تێگەیشتن لە فەلسەفەی ئیسلامی لەڕێی سێ فەیلەسوفی ئیسلامەوە

ئاراس گوڵزار

ئەم نوسینە هەوڵدانێکە بۆ تێگەشتن لە فەلسەفەی ئیسلامی و بەشێک لە فەیلەسوفە موسڵمانەکان، هەروەها گەڕانەوەیە بۆ ئەو میراتە فکرییەی مێژووی ئیسلام کە بەڕێگەی دەستنوسە فەلسەفیەکانەوە بە ئێمە گەشتووە. بەبڕوای ئێمە پێویستە مرۆڤی بڕوادار بەتایبەت باوەڕداری ئایدۆلۆژیای ئیسلام بۆی بگەڕێتەوە و ئاگاداری ئەم هێڵە فکری و فەلسەفیەی ئاینەکەی بێت، کە بە بڕوای توێژەران ئەو قۆناخە بە قۆناخێکی زێڕینی تێکۆشانی زهنی ئەژمار دەکرێت. ئەمەش بە خاتری ئەوەی سود لەم میراتە وەربگرێت و تێگەشتنی لە ئاینەکەی بەرفرە بکات و لەجێی ئەوەی تاکێکی دۆگما و پاسیڤ بێت بەڕێی ئەم میراتە فکریەوە هەنگاو هەڵهێنێ ڕووەو تاکێکی بیرکەرەوە و هۆشیار.

بەبڕوای ئێمە قۆناخ وەها دەخوازێ، چونکێ هێزگەلی ئاینی و ڕەوتی دینی لە باشوردا بە ئامانجی جودا جودا دوور لەهەر پێوانەیەکی کۆمەڵگەیی و ڕەچاوکردنی ئازادیەکانی تاک و پێشکەوتنی جڤاک، خەریکی داگیرکردنی فەزای کۆمەڵایەتین. بۆ ئەمەش چەندین شێوە و ڕێبازی جیاجیا دەگرنەبەر، لەناوەندەکانی ئەکادیمیا، لە میدیا و سۆشیال میدیا، لە دامەزراوە حوکمی و ئەهلیەکاندا خەریک گەرا دانان و ڕێکخستنن، مەترسی ئەم ڕەوتانە کە خۆیان لە سەلەفی و ئیسلامی سیاسیدا دەبیننەوە خەریکی ئەوەن لۆژیکی کۆمەڵگا بە ڕەش و سپی باربهێنن؛ جگە لەوەش هیچ دەرفەتێک ناهێڵنەوە بۆ پرسیار بۆ گومان و لێهزرین و ڕامان . بەشێک لەم ڕەوتانە پرسیار و گومان وەک بیدعە چاولێدەکەن، بیرکردنەوە لە ئافرێنەر و ئافرێنراوەکان وەک مەترسی دەبینن، دەخوازن تاک و جڤاک لەناو دەقدا بخنکێنن و لەناو مێژووی 1400 ساڵ لەمەوبەردا جێیبهێڵن. لەوەش مەترسیدارتر هەرکەس وەک خۆیان بیرنەکاتەوە و بخوازێ ڕەنگێکی جیاواز لەوان بە ژیان بدات وەک لەڕێدەرچوو وەک مورتەد دەیبینن، ئەوەش ڕوونە بە گوێرەی ئایدۆلۆژیای ئەوان حوکمی مورتەد لە ملدانە – کوشتنە.

فەلسەفەی ئیسلامی

فەلسەفەی ئیسلامی یا فەلسەفەی عەرەبی بریتیە لەو میراتە فکریەییەی فەیلەسوفە موسڵمانەکان پێشکەشی جیهانی دەکەن. لە چوارچێوەی مێتافۆڕی دەقەکان، یا ڕوانگەیەکی فەلسەفی بۆ پرسی خودا – خلق – دیاردەکانی گەردوون. بۆ ئەم مەبەستەش سودیان لە فەیلەسوفانی گریک وەرگرتووە، بە تایبەت ئەفلاتوون و ئەرستۆ و فلۆتینییە نوێکان، ئەمەش بەڕوونی لە پرسی مەعریفەناسیدا (تیۆریای زانین) بەدیدەکەین. هەرچەندە ڕوانینێکی بەو ڕەنگە هەیە کە فەیلەسوفانی موسڵمان کۆپی و لاساییکەرەوەی فەیلەسوفانی گریکن و تەنها بەرگێکی ئاینیان کردووە بەبەر فەلسەفەکەدا، ئەوەش دەوترێ کە لە هەندێ جێگەدا فەلسەفەیان کردووە بە پاشکۆی ئاین، ڕوانگەی پێچەوانەکەش جێگەی باسە کە ئەم هێڵە لەسەردەمی خۆیانەوە درێژ دەبێتەوە تا بەئەمڕۆمان دەگات، پێیانوایە ئەم فەیلەسوفانە گومڕابوون و بەڕێگەی فەلسەفەکەیانەوە ئاینیان لە جەوهەر و ڕاستەڕێی خۆی دوور خستۆتەوە، بەوەشەوە نەوەستاون و بە لەڕێدەرچوو زەندیق ناویان بردوون و حوکمی کوشتنیان بۆ دەرکردوون.

بەڵام کاتێک مرۆڤ چاو لە کارە فەلسەفیەکانیان دەکات بۆی ڕوون دەبێتەوە هەردوو بۆچوونەکە هەڵەیە. لەوێدا کە ئەم فەیلەسوفانە کۆپی و لاساییکەرەوەی فەیلەسوفانی یۆنان نین، ڕاستە سودیان لە چەمکەکانیان وەرگرتووە، بەڵام گۆڕانکاری و داهێنانیان تێدا کردووە. سود وەرگرتنیش لە مێژووی فکر بە لاساییکردنەوە حساب ناکرێ، چونکێ فەلسەفە دابڕاو نیە لە مێژووی خۆی.

سادەترین نمونەش بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو باوەڕییەش ئەوەیە کە: فەلسەفەی ئیسلامی لە پرسی گرێدانی فەلسەفە بە[هۆکاری یەکەم] یا [بزوێنەری نەبزۆک] یا [تیۆرەی ڕژانی] فلۆتیتنیە نوێکان، مەبەستدارانەیە و دەربازی ناو تیۆلۆژیا (ئاینناسی) دەبێت و فەلسەفە گرێدەداتەوە بە خودا و قورئانەوە. بەهەمان شێوە ئەوانەش کە پێیانوایە ئەم فەیلەسوفانە ئاینیان شێواندووە و لەڕاستینەی خۆی دووریان خستووە، لەناو هەڵەدان چونکێ ڕوونە مرۆڤی بڕوادار بەڕێگەی فەلسەفەوە دەتوانێ باشترو ڕوونتر لە پرسی خودا و ئافرێنراوەکانی و کۆی فینۆمینەکانی دیکە تێبگات.

بۆتێگەشتن و ئاشنابوون بە فەلسەفەی ئیسلامی هەوڵدەدەین سێ فەیلەسوف بە بنەما بگرین.

1- ئیبن ڕوشد

یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی توانیوەیەتی کاریگەری خۆی بەسەر دنیای فکری خۆرهەڵات و خۆرئاواوە جێبێڵێت، هەم لەبواری پزیشکی و ئەخلاقی پزیشکی هەم لە مەجالی فکر و فەلسەفەدا. ئیبن ڕوشد هەوڵیداوە بەڕێگەی شیکردنەوە و توێکاری جەستەوە ئێمە ئاگادار بکات لە هێز و زانابوونی خودا وەک چۆن لە شیکاری دیاردە گەردونییەکانیشدا هەمان کاری کردووە. بەبڕوای ئیبن ڕوشد ئەو نەزمەی لەنێو لەش و ئەندامەکانی، گەردوون و فینۆمینەکانی ناوی دروستبووە، کارێکی ئاسایی و ئاسان و بەڕێکەوت نیە، بەلکی هۆکارێک یاخود هێزێکی ئەقڵی مەزن هەیە کە، بەزانا بوون خوڵقاندوویەتی ئەو هێزەش هۆکاری یەکەمە(خودایە).

هەروەها پێیوایە لەم ئافراندنەدا خودا مەبەستێک و ئامانجێکی کەسی نیە، بەلکی ئامانج و مەبەست ڕوو لە ئافرێنراوە تا بەڕێگەی یەکترەوە پێویستی و ناتەواویەکانیان تەواو بکەن.

ئین ڕوشد یەک لەو فەیلەسوفانەیە کە زۆر هەوڵیداوە بۆ یەکخستنی ئاین و فەلسەفە، بەبڕوای ئەو ئێمە یەک حەقیقەتمان هەیە بەڵام دوو ڕێگا و ڕێبازمان هەیە بۆناسین و گەشتن بەم حەقیقەتە، یەکیان ئاینە و ئەوی دیکەیان فەلسەفەیە

ئیبن ڕوشد پێی وایە مرۆڤ چەندە خەریکگەری لەگەڵ شیکردنەوە و ئانالیز بکات، ئەوەندە لە حەقیقەتی بابەتی شیکردنەوەکە و حەقیقەتی ڕەها نزیک دەبێتەوە.  هەروەها ئین ڕوشد یەک لەو فەیلەسوفانەیە کە زۆر هەوڵیداوە بۆ یەکخستنی ئاین و فەلسەفە، بەبڕوای ئەو ئێمە یەک حەقیقەتمان هەیە بەڵام دوو ڕێگا و ڕێبازمان هەیە بۆناسین و گەشتن بەم حەقیقەتە، یەکیان ئاینە و ئەوی دیکەیان فەلسەفەیە. هەردووکیشیان لە هەوڵدان بە ناسین و کەشفکردنی ئەم حەقیقەتە. کەواتە گەر لەڕووی ئامانج و مەبەستمەندیەوە لەم پرسە بڕوانین کێشەیەک لەنێوان ئاین و فەلسەفەدا نابینین؛ بەپێچەوانەوە ڕێک و تەباو کۆکن.

هەروەها ئیبن ڕوشد پێیوایە کاری فەلسەفە ڕامانە لە هەبووەکان و تێگەشتنە لە جەوهەرەکەیان، لەنێو ئاینیشدا بە دەیان ئایەتمان هەیە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە لە دروستکراوەکان ڕابمێنین،( ولَقَد تَرَكنا مِنها ءايَةَ بَيّنَةً لِقَومٍ يَعقِلون)، (قُل هَل يَستَوِى الاعمى‌ والبَصيرُ افَلا تَتَفَكَّرون)، ( انَّ فى خلقِ السَّموتِ والارضِ لَأيتٍ لِقَومٍ يَعقِلون؛)، ( كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِّيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ  وَلِيَتَذَكَّرَ أُوْلُوا الْأَلْبَابِ )… تاد. بڕوانە واتاکانی بیرکرنەوە لە قورئانی پیرۆزدا. وەبێگومان بیرکردنەوە و ڕامان وەک فەزیلەتێکی باڵا حساب دەکرێ. [ ومن یوت الحکمە فقد ٲتی خیرا کثیرا]

گرنگی فەلسەفەی ئیبن ڕوشد بۆ ئێمە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو باوەڕییەیە کە پێیوایە ناتوانێ ببێتە دەستوێژێ بۆ ڕۆشنکردووەی پرسە دینیەکان و لە جێگەی چارەسەری کێشە و ئاڵۆزی دەخاتەوە. هەروەها بێکاریگەرکردنی ئەو باوەڕیەی کە دەڵێ: یەک ڕێگامان هەیە بۆ گەشتن بە حەقیقەت ئەویش ئاینە. وەک دەزانین ئەم بۆچوونە لە باشوردا سەلەفیەکان نوێنەرایەتی دەکەن و فەلسەفە و بیرکردنەوەی فەلسەفی بۆ گەشتن بە ڕاستینەی شتەکان وەک ئاوێکی لێڵ و خواردنەوەیەکی پیس چاولێدەکەن. ” بگەڕێنەوە بۆ قسەکردنی عبدلطیفی سەلەفی لەسەر فەلسەفە”.

2_ ئەبوبەکر ڕازی

یەک لەو فەیلەسوفە موسوڵمانانەیە کە تا دواڕادە گرێدراوی ئەقڵە، بۆ تێگەشتن لە خودا و دیاردەکانی بوون. ئەو پێیوایە ئافرێنەر [خودا] زەینی پێداین تا بە ڕێگەیەوە هەر پێشکەوتنێک بەدیبهێنین، وە هەر بەڕێگەی ئەم زەینەوە کە ڕازی پێیدەڵێ دیاری خودا؛ لە شتگەلی نامۆ و ئەوبەرەکی تێدەگەین کە پێشتر نهێنی و لێمان شاراوەبوو. هەروەها ڕازی ڕادیکاڵانە دژ بەو باوەڕە دەوەستێتەوە کە ئەقڵ پاسیڤ و کەم و بێکاریگەر دەبینێت، ڕازی دەڵێت: پێیویستە لە هەموو دۆزەکاندا ڕاوێژ بە ئەقڵ بکەین، هەر بە گوێرەی فەرمانی ئەویش بڕیار لە بارەی پرسەکانەوە بدەین و کۆتایی پێبهێنین.

ڕازی تا ئەو ئاستە دەچێ کە چیتر پێویستمان بە پەیامهێن نیە و ناپێویستە، چونکە مرۆڤ خۆی خاوەن ئەقڵە و ئازادە، بەوەش دەتوانێ خۆی کەشفی حەقیقەت بکات

ڕازی پێیوابوو ئەقڵ پێدراوێکی خوداییە، بەشێوەیەکی یەکسانیش بەسەر مرۆڤەکاندا بەشبووە. لەم ڕێگەشەوە ئەو باوەڕییەی ڕەخنە دەکرد و ڕەت دەکردەوە کە گروپ و گەلی هەڵبژێردراوی هەبێت. هەتا ڕازی تا ئەو ئاستە دەچێ کە چیتر پێویستمان بە پەیامهێن نیە و ناپێویستە، چونکە مرۆڤ خۆی خاوەن ئەقڵە و ئازادە، بەوەش دەتوانێ خۆی کەشفی حەقیقەت بکات، هەروەها پێوابوو فەلسەفە لێرەوە یارمەتیدەرە و لێرەبوونی ئێمەش بۆ ئەوەیە بە ڕێگەی فەلسەفەوە خۆمان کامڵ بکەین.

ئەم بیرکردنەوە و تێڕامانانەی ڕازی کۆمەکی مەزن بە ئێمە دەکەن لەمڕۆدا، چونکێ لە فەزای واقعی و مەجازی ئێمە پڕبووە لە پەیامهێنی ساختە و دەمامکدار، ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری ئاین و خودا دەبینن و بەڕاست و چەپدا حوکم دەردەکەن و فەتوا دەدەن، ئەوانەی ژیان ڕەش دەبینن، ئەوانەی ئازادیەکان وەک مەترسی چاولێدەکەن، ئەوانەی موسیک و هونەر بە شمشاڵی شەیتان دەبینن، ئەوانەی بەلۆژیکی ڕەش و سپی تاک و کۆمەڵگا بار دەهێنن. ڕازی پێیوستە چونکێ ئەو بە ئاشکرا پێمان دەڵێ بۆخۆمان و لەڕێگەی زەینی خۆمانەوە پرسەکان بگرینە دەست، وە خۆمان نەسپێرین بەوانەی نوێنەرایەتی هێڵێکی ساختەی هەڵبژێردراو دەکەن. بەقەولی ڕازی گەر ئەقڵ دیاری خودابێ بۆ من، بۆچی دەبێ تەسلیمی هێزگەلێکی دینی و نەریتی کۆنەپارێزی بکەم کە ئاین بۆ بەرژەوەندی کەسی و حیزبی بەکار دەبەن؟ یا بۆچی دەبێ ئەم ئەقڵە لەجێگەی داهێنان و ئاواکردن بخەینە بەردەست کەسانێ کە بەرەو تێکدان و وێرانکاری دەبەن؟ ئەی بۆچی خۆمان خاوەنداری لێنەکەین و لە جێی کێشە چارەسەری دانێین و لە جێی کۆیلایەتی ڕوو لە ئازادی بکەین پێی.

3- فارابی

یەکێکی دیکەیە لە فەیلەسوفە موسڵمانەکان، ئەو بەڕێگەی ئەو کاتیگۆریزەی دەیکات بۆ گەشەی کەسایەتی، چوار جۆر ئەقڵمان بۆ دیاری دەکات.

یەکەمیان: العقل بالقوە، ئەقڵێک کە تەنها هێزی ئەقڵی هەیە و وەک پەڕێکی سپیە و مەعریفەی تێدا نەنوسراوە، ئەم ئەقڵە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە هەمانە. بەڵام بەتاڵە لە ئەزموونەکان و لێهزرین لە شتەکان، بەواتایەکی دیکە هێشتا هیچ فێرنەبووە بەڵام ئامادەیە بۆ فێربوون.

دووەمیان: العقل بالفعل، ئەقڵ بەکردار: ئەم جۆرەیان خاوەنی ئەزموون و تێفکرینە لە شتەکان، بەڵام زانینی پتر بەڕێگەی هەستەکانەوە، ئەمەش پێنج سێنسەکەی زانینە وەک بیستن و بینین و تام و بۆن و بەرکەوتن. لێرەدا فارابی لە ژێر کاریگەری قوتابخانەی هەستیدایە کە پێیوایە گەر ئێمە یەکێک لەو پێنج هەستە لە دەست بدەین ئەوا بێبەش دەبین لە ئامرازێکی گرنگی زانین. بەنمونە گەر من هەستی تام لەدەست بدەم ناتوانم ترش و شیرین لێکجوودا بکەمەوە.

سێیەم: العقل المستفاد، ئەو ئەقڵەیە کە بەهۆی مەعریفەکانیەوە دەربازی پلەیەکی دیکە دەبێت لە زانین کە هەڵهێنجانە. ئەم جۆرە ئەقڵە ئیمکانی تیۆریزەکردنی ڕووداوو دیاردەکانی هەیە و ئەنالاتیکە. بە مانایەکی دیکە زانینی هەستی دەرباز دەکات و توانای کەشفکردنی میتافیزیکی هەیە، (زانینی شتە نەبینراوەکان).

چوارەم: العقل الفعال: ئەم جۆرەیان بەڕوونی مەبەستی لە ئەقڵی خوداییە و کۆتا پلەی زانینە. کە بەبڕوای فارابی تەنها فەیلەسوفان و پەیامبەران دەتوانن بەم نزیکایەتیە بگەن.

بەبڕوای فارابی کاتێ ئێمە لە دایک دەبین نازانین چی فێردەبین وە چۆن فێردەبین و فێری چی دەبین، ئەوە کلتوور و سیستەمی پەروەردەی ئەو جوگرافیایە بڕیاردەدات کە تێدا لەدایکبووین، ئێمە چی فێربکرێین و بەچی خۆراکێکی فکری و ڕۆحی گۆش بکرێین

کەواتە بەبڕوای فارابی کاتێ ئێمە لە دایک دەبین نازانین چی فێردەبین وە چۆن فێردەبین و فێری چی دەبین، ئەوە کلتوور و سیستەمی پەروەردەی ئەو جوگرافیایە بڕیاردەدات کە تێدا لەدایکبووین، ئێمە چی فێربکرێین و بەچی خۆراکێکی فکری و ڕۆحی گۆش بکرێین. وەک دەزانین لە بەرێدا کلتووری ئێمە ژیانی بووە، لە سەر ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە خۆمان بینا نەکردووە، خاوەنی ڕۆحانیەتێکی ئاینی و میلی بووین، ئەم جۆرە لە دیسکۆرسی دینی کە هەموو شتێ دەخاتە قاڵبی حەرام و حەڵاڵ، ئەبێ و نابێ جێگەی باس نەبووە، لەو کلتووری ئێمەدا ژنان وەک پاشکۆی پیاو نەبینراون، میوزیک و هونەر حەرام نەبوون، خوێندنی کچان لەزانکۆکان وەک فاحیشە نەبینراوە، لە ئەدەبیاتی ئێمەدا کەنیزەک جێگەی باس نەبووە، نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی بینراوە و بەئاگر پەرستی حساب نەکراوە، جەژنە ئاینیەکانمان بە فۆڕم و ستایلی قەتەری و سعودی و تورکی ڕەنگ نەکراوە، جلوبەرگمان گرێدراوی کوردبوونمان بووە و حیجاب و نیقاب فەرز نەکراوە. بەڵام ئەو فۆڕمە لە دین و تێگەشتنە دینیەی ئەمڕۆ کە خەریکە فەزای کۆمەڵایەتیمان مۆنۆپۆڵ دەکات، دەخوازێ هەموو ئەو شتانە بە خوێندنەوەی خۆی داڕێژێتەوە، بە بڕوای ئێمە ئەمە مەترسیدارە، مەترسیەکەش تا ئەو ئاستە دەچێ کۆمەڵگا ئامادە و جۆر بکات بۆ بە ئەفغانستانکردن و بوکوحەرامکردن.

 

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لەم سەرچاوانە بینیوە.

١- مێژووی فەیلەسوفانی ئیسلام –محمد لوتفی جمعە– و/ ڕەسوڵ بەختیار

٢- مێژووی فەلسەفەی ئیسلامی– هێنری کۆربین–و/ عمر علی غەفور

٣- فەلسەفەی ئیسلامی فارابی — هاوژینی مەلا ئەمین

٤- فەلسەفەی ئیسلامی لەسەرەتاوە تا سەردەم– ئۆلریش ڕۆدۆلف– و/کاوە جەلال.

تاگەکانئیسلام
بەشکردن: