ڕووخساری گەشەسەندووی شۆڕش: گفتوگۆی کوردستان تایمز لەگەڵ فەیلەسوفی هیوا؛ جۆن هاڵوەی

جۆن هاڵوەی – فۆتۆ: ڕێباز مەجید

کەمال چۆمانی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

بۆ زیاتر لە دەیەیەک، جۆن هاڵوەی، توێژەرێکی بەناوبانگ لە کایەی تیۆری شۆڕشگێڕانەدا، چالاکانە بەشدار بووە لە بزووتنەوە جیاوازەکاندا، لە هەوڵی گەڕان و پشکنینی شێوازی نوێی بیرکردنەوە دەربارەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی. ئەزموونەکانی لە کارکردن لەگەڵ توێژەرێکی کورددا، هەروەها ئامادەبوونی لە کۆنگرەی ساڵی ٢٠١٥ لە هامبۆرگ دەربارەی بیرکردنەوەی ئۆجەلان، دیدگای ئەویان دەربارەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە ئاستی جیهانیدا فراوانتر کرد.

جۆن هاڵوەی بە فەیلەسوفی هیوا ناسراوە بەهۆی کارەکانییەوە لەبارەی هیوا و ڕۆڵی هیوا لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیای مرۆڤدا. کارەکانی بایەخ بە گرنگی و بەهای هیوا دەدەن وەک هێزێکی پاڵنەر کە دەتوانێت سروش بۆ تاک و جڤاکەکان بهێنێت بۆ هەوڵدان و تێکۆشان بۆ داهاتویەکی باشتر لەبەردەم نادڵنیایی و دژایەتییەکانی ژیاندا. هاڵوەی دەڵێت کە هیوا پێکهاتەیەکی چارەنوسسازی گەشەی مرۆڤ و بزوتنەوە تێکۆشەرەکانە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەروەها پێی وایە هیوا دەتوانێت هاوکارمان بێت بۆ خۆڕاگریمان لە ساتە سەختەکاندا. ئەو هەروەها پێی وایە دەبێت رێبازێکی بەهیواتر و ئەرێنیتر بگرینەبەر بۆ ئەوەی سروش بە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بدەین بۆ سەرکەوتن بەسەر بێهیوایی و بێهێزیدا.

من بەخت یاوەرم بوو کە ئامادە بووم لە چوارەمین کۆنفرانسدا لە ژێر ناونیشانی “تەحەداکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” لە هامبۆرگ لە ٧ تا ٩ی نیسانی ٢٠٢٣، کە لەوێ هاوڕێم جیهاد حامی منی بە جۆن هاڵوەی ناساند. حامی، هاڵوەی و من لە کافێیەک لە هامبۆرگ دانیشتین و چەند بۆچوونێکمان دەربارەی بیرکردنەوەکانی ئۆجەلان ئاڵوگۆڕ کرد.

لەم گفتوگۆ تایبەتەدا بۆ کوردستان تایمز، هاڵوەی تێڕوانینەکانی لەسەر ڕەهەند و سروشتی بەردەوامگۆڕاوی شۆڕش دەخاتە ڕوو، بە ئاماژەدان بە چەند پرسێک، هەر لە دژیەکییە ڕەگداکوتاوەکانی ناو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانەوە تا پەرۆشییەکەی بۆ خواردنەوەی چایەک یان ویسکییەک لەگەڵ ئۆجەلاندا، هەرچەندە ئەو “ویسکی هەڵدەبژێرێت لەکاتێکدا ئۆجەلان چای پێ خۆشترە.”

هۆڵوەی دان بە بەهای نووسینەکانی ئۆجەلاندا دەنێت لە خستنەبەرباسی ئەو پرسانەی لە دەرەوەی بواری پسپۆڕی هۆڵوەیدان. ئەو دەڵێت:

“ڕوونە کە ئۆجەلان لە سیاقێکی جوگرافیی جیاوازەوە هاتووە، خاڵە پێوەرییە مێژووییەکان جیاوازن. بۆ نموونە، بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆرییەتی سۆمەر شتێکە تەواو لە دەرەوەی مێشکی مندایە.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەندێک لە وابەستەییە هزرییەکانی دیکە لەڕووی پێناسەکردنەوەی چەمکی دەسەڵات لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا، هاڵوەی وتی:

“پێم وایە بۆ من، ئەوە بریتی بووە لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە هزرییەکان و هەروەها پڕۆسەی تیۆریی یەکەم  و ڕەوا کە بووە دەرئەنجامی گەنگەشەکردنەکان دەربارەی تیۆری دەوڵەت لە ساڵی ١٩٧٠ـکاندا. ئەمەش بە دڵنیاییەوە پێکەوە لەگەڵ هەموو جۆرە بزووتنەوەکانی دیکەی کۆتاییەکانی حەفتاکاندا کە دەوڵەتیان ڕەت دەکردەوە. پاشتریش کاتێک چوومە مەکسیکۆ، بەدڵنیاییەوە، بزووتنەوەی زاپاتیستا، کە زۆر بە ڕوونی دەیانگوتن “ئێمە دەمانەوێت جیهان بگۆڕین، بەڵام نامانەوێت دەسەڵات بگرینە دەست. دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز بیر لە دەسەڵات بکەینەوە.” پاشانیش ئاگاداربوون دەربارەی ئۆجەلان و بزووتنەوەی کوردی و چۆن ئەو بزووتنەوەیە لە گۆشەیەکی تەواو جیاوازەوە هەڵقوڵاوە بەڵام ڕژاوەتە ناو هەمان ڕووبارەوە.”

ئیکۆلۆجی و ڕزگاریی ژنان لە ئاستێکی فراواندا بە پرنسیپی بنەمایی فەلسەفەی بزووتنەوەی کوردی دادەنرێن. لە کاتی گەنگەشەکردنی بایەخی ئەو پرسە گرنگانەدا، هاڵوەی ئاماژەی بەوە دا:

“من وای دەبینم کە ئەم پڕۆسەیە لەگەڵ بزووتنەوەکانی تردا یەک دەگرنەوە، بەتایبەت لە سەروبەندی کۆتاییەکانی ١٩٩٠کان و سەرەتای ٢٠٠٠ ـەکاندا. هاوشێوەی زاپاتیستاکان، هەر لە سەرەتاوە جەختکردنەوەیەکی هاوبەش هەبوو لەسەر گرنگیی ئەم بیرۆکەیە، هەرچەندە بە زمانێکی جیاواز دەربڕداروە. بیرۆکەی شۆڕش لە چوارچێوەی شۆڕشی زاپاتیستاکاندا، کە تێیدا ژنان فشاریان لە پیاوە شۆڕشگێرە نەریتییەکان دەکرد تا بیر لە پێگەی ژنان، پەیوەندیی لەگەڵ سروشتدا، هەروەها لە ڕۆڵی زمان بکەنەوە. پێم وایە ئەوە لە هەردوو حاڵەتەکەدا گرنگ بووە.”

جیاوازیی دیکەی نێوان بزووتنەوەی کوردی و زاپاتیستاکان کە هاڵوەی ئاماژەی پێ دا بریتی بوو لە دەستگەڵگرتن لە ناشناڵیزم لە پێناو بوون بە بزووتنەوەیەکی جیهانی. “لەم کۆنگرەیەدا زۆر هەست بەوە دەکەم، پێم وایە زیاتر لەوەی لە ٢٠١٥دا هەبوو، لەو ڕووەوە کە چەندێک لە گەنگەشەکردنەکان پەیوەستن بە بزووتنەوە جیهانییەکان و گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کێشە جیهانییەکان.”

لایەنێکی دیکە و ئامانجێکی بنەڕەتیی دیکەی ئۆجەلان و بزووتنەوەی کوردی لە بەرەوپێشبردنی خەباتی کوردیدا بەرەوە ڕادیکاڵبوون بریتییە لە تێپەڕاندنی ناشناڵیزم. هاڵوەی بایەخێکی زۆر بۆ ئەم بەرەوپێشچوونە دادەنێت و دەڵێت:

“شتێکی پەرجووئاسایە! پێم وایە تەواو لەوە تێناگەم چۆن ئەوە ڕووی داوە، بەڵام ئەوە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ کرانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و توانایەکی سەرنجڕاکێش بۆ ڕەخنەکردنی خۆی، بۆ ڕەخنەکردن و وەرگرتنی بیرۆکە، بۆ دووبارە بیرکردنەوە لەوەی دەکرێت چۆن گۆڕانکاریی جیهانی بێتە کایەوە، بۆ ڕەخنەکردنی نەریتی بزووتنەوە کۆمیونیستەکان. ئەمە بۆ من دەرئاسا دەردەکەوێت کە کەسێک بتوانێت ئەوە بکات، ئەوەی کەسێک بتوانێت ئەوە بکات و ئەوەش لەلایەن تەواوی بزووتنەوەکە وە قبووڵ بکرێت، ئەمە شتێکی زۆر سەرسامکەرە کە ئەو چۆن توانیویەتی بەو کارە هەستێت.”

 

پێم وایە خراپترین شت بریتییە لە تیشکخستنە سەر پاکیی شۆڕشگێڕانە. جیهان پڕە لە دژیەکی، ئێمە دەبێ ڕێگەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بدۆزینەوە لەکاتی خەباتکردن بۆ گۆڕانکاری و مانەوەدا.

 

دژەئیمپریالیستە چەپەکان ڕەخنەیان لە بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژاڤا گرتووە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جەنگانیاندا دژی داعش. لەگەڵ ئەوەشدا، هاڵوەی دان بەوەدا دەنێت کە هیچ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێشڕی بێبەری نییە لە دژیەکی:

“پێم وایە خراپترین شت بریتییە لە تیشکخستنە سەر پاکیی شۆڕشگێڕانە. جیهان پڕە لە دژیەکی، ئێمە دەبێ ڕێگەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بدۆزینەوە لەکاتی خەباتکردن بۆ گۆڕانکاری و مانەوەدا. من پێم وایە بزووتنەوەی کوردی لەو بابەتەدا زۆر سەرکەوتوو بووە، لەم ڕووەوە من خاڵی هاوبەش لەگەڵ زاپاتیستاکاناد دەبینم. لە سەرەتادا، زاپاستیستاکان لە ساڵی ١٩٦٦دا کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی گەورەیان ڕێک خست، کە پێیان دەگوت “نێوان-کاکێشان.” ئەوان کەسی وەک دانیێل میتەرانیان، بێوەژنی سەرۆکی فەڕەنسا، بانگهێشت کرد. هەندێک ئەم جوڵەیەیان ڕەخنە کرد، بەڵام من پێم وایە ئەوە ڕێکارێکی کرداریی بوو بۆ بنیاتنانی بەرگری‌لەخۆکردن. هەمیشە لە هەموو بارودۆخێکدا دژیەکی سەر هەڵدەدات.”

سەرباری بارودۆخە سەختەکانی زیندانیبوون، ئۆجەلان توانیویەتی دووبارە بیر لە چەمکە فەسەفی و سیاسییە بنەڕەتییەکان بکاتەوە و ئەگەری نوێی گۆڕانکاری و گەشبینی دروست بکات. بەم پاشخانەوە، هاڵوەی ستایشی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەوڵەکانی ئۆجەلان و بزووتنەوەی کوردی بۆ بەجێهێنانی ئەم بەرەوپێشچوونە:

“بەڵێ، ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە بەلای منەوە کە ئەو چۆن ئەوەی ئەنجام داوە. بەر لە هەموو شت، خولەکێکم پێ بدە تا بیر بکەمەوە. ناتوانم وێنای ئەوە بکەم کە لەو هەلومەرجە سەختەدا بم؛ هەرگیز ئەو جۆرە ئەزموونەم نەبووە. شتێکی باوەڕپێنەکراوە دەست بە هیواوە بگریت، نەک تەنها وەک خەونێک، بڵکو هیوایەکی کرداری – تا بیر بکەیتەوە، “ئێمە چۆن ئەنجامی دەدەین؟ ئێمە چۆن دەگەینە ئەوێ؟ ئێمە چۆن دەتوانین دووبارە بیر بکەینەوە؟” پێم وایە ئەمە گەورەترین ئاڵنگارییە هەم بۆ ئەو و هەم بۆ تەواوی ئێمەش: بۆ بینینی ئەوەی کە شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم شکستیان هێنا لەوەی ئەو جۆرەی کۆمەڵگەیە دروست بکەن کە خەڵکی خەونییان پێوە بینی، لە پێناویدا ژیان، لە پێناویدا مردن. کاتێک ئاوڕ لە، بۆ نموونە، شۆڕشی ڕووسی دەدەینەوە، دەبێت ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ ئەو کەسانە هەبێت کە بەشداریان تێدا کرد، کە لە پێناویدا مردن، هەروەها ئەوانەی ژیانیان تەرخان کرد بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باشتر. لەگەڵ ئەوەشدا خەونەکە بەدی نەهات. ئەوەی ڕووی دا تەواو سامناک بوو. بۆیە کێشەکە بۆ هەموومان لەم سەدەیەدا ئەوەیە کە ئێمە هێشتا پێویستمان بە شۆڕشە – ئێستا زیاتر لە هەموو کات– بەڵام ناکرێت بە هەمان شێوە ئەنجام بدرێت. دەبێت دووبارە بیر بکەینەوە و شتەکان جیاواز ئەنجام بدەین. ئەوە ئەو شتە بوو کە لەگەڵ زاپاتیستاکان لە مەکسیک و پەکەکە لە کوردستان هاتە ئاراوە.”

“بۆیە من پێم وایە هەردوو بزووتنەوەکە سەرکەوتوو بوون لە بیرکردنەەوە لەوەی چۆن دەتوانین شتەکان ئەنجام بدەین و فشارلێکردنمان بۆ بیکردنەوە لەوەی دەکرێت چی ئەنجام بدرێت. بەڵام ڕوونە کە ئێمە هێشتا نەگەشتووینەتە ئەوێ. هێشتا سەرمایەداری مۆتەکەیەکە و لە ئێستاشدا خراپترە لە هەر کاتێکی دیکەی پێشتر.”

لەکاتێکدا هاڵوەی ستایشی ئۆجەلان و بزووتنەوەی کوردی دەکات، چەند ڕەخنەیەکی بونیاتنەرانەش دەخاتە ڕوو:

“بەڵێ، پێم وایە لە ڕوویەکی دیکەوە، زۆر شەرەفمەند و خرۆشاو بووم [بۆ نووسینی پێشەکیی کتێبی کۆمەڵناسیی ئازادی]. بەڵام نابێت تەنها تیشك بخەینە سەر یەک کەسایەتی. ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمە و هەموومانە کە بیر لە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری بکاینەوە. ئەوەی من ئەنجامم دا بریتی بوو لە هەوڵدان و جەختکردنەوە لەوەی ئەو چەند گرنگە، بەڵام قسەکردنیش بوو دەربارەی ئەو جیاوازیانەی من لەگەڵ ئەو هەمبوون. پێم وایە مەترسییەکی گەورەی بەپیرۆزکردنی کەسایەتی ئۆجەلان هەیە لە بزووتنەوەکەدا. پێم وانییە ئەوە ئەو شتە بێت کە ئەو دەیەوێت.”

“لە پێشەکی [کۆمەڵناسیی ئازادیدا]، چەند خاڵێک هەن کە بە درێژی باسم کردوون، لەوانە پرسی پارە و بازاڕ. بەگشتی، کاتێک دێتە سەر ئەم جۆرە کۆبوونە و کۆنفرەنسانە، بەم جۆرە بزوتنەوەکە گەشەدەکات لە پرۆسێسی رەخنەکردن و خۆڕەخنەکردن. ئەوەی من لێی دەترسم، هەروەها ئەوەی هەندێک جار لە گفتوگۆکاندا دێتە پێشێ، ئەو بیرۆکەیەیە کە لەبەرئەوەی ئۆجەلان وا و وا دەڵێت هەر بۆیە ئێمە دەبێت ئەوە بکەین. سەرباری ئەوە، من پێشتر و ئێستەش وا هەست دەکەم کە گفتوگۆکان دەبێ ئەوە تێبپەڕێنن. گرنگە ئێمە لەم جۆرە بیرکرنەوانەدا گیر نەخۆین.”

لە پرسیاری ئەوەدا کە کاردانەوەی چی دەبێت گەر ڕۆژێک دەرفەتی ئەوەی هەبوو ئۆجەلان ببینێت، هاڵوەی وتی:

“هەست بە سەرسامی دەکەم، شتێکی سەرسامکەرە. هەروەها گەر بیبینم، پێم وایە زۆر ئاگام لەو ئازارچەشتنە گەورەیە دەبێت کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوە. ڕەنگە بمەوێت بپرسم، بۆ نموونە، ئەحواڵتان چۆنە؟ هەستت چۆنە؟ نەخێر، پێم وایە شتەکانی دیکە کە دەمەوێت لێی بپرسم ئەوەیە کە ئێمە گفتۆگۆمان لەبارەوە کرد. مەبەستم ئەوەیە هەستت چۆنە کە هەوڵ دەدەیت ئەم بزووتنەوەیە وا گەشەدەکات، یەکسانخوازێکی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی تەواو دیموکرات چۆن بەدەستدێت؟ هەروەها هەستت چۆنە دەربارەی ئەوەی چۆن بزووتنەوەکە تۆ پیرۆز دەکات؟ واتە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکەیت؟ هەروەها حەزدەکەم لەگەڵیشیدا خواردنەوەیەک نۆش بکەم، دیارە لە دۆخی مندا ویسکییەک.”

بەشکردن: