ڤیزاکەی جەلال تاڵەبانی و دەوڵەتەکەی شەریف پاشا

ڕێنوار نەجم

پاش ماوەیەک لە دوورخستنەوەی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە، لە نیسانی 1965 جەلال تاڵەبانیی تەمەن 32 ساڵ لە بەرلینەوە داوای ڤیزایەکی یەک مانگی بۆ بەریتانیا دەکات. بەریتانییەکان دوودڵ دەبن لە پێدانی ڤیزاکە. پێشتر و لە حوزەیرانی 1963 بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست بۆ گەشتەکەی، داواکارییەکی دیکەی تاڵەبانی بۆ ڤیزا ڕەت کرابووەوە. بەڵام ئەم جارە بەریتانییەکان دوای گفتوگۆ لەنێو خۆیاندا دەڵێن هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی ڤیزای پێ نەدەین، بەڵام بۆی ڕوون دەکەنەوە لەو ماوەیەی لە بەریتانیایە باشتر وایە هیچ چالاکییەکی سیاسی و پڕوپاگەندەیەک دژ بە حکومەتی عێراق نەکات بە شێوەیەک حکومەتی بەریتانیا تووشی ئیحراجی بکات، کە ئەو کات پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەغدا هەبووە. تاڵەبانیش بەڵێن دەدات هیچ چالاکییەکی سیاسی نەکات، بەڵام دەڵێ گەر ڕۆژنامەنووسان پرسیاریان ئاڕاستە کرد، خۆ ناکرێ وەڵام نەداتەوە!

ئەمە بەپێی چەند برووسکەیەکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، کە لە نێو لاپەڕە پواوەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراون. لە ئەرشیفەکەدا هەزاران بەڵگەنامەی پەیوەست بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە سەدەی ڕابردوودا هەن. بەشی زۆری ئەو بەڵگەنامانە لە ژێر ناونیشانی پرسی کورد ڕێکخراون و بۆ هەمووان بەردەستن تا بچن و لاپەڕە بە لاپەڕەی هەڵبدەنەوە و ڕاستییەکانی مێژوومان لە ڕوانگەی بەریتانییەکانەوە ببینن.

بە پێی برووسکەیەکی دیکە کە دوای هەفتەیەک لە گەیشتنی تاڵەبانی بۆ لەندەن نێردراوە، بەریتانییەکان دەڵێن تاڵەبانی هیچ پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانییەوە و خەریکی کارو چالاکیی سیاسی و چاوپێکەوتنی میدیاییە. هەروەها دەڵێن ئاگادارن کە ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی جۆن کیمیچ (Jon Kimche) لە ڕۆژنامەی جیویش ئۆبزێرڤەر (Jewish Observer) لە ڕێکخستنی چالاکییەکانیدا هاوکاریی دەکات. (کیمیچ (1909-1994) مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسێکی جوولەکەی دانیشتووی لەندەن بووە.) دەنگدانەوەی چالاکییەکانی تاڵەبانی دەگاتەوە باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن و ئەوانیش لای بەریتانییەکان ناڕەزایی توند دەردەبڕن لەوەی بۆچی ڤیزایان بە تاڵەبانی داوە و هەلیان بۆ ڕەخساندووە پڕوپاگەندە دژ بە حکومەتی عێراق بکات. بەریتانییەکان کە لە دۆخێکی ئیحراجیدان، دەکەونە دۆخی بەرگرییەوە و دەڵێن ڕاستە ڤیزەمان پێ داوە، بەڵام خۆ ناتوانین دەست و قاچی ببەستین. هەروەها بەبێ ئەوەی بە باڵیۆزخانەی عێراقی ڕابگەیەنن، لەناو خۆیاندا بڕیار دەدەن گەر جارێکی دیکە تاڵەبانی داوای ڤیزای کرد، ئەوا ڕەتی بکەنەوە، بەتایبەت بە بیانووی ئەوەی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا وتویەتی »کورد خەبات دەکات بۆ ڕووخاندنی حکومەتی عێراق. «

پێدانی ڤیزا بە سیاسەتمەدارە کوردەکان لە شەستەکان و حەفتاکان پرسی گەرمی دیپلۆماتکارە بەریتانییەکان بووە لەو سەردەمەدا و ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامە لەو بارەیەوە لە ئەرشیفەکەدا بەردەستە. لەوانە داواکارییەکی مەسعود بارزانی (بە پاسپۆرتی ئێرانییەوە)، مەحوود عوسمان (بە پاسپۆرتی سوورییەوە)، نووری شاوەیس و سامی عەبدول رەحمان لە ئایاری 1977، کە وەزارەتی دەرەوە »ناخۆشحاڵیی خۆی« ڕادەگەیەنێت بە کۆبوونەوەی ئەم کوردانە پێکەوە لە بەریتانیا. هاوکات ڕەتکردنەوەی داواکارییەکی موحسین دزەیی لە ئەمەریکاوە بۆ پێدانی ڤیزای بەریتانیا. لە برووسەکەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەلا مستەفا بارزانیش دەیەوێت لە ئەمەریکاوە سەردانی بەریتانیا بکات، بەڵام ڕەنگە ڕەتکردنەوە ڤیزاکەی موحسین دزەیی (کە داوای ڤیزای بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی کردووە) کاریگەریی لەسەر داواکارییەکی بارزانیش هەبووبێت.

جگە لەوانەش، لە ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی بەریتانیادا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بەڵگەنامەی گرنگی لەبارەی کۆنگرەی ئاشتیی پاریس (1919 – 1920) تێدایە بە تایبەت پەیوەست بە پرسی کورد و هەوڵە بێئاکامەکانی شەریف پاشای خەندان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم. بەڵگەنامەکان کۆمەڵێک ڕاپۆرتی تێروتەسەلی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیی سەبارەت بە ژیانی ناوچە کوردنیشنەکان لە دیاربەکرەوە بۆ موسڵ تێدایە و وا دەردەکەوێت کە بەریتانیا بە جددی دیراسەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ کورد کردووە، بەڵام بۆچی نەیکرد؟ ئەوە پێویستی بە شەنوکەوکردنی زیاتری بەڵگەنامەکان هەیە. هەروەها وا دیارە کە شەریف پاشا هیوایەکی زۆری بە دروستبوونی ئەو دەوڵەتە هەبووە، بە شێوەیەک پێش درووستبوونی، بە بەریتانییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەو سەرۆکی هەڵبژێردراوی دەوڵەتەکەیە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پێی وابووە شەریف پاشا کە ماوەیەکی زۆری ژیانی لە فەڕەنسا بەسەر بردووە «بە هیچ شێوەیەک» شیاوی ئەو پۆستە نییە.

هاوکات لێرەو لەوێ چەندین بەڵگەنامەی گرنگی دیکە لەناو ئەرشیفەکەدا هەن کە دەشێت بۆ لێکۆڵینەوەی بوارە جیاوازەکان بۆ توێژەران سوودی ئێجگار زۆری هەبێت، بۆ نموونە: ناوی تەواوی ئەو 551 خوێندکارە کوردەی لە کانوونی دووەمی 1975 لە لایەک ڕژێمی بەعسەوە بەزۆرەملێ لە خوێندن دوورخراونەتەوە؛ ژمارەی قوتابخانە، قوتابی، مامۆستا لە ناوچە کوردییەکانی عێراق لە ساڵی 1931؛ نامیلکەیەک بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی «نضال الاکراد» لە نووسینی محەمەد شێرزاد، کە لە ساڵی 1945 لە قاهیرە چاپ کراوە و کۆپییەکی بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا نێردراوە. نامیلەکە 45 لاپەڕەییەکە ناساندنێکی گشتگیری کورد و خواستە سیاسییەکانیەتی لە هەر چوار پارچەکە. باڵیۆزخانەکە لە برووسکەیەکدا بۆ وەزارەتی دەرەوە بە گرنگییەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەڕوانێت و پەسنی کوالێتیی لاپەڕە و چاپکردنەکەی دەکات، هەروەها کۆپییەکی نامیلکەکەی ناردووە بۆ باڵیۆزخانەکانی بەریتانیا لە مۆسکۆ، بەغدا، تاران و ئەنکەرە.

پێشتر چەند توێژەرێک کاری گرنگیان لەسەر بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە کورد لە ئەرشیفی بەریتانی کردووە. بەو چەند کاتژمێرەی لەوێ بووم، بۆم دەرکەوت کە دەرفەتی توێژینەوە و شەنوکەوکردنی ئێجگار زۆری تێدایە بۆ هەر کەسێک گرنگی بە بابەتی مێژوویی بدات، بەتایبەتی بەشی زۆری ئەو بەڵگەنامانە بۆ سەردەمانێک دەگەڕێنەوە کە خۆمان کەمترین ئەرشیفی ڕەسەنمان لەو بارەیەوە هەیە.

بەڵگەنامەی پەیوەست بە شەریف پاشای خەندان

مەسعود بارزانی و هاوکارانی داوای ڤیزای بەریتانیا دەکەن

ناوی خوێندکارانی زانکۆ بە ڕژێمی بەعس دووری خستونەتەوە

ئاماری قوتابخانەکانی کوردستان لە ساڵی 1931

ڕوونکردنەوەی بەریتانییەکان لەبارەی ڤیزای جەلال تاڵەبانی

کەیسی ڤیزای بارزانی و هاوکارانی

بەشکردن: