هیوای بەهەڵەداچووی مەسرور بارزانی بۆ داخستنی کەیسی سندووقی قوربانیانی کوردستان

مایکڵ ڕۆبن – تایبەت بە کوردستان تایمز

لە ڕێکەوتی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، پارێزەرانی (سندووقی قوربانیانی کوردستان) کەیسێکی بەرفراوانیان دژی مەسعود، مەسرور و وەیسی بارزانی و زۆرێک لە هاوکارانیان تۆمار کرد. کەیسەکە بانگەشەی ژمارەیەک تاوان دەکات هەر لە گەندەڵی و ساختەکارییەوە تا ئەشکەنجەدان و کوشتن، هەروەها بەڵگەنامەی بەرفراوانیان بۆ هەرکام لە تۆمەتەکان ئامادە کردووە. بۆ نموونە، کەیسەکە تەنها بانگەشەی ئەوە ناکات کە مەسرور و وەیسی ڕاستەوخۆ بەرپرسیار بوون لە کوشتنی ئەفسەرێکی هەواڵگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵکو وێنەی جەستەی قوربانی لەخۆ دەگرێت پاش ئەوەی پیاوەکانی مەسروور و وەیسی تا مردن لێی دەدەن.

من لایەنێکی کەیسەکە نیم, بەڵام نزیکەی ١٨ مانگ پێش ئێستا لێی ئاگادار بووم کاتێک لێکۆڵەران دەستیان بە چاوپێکەوتنی قوربانیان کرد. لەبری هێرشکردنە سەر شکاتکاران، مەسرور دەبێت پرسیار لە نوێنەرەکانی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو کاتەدا بکات: بەیان سامی عەبدوڕەحمان و تریفە عەزیز. ئەوەی کە کەسیان ئاگایان لە لێکۆڵینەوەکە نەبووە تەنانەت کاتێک لێکۆڵەران چەندان چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە ڕەنگدانەوەی ئەو بۆشایی و لێکدابڕانەیە کە تێیدا بوون. سەرکردایەتی کورد ملیۆنان دۆلار لە واشنتن خەرج دەکات بەڵام بەبێ بەرچاوڕوونی کاریان کردووە، ئەمەش لەبەرئەوەی نوێنەرەکانیان خۆیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کورت دەکەنەوە لەبری کارکردن لەسەر بەرژەوەندییە کوردییە فراوانترەکان. وا دەردەکەوێت کە مەسرور تەنانەت ئاگاداری ئەوەش نییە کە هەندێک لە کەسە نزیکەکانی لە لیستی تۆمەتباراندا نین کە وا دەردەکەوێت قسەیان بۆ لێکۆڵەران کردبێت و لەسەر حسابی ئەو پارێزبەندییان بۆ خۆیان دەستەبەر کردبێت.

وەک میواندۆستییەک، پارێزەرانی سندووقی قوربانیانی کوردستان کەیسەکەیان خستۆتە بەردەم تریفە عەزیز و سێ مانگیان پێ داوە بۆ سازان و وەڵامدانەوە. ئەو بەرپرسیارانە گەڕاوەتەوە هەولێر، بەڵام مەسرور ڕەتی کردۆتەوە هەم دانوستان بکات و هەم ئاگاداریی پێشتر بداتە شکاتلێکراوانی دیکە دەربارەی ئەو مەترسییە یاساییە وێرانکەرەی ئێستا خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

ئەوانەی لە کەیسەکەوە نزیکن دەڵێن کە مەسرور باوەڕی وایە کە دەتوانێت کەیسەکە دابخات، هەر وەک ئەوەی کە پێشتر ئەنجامی دا لە کەیسێکی پێشتر و ناپەیوەندیدار کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەلایەن شنیار ئەنوەر حەسەنەوە هێنرابووە ئاراوە. لە کاتێکدا ئەو کەیسەی دیکە خودی مەسروری تۆمەتبار کردبوو بە ناوزڕاندن و تۆمەت-بۆ-هەڵبەستن، مەسرور سادەباوەڕە گەر پێی وا بێت ئەوە دەبێتە نموونەیەک بۆ ئەم کەیسەی ئێستا. چوار هۆکار هەن کە وا دەکەن مەسرور سادەباوەڕ بێت گەر پێی وا بێت دادگای هەرێمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هەرێمی کۆڵۆمبیا کەیسەکە دادەخات لەسەر بنەماکانی پارێزبەندیی سەرەوری.

یەکەم، لە کاتێکدا ڕەنگە مەسرور بڵێت کە پارێزبەندیی سەروەریی هەیە، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەو لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەمە پووچەڵ دەکاتەوە. ئەو ناتوانێت لە هەمان کاتدا بانگەشەی ئەوە بکات کە دانیشتوویەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، کە چوار ساڵە وایە، هەروەها بشڵێت کە ئەو بەرپرسێکی بیانییە و خاوەنی پارێزبەندییە بەپێی یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەڵکو مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەو، پرسیاری باج و ڕوونی دەهێنێتە ئاراوە کە مەسرور چیتر ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە.

دووەم، کاتێک کە مەسرور هاوڵاتییەکی ئەمریکی نییە، ئەمە پارێزبەندیی ناداتە ئەو. لە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، سێ ئاستی دادگای فیدڕاڵی هەیە: دادگای هەرێمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە ئێستادا دادخوازییەکەی بارزانیی لێیە، دادگای تێهەڵچوونەوەی سووڕاوی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەروەها دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە بەختی خراپی مەسرور، نموونەکانی پێشتری دادگای باڵا دژی ئەون. لە ساڵی ٢٠١٠، دادگای باڵا بڕیاری لە دژی سەرۆک وەزیرانی پێشتری سۆماڵ محەمەد عەلی ساماتار دەرکرد لە کەیسێکدا کە قوربانیانی سۆماڵیی ئەشکەنجەدان دژی ئەو هێنابوویانە دادگا. دادگاکە ئەوەی بۆ دەرکەوت کە یاسای پارێزبەندییەکانی سەروەریی بیانی ساماتارا ناپارێزێت لەو تاوانانەی بەپێی یاسای پاراستنی قوربانیی ئەشکەنجەدان ئەنجام دراون، هەمان ئەو یاسایەی ئەو پێشێلی کردووە.

سێیەم، بەشێکی زۆری دادخوازییەکەی سندووقی قوربانیانی کوردستان تاوانە داراییەکان، گەندەڵی، هەروەها فێڵکردن لە بازرگانە بیانییەکانیش لەخۆ دەگرێت. . لە بەختی خراپی بارزانییەکان، بەپێی یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هەردوو تاوانی گەندەڵی و ساختەکاری، یاسای پارێزبەندییەکانی سەروەریی بیانی پارێزبەندییان بۆ دەستەبەر ناکات. نوێنەرانی دوو حکومەتی دیکە -ئەرجەنتین و تورکیا- پێشتر هەمان ئەو بەڵگەسازییەکان ئەنجام داوە کە ئێستا مەسرور ئەنجامی دەدات. هەردووکیشیان دۆڕان. لە ساڵی ١٩٩٢، لە کەیسی کۆماری ئەرجەنتین بەرامبەر کۆمپانیای وێڵتۆڤەر دادگای باڵا بە کۆی دەنگ بڕیاری دژی ئەرجەنتین دا، دادخوازییەک کە تێیدا حکومەتی ئەرجەنتین داوای پارێزبەندیی لە دادگای ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد پاش ئەوەی پابەندییە بازرگانییەکانی بەجێ نەهێنا. هەر پێش سێ ساڵ، تورکیا کەیسێکی هاوشێوەی پارێزبەندیی دۆڕاند لەسەر بنەمای چالاکییە تاوانکارییەکانی هاڵک بانکی تورکیا.

چوارەم، یاسای کەیسی خەتاباریی بیانیی ١٧٨٩ لە بەرژەوەندیی بارزانییەکاندا نییە. ئەو یاسایە دەسەڵاتی یاسایی دەداتە دادگاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر هەر دادخوازییەکی مەدەنیدا کە تێیدا هاوڵاتی یان دانیشتوویەکی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان شکات دەکات بۆ چارەسەر یان قەرەبووی تاوانێکی “ئەنجامدراو بە پێشێلکردنی یاسای نەتەوەکان یان پەیماننامەیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.” ژمارەی ئەو یاسا و پەیماننامانەی کە تاوانەکانی بارزانییەکان پێشێلیان کردووە درێژە، بۆیە کەیسەکە زیاتر لە ٣٠٠ لاپەڕەیە و زۆربەی قوربانییەکانیشی عێراقین.

لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی بە فڕۆکەی تایبەت گەشتی کرد بۆ فڕۆکەخانەی دولێس لە واشنتن، ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە بینینی پارێزەرەکانی. لە کاتێکدا ڕێکخەرانی گەشتەکەی هەوڵی زۆریان دا تا وای پیشان بدەن کە گەشتەکە دیبلۆماسی بووە و بە گەرمی بەخێرهاتنی کراوە، بەڵام تەنانەت ئەو ڤیدیۆیانەی خۆی بڵاوی کردوونەتەوە ئاماژە بە پێچەوانەکەی دەدەن. هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لە فڕۆکەخانە نەبووە تا پێشوازی لێ بکات، هیچ کاروانێکی فەرمیش بەرەو شار بەڕێی نەکردووە. بینینێکی کورتی تەنها وەک میواندۆستییەک لەگەڵ بلینکندا هەبووە، لەمەشدا وردەکاریی بەرچاو بەردەست نییە. بۆ بێئومێدیی مەسرور، بلینکن دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کەیسێکدا بکات کە وەزارەتی دەرەوە لایەنێک نییە تێیدا. واشنتۆن بەغداد نییە، کەیسەکەش لەسەر هەولێرە.

کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی دواتر لەگەڵ شیکەرەوانی پسپۆڕدا ٢٠ خولەک درەنگتر دەستی پێ کرد چوونکە مەسرور ویستوویەتی خۆی بدزێتەوە لە مارشاڵانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە ویستوویانە پەڕاوەکانی دادگای بۆ بەرن. لەبری ئەوەی بیەوێت پسپۆڕێک یان زانکۆیەک میوانداری بکات، مەسرور نووسینەگەیەکی یاسای هەڵبژاردووە تا باشتر بتوانێت دەستگەیشتنی ئامادەبووان سنووردار بکات بۆ چەند لایەنگرێکی هەڵبژێردراو.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی واشنتن وا تێدەگەن کە تەنانەت ئەگەر بارزانییەکان بتوانن بەشێک لە دادخوازییەکە بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بەرن، ناتوانن بەبەڵگەنامەکردنی تاوانەکانیان لەلایەن ئەو دادخوازییەوە بسڕنەوە. تا ئێستا، وەرگرتنی وتەکان لە کۆنگرێس لە دەستپێکردندایە. تەنانەت هاوڕێ نەریتییەکانی بارزانییەکان ئێستا پرسیاری ئەوەیان لا دروست بووە کە ئایا خێزانە دەسەڵاتدارەکە زیاتر لەوە کێشە دروست دەکەن کە شایەنییەتی.

بەشکردن: