەمریکا پاوان زۆرجار سەعاتنێکی زۆر ئیش ئەکەن هەتا ئەگەر هاتوو خۆشیان دەوڵەمەند بن، پیاوانی لەم جۆرە، سروشتیە، ڕقیان ئەبێتەوە لە بیرۆکەی ڕابواردن بۆ خەڵکانی کرێکار، تەنها شتێک بیبینن بابەتی سزادانیانە بە بێکاری دڕندانە، لە ڕاستیدا بۆ مناڵەکانی خۆشیان ڕکیان لە ڕابواردن ئەبێتەوە. شتێکی سەیریشە، لە کاتێکدا هیواخوازن کوڕەکانیان ئەوەندە زۆر ئیش بکەن کاتیان نەبێ بتوانن کەسێکی شارستانی بن، بەڵام لایان ئاساییە کە کچ و ژنەکانیان هیچ ئیشێکیان نەبێت. بایەخپێدانی بێکەڵکی لوتبەرزانە کە لە کۆمەڵگا ئەریستۆکراتیەکاندا بۆ هەردوو ڕەگەزەکە هەیە لە کۆمەڵگا پلوتۆکراتیەکاندا (دەوڵەمەند بەڕێوەی ببات) تەنها بۆ ژنانە، هەرچەندە ئەمە بۆخۆی هیچ نزیکتری ناکاتەوەە لە ژیری گشتی.
ژیرانە بەکارهێناننی ڕابواردن، ئەبێ دانی پێدابنرێ، بەرهەمی شارستانیەت و پەروەردەیە. کەسێک کە هەموو ژیانی خەریکی ئیشکردنێکی زۆر بووبێت بێتاقەت ئەبێت ئەگەر هاتوو لەناکاو بەتاڵ بێت. بەڵام بەبێ بڕێکی بەرچاو لە ڕابواردنیش مرۆڤ دائەبڕێت لە زۆر لە باشترین شتەکانی ژیان. لە ئێستادا هیچ هۆکارێک نەماوە بۆ ئەوەی کە زۆرینەی دانیشتوان چیتر موحتاج بن، تەنها جۆرێکی توند لە خۆدابڕین لە چێژ، کە زۆرجار ئاینیانەیە، وامان لێ ئەکات سوور بین لەسەر بڕی زۆری ئیشکردن کە لە ئێستادا پێویستیمان پێی نەماوە.
ئەم جۆرە نوێیەی کە کۆنترۆڵی حکومەتی کردوە لە ڕووسیا، لە کاتێکدا زۆر شتیان جیاوازە لەو شتە تەقلیدیانەی لە ڕۆژاوا فێرئەکرێین، هەندێک شتیان هیچ نەگۆڕاوە. بۆچوونی چینی دەسەڵاتدار و بەتایبەتیش ئەوانەی کە پروپاگەندەی پەروەردەییان بەدەستە لە بابەتی شکۆی کەسی کرێکاردا نزیک هەمان بۆچوونی چینی دەسەڵاتداری تری دنیایان هەیە و هەر ئەو بۆچوونەشە کە لە دنیا بە ‘فەقیری پاک’ ناسراون. پیشەسازی، بەئاگابوون، حەزی ئیشکردنی سەعاتانێکی زۆر بۆ ئەوەی لە داهاتووی دووردا ئامانجێک بپێکی، هەتا تەسلیم بوون بە دەسەڵات، هەموو ئەمانە دووبارە دەرئەکەونەوە، ئەمجارەیان لە بەرگێکی نوێدا کە تیایدا دەسەڵات ئەمجارەیان نوێنەری فەرمانڕەوای گەردوونە، کە لای ئەوان ناوێکی تازەی هەیە و ناوەکەش ‘ماتریالیزمی دیالێکتی’ (شیعاری مارکسزیم واتە جەدەلی ماددی).
سەرکەوتنی چینی چەوساوە لە ڕووسیا هەندێ خاڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ سەرکەوتنی فێمینیستەکان لە هەندێ وڵاتانی تردا. لەمێژبوو، پیاوان دانیان بەوەدا نابوو بە پیرۆزی ژناندا، وە دڵی ژنانیان ئەدایەوە بەرامبەر ئاستنزمیەکەیان بەوەی کەوا دڵنیابن پیرۆزیەکەی ئێوە خوازراوترە لە دەسەڵات. لە کۆتاییدا فێمینیستەکان بڕیاریاندا کە نەخێر هەردووکیمان ئەوێ، چونکە پێشەنگەکانیان بڕوایان بە هەموو ئەو شتانە کردبوو کە پیاوان پێیان وتبوون دەربارەی بەها، بەڵام باوەڕیان بە شتەکانی تر نەکردبوو دەربارەی بێنرخی دەسەڵاتی سیاسی. شتێکی هەمان شێوە ڕوویدا لە ڕوسیا دەربارەی کرێکاری. لەمێژبوو، دەوڵەمەندەکان و ماستاوچیەکانیان دەربارەی ‘هیلاکی پاک’ ستایشیان ئەنووسی، ستایشی ژیانی سادە ئەکەن، بانگەشەیان بۆ ئاینێک ئەکرد کە ئەوە فێری خەکی ئەکات کەوا فەقیران ئەگەری زۆر زیاتری هەیە بچنە بەهەشت تا دەوڵەمەندەکان، بە گشتی هەوڵیان دا کە وا لە خەڵکانی کرێکار بکەن کە بڕوا بکەن بەوەی شتێکی پیرۆزە کەسێک جێگای ماددی شتێک لە بۆشاییدا بگۆڕێت، هەر بەو جۆرەی کە پیاوان هەوڵیان دا ژنان باوەڕ پێ بکەن کە پیرۆزیەک هەیە لەوەی ئەوان کۆیلەی سێکسی پیاو بن. لە ڕووسیا، ئەم هەموو فێرکردنە دەربارەی گەورەیی کارێکاری و ئیشی دەست بە جددی وەرگیرا، وای لێهاتوە کاری دەستی بەپیرۆزتر ئەزانرێ لە هەموو ئیشێکی تر. ئەوەی کە لە بنچینەدا بریتیە لە بانگەشەی نوێخوازی، بەڵام بۆ مەبەستە کۆنەکە نیە، بۆ ئەوەیە کە چینی کرێکار بەردوام بن لە ئەو ئەرکەی بۆیان دیاری کراوە. کرێکاری بوە بەو ئایدیالەی کە ئەخرێتە بەردەست گەنجان، وە بناغەی هەموو فێرکردنێکی ڕەوشتانەیە.
بۆ ئەم ساتە، ئەکرێ ئەمە هەمووی شتی باش بێت. وڵاتێکی گەورە، پڕ لە سەرچاوەی سروشتی، چاوەڕێی گەشەکردنە، وە ئەبێ گەشەی پێ بدرێت بێ ئەوەی هیچ کررێدیتێک تیای بەکار بهێنرێ. لەم هەلومەرجەدا، ئیشی زۆر پێویستە، و ئەکرێ پاداشتێکی گەورەشی بەدوادا بێت. بەڵام چی ڕوو ئەدا کاتێک ئەگەیتە ئەو خاڵەی کە هەموان ئەتوانن بێ ئەوەی ئیشی زۆر بکەن بە خۆشی بژین؟
بۆ ئەم ساتە، ئەکرێ ئەمە هەمووی شتی باش بێت. وڵاتێکی گەورە، پڕ لە سەرچاوەی سروشتی، چاوەڕێی گەشەکردنە، وە ئەبێ گەشەی پێ بدرێت بێ ئەوەی هیچ کررێدیتێک تیای بەکار بهێنرێ. لەم هەلومەرجەدا، ئیشی زۆر پێویستە، و ئەکرێ پاداشتێکی گەورەشی بەدوادا بێت. بەڵام چی ڕوو ئەدا کاتێک ئەگەیتە ئەو خاڵەی کە هەموان ئەتوانن بێ ئەوەی ئیشی زۆر بکەن بە خۆشی بژین؟
لە ڕۆژاوا ڕێگای جیاوازمان هەیە بۆ هەڵسەوکەوت کردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا. هیچ هەوڵی دادپەروەری ئابووری نادەین، بۆ ئەوەی زۆربەی داهاتی بەرهەمی گشتی بڕوات بۆ ژمارەیەکی کەم لە دانیشتوان، زۆریش لەمانە هەر ئیش ناکەن خۆیان بەهیچ شێوەیەک. لەبەر ئەوەی هیچ کۆنترۆڵێکی ناوەندنی نیە بەسەر بەرهەمهێناندا، زۆر شت بەرهەم ئەهێنین کە کەس نایەوێت. ڕێژەیەکی گەورەی دانیشتوان بە بەتاڵی ئەهێڵینەوە، چونکە ئەتوانین بێ ئەوەی پێویستمان بە ئیشی ئەوان بێ خەڵکانێکی تر وا لێ بکەین زۆر ئیش بکەن. کاتێ کە هەموو ئەم ڕێگایانە گونجاو نەبوو، ڕێگای شەڕمان هەیە، وا ئەکەین خەڵکێکی زۆر خەریکی دروستکردنی تەقەمەنی گەورە ببن، وەک ئەوەی مناڵ بین و تازە زانیبێتمان تەڵقەتەنورە چیە. بە کۆکردنەوەی ئەم ڕێگایانە توانامان هەیە، تەبیعی بە سەختی، ئەو بیرۆکەیە بە زیندووی بهێڵینەوە کە لای وایە کەسێکی ئاسایی بریتیە لە بڕێکی زۆر ئیشی قورسی دەست.
لە ڕووسیا، لەبەر ئەوەی دادپەروەریەکی زۆرتر هەیە لە ئابووریدا و کۆنترۆڵێکی ناوەندی هەیە بۆ بەرهەمهێنان، ئەبێ کێشەکە جیاواز چارەسەر بکرێت. چارەسەرە ئەقڵانیەکە ئەوەیە، بەزووترین کات دوای ئەوەی هەموو پێداویستی و ڕەفاهیەتە سەرەکیان دابینکران بۆ هەموو دانیشتوان، ئەبێ کاتژمێری ئیشکردن کەم بکرێتەوە هەنگاو بە هەنگاو، بە دەنگدانێکی گشتی بڕیارەکە بدرێ، لە هەر هەنگاوێکدا کە ئایا ئەمانەوێ کاڵای زیاتر بەرهەم بهێنین یان چێژی زیاتر ببینین. بەڵام، لەبەر ئەوەی پیرۆزی باڵای ئیشکردنمان فێری خەڵک کردوە، سەختە بتوانی ئەوە بێنیتە پێشچاوت کە دەسەڵاتداران بەهەشتێک دروست بکەن کە زۆری ڕابواردن و کەمی ئیش بێت. ئەگەری ئەوە زیاترە کە بەردەوام نەخشەی تازەە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەبێ ڕابواردن بکەینە قوربانی بەرهەمی زیاتر بۆ داهاتوو. بەم زوانە خوێندمەوە پلانێکی کەمئەقڵانە دەربارەی ئەوەی دەریای سپی و قەراخاوەکانی باکوری سایبیریا گەرمکرێم، بەوەی کە بەنداوێک دروست بکرێ لەسەرر دەریای کەرە. پرۆژەیەک شاینی ستایشە، بەڵام مایەی ئەوەیە کە چینی پرۆلیتاری داماو بۆ نەوەیەکی تر ڕابواردنەکەیان دواخرێت، لە کاتێکدا نمایشی پیرۆزی کرێکاری بکرێ لە کێڵگە بەستوەکان و گەردەلوولی بەفری زەریای جەمسەری باکوردا. ئەم جۆرە لە شت، ئەگەر ڕوو بدات، ئەنجامەکەی ئەوەیە کەوا پیرۆرزکردنی ئیش بۆخۆی ئەبێتە ئامانج، لەبری ئەوەی کە خۆی بریتیە لە ڕێگای هێنانە دی دۆخێک کە تیایدا ئیشکردن پێویست نەبێت.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە جووڵاندنی ماددە بەدەوری خۆیدا، لە کاتێکدا بڕێکی دیاریکراوی بۆ بوونی ئێمە پێویستە، بەڵام بە جەختەوە یەکێک نییە لە ئامانجەکانی ژیانی مرۆڤ. ئەگەر وابووایە، دەبوو هەموو کرێکارێکی ڕێگاوبان لە شکسپیر بە باڵاتر بزانین. ئێمە لەم بابەتەدا بە دوو هۆکار بەلاڕێدا چووین. یەکێکیان پێویستی ڕازیکردنی هەژارەکانە، کە وایکردووە دەوڵەمەندەکان، بۆ هەزاران ساڵە، بانگەشەی کەرامەتی کار بکەن، لە هەمان کاتدا ئاگاداری خۆیان بن کە لەم ڕووەوە بێ کەرامەت بمێننەوە. ئەوی تریان چێژی نوێی میکانیزمە، کە وامان لێدەکات دڵخۆشبین بەو گۆڕانکارییە زیرەک و سەرسوڕهێنەرانەی کە دەتوانین لەسەر ڕووی زەوی بەرهەمیان بهێنین. هیچ کام لەم پاڵنەرانە هیچ سەرنجڕاکێشیەکی گەورە بۆ کرێکاری ڕاستەقینە بەدی ناهێنن. ئەگەر لێی بپرسیت کە بەباشترین بەش لە ژیانیدا چییە، پێناچێت بڵێت: ‘من چێژ لە کاری دەستی وەردەگرم، چونکە وا دەکات هەست بکەم کە بەرزترین ئەرکی مرۆڤ بەجێدەهێنم، هەروەها چونکە حەزم لێیە بیر لەوە بکەمەوە کە مرۆڤ چەندە دەتوانێت هەسارەکەمان بگۆڕێت. ڕاستە جەستەم داوای ماوەی پشوودان دەکات، کە دەبێت بە باشترین شێوە پڕی بکەمەوە، بەڵام هەرگیز ئەوەندە دڵخۆش نیم کە بەیانی دێت و دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەو زەحمەتێکشییەی کە قوڵایی ڕەزامەندیم لێیەوە سەرچاوە دەگرێت’. من هەرگیز نەمبیستووە پیاوە کرێکارەکان ئەم جۆرە قسەیە بکەن. ئەوان کار وەک ئەوەی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، بە ئامرازێکی پێویست بۆ بژێوی ژیانێک دەزانن و هەر لە کات بەسەربردنەکانیانەوەیە کە هەر خۆشبەختییەک کە ڕەنگە چێژیان لێ وەربگرن، بەدەستی دەهێنن.
دەوترێت، لە کاتێکدا کەمێک کات بەسەربردن خۆشە، پیاوان نەیاندەزانی چۆن ڕۆژەکانیان پڕ بکەنەوە ئەگەر بهاتایە و لە بیست و چوار کاتژمێرەکە تەنها چوار کاتژمێر کاریان هەبوایە. تا ئەو جێگایەی کە ئەمە لە جیهانی مۆدێرندا ڕاستە، ئیدانەکردنی شارستانیەتی ئێمەیە؛ لە هیچ قۆناغێکی پێشووتردا ڕاست نەدەبوو. پێشتر توانای سووکایەتی و یاریکردن هەبوو کە تا ڕادەیەک بەهۆی کولتوری کاراییەوە ڕێگری لێکرا. مرۆڤی مۆدێرن پێی وایە دەبێ هەموو شتێک لە پێناو شتێکی تردا بکرێت، هەرگیز لە پێناو خودی شتەکەدا. بۆ نموونە کەسانی جددی بەردەوام خووی چوون بۆ سینەما ئیدانە دەکەن، و پێمان دەڵێن کە گەنجەکان بەرەو تاوان دەبات. بەڵام هەموو ئەو کارانەی کە دەچنە بەر بەرهەمهێنانی سینەما جێگای ڕێز و حورمەتن، چونکە کارە، هەروەها لەبەر ئەوەی قازانجی پارەی لێدەکەوێتەوە. ئەو تێڕوانینەی کە چالاکییە خوازراوەکان ئەوانەن کە قازانج دەهێنن، هەموو شتێکی کردووە بە سەرسوڕهێنەر. قەساب کە گۆشتت بۆ دابین دەکات و ئەو نانەوایەی نانت بۆ دابین دەکات، جێگەی دەستخۆشین، چونکە پارە پەیدا دەکەن؛ بەڵام کاتێک چێژ لەو خواردنە وەردەگریت کە دابینیان کردووە، تەنها شتێکی بێ بایەخت کردووە، مەگەر تەنها بۆ بەهێزبوون بۆ کارەکەت خواردنەکە بخۆیت. بە شێوەیەکی بەرفراوان پێی وایە بەدەستهێنانی پارە باشە و خەرجکردنی پارە خراپە. بە بینینی ئەوەی کە دوو لایەنی یەک مامەڵەن، ئەمە شتێکی بێمانایە؛ ڕەنگە مرۆڤ بە هەمان شێوە بڵێت کە کلیلەکان باشن، بەڵام کونە کلیلەکان خراپن. هەر شایستەیییەک لە بەرهەمهێنانی کاڵاکاندا هەبێت، دەبێت بە تەواوی وەرگیراو بێت لەو سوودەی کە بە بەکارهێنانی کاڵاکان بەدەست دەهێنرێت. تاک، لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کار بۆ قازانج دەکات؛ بەڵام ئامانجی کۆمەڵایەتی کارەکەی لە بەکارهێنانی ئەو شتانەدایە کە بەرهەمی دەهێنێت. هەر ئەم جیابوونەوەیە لە نێوان تاک و ئامانجی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێناندا کە وا دەکات پیاوان هێندە قورس بێت بیرکردنەوەیەکی ڕوونی هەبێت لە جیهانێکدا کە قازانجکردن هاندەرە بۆ پیشەسازی. ئێمە زۆر بیر لە بەرهەمهێنان دەکەینەوە، و زۆر کەم بیر لە بەکاربردن دەکەینەوە. یەکێک لە ئەنجامەکان ئەوەیە کە ئێمە زۆر کەم گرنگی بە چێژ و بەختەوەرییەکی سادە دەدەین و بەرهەمهێنان بەو چێژە حوکم نادەین کە بە بەکاربەر دەبەخشێت.
کاتێک پێشنیار دەکەم کە کاتەکانی کارکردن بۆ چوار کەم بکرێتەوە، مەبەستم ئەوە نییە کە هەموو ئەو کاتەی کە دەمێنێتەوە بەپێویستی دەزانم لە بێ بایەخیەێکی پاکدا بەسەر ببرێت. مەبەستم ئەوەیە کە چوار کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا مافی پێویستی و ئاسوودەیی سەرەتایی ژیان بە پیاو بدات و باقی کاتەکانیشی ئەو بێت بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی کە بە گونجاو بزانێت بەکاری بهێنێت. بەشێکی سەرەکییە لە هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی لەو جۆرەدا کە پەروەردە زیاتر لەوەی کە بەزۆری لە ئێستادا هەیەتی، ئامانجی بەشێکی دابینکردنی تام و چێژەکان بێت کە پیاو بتوانێت بە زیرەکی کات بەسەربردن بەکاربهێنێت. من بە شێوەیەکی سەرەکی بیر لەو جۆرە شتانە ناکەمەوە کە بە ‘ڕۆشنبیرانە’ هەژمار دەکرێن. سەمای جووتیاران جگە لە ناوچە گوندنشینە دوورەکان مردووە، بەڵام ئەو پاڵنەرانەی کە بوونە هۆی چاندنیان، هێشتا دەبێت لە سروشتی مرۆڤدا هەبن. چێژەکانی دانیشتوانی شارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بووەتە ناچالاک (پاسیڤ): بینینی سینەما، سەیرکردنی یاریی تۆپی پێ، گوێگرتن لە ڕادیۆ و هتد. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی کە وزە چالاکەکانیان بە تەواوی بە کارکردن گیراوە؛ ئەگەر کاتێکی زیاتری کات بەسەربردنیان هەبوایە، دیسانەوە چێژیان لەو چێژانە دەبینی کە بەشدارییەکی چالاکانەیان تێدا دەکرد.
لە ڕابردوودا چینێکی بچووکی کات بەسەربردن و چینێکی کرێکاری گەورە هەبوو. چینی کات بەسەربردن چێژیان لە سوودەکان وەرگرت کە هیچ بنەمایەکیان لە دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا نەبوو؛ ئەمەش بەپێویستیی ستەمکارانە دەبوو و هاوسۆزیەکانی سنووردار دەکرد و بووە هۆی ئەوەی تیۆری دابهێنێت کە بەهۆیانەوە پاساو بۆ ئیمتیازەکانی خۆی بهێنێتەوە. ئەم ڕاستیانە زۆر لە نایابیەکانی کەمکردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم کەموکوڕییە نزیکەی تەواوی ئەو شتەی کە ئێمە پێی دەڵێین شارستانیەت بەتاڵبوون بەشداری تێدا کردووە. هونەرەکانی چاند و زانستەکانی دۆزیەوە؛ کتێبی نووسیوە و فەلسەفەی داهێناوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پاڵاوتە کردووە. تەنانەت ئازادکردنی ستەملێکراوان بە گشتی لە سەرەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەگەر چینی کات بەسەربردن نەبوایە، مرۆڤایەتی هەرگیز لە بەربەرییەت دەرنەدەچوو.
بەڵام شێوازی پۆلێکی کات بەسەربردن بەبێ ئەرک بە شێوەیەکی نائاسایی بەفیڕۆدەر بوو. هیچ کام لە ئەندامانی پۆلەکە ناچار نەبوو فێر بکرێن کە کۆششکار بن و پۆلەکە بە گشتی زیرەکی ناوازە نەبوو. ڕەنگە پۆلەکە یەک داروین بەرهەم بهێنێت، بەڵام دەبوو دەیان هەزار بەڕێزی وڵات لەبەرامبەری دابنرێت کە هەرگیز بیریان لە شتێکی زیرەکتر لە ڕاوکردنی ڕێوی و سزادانی ڕاوچییەکان نەکردۆتەوە. لە ئێستادا بڕیارە زانکۆکان بە شێوەیەکی سیستماتیکیتر ئەو شتانە دابین بکەن کە چینی کات بەسەربردن بە هەڵە و وەک بەرهەمێکی لاوەکی دابینی کردووە. ئەمە پێشکەوتنێکی گەورەیە، بەڵام هەندێک کەموکوڕی هەیە. ژیانی زانکۆ ئەوەندە جیاوازە لە ژیانی جیهان بەگشتی کە ئەو پیاوانەی لە ژینگەی ئەکادیمیدا دەژین، زیاتر بێ ئاگان لە سەرقاڵی و کێشەکانی ژن و پیاوی ئاسایی؛ جگە لەوەش شێوازی دەربڕینیان بەزۆری بەجۆرێکە کە بۆچوونەکانیان لەو کاریگەرییە دەدزێنن کە دەبێ لەسەر خەڵکی گشتی هەیانبێت. زیانێکی دیکە ئەوەیە کە لە زانکۆکاندا خوێندن ڕێکدەخرێت و ئەو پیاوەی بیر لە هەندێک هێڵی توێژینەوەی ڕەسەن دەکاتەوە، پێدەچێت بێهیوا بێت. کەواتە دامەزراوە ئەکادیمییەکان هەرچەندە بەسوود بن، بەڵام پارێزەری گونجاوی بەرژەوەندییەکانی شارستانیەت نین لە جیهانێکدا کە هەموو کەسێک لە دەرەوەی دیوارەکانیان زۆر سەرقاڵی کارە ناسوودخوازانە بێت.
لە جیهانێکدا کە کەس ناچار نەبێت ڕۆژانە زیاتر لە چوار کاتژمێر کار بکات، هەر کەسێک کە خاوەنی کنجکاوی زانستی بێت، دەتوانێت خۆی بەو شتەدا سەرقاڵ بکات، هەموو نیگارکێشێک دەتوانێت بەبێ برسی نیگارکێشان وێنە بکێشێت، وێنەکانی هەرچەندە نایاب بن. نووسەرانی گەنج ناچار نابن لەلایەن سەرنجی خەڵک ڕابکێشن بۆ شتانێک کە ‘مەنجەڵ-کوڵێن’ بن، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی کە پێویستە بۆ بەرهەمە گەورەکانیان، کە کاتێک دواجار کاتەکە دێت، تام و چێژ و توانایان لەدەستداوە. ئەو پیاوانەی کە لە کارە پیشەییەکانیاندا، ئارەزووی هەندێک قۆناغی ئابووری یان حکومەتیان کردووە، بەبێ ئەو دابڕانە ئەکادیمییەی کە وا دەکات کارەکانی ئابووریناسانی زانکۆ زۆرجار لە واقیعدا کەمیی دەرکەوێت، دەتوانن بیرۆکەکانیان پەرەپێبدەن. پیاوانی پزیشکی کاتیان دەبێت بۆ فێربوونی پێشکەوتنی پزیشکی، مامۆستایان بە شەکەتیەوە خەبات ناکەن بۆ فێرکردن بە شێوازی ڕۆتینی ئەو شتانەی کە لە گەنجیدا فێری بوون، کە ڕەنگە لە تەمەنی خۆیاندا سەلمێندرابێت کە ناڕاستن.
لە سەرووی هەمووشیانەوە خۆشی و شادی لە ژیاندا بوونی دەبێت، لەبری دەماری شەکەت و ماندوێتی و ناڕەحەتی هەناسەدان. ئەو کارەی کە ئەنجام دەدرێت بەس دەبێت بۆ ئەوەی کات بەسەربردن پڕچێژ بێت، بەڵام نابێتە هۆی ماندوێتی. بەو پێیەی پیاوان لە کاتە بەتاڵەکانیاندا ماندوو نابن، تەنها داوای ئەو جۆرە کات بەسەربردنانە ناکەن کە پاسیڤ و بێتامن. بەلایەنی کەمەوە لەسەدایەک ئەو کاتەی کە لە کارە پیشەییەکاندا بەسەریان نەبردووە بۆ کارگەلێک تەرخان بکەن کە هەندێک گرنگی کۆمەڵگاییان هەیە و، بەو پێیەی کە بۆ بژێوی ژیانیان پشت بەم کارانە نابەستن، ڕەسەنایەتییان بێ بەربەست دەبێت و پێویست بە خۆگونجاندن ناکات بەو پێوەرانەی کە لەلایەن شارەزایانی بەساڵاچووەوە دانراون. بەڵام تەنیا لەم حاڵەتە ناوازانەدا نییە کە سوودەکانی کات بەسەربردن دەردەکەون. ژن و پیاوی ئاسایی، کە دەرفەتی ژیانێکی خۆشیان هەیە، میهرەبانتر دەبن و کەمتر گۆشەگیری دەکەن و کەمتر مەیلیان بۆ سەیرکردنی کەسانی دیکە بە گومانەوە دەبێت. حەزی تامکردنی شەڕ دەمرێت، بەشێکیش لەبەر ئەم هۆکارە و بەشێکیش لەبەر ئەوەی کاری درێژخایەن و قورس بۆ هەمووان لەخۆدەگرێت. سروشتی باش لە هەموو سیفەتێکی ئەخلاقیدا ئەو سیفەتەیە کە جیهان زۆرترین پێویستی پێیەتی و سروشتی باشیش دەرئەنجامی ئاسانکاری و ئاسایشە نەک ژیانی خەباتی سەخت. شێوازە مۆدێرنەکانی بەرهەمهێنان ئەگەری ئاسانکاری و ئاسایشی بۆ هەمووان پێبەخشیوین؛ ئێمە لەبری ئەوە کاری زۆر بۆ هەندێک و برسێتی بۆ هەندێکی ترمان هەڵبژاردووە. تا ئێستا ئێمە وەک پێش ئەوەی ئامێرەکان هەبن، بەردەوام بووین لە وزەبەخشین؛ لەم کارەدا ئێمە گەمژە بووین، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ هەمیشە بەردەوام بین لە گەمژەیی.
تێبینی وەرگێران:
١- وابزانم دەستەواژەیەکی تریشمان لە کوردییدا هەیە.
٢. ئێستا تەبیعی ئەمریکاش وایە، دیارە سەردەمی ڕەسڵ جیاواز بوە.