ماتۆڕسکیلەکانی گەیاندن؛ ‎شەڕی کات لەپێناو ناندا

نیگا محەمەد عەبدوڵا، زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی کارگێڕیی و ئابووریی، قۆناغی چوارەم

شۆفێرانی ماتۆڕسکیلی گەیاندن توێژە بێنازەکەی کۆمەڵگای هاوچەرخن لە هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا لای بەشێک لە کۆمەڵگا رووبەڕووی دڵڕەقییەکی زۆر دەبنەوە چ وەک ئەوەی رێزیان لێ ناگیرێ، یان لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە سەروی هەشت کاتژمێر کاریان پێدەکرێت لە بەرانبەر نزیکەی سێ دۆلار لە کاتژمێرێکدا.

کاری ئەوان گەیاندنی ژەمێکی گەرم، خواردنی تازە، یان پاکێجێکی بەپەلەیە. دەبێت هەمیشە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە لە کاتی خۆیدا بگاتە دەستی بەکاربەران. رۆژ گەرم و کوڵاو یان سارد و بەستوو بێت، دەبێت بەبێ دواکەوتن ئامانەتییەکان بگەیەنن. بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، ململانێیەکی سەخت لەگەڵ کاتدا دەکەن. ئەمەش پێویستی بە ڕۆحێکی نەترس و بوێر هەیە. هەموو لێخوڕینێک پێشبڕکێیەکە لەگەڵ کات، تاقیکردنەوەی لێهاتووییە. کاتێک بە لای ئێمەدا تێدەپەڕن، بەڕێزەوە تەماشایان ناکەین، دەبۆڵێنین کە ژاوەژاوە دەنێنەوە، لە بیرمان دەچێتەوە هەریەکێکیان کە بە لاتدا ڕەت دەبێت، بۆ خۆی هەڵگری چیرۆکێکی غەمگینە و هەواڵی دنیایەکی مۆدێرنمان پێ دەگەیەنن، دنیایەک چیتر نانپەیداکردن ئاسان خۆی ناداست بە دەستەوە.

ئاسۆ، ئەو کوڕە لاوەی کە تەمەنی تەنها ١٩ ساڵە، دەبوو لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ بیخوێندایە، بەڵام لەبەر سەختی بارودۆخی ژیانی هەر زوو لە خوێندن دابڕا. ئەو منداڵییەکی سەختی بردووەتەسەر، زۆر زوو ناچاری کارکردن بووە. کات دێ و دەڕوات، ئاسۆ بە هیوا و لە چاوەڕوانی دەرفەتێکی کارکردنی شایستە، دەژی. ئەو دەگاتە تەمەنی لاوی و هیچ دیار نییە. رۆژێک پیاوچاکێک بەڵێنی کڕینی ماتۆڕێکی پێدەدات تا بتوانێت خەرجی خۆی و دایکە نەخۆشەکەی پەیدا بکات. وەک بڵێی هەنگوینی لە کلۆرە داردا دۆزیوەتەوە، ئاسۆ بەمە زۆر دڵخۆش دەبێت. لەو ژوورە بچوکەی کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کەناری شاری سلێمانی بە کرێی گرتووە، دۆشەکێکی تەنکی لەسەر زەوییەکی ڕەق راخستووە و شەکەت و ماندوو دەنوێت. ئاسۆ هەمیشە موڵکەکانی لە تەنیشت جێگاکەی دادەنێت. بەڵام موڵكی چی؟ جگە لە ماتۆڕەکەی، بەنرخترین شتی ئەو زیاتر نییە لە کڵاوی ماتۆڕەکەی و مۆبایلەکەی.

سبەینان کاتژمێر ٦ی بەیانی لە خەو هەڵدەستێت. وەک زۆر کەسی تر، یەکەم کاری دوای هەستان لە خەوی، سەیرکردنی مۆبایلەکەیەتی. جیاوازییەکە ئەوەیە ئەو کاتی نییە بزانێت لە سۆشیەل میدیا چی دەگوزەرێت، دەبێت سەیری مۆبایلەکەی بکات تا بزانێت داواکاریەکانی ڕۆژەکەی چییە کە پێویستە ئەنجامی بدات. رۆژانە بەو هیوایەوە ئەمڕۆی باشتر بێت لە دوێنێ، بەڵام کۆتایی رۆژەکەی ئەوەیە لە پێشبڕکێی لەگەڵ کات، خۆی بە دۆڕاو دەزانێت. کەم رۆژ تێدەپەڕێ و ئەو بۆڵەبۆڵی بەسەردا نەکرێت، سەرباری خێسە و لۆمەی رێبواران.

پێشبڕکێکە لێرەوە دەست پێدەکات: یەکەم گەیاندنی بەرەو خواردنگەیەکی ناوەندی شارە کە بەناو قەرەباڵخیەکی زۆری بەیانیاندا شۆفێری دەکات. ئەو بە با ناڕەحەت خۆی لە ئۆتۆمبێل و چاڵییەکانی شەقامەکە دەدزێتەوە. تێدەپەڕێ و لێدانی دڵی خێراتر دەبێ. هەوڵدەدات خۆی جێگیر بکات، چونکە دەزانێت ڕوداوە نەخوازراوەکان لە یەک ساتدا ڕودەدەن. نە کەسێک و نە حکومەتێك شک نابات قەرەبوی بکەنەوە، یان شتێک بیمەی بێکاریی و تەندروستیی پێ ببەخشن ئەگەر توشی زەرەرێکی جەستەیی یان ماددی هات.

لە کاتێکدا تایمەری ئەپەکەی دەبێت کار بکات، لە ئەگەری دواکەوتنی لە گەیاندن، زەنگی ئاگادارکردنەوەی خراپ وەردەگرێت، بۆیە دواکەوتنی زۆر بەختی لەدەستدانی کارەکەی زیاتر دەکات. ئاسۆ هەتا نیوەڕۆ پێنج گەیاندن تەواو دەکات. پشوویەک وەردەگرێت، لە ژێر سێبەری دارێکدا باڵەکانی دەکشێنێت، موبایلەکەی دەردەهێنێت و داهاتی نیوەی رۆژەکەی دەپشکنێت: “تا ئێستا ١٧ دۆلار، پەیداکردوە”. بە خێرایی تێچووی ڕۆژەکەی هەژمار دەکات: “ئەی قوڕم بەسەر، دەبێت ٦ دۆلار بۆ سوتەمەنی دابنێم، پاشەکەوتکردنی پارەی ماتۆڕ ٣ دۆلار ( هەرچەندە پێویستە زیاتر پاشەکەوت بکات!)، خواردن بۆ خۆم لای کەم ٤ دۆلار، هتد”. ئەو تەنها چوار دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، بە چوار کاتژمێر کارکردن، چوار دۆلاری قازانج کردووە، واتە کاتژمێرێک یەک دۆلار پەیدا دەکات. هێشتا پارەی کرێی شوێنی مانەوە و کارەبا و ئاو و پارەی تەلەفۆنەکەی ماوە کە لە کۆتایی مانگدا بیدات ، جیا لەمانە ئەوەی کە زیاتر بیری سەرقاڵکردبوو کڕینی دەرمانەکانی دایکی بوو کە ماوەیەک بوو ئاگادارکرابوونەوە کە دەرمانەکان لە نەخۆشخانەکە بەردەست نین ، بۆیە پێویستە خۆیان دەرمانەکان بکڕن،  دابینکردنی دەرمانەکانی دایکی لای ئاسۆ لە دابینکردنی خۆراک گرنگتر بوو، چونکە دایکی نەخۆشی خەستەخانەی هیوا بوو. لە ئەگەری نەمانی دەرمانەکانی مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبوو ، ئەو ڕۆژەی کە ئاسۆ ترس بە گیانیدا دێت گەر بیریشی لێبکاتەوە ، ئاخر ئەو لەم ژیانەدا  تەنها ئەو دایکەی بۆ ماوەتەوە . ئەوانەی لە مانگێکدا ١٠ هەزار دۆلار داهاتیانە، جا لە کۆمپانیا کار بکەین یان چێشتخانەیەکیان هەبێت یان هەر شتێکی تر، لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ١٤ دۆلار پەیدا دەکەن. ئەی ئەگەر دەولەمەندێک بێت و مانگی ١٠٠ هەزار دۆلار پەیدا بکات؟ زۆر روونە، شار پڕ بووە لە نایەکسانیی زەبەلاح.

بە هەرحاڵ کات نییە بۆ ئاسۆ بۆ پشوودان، گەیاندنی زیاتر بەواتای پارەی زیاتر. تا کاتژمێر ٩ی شەو، ئاسۆ کۆتا داواکاری خۆی تەواو دەکات. کڕیارێک گلەیی ئەوە دەکات کە خواردنەکەی دواکەوتووە، سەرەڕای سەختی ڕێگا و نالەباری کەش و هەوا. ڕەیتینگەکەی(ریزبەندییەکەی) کەمێک دادەبەزێت. ئاهێک دەکێشێت. هیچ شتێک نییە کە بتوانێت بیکات. دەچێتەوە ماڵەوە، جەستەی ماندوو بووە، لەکاتێکدا ماتۆڕەکەی وەستاندووە و کڵاوەکەی لادەبات، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت. سبەی، سەرلەنوێ هەموو شتێک دوبارە دەبێتەوە.

خەونێک بۆ شتێکی باشتر، بەڵام ئەستەمە. لەو کاتەی کە لەسەر دۆشەکەکەی پاڵکەوتووە، پرسیار لە خۆی دەکات: “چی دەبوو ئەگەر شتەکان جیاواز بوونایە؟ چی دەبوو ئەگەر شۆفێرانی ماتۆڕ مووچەیەکی جێگیریان دەست بکەوێت، بیمەیان هەبووایە، مافیان هەبووایە؟ چی دەبوو ئەگەر سەلامەتییان بەقەد ئاسانکاری کڕیار گرنگ بوایە ؟ چی دەبوو؟ بۆ ئێستا وەڵامێک بونی نییە. تەنها ئەوەندە دەزانێت کە کاتژمێر ٦ی بەیانی جارێکی تر زەنگەکەی زەنگ لێدەدات، و بەردەوام دەبێت لە سواربوون. چونکە لەم شارەدا، کات هەرگیز ناوەستێت- و ئەویش ناتوانێت بوەستێت.

یەکێک لەو بەڕێوەبەرانەی کە بۆ ئەم باسە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا، هەندێک دیوی تری ژیانی ئەم شۆفێرانە لە شاری سلێمانیدا باس دەکات. ئەو دەڵێت: “تیایاندایە خەڵکی خانەقینن، ئەگەرنا، خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانین، کەمینەیەکیش خەڵکی گەڕەکە میللییەکانی دەوروبەری سلێمانین”. ئەوەی خەڵکی خانەقین و ناوچە کێشە لەسەرەکانن، واتای قوربانیی دەستی ململانێ سیاسییەکانی ئەو سنورەن. بەر لە هەموو شت، هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل هەڵگری چیرۆکی قوربانییەکی دەستی ململانێ نەتەوەییەکانە.

ئەم بەڕێوەبەرە دەڵێت: “داهاتی رۆژانەی کارمەند لە نێوان ٣٠ بۆ ٨٠ هەزار دیناردایە، بەپێی کاتژمێری کارکردن کە لە نێوان ٨ بۆ ١٦ کاتژمێر کاردەکەن، هەفتەی ٧ رۆژ. زۆرینەی ئەم شۆفێرانە وازیان لە خوێندن هێناوە. ئەوان ئینتیمایەکی ئەوتۆیان بۆ ژیان نەماوە. ئەمڕۆ پارە پەیدا دەکەن و ناگاتە سبەینێ دەیخۆن. خەون و خەیاڵاتیان مەگەر هەر لە ناخی خۆیاندا بێت، دەنا کاری بۆ ناکەن. شۆفێرانی ماتۆرسکیل سادەن، بڕیاریان لەسەر شتە بچوکەکانی ژیانیشیان بۆ نادرێت”.

ئەگەر ناوەندی ٣٠ هەزار دینار و ٨٠ هەزار دینار وەربگرین، دەکاتە ٥٥ هەزار دینار (٣٠ + ٨٠ = ١١٠ هەزار دینار. دابەش ٢، دەکاتە ٥٥ هەزار دینار). ئەگەر ناوەندی کارکردنیش وەرگرین، دەکاتە ١٢ کاتژمێر کارکردن لە رۆژێکدا (٨ + ١٦ = ٢٤ کاتژمێر. دابەش ٢، دەکاتە ١٢ کاتژمێر). کەواتە داهاتیان لە باشترین حاڵدا نزیکەی ٣ دۆلارە لە کاتژمێرێکدا. ئەمە تەنها داهاتە، تێچووی بژێوییان شتێکیترە.

ماتۆڕسوارانی گەیاندن وەک بڕبڕەی پشت بۆ لۆجستیکی ژیانی هاوچەرخ کار دەکەن، بەتایبەت لە گەیاندنی خۆراکدا. سەرەڕای بەشدارییە گرنگەکانیان لە ئابووریدا، ماتۆڕسوارەکانی گەیاندن ڕووبەڕووی ناسەقامگیری دارایی، بارودۆخی کارکردنی ناپارێزراو و نەبوونی پاراستنی کار دەبنەوە. زۆرێک لە گەنجان بەهۆی ئەوەی کە بێکارن  ناچارن وەک ئاسۆ ڕوو لە کۆمەڵێک کار بکەن کە مەترسیدارە و داهاتی کەمە تا بژێویی خۆیان دابین بکەن. بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی لە (٪ ١٥) بووە، بە بەراورد بە شەش ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بە جۆر‌‌ێک کە ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠١٨ تەنها (٪٥.٤٦) بووە . ئەم رێژە بەرزەیە ناچآری کردوون قبوڵی فڕکان فڕکانی سەر شەقامەکان بکەن، بە لێخوڕینی خێرا لە لایەک خەمەکانیان بە “با” بکەن، لە لایەکی ترەوە بژێویان دابین بکەن.

هەرێمی کوردستان ئاستەنگی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، کە بۆتە هۆی ئیستغلال کردنی زۆری دانیشتوان بەتایبەت چینی هەژار، لەنێویشیاندا ماتۆڕسوارانی گەیاندن. زەمینەی سیاسی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەک لە ژێر دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە پشکی شێریان لە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە کۆمەڵگا و دەسەڵاتە یاساییەکان چاودێری زیاتر بکەن و سزای قورس بەسەر خاوەنکارێکدا بسەپێنن کە بە خراپ مامەڵەیان دەکات. جگە لەمەش، سەلامەتیی لە کار و بیمەی بێکاریی و تەندروستیی بۆ کرێکاران، لەناویشیاندا شۆفێرانی ماتۆرسکیل، هەنگاوێکی گرنگە. پەروەردەکردنی کرێکاران و پاڵپشتی ڕێکخراوە مافپەروەرەکانیش دەتوانێت فشار لەسەر خاوەنکارەکان زیاد بکات تا ڕەفتاری یاسایی و مرۆڤانەیان پەیڕەو بکەن، هاوکاتیش چینی کرێکار چاوکراوەتر و بەتواناتر بێت.ئەمانەش پێویستی بە پتەوکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن هەیە. لەسەروو ئەمانەوە، هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی هەنگاوی یەکەمە، کە کارێکە بە میدیای تەقلیدیی و دیجیتاڵ دەکرێت.

تێبینی:
کوردستان تایمز بە هاوکاریی دارایی دامەزراوەی رۆزا لۆگزمبۆرگ-لقی بەیروت، راهێنان بە پێنج خوێندکار دەکات بۆ فێرکردنی نوسین و بابەتەکانیان لە کوردستان تایمز بڵاودەکرێتەوە. وتارەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر نیاز نەجمەدیندا نوسراون. هاوکات لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئینگلیزییشدا هاوکاریان بووە. لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیاندا و بە شێوەی تیم، خوێندکاران ناونیشانی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە. پاشان رەشنوسی یەکەمیان ناردووە بۆ د.نیاز بۆ پێداچوونەوە. یەکێک لە کارەکان ئەوە بووە کە سەرپەرشتیار چەند پاراگرافێکی شوێنگۆڕکێ کردووە و خوێندکارەکە دەبوو بیانخاتەوە شوێنی خۆی. لە رەشنوسی دووەمدا رەچاوی تێبینییەکانی رەشنوسی یەکەم کراوە و نێردراوەتەوە بۆ د.نیاز بۆ دواپیاداچوونەوە. پێشکەشکردنی وتارەکانیان وەک سیمینار و بە ئۆنلاین لەگەڵ تیمەکەیاندا بەشێکی تری راهێنانەکە بووە.

 

 

تاگەکانئابووری
بەشکردن: